فەڕۆخ نیعمەتپوور

وە مرۆڤ چەندە ئەم خەیاڵانەی خۆش دەوێت و سەرەڕای ئەوەی بۆ سەدەمین و هەزارەمین جار سەری بە بەرددا دەدرێتەوە، بەڵام وازیان لێ ناهێنێ. ئەو مرۆڤەی دەیەوێ جیهان بکا بە خەیاڵ و بە فیلم،... وە بەڕاستیش دەیکا بە خەیاڵ و بە فیلم!

هێزی ئینشایەک

فەڕۆخ نیعمەتپوور

ئەمشەو کە شەوێکی هاوینیی گەرم و پڕ مێشوولەیە، پێم وابێ نیوەشەو بە بێ ئەوەی خەو بە کەسەوە و بە هیچ فریشتەیەکی جوانییەوە ببینم، شەیتانی بووم. لەبیرم دێ هەستم کرد خۆم تەڕ کرد، بەڵام ئەوەندە ماندوو بووم خەبەرم نەبووەوە. هەر ئەوەندەی بۆ چرکەیەک یان زیاتر هەستم بە دۆخێکی تر لە جەستەمدا و لە ناو جێ خەوەکەمدا کرد. ئەمشەو نە مێشوولەکان و نە شەیتانی بوونەکە نەیانتوانی بەئاگام بێنن. سبەی کە بە ئاگا هاتمەوە، بینیم راستە، شەیتانی ببووم. لە ناو شۆرتەکەم، سپییەکی رەق بە بۆنێکی تیژەوە خۆی بە ترۆپکی زەکەرمەوە لکاندبوو. لێکردنەوەی ئەگەرچی ئازاراوی بوو، بەڵام لێمکردەوە. ئارام ئارام. بە کێوە شەیتانی ببووم، نازانم. هیچ نایەتەوە بیرم. من تەنانەت خەوم بە هیچ شتێکی تریشەوە نەبینیبوو.

من ئەمشەو وەک گۆرانییە بە ناوبانگەکە 'خەیاڵاوی' ببووم. خەیاڵاوییەکی بێ مێژوو.

هەڵدەستم. دەچم بۆ ئاودەست. خۆم دەگۆڕم. خۆم خاوێن دەکەمەوە. بەڵام حەمامم نیە خۆم بشۆرم. وەک دەڵێن دەبێ غوسڵ لە خۆم دەربکەم. چی بکەم چی نەکەم، دەچم تەنەکە پووتە شانزە کیلۆییەکەی تەنیشت ئاودەستەکە پڕدەکەم لە ئاو و سەر ئاوری دەخەم. بەڵام راوەستە، بەڕاستی من لەسەرمە غوسڵ لەخۆم دەربکەم؟ منێک کە هیچم لەبیر نایەت و دوواوێنەی دوێنێ لە مێشکمدا لێوانی ئاوێکە کە لە پێش خەوتنەکەمدا خواردبوومەوە؟ نا، لە سەرم نیە. ئەرێ، پێم وابێ لەسەرم نیە. من شەیتانی بووم بە بێ ویستی خۆم. بە بێ هیچ هاندەرێک. بگرە تا ئاوڕدەدەمەوە و لە بیرم دێ نەک چەند رۆژ، چەندین هەفتەیشە بیر و سەرنجم نەچووەتە سەر هیچ ژن و کچێک. ئەوان هەر بە خەیاڵیشمـدا نایەن. سڕاونەتەوە. رەنگە بڵێن پیاو نەبم. دەبێ بڵێم هەم و چاکیش هەم! دەبێ بڵێم ئەوەی کە ئەمشەو شەیتانی بوومە خۆی لە خۆیدا نیشانەی پیاوەتی منە. لێتان نەشارمەوە گەر هەڵکەوێ زۆریش پیاوم. بەڵام چونکە هەڵناکەوێ، مەجبوور نیم پیاوەتی خۆم بنوێنم. ئەم پیاوەتییەیش بۆ ئێوە و پێشکەش بە ئێوە! راوەستە! بۆ دەبێ پیاوەتی خۆم دەربخەم،... بۆ دەبێ بینوێنم؟... کەچی؟... چی بسەلمێنم؟ من پێم وایە ئەوانەی وا بەم شتەوە سەرقاڵن، دەبێ کێشەیان هەبێ. جا یا پیاو نین، یان هەن و نازانن هەن. یان تەنیا شتێک لە ژیانیاندا هەیانە ئەم جۆرە پیاوەتییەیە. یان ئەوەیکە لە ئاست پیاوە ریشنە چەکبەدەستەکانی سەرجادە ئەوەندە هەست بە ناپیاوی خۆیان دەکەن کە مەجبوورن پیاوەتی بەمەوە بگرن. جا بۆیە پیشکەش بە خۆیان بێت! گەر حەزیشیان لێیە ئەوا دەتوانن بەشەکەی منیش قەرزبکەن. بیبەن بۆ خۆیان. بە جیددی دەڵێم... درۆی تیا نیە. من ئامادەم پیاوەتییەکەی خۆم بدەم بە ئەوان. بەو مەرجەی کاتێک وەریانگرت بە ئاشکرا بیسەلمێنن پیاون!

بگەڕێمەوە سەر رووداوی دوێ شەو. تەنەکە ئاوەکەم لەسەر ئاگرەکە هەڵگرت و وازم لە غوسڵ گرتن هێنا. لە جیاتی غوسڵ، سەروچاوم پێ شۆرد. گەر من بە بێ ئەوەی خۆم ئاگام لە خۆم بووبێ و شەیتانی بووبم، ئەوا مانای ئەوەیە کەسێکی تر هۆکارەکەیەتی. جا ئەو کەسەیشە بەرپرسیارەتی دەکەوێتە ئەستۆ. ئەوە دەبێ غوسڵ لەخۆی دەربکا. بەڵام کێ؟ هەرچی دەکەم ئەقڵم بە هیچ شتێک ناشکێ. من هیچ شتێکم نایەتەوە بیر.

ناشتا دەکەم و وەدەردەکەوم. کۆڵانە خۆڵاوییەکە دەبڕم و دەگەمە جادە. لێرە 'جادە چۆڵ و سێبەر بوو' ەکەی گۆرانییە بەناوبانگەکە ناخوا. نەک تەنیا چۆڵ و سێبەر نیە، بەڵکو هیچ 'لەپڕ' ێکیشی تیا دەست ناکەوێ. هەموو شتێ وەک رۆژانی پێشوو و ساڵانی پێشووە. سەیری ریزە دووکانەکانی ئەم بەراوبەر دەکەم. هەمان خاوەنەکان. هەمان مشتەریش. تەنیا گۆڕانێک کە دەبینرێ، ئەو لادەییانەن بەیانی زوو سواری جیپ و تویتاکان بوون و روویان کردووەتە شار. سەر بە هەموو کونێک دا دەکەن. من زۆریان سەرنج نادەمێ. لای من ئەوان هی دونیایەکی ترن. بگرە ئەوانیش بوونەتە بەشێک لەم تەسویرە کۆن و ئەبەدییە.

تەسبێحە قەزوانە کۆنەکەم لە گیرفان دەردێنم و دەیگێڕم. دنکەکان لەناو پەنجەکانم سوڕدەخۆن و دەخزێن. لووسییەکەیان ئارامبەخشن. پەنجەکان و ناو لەپی دەستم چەند عادەتیان پێگرتووە. ئەوسا گوێم لە سڵاوی کەسێکە. بە بێ ئەوەی سەرهەڵبێنم دەڵێم "عەلەیکومەسەلام!" دڵنیام گوێی لێیە. ئەوەتەی لەبیرم دێ بەم وشەیە وەڵامی سڵاوم داوەتەوە. جارێکی تر لەبەر خۆم چەند جار دەیڵێمەوە "عەلەیکومەسەلام، عەلەیکومەسەلام...". وشەکە کتوپر لە بەر چاومدا زۆر غەریب دەنوێنێ،... بە بێ هیچ مانایەک. وە بەڕاستی ماناکان لە کوێوە دێن! ئەوسا دیسان بیری غوسڵ دەکەومەوە. لەبەر خۆمەوە دەێلێـم و دەیڵێمەوە "غوسڵ، غوسڵ،... " ئەوسا مانای غوسڵیش لە ناو زەینمدا وندەبێ. ئەوەی ئەم بەیانییە لە لای من دەمێنێتەوە، خۆمم و ئەو جادەیەی وا لەبەر دەممدا راکشاوە و،... منیش بەڵێنە وەک هەمیشە ئەم سەراوسەرێکی بکەم. شارە بچووکەکان وان. جۆرێک لە پێوەندی و خۆشەویستیی توند و تۆڵ لە نێوان تۆ و شتە بێ ماناکانی دەورووبەرت دروستدەبێ. ئەو پێوەندی و خۆشەویستییەی جاری وایە هەر لە خۆوە راتدەکێشێ و بێ هۆ پیاسەت پێدەکا.

من ئەم بەیانییە لە دووای شەیتانی بوونێکی نەخوازراو خەریكی پیاسەیەکی نەخوازراویشم.

هەوا خۆشە و ژاوەژاوەکان سەرەڕای ئەوەی من سەر هەڵنابڕم، لە هەموو شوێنێکەوە دێنە گوێ. سەرەڕای ئەوەی من بە ئەسپایی دەڕۆیشتم و سەرم هەڵنەدەبڕی بۆ شاخی بەرز و خانووی تازە و دونیای جوان، بەڵام هەر لە خۆوە دڵنیا بووم کە کتوپڕ لاشەی سست ودڵی کەیلی پڕ ئاواتم بەتووش بەژنێکی پەری ئاساوە دەبێ، کە لەگەڵ ئەوەی لە عابا ئاڵا بوو لە دیمەنی شیرینی ئاشکرا بوو!

دەڕۆم و دەڕۆم، بەڵام خەیاڵی رووداوەکەی دەوێ شەو بەرم نادا. ئاخر بۆ دەبێ بە بێ ئەوەی هیچ خەوێک ببینم شەیتانی ببم! نا، ناکرێ،... شتێک هەڵە بوو.

مەیدانە بەناوبانگەکەی ناوەڕاستی شار دەبەزێنم و دەگەمە بەشی باکووری شار. زۆر سەیرە، لێرەوە حاڵ و هەوا دەگۆڕدرێ. هەم زاراوەی خەڵک جۆرێکی ترە و هەم کلتوریان. گەڕەکی سەرو و گەڕەکی خواروو! ئەمە ئەو  ناوانەن وا شار دەکەن بە دوو بەشەوە و لەیەک جیایان دەکەنەوە. هە،... تەنانەت شارە بچووکەکانیش دەتوانرێن دابەش بکرێن. دونیا لەسەر دابەش کردن راوەستاوە. ئەمە دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین یەکتر بناسینەوە. عابابەسەرکردنیش جۆرێکە لەم ناسینەوەیە. بگرە شەیتانی بوونیش.

ئەوسا دەگەمە یەکەمین بینای بەرز کە قەدیم سینەما بوو. لەم بەشەی شار دوو سینەما هەبوو. پێتان سەیر نەبێ کە هەر دوو سینەماکە لە گەڕەکی خواروو بوو! بە گوێرەی ئەوانەی لە گەڕەکی سەروو دەژیان، ئەمە لەبەر ئەوەی سووک و سەلیمەکان لەم بەشەی شاردا دەژیان! لەبەر خۆمەوە سەرێک رادەوەشێنم. من لەگەڵ ئەوەی لەم دابەشکردنانە تێناگەم، بەڵام لە هەمان کاتدا حەزیشم لێیەتی. گەر ئەوان نەبن ئەوا دونیا چەندە یەکڕەنگ و یەک جۆر دەبوو. دەبووە ناخۆشترین شوێن بۆ ژیان،... بگرە یەکجار ناخۆشتر لە ئیستایش.

لەبەر سینەماکەدا رادەوەستم. بینایەکی پەرپوت، کۆن و کەلاوە ئاسا کە هەنووکە جێگای جنۆکە و رۆحەکانە. ئەو جنۆکە و رۆحانەی بەردەوام لەوێ لە ژوورەوە دادەنیشن و فیلمە کۆنەکان دوور لە چاوی پیاوە ریشنە توڕە چەک بەدەستەکان دووبارەو دووبارە سەیر دەکەنەوە. بە چەپڵەلێدان و هەلهەلە و بزەوە،... بە بێ کولا و ساندویچ. بە بێ گوڵەبەڕۆژە و فندەق و پستە تەقاندن. زۆر کەس دەڵێن بە شەوانە گوێیان لە دەنگەدەنگەکان بووە،... کاتێک لێرەوە تێپەڕیون. منیش رادەوەستم و یادی کۆن دەکەمەوە. وێنە رەنگاوڕەنگەکانی ساڵانم دێنەوە یاد. حاڵ و هەوای تایبەتی ناو هۆڵەکان. ئیعجازی سینەما و فیلم، کاتێک پێمان دەڵێن ژیان دەکرێ جۆرێکی تریش بێت، جۆرێک کە تەنیا وەک فیلم و خەیاڵ دەمێنێتەوە. وە مرۆڤ چەندە ئەم خەیاڵانەی خۆش دەوێت و سەرەڕای ئەوەی بۆ سەدەمین و هەزارەمین جار سەری بە بەرددا دەدرێتەوە، بەڵام وازیان لێ ناهێنێ. ئەو مرۆڤەی دەیەوێ جیهان بکا بە خەیاڵ و بە فیلم،... وە بەڕاستیش دەیکا بە خەیاڵ و بە فیلم!

چاو لە دیوارە بەتاڵەکان هەڵدەگرم و وەڕێ دەکەومەوە. هێشتا چەند هەنگاوێکم هەڵنەهێناوە کە چەخماخەی بیر یاخود بیرەوەرییەک ئاسمانی ناو بیرم رووناک دەکاتەوە. فیلمێکی شەڕم دێتەوە بیر کە کاتی خۆی لێرە لەم سینەمایەدا بینیبووم. فیلمێکی شەڕی دووهەمی جیهان.

من هەمیشە حەزم بەم جۆرە فیلمانە بووە. ئەو فیلمانەی تێکەڵێکن لە ترس، هومێد، تێکۆشان، شکست، سەرکەوتن و... خەون. ئەو فیلمانەی یەکجار جیاوازن لەم راستە شەقامە بێ مانایە و خەڵکانی نێوانی،... لەو کۆڵانانەی لە ترسی پیاوە ریشنە چەک بەدەستەکان، عابا بەسەرێکیش دەست ناکەوێ.

باشە بەڕاست من بۆ دوێ شەو شەیتانی بووم؟

مەلای گەڕەک وەک هەموو مەلاکانی تر دەڵێ غوسڵ دەرکردن واجبە، دەڵێ دەبێ سێ جار سەرت لە بنی ئاو هەڵکێشی لەگەڵ وتنەوەی ئەو رستەیەی وا پیسییەکە راودەنێ و جەستە خاوێن دەکاتەوە. بەڵام مەگەر دەکرێ پیاو بە بێ ئەوەی نیازی بووبێ، بەتووش پیسی و گوناح و تاوانەوە بێت! شتی وانابێ. لای من ئەمە هەڵەیە،... لای من. پیسی و گوناح تەنیا ئەو کاتە مانا پەیدادەکا وا مرۆڤ بە قەستەوە دەیکا،... ئا بە قەستەوە.

لەبیرم دێ فیلمەکە پڕی شەڕبوو. پڕی ئەو مرۆڤانەی بڕیاریان دابوو جیهان بە کەیفی خۆیان بگۆڕن. یاخود ئەو مرۆڤانەی وا بڕیاریان دابوو بەرەوڕووی ئەوانەی ببنەوە وا دەیانویست جیهان بە کەیفی خۆیان بگۆڕن. ئەو مرۆڤانەی بڕواناکەم بە حەز و بێ حەز دەرفەتی ئەوەیان هەبووبێ نیوەشەوێک خۆیان تەڕبکەن و بۆ سبەی کون بە کون بەشوێن ئاودابگەڕێن بۆ ئەوەی خۆیان خاوێن بکەنەوە.

لەم بیرانەدا بووم و هێشتا چەند هەنگاوێک دوور نەکەوتبوومەوە کە شتێکی نادیار مێشکمی گەزی. خەونێک، خەیاڵێک بە ئاستم هاتەوە یادم. ئا،... وەک بڵێی من دوێ شەو لە راستیدا خەوم بینیبوو، خەوێک کە لەبیرم نەمابوو. خەوێک کە بە جۆرێک لە جۆرەکان منی بیری فیلمەکە دەخستەوە. بۆ ئەوەی باشتر وردببمەوە، راوەستام و دەستم خستە ژێر چەناکەم،... بەڵام بێ سوود بوو. وێنە لێڵەکە لە ناو زەینم دا روون نەدەبووەوە. بەڵام هاتمە سەر ئەو راستییەی کە بەشێک لە هۆکاری شەیتانی بوونەکەی من دەگەڕایەوە سەر ئەو فیلمە، فیلمەکەی ساڵانی ساڵ لەوەبەر. ئەو فیلمەی تا من لە بیرم مابێ هیچ وێنەیەکی وەها هەڵخرێنەری تیانەبوو!

بەڕاست من بۆ دوێ شەو شەیتانی بووم؟ منێک کە هیچ شتێک، وەک گۆرانییە بەناوبانگەکە دەڵێ، ناکەوێتە بەر شەپۆلی هەستم... ها، بۆ؟ بڵێی خودی شەیتان نەبووبێ کە لە جیاتی من شەیتانی بوو و بەڵام وای بە من قەبڵاند کە ئەوە منم؟! نەکا ئەویش بەقەدەر خەڵکی ئەم شارە لە مەلاکەی گەڕەک و لە پیاوە ریشنە چەکبەدەستەکان دەترسێ؟

چی بنووسم،... خوا هێزی ئینشایەکیشی نەداینێ!