هاورێ نەهرۆ

دوای دوو رۆژ کاترینا تەلەفونی بۆ دلێر کرد و پێگوت ئەمرۆ شەممەیە دایکم دەڵێ با سەعات چواری ئێوارە بێت لە خزمەتی دا دەبین، دلێریش یەکسەر گوتی باشە، ئەدریسی ماڵەویان وەرگرت کە لەگەڕەکی نیداڵن بوو، نیداڵن بەواتای دوڵی نوێ!

رێکەوت

هاورێ نەهرۆ

شوێن / شاری ئۆسلۆ

کات / وەرزی بەهار

دلێر باڵای مام ناوەندی بوو، هەمیشە خەندە لەسەر لێوی بوو، هێمن و ئارام بەڵام نەرمە سەر ئێشەیەکی هەبوو، هەر بۆیە هەمیشە حەبی ئێبۆکس لە گیرفانی دا بوو، دلێر تەمەنی پەنجا ساڵێک دەبوو، خولیای نووسین لە مێشکی دا بوو، ئەو مرۆڤێکی سەڵت بوو، کاتەکانی ژیانی هەمیشە بە خوێندنەوە بەسەری دەبرد، ئەمرۆ سەردانی پەرتووکخانەی گەڕەکی توینی کرد، پەرتووکخانەی ئەو گەرەکە هەموو جۆرە پەرتووکێکی تیایە بەتایبەتی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی، دلێر چەند زمانێکی دەزانی، ماوەی سەعاتێک لە پەرتووکخانەدا بوو، دوایی هاتە دەرەوە نیازی بوو سەردانی مۆزەخانەی مونک بکا کە لە هەمان گەڕەک دایە، نم، نم باران دەباری، ئەرزەکە تەڕ بوو ! بە لێواری شەقامەکە پەیتا پەیتا دەرۆیشت، درەختەکانی کەناری شەقامەکە ئاویزانی رەنگی سەوز ببوون، لە پڕ زرمەیەک هات ئاوەڕی دایەوە نزیکەی دە، پازدە مەتر رووداوەکە لێوە دوور بوو، گەرایەوە دواوە بۆ شوێنی رووداوەکە بینی ماتۆرێکی بچوکی پەنجا کوبیک کەوتووە کە پێ دەڵێن مۆپید و کچیکی هەژدە ساڵان لە تەکی دا دەتلێتەوە، دلێریش کە رووداوەکەی بینی دەستبەجێ هەستی جوامێریی بزوا، سەرەتا ویستی کچەکە هەڵسێنێ بەڵام ئازاری هەبوو، دیقەتی دا، دەستی ڕاستی شکا بوو، یەکسەر دلێر سەیری ناو کوڵەپشتی کچەکەی کرد هەندێ کتێب و خەت کێشیکی تەختەو وبوتڵی ئاو تیا بوو، دەستی برد خەت کێشە تەختەکەی هینایە دەرەوە، هەروا مل پێچەکەی لە ملی کچەکەی کردەوە، وێرای ئازار، دەستی ڕاستی کچەکە ڕاست کردەوەو خەت کێشەکە لە ژێر دەستی داناو، بەمل پێچەکە قەفێکی لێداو بەستی بە ملیەوە، یەکسەر دەستی برد بۆ گیرفانی حەپێکی ئێبۆکسی دەرهێناو دایە کچەکەو پیگوت ئەمە حەپی ئازار شکێنە، دلێر قەباغی بوتڵە ئاوەکەی کردەوە، کچەکە بەدەستی چەپ بوتڵەکەی ڕاگرت و بەقومی ئاو حەپەکەی قووت دا ! دواتر ماتۆرەکەی کۆژاندەوەو ڕاستی کردەوە هیچ زیانێکی پێ نەکەوتبوو، دەبوایە دلێر تەلەفۆن بۆ ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن بکا کە ژمارەی تەلەفونەکەی ١١٣ یە بەڵام پێ وابوو وا زوو بە دەنگیانەوە نایەن ! دلێر بە کچەکەی گوت من ماتۆرەکە لێ دەخوڕم تۆ لە پشتمەوە سوار بە هەتا بتگەینمە نەخۆشخانە، کچەکە دڵنیا بوو کە دلێر مرۆڤێکی میهرەبان و نیاز چاکە، هەر بۆیە یەکسەر سواری پشتەوەی بوو، دلێریش لەسەرخۆ ماتۆرەکەی لێدەخوڕی، بە هۆی ئەوەی شەقامەکە تەڕ بوو، بۆی هەبوو جارێکی دیکە هەڵبخلسکێن ! دلێر بیری کردەوە نزیکترین نەخۆشخانە لە گەرەکی توین، نەخۆشخانەی ئاکەرە، هەر بۆیە دوای دە دەقیقە گەیاندیە نەخۆشخانەی ئاکەر بەشی ئەمیرجنسی، پەرستارەکان بە رووی خۆش پێشوازیان لە کچەکە کرد کە دواتر زانی ناوی کاترینایە، دلێریش بە کاترینای گوت لە ریسیپشۆن چاوەرێت دەکەم، دوای نێو سەعات دەستی ڕاستیان لە گەچ گرت و دەرزییەکی ئازار شکێنیان لێ دا، کاترینا لەگەڵ پەرەستارێک هاتە دەرەوە لە ریسیپشۆن چاوی بە دلێر کەوت، سوپاسی بێ پایانی کردوو ژمارە تەلەفونی یەکیان گۆڕییەوەو بە دلێری گوت نەخۆشخانە بە ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆیان من دەگەیننە ماڵەوە، ماتۆرەکە با لای تۆ بێ تا خۆم ئاگادارت دەکەمەوە !

دوای دوو رۆژ کاترینا تەلەفونی بۆ دلێر کرد و پێگوت ئەمرۆ شەممەیە دایکم دەڵێ با سەعات چواری ئێوارە بێت لە خزمەتی دا دەبین، دلێریش یەکسەر گوتی باشە، ئەدریسی ماڵەویان وەرگرت کە لەگەڕەکی نیداڵن بوو، نیداڵن بەواتای دوڵی نوێ ! دلێریش سەعات سێ و نێو خۆی گۆڕی و سواری ماتۆرەکە بوو رێک سەعات چوار ئەدریسەکەی دوزییەوەو لە زەنگی دەرگاکەیان دا، کاترینا دەرگای کردەوەو فەرمووی لە دلێر کرد، ئیدی دلێر چاوی بە ئافرەتێکی میهرەبان کەوت کە دایکی کاترینایەو ناوی سیسلە، سیسل ئافرەتێکی سپیلکەی قژ زەردو چاو شین بوو، باڵای مام ناوەندی بوو، ئیشی پەرەستارە لە نەخۆشخانە، سیسل بەروویەکی خۆش پێشوازی لە دلێری کرد و گوتی سوپاس بۆ هەڵویستی جوامیرانەت، ئەو کارەی تۆ کردۆتە لە کەم کەس دەوەشێتەوە ! بەڵام پێم بڵێ لە کوێ فێری دەست گرتنەوە بوویت، دلێریش لە وەڵام دا گوتی، کاتێ مناڵی بەیتاڵم بینیوە کە چۆن تەختەدار بۆ دەستی شکاو دادەنێن و ئەیپێچن بە ملی نەخۆشەکەوە، ئیدی لە ماڵەوە پیتزەیان دروست کردبوو بە گۆشتی مریشک، لە کاتێ نان خواردن دا سیسل لە دلێری پرسی، ئاخۆ تۆ موسەلمانیت، دلێریش لە وەڵام دا گوتی زۆر رقم لەم پرسیارەیە دەبێتەوە، ئەمرۆ لە جیهان دا موسەڵمانان وێنەیەکی باشیان پێشکەش نەکردووە تا من شانازی بە موسەڵمانبوونی خۆمەوە بکەم، بەڵی موسەڵمانم بە کارت شناسایی، بەڵام وەکی تر من مرۆڤێکم زۆر پەیڕەوی ئاین ناکەم لەژیانی رۆژانەم دا، لەلایەکی ترەوە هەموو کەسێک جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ خوای خۆی بەرقەرار دەکا ! منیش یەکێکم لەو کەسانەی لە نێوان برواو بێ بروا، لە نێوان زانین و نەزانین دا لەنگەرم گرتووە، بەڕاستی من دوو دڵم بە گومانم لە هەموو دیاردەیەک گومانیش پرسیار لای ئادەمیزاد دروست دەکا!

سیسل هەڵی دایەوەو گوتی، کەواتە مرۆڤێکی عەقڵانیییت، بەڵی عەقڵانیم بە پێ لۆژیک بیر دەکەمەوە!

کاتریناش بە پرسیارەکانی دایکی قەڵس بوو، هەڵی دایەو گوتی، دایە گیان رووگیری مەکە، پرسیاری قورسی ئاراستەی مەکە، ئێمە نان دەخوێن باسی شتی خۆش و سووک بکە!

سیسلیش گوتی، لە میانەی ئەو پرسیارانە مەبەستم بوو بزانم دلێر لەگەڵ خواردن شەراب دەخواتەوە یان نە ، دلێریش گوتی ئەگەر مەبەستت خواردنەوە بێ ئاسانە لەگەڵ خورادن دا جاروبار پەرداخێک شەراب ئەخۆمەوە، ئیدی سیسل هەڵساو چوو بوتڵێکی شەرابی قرمزی هێنا، دوو پەرداخی پڕ کردوو گوتی کاترینا ناخواتەوە، دلێریش گوتی ڕاستە ئێستا حەزم لەشەرابە بەڵام خوشترین خواردنەوە لای من ئۆزووە، رووی دەمی لە دایکی کاترینا کردوو گوتی، ئەگەر جارێ دەعوتت کەم بۆ ماڵەکەم ئاخۆ ئۆزوو دەخوێتەوە، دایکی کاترینا گوتی، بەڵی لە تورکیا پێ دەڵێن رەکی تاقیم کردۆتەوە زۆر بە تامە!

وێنەی پیاوێکی پەنجا ساڵە لەسەر دیوارەکە هەڵواسرا بوو، دلێر پرسی ئەم وێنەیە باوکی کاترینایە؟

سیسل گوتی، نە ئەوە وێنەی برا گەورەکەمە نەخۆشی دەروونی بێ پۆلاری هەبوو بەداخەوە لەتەمەنی پەنجا ساڵی خۆی کوشت!

دلێر گوتی، ئەی مێردەکەت لە کوێ یە ؟ دایکی کاترینا لە وەڵام دا گوتی، جیابومەتەوە ! مێردەکەم پزیشک بوو بەڵام حەزی لە ئافرەتێکی تر بوو بۆیە ناپاکی کرد بەرانبەرم، منیش وازم لێهێنا ! ئێستا من و کاترینا پێکەوە دەژین ئەویش لەگەڵ خوشەویستەکەی دەژێ!

دوای سێ سەعات دانیشتن و خواردن و خواردنەوەو قسە کردن، دلێر گوتی بە یارمەتی تان دەرۆم بۆ ماڵەوە، دایکی کاترینا گوتی، با بە ئۆتۆمبیل بتگەیەنم، دلێر گوتی، نە بە پاس دەرۆمەوە، ماڵم لە گەڕەکی بیارکەیە ئیدی دلێر خوا حافیزی لێکردن!

دوای دوو رۆژ دایکی کاترینا تەلەفونی بۆ دلێر کرد و پێگوت دلێر گیان من پەیوەندیم لەگەڵ رۆژنامەی ڤێ گە کردووە کە بێن چاوپێکەوتن لەگەڵ کاتریناو تۆ بکەن، ئاخۆ تۆ ڕازییت، دلێر گوتی، بەدڵنیاییەوە ڕازیم، بۆ سبەینێ رۆژنامەنووسێکی ئافرەت هات، کامیرایەک لە ملی بوو و جانتایەکیش بەدەستییەوە بوو، جیهازێکی تۆماری دەنگ لە جانتاکەی دەرهێناو دەستی کردە پرسیار کردن، ئاخۆ چی پاڵی پێوە نای یارمەتی کاترینا بدەی بەو جۆرە، بەرێک و پێکی؟

لە وەڵام دا دلێر گوتی، هەر لەسەرەتاوە من گیانی هاوکاریم تیایە نەخواسمە یەکی لە کاتێ تەنگانەیا بێت.

رۆژنامەنووسەکە گوتی ئیشت چی یە؟ دلێر لە وەڵام گوتی من نووسەرو وەرگێڕم، چۆن زمانی زگماکی دایکم خۆش ئەوێ ئاوا زمانی نەرویجیم خۆش ئەوێ، رۆژ لە دوای رۆژیش پەرەی پێ ئەدەم!

روژنامەنووسەکە،چەند ساڵە لەم وڵاتە ئەژێ ؟ دلێر، نزیکەی بیست ساڵە، رۆژنامەنووسەکە گوتی پێش تۆ چاوپێکەوتنم لەگەڵ کاترینا کرد وێنەی خۆی و مۆپیدەکەیم گرتووە، کامیراکەی لە ملی هینایە خوارەوەو گوتی، با وێنەیەکی تۆ بگرم، وێنەکەی گرت و خواحافیزی کرد.

بۆ رۆژێ دوایی دایکی کاترینا تەلەفونی بۆ دلێر کردو پێگوت، ژمارەی ئەمرۆی ڤێ گە وێنەی تۆو کاترینای تیایە، چاوپێکەوتنەکانیشتان دایانبەزاندووە!

دلێر لە وەڵام دا گوتی، رۆژنامەکە بهێنە هەروا یەک، دوو پێک ئۆزوو پێکەوە دەخوینەوە، دایکی کاترینا لە وەڵام دا گوتی بەخۆشحاڵیەوە، ئەگەر خواردنەوەی تیایە کەواتە ئۆتۆمبیلەکەم ناهێنم، دایکی کاترینا رۆژنامەکەی هینا بۆ ماڵی دلێر، کاتێ دلێر چاوی بە وێنەی خۆی کاترینا کەوت گەشایەوەو لەبەرخۆیەوە گوتی خەڵکی ئەم وڵاتە چەند میهرەبانن ! دلێر بە خێرهاتنی دایکی کاترینای کردوو دوو پێکی ئۆزووی تێکرد و پێگوت خواردنیشم ئامادەیە، مریشک و برنجم لێناوە هەروا سەلاتەشم دروست کردووە!

دایکی کاترینا گوتی بە خوا مرۆڤێکی دەگمەنی، بۆ ئاگاداری کچیکی کورد لە پۆلەکەی کاترینایە نێوی نەسرینە، ئێستا بە هۆی هەڵویستی تۆوەوە، کاترینا نەسرینی زۆر خۆش ئەوێ!