دیمانە

گفتوگۆی رۆژنامەی هەولێر لە گەڵ فه‌ڕۆخ نیعمه‌تپوور

ئامادەکردنی: ئارام سدیق

بە رای من پەیوەندی فەلسەفە بە ئازادییەوە، هەمیشە پەیوەندێکی راستەوخۆ نیە. راستە لە یۆنانی کۆندا لە ژێر دەسەڵاتی "پریکلیس" دا کە مرۆڤێکی دیمۆکرات بوو (یاخود بە گشتی لەو کاتەدا دیمۆکراسی لە یۆناندا هەبوو)، فەلسەفە پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی، بەڵام هیگل لە زەمەنی پرۆسیەکاندا سەرهەڵدەدا، یاخود تۆماس ئاکویناس و ئاگۆستین و زۆر فیلسووفی تر، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەردەکەون. 

 

 

١- تا چه‌ند زمانی كوردی بۆ وه‌رگێڕانی توێژینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی و ده‌قی فه‌لسه‌فی گونجاوه‌؟

 

ـ زمانێک کە چەندین میلیۆن کەس قسەی پێدەکەن و پێویستییە رۆژانەکانی خۆیانی پێ دابین دەکەن و جگە لەمە دەتوانن زیاتر لە پێویستییە رۆژانەکان بەم زمانە باس لە سیاسەت و کێشە کۆمەڵایەتیی و کلتورییەکان بکەن، بێگومان گونجاویشە بۆ بابەتی فەلسەفی. بەڵام ئەم گونجاوبوونە تەنیا سەرەتای کارە. واتە ئەم گونجاو بوونە بنەما بنەڕەتیەکان پێکدەهێنێ، ئەگینا هێشتا یەکجار زۆری ماوە بۆ ئەوەی بتوانێ ببێ بە زمانێکی پاراو لە بواری فەلسەفەدا. واتە بە رای من گونجاوبوون دوو قۆناخی هەیە: قۆناخی سەرەتا و قۆناخی پاراوبوون.

زمانی کوردی خاوەن قۆناخی سەرەتاییە بۆ تۆژینەوە و دەقی فەلسەفی، بەڵام هێشتا پاراو نیە. گەر بتوانم کەمێک وردتر بم، دەتوانم بڵێم کە ئیستاکە زمانی کوردی لە شوێنێکدایە لە نێوان قۆناخی سەرەتا و قۆناخی پاراو، رەنگە زیاتر نزیکیش بە قۆناغی سەرەتا.

هەر وەک دەزانین بۆ ئەوەی ئەم زمانە زیاتر بەرەو قۆناغی پاراو بڕوات، دەبێ بەردەوام دەقی فەلسەفی پێ بنووسرێت (هەم نووسین و هم وەرگێڕان). زیاتر لەمەیش دەبێ نووسینەکان فیکریان بە مانای فەلسەفی لە پشت بێت. چونکە زمان تەنیا وشە نیە و بەڵکوو مانایشە، چونکە مانا زۆرتر دەرخەری سترۆکتۆری نێوان وشەکانە. بێگومان بیرکردنەوەی چاک و بنەڕەتی و پشت ئەستور بە خوێندنەوە دەتوانێ تواناییەکانی زمان فراوانتر بکا و بیباتە قۆناغێکی نوێوە.

بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بە خەڵکانێک هەیە کە هۆگری دەقی فەلسەفی بن، بە وردی و تێبینییەوە بیخوێننەوە و ئەوجار لە سەر ئەم ئەساسە بتوانن دەق پێشکەش بکەن.

هەڵبەت با وا نەبێ کە خوێنەری ئەم رستانە وا تێبگا کە خودی وشە و دەستەواژەکان ئیدی گرنگیان نیە، بە پێچەوانەوە یەکجار گرینگن. ئەم گرینگییە ئەو کات زیاتر بەرجەستە دەبێ کە دەبینین زۆربەی فیلسووفەکان خاوەن سیستمێکی وشە و دەستەواژەی تایبەت بە خۆیانن. بۆ وێنە خوێنەری کانت یان مارکس ئەگەر شارەزای ئەم وشە و دەستەواژانە نەبێ، ناتوانێ بە قوڵی و بە جوانی بچێتە باو دەقەکانیانەوە و لێیان تێبگات.

گرفتێک کە لە زمانی کوردیدا هەیە، ئەوەیە کە جگە لە کێشەی مانا، هێشتا لە بواری وشە و دەستەواژە فەلسەفییەکاندا دەناڵێنێ. هێشتا جۆراوجۆری لە تەرجومەدا هەیە و بە گشتی یەکانگیرییەک شک نابرێ. چۆن ئەمەیش چارەسەر دەکرێ، بێگومان پێویستی بە ناوەندێكی فەلسەفی هەیە.    

 

٢- ئه‌گه‌ر كورد توانایی پرسیارکردن و دۆزینەوەی وەڵامی هەیە. توانایی وێناکردنی هەزاران مانای زەینیی لە بەرگی وشە و دەنگ و زاراوەدا هەیە، بۆ وه‌كو گه‌لانی تر تێكستی فه‌لسه‌فی نییه‌، ئایا زه‌مینه‌ گوزارشتكردن ته‌سك بووه‌ به‌هۆی نه‌بوونی ئازادییه‌وه‌، یان چی تر؟

 

ـ هەموو پرسیار و وەڵامێک خۆبەخۆ ناتوانێ پرسیار و وەڵامی فەلسەفی بێت. پرسیار و وەڵامی فەلسەفەی پێناسەی خۆی هەیە. بۆ وێنە کۆنکرێت نیە و زیاتر خۆی لە شتە بنەڕەتی و میتافیزیکییەکان دەدا. جگە لەمە فەلسەفە پێویستی بە زەینێکی پەروەردەکراو و سیستماتیک هەیە. فەلسەفە لە شوێنێکدایە لە ژێرەوەی دیاردە کۆنکرێتەکان. ئەگەرچی باسی ئەوان دەکا، بەڵام بە زمانی ئەوان نادوێ. هەر ئەمەیشە زمان و بیرکردنەوەی فەلسەفیانە دژوار دەکا، هەم بۆ ئەوەی پێی دەدوێ و هەم بۆ ئەوەی گوێی لێدەگرێ. بۆ وێنە "هیوم" دەڵێ "موڕاڵ ریشەی لە هەستدا هەیە نەک لە ئەقڵدا، واتە گەر مرۆڤێک زەلامێک کە خەریکە لە چۆمێکدا دەخنکێ و رزگاری نەکا، کارێکی دژە ئەقڵ و دژە موڕاڵی ئەنجام نەداوە"، کە تەرجومەی کۆنکرێتی ئەمە دەبێ بە "من ئەو کەسەی لە خنکان رزگار نەکرد چونکە حەزم نەکرد." خەڵک لە کامیان باشتر حاڵی دەبێ؟ بێگومان لەوەی دووهەم. وەک دەبینین ئەوەی یەکەم بۆ لێ حاڵیبوونی تەواو مێشکمان دەگوشێ.

ئەوەی کە کورد بۆچی تێکستی فەلسەفی نیە، وەڵامدانەوەکەی یەکجار دژوارە. سەیرکە! کورد کاتێک بوو بە خاوەن قوتابخانە، کە مودێڕنیسمی بە زەبری دەوڵەتە نوێیە دیکتاتۆرییەکان بەسەردا سەپا. پێش ئەمە قوتابخانە تەنیا لە شێوازی حوجرەدا دەبینرا. لە حوجرەدا ئایین دەگوترایەوە و لە ناو مودێرنیسمی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکاندا زمانەکەی قەدەغە بوو. خۆ ناشوکری نەبێ قەتیش لە مێژووی کۆندا کەسێکی وەک ئیفلاتون مان نەبووە کە بۆ خۆی بە هیممەتی خۆی ئاکادێمیکایەک دابمەزرێنێ، یاخود قەت خاوەنی ئەو بیرمەندە گەڕۆکانە (سوفیستەکان) نەبووە کە لە بەرامبەر پارە مێشکی خەڵک بورۆژێنن.

رەنگە هۆکارێکی تر پەراکەندەیی سیستمی دەسەڵات بوو لە ناویاندا. هەروەها مل کەج بوون لە ئاست هێزە دەرەکییەکاندا. چونکە فەلسەفە لە شوێنێکدا سەرهەڵدەدا جۆرێک لە سەقامگیری تێدابێ. ئەو ناوچەی کوردی تیا دەژی بە درێژایی مێژوو هەتا ئیستا پڕی کێشە و کێشمەکێش بووە. لە خۆوە نیە ئایینە سەرەکییەکان لێرەوە سەریان هەڵداوە، ئەو ئاینانەی وا هەوڵیان دەدا لە ناو ئەو ئاژاوانە و بێنە و بەرانەدا جۆرێک لە سەقامگیری رۆحی لە مرۆڤی ئەو ناوچانەدا پێک بێنێ.

بە رای من پەیوەندی فەلسەفە بە ئازادییەوە، هەمیشە پەیوەندێکی راستەوخۆ نیە. سەیر کە! راستە لە یۆنانی کۆندا لە ژێر دەسەڵاتی "پریکلیس" دا کە مرۆڤێکی دیمۆکرات بوو (یاخود بە گشتی لەو کاتەدا دیمۆکراسی لە یۆناندا هەبوو)، فەلسەفە پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی، بەڵام هیگل لە زەمەنی پرۆسیەکاندا سەرهەڵدەدا، یاخود تۆماس ئاکویناس و ئاگۆستین و زۆر فیلسووفی تر، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەردەکەون. فەلسەفە بە هۆی زمانی ئاڵۆزییەوە و بە هۆی پەیوەندی ناڕاستەوخۆیەوە بە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە دەرفەتی ئەوەی هەبووە لانیکەم لە سەرەتاکاندا خۆی بنوێنێ و تیۆرەکانی خۆی بخاتە روو.  

 

٣- ئایا گه‌شه‌نه‌كردنی بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی له‌نێو كورددا په‌یوه‌ندی به‌ نه‌بوونی كه‌شێكی شارستانییه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی شارستانی نه‌بووه‌ تا تاك تێیدا به‌ ئازادانه‌ بیر بكاته‌وه‌، یان په‌یوه‌ندی به‌چی تره‌وه‌ هه‌یه‌؟

ـ شارستانییەت هەڵبەت چەمکێکی ناڕوونە و تەواو پابەندە بە بەستێنە مێژووییەکانی خۆیەوە. بەڵام بەم وەسفەیشەوە لانیکەم کورد لەم چەندین دەیەی دوواییەوە هاتووەتە ناو شارستانییەتەوە (هەرچەند لە بەراورد لە گەڵ شارستانییەتی مۆدێرن و پۆستمۆدێڕنی ئەورووپی هێشتا زۆری ماوە). لە نۆروێژ کە وڵاتێکی تەواو شارستانییە و لە گەڵ پێوەرە مودێڕن و پۆستمودێڕنەکان زۆر دێتەوە، قەت فیلسووفێکی وەک بۆ وێنە هیگل دەرنەکەوتووە. دەمەوێ بڵێم چێ؟ دەمەوێ بڵێم کە شارستانی بوونیش بە مانای ئەوە نیە خۆبەخۆ فیلسووفت (بە مانا هەرە باڵاکەی) تیا دەخوڵقێنێ. بە رای من زۆر گرینگە کە کەس یان کەسانێک سەرهەڵبدەن و بیر لەم بەشە واتە فەلسەفە بکەنەوە، جا لە هەر کۆمەڵگایەک و لە هەر قۆناغێکدا. فەلسەفە شوێنی ئەقڵ و ئارگومێنتە و پێم وانەبێ لە شوێنێکدا کە زۆربەی هەرە زۆری زەینەکان بە تایبەت لە ناو نوخبەدا بە شیعر و بە ئیحساسەوە خەریکە، فەلسەفە بتوانێ سەرهەڵبدا. باشە بۆ لە ناو سیستمی دیکتاتۆریدا شیعر و نووسینی تر سەرهەڵدەدەن بەڵام فەلسەفە نا؟ پێت وانیە تەنیا گوناهی دیکتاتۆر نیە، بەڵکوو تەمبەڵی خۆمانە؟

هەڵبەت رەنگە هۆکارێکی تر ئەوە بێت لە وڵاتێکدا کە لە رێگای شیعرەوە دەتوانرێ زووتر ناوبانگ پەیدا بکەی و زۆر خێرا خۆت لە سەر راگەیەنێرە گشتییەکان ببینیتەوە و خێرا بتخوێننەوە و لایکت بکەن و پەیامی خێرات بۆ بنێرن، خۆخەریک کردن بە فەلسەفەوە زۆر کارێکی ئاقڵانە نەبێ! وەک دەبینی لێرەدا ئەقڵ دژی خۆی رادەوستێ. ئەقڵ بە خۆی دەڵێ ئاقڵانە واز لە ئارگومێنت بێنە لە پێناوی دونیای شاعیرانە و سۆز و ئیحساسدا!

 

٤- ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م وه‌رگێڕانی توێژینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی و ده‌قی فه‌لسه‌فی چین؟

 

ـ رەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە وەلامەکانی سەرەوە ئاماژەیشمان بەم مەسەلەیە دابێ. بە کورتی دەتوانم بڵێم ئاستەنگەکان سێ شتن: یەکەم، پاراونەبوونی وشە و دەستەواژە فەلسەفییەکان، دووهەم، پاراونەبوونی مانا و سەرئەنجام سێهەم، ئامادەنەبوونی ئەو مرۆڤانەی کە دەبێ خۆبەخشانە لە پێناوی فەلسەفەدا کاربکەن. ئاستەنگی دیکەیش زۆرن، بۆ وێنە ئامادەنەبوونی فەزای باس و گفتوگۆ لە سەر بابەتە فەلسەفییەکان لە کۆمەڵگادا. ئەوەی کە فەلسەفەنووس خۆی تەنیا دەبینێتەوە.

هەروەها ئاستەنگێکی تریش: کاتێک کەسانێک نەزانانە یاخود لە رووی عەمدەوە سیفەتی فیلسووف دەخەنە پاڵ شاعیرێکی وەک پیرەمێرد. لێرەدا ئیتر ئەو پەیامە ناڕاستە دەدرێتە جەماوەر کە بۆ فیلسووف بوون هەر ئەوەندە بەسە ببیتە شاعیر!

 

٥- تا چه‌ند چه‌مكه‌ فه‌لسه‌فییه‌كان له‌نێو زمانی كوردییدا هاوواتایان بۆ په‌یدا ده‌كرێت و ئه‌گه‌ر چه‌مكێك هاوواتای روونی نه‌بێت پشت به‌ چی ده‌به‌ستیت بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مكه‌ بۆ خوێنه‌ر؟

 

ـ با لێرەدا باس لە ئەزموونی خۆم بکەم. من کتێبێکم لە زمانی نۆروێژییەوە لە بواری فەلسەفەدا کردووە بە کوردی. ئەم کتێبە، دەقە نۆروێژییەکەی لە باری داڕشتنەوە یەکجار چڕە و هەوڵدراوە زۆرترین مانا لە رستەدا رەچاو بکرێ.  لە کاتی وەرگێڕاندا لە گەڵ ئەم دژواریانە رووبەڕوو دەبووم:

ـ وشە و دەستەواژە فەلسەفییەکان. بە دوو شێواز هەوڵم دەدا چارەسەریان بکەم، بینینەوەیان لە کتێبە کوردییەکانی تردا، یان داتاشینی وشە و دەستەواژە لە لایەن خۆمەوە،

ـ چڕیی مانا. زمانی نۆروێژی لە باری فەلسەفەوە کاری پێکراوە، بەڵام زمانی کوردی هێشتا بەو شێوەیە نا. بۆ من یەکجار دژوار بوو چریی مانا هەر بە هەمان شێوازی زمانی نۆروێژی بۆ سەر زمانی کوردی راگوێزم. زۆر جار بە ناچار لە رستەی تر کەڵکم وەردەگرت. واتە درێژکردنەوەی بابەت،

ـ هەندێ جار لە وشە سەرەکییەکە کەڵکم وەرگرتووە، واتە بە بێ وەرگێڕان. بە تایبەت ئەو وشانەی وا لە ئینگلیزی نزیکن یان خاوەنی یەک سەرچاوە بوون لە گەڵ ئینگلیزی،

ـ هەندێ جار ناچار بە نووسینی ژێرنووس دەبووم.

بە گشتی وەرگێڕانی ئەو کتێبە یەکجار بە خۆیەوە مەشغوڵی کردم. کارێکی تاقەتپڕوکێنی دوو ساڵە.

 

٦- ناوی فه‌یله‌سوفان زۆرجار كێشه‌ی به‌شێك له‌ وه‌رگێڕانه‌كانه‌، كه‌ هه‌ر وه‌رگێڕه‌و به‌ شێوه‌یه‌ك ناوی فه‌یله‌سووفێك ده‌نووسێت بۆنموونه‌ هه‌یه‌ ده‌نووسێت نیتشه‌ و هه‌شه‌ ده‌نوسێت نیتچه‌، ئه‌م گرفته‌ چۆن چاره‌سه‌ر بكرێت و پێشنیاری تۆ له‌م باره‌یه‌وه‌ چییه‌؟

ـ شیوازی خوێندنەوەو تەلەفوزی ناوی فیلسووف بە داخەوە زۆر جار لە ناو کورددا موتەئەسیرە بە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی. واتە فنۆتیکی ئەوان کاریگەری داناوە. یاخود زۆر جار ئێمە ئەم کتێبانەمان بەم زمانانە خوێندووەتەوە و بۆیە کە ناوی فیلسووفەکانیش دەهێنین، هەر بەو شێوەیە دەیانهێنین کە خوێندوومانەتەوە. هەڵبەت ئەمە تایبەت نیە بە تەنیا ئەم زمانانە. ئەوانەی وا لە ئەورووپا دەقە فەلسەفییەکان بە زمانی ئەورووپی دەخوێننەوە، کاتێک بە کوردی قسە دەکەن، ناوەکان بە شێوازی ئەو زمانەی دەڵێن کە پێیان خوێندووتەوە. بۆ ئەوەی ئەم گرفتە چارەسەر بێت دەبێ هەم دەقی فەلسەفی زۆر بنووسرێ و هەم لەم دەقانەدا بەرەبەرە لۆژیکی فنۆتیکی زمانی کوردی زاڵ ببێت. بۆ وێنە پێم وابێ نیتچە بە زمانی ئاڵمانی "نیتشە" دەخوێندرێتەوە، بەڵام شەرت نیە هەمان شیوازی خوێندنەوە لە زمانی کوردیدا بەکار ببرێ. لە شێوازی کوردیدا رەنگە بتوانم بڵێم کە پیتی "ت" ئەوتۆمات ون دەبێ و "ش" دەبێ بە "چ". دەتوانین بە "نیتچە" بینووسین، بەڵام "نیچە" بخوێندرێتەوە.

لە سەرەتای ئەم وڵامانەدا پێم وابێ ئاماژەم پێدا، دەبێ ناوەندێکیش هەبێ بۆ ساخکردنەوەی یەکجارەکی هەوڵەکان. ناوەندێکی خاوەن وەها ئەوتۆریتەیەک کە بتوانێ داخوازییەکانی خۆی بە سەر دونیای چاپەمەنیدا لەم بوارەدا فەرز بکا.

 

 

 

لە رۆژنامەی ژمارە ٢٠١٤ هەولێردا بڵاو کراوەتەوە