لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

رۆژێکی تریان مامۆستا وتی ئەمڕۆ بە هەویر شت دروستدەکەین. کوڕەکە بیری کردەوە زۆر باشە. ئەو حەزی بە دروستکردنی شمەک بە هەویر بوو. ئەو دەیتوانی شتی جۆراوجۆر سازبکا، وەک کرم، شێرەبەفرینە، فیل و مشک. هەر کە هەویرەکەی وەرگرت دەەستی کرد بە دروستکردنیان.

کوڕە بچکۆلانەکە

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

هەبوو نەبوو، کوڕێکی بچکۆلانە هەبوو دەچوو بۆ قوتابخانە. بۆ خۆی بچوک و قوتابخانەکەیش گەورە. ئەو دەبا بە گەلێک پلیکانەدا سەرکەوێ و بە هاڵێکی درێژدا تێپەڕێ بۆ ئەوەی بگاتە پۆلەکەی. رۆژێکیان مامۆستا وتی:

ـ ئەمڕۆ وێنە دەکێشینەوە.

کوڕە بچکۆلانەکە بیری کردەوە زۆر باشە. ئەو حەزی بە کێشانەوەی شێر، پلێنگ، مریشک، مانگا، قەتار و پاپۆڕ بوو. قەڵەم رەنگییەکانی دەرهێنا و دەستی کرد بە کێشانەوە. مامۆستاکەی وتی:

ـ جارێکە راوەستن، دەست راگرن. ئەوسا راوەستا تا هەموو قوتابیەکان بە جوانی سەرنجیان چووە سەر مامۆستاکەیان. درێژەی دایە و وتی:

ـ ئەمڕۆ گوڵ دەکێشین.

کوڕە بچکۆلانەکە بیری کردەوە زۆر باشە. ئەو حەزی بە کێشانەوەی گوڵ بوو بە رەنگی پەمەیی، نارنجی و شین. بەڵام مامۆستاکەی وتی:

ـ من پیشانتان دەدەم.

ئەوسا گوڵێکی لە سەر تەختە رەشەکەی کێشا. گوڵێکی سوور بە لاسکێکی سەوزەوە.

پاشان وتی:

ـ ئیستا دەتوانن دەست پێبکەن.

کوڕە بچکۆلانەکە سەیری گوڵی مامۆستاکەی کرد. ئەوسا سەیری ئەوەی خۆی کە پێی وابوو زۆر جوانترە. بەڵام ئەمەی نەدرکاند. پەڕەیەکی تری هەڵدایەوە و گوڵەکەی مامۆستای کێشایەوە. گوڵێکی سوور بە لاسکێکی سەوزەوە.

رۆژێکی تریان مامۆستا وتی ئەمڕۆ بە هەویر شت دروستدەکەین. کوڕەکە بیری کردەوە زۆر باشە. ئەو حەزی بە دروستکردنی شمەک بە هەویر بوو. ئەو دەیتوانی شتی جۆراوجۆر سازبکا، وەک کرم، شێرەبەفرینە، فیل و مشک. هەر کە هەویرەکەی وەرگرت دەەستی کرد بە دروستکردنیان.

مامۆستاکە وتی:

ـ راوەستن، دەست پێمەکەن! دەبێ قاپی خواردن سازبکەین.

کوڕەکە بیر کردەوە زۆر چاکە. ئەو حەزی بە دروستکردنی قاپ بوو. ئەوسا دەستی کرد بە سازکردنی قاپ لە قەبارە و ئەندازەی جۆراوجۆردا. بەڵام مامۆستاکەی وتی:

ـ راوەستن، من پیشانتان دەدەم چۆنی سازبکەن!

ئەوسا پیشانی دان چلۆن قاپێکی قووڵ چێبکەن. وتی:

ـ ئیستا دەتوانن دەست پێبکەن.

کوڕە بچکۆلانەکە سەیری قاپی مامۆستاکەی کرد. ئەو، ئەوانەی خۆی لا زۆر پێ باشتر بوون. بەڵام هیچی نەوت. هەویرەکەی بەناو یەکدا گووشییەوە و قاپێکی قووڵی وەک ئەوەی مامۆستاکەی لێ سازکرد.

زۆر خێرا کوڕە بچکۆلانەکە فێربوو سەرەتا راوەستێ، گوێ بگرێ و ئەوسا ئەوەی ئەنجام بدا وا مامۆستاکەی داوای لێدەکرد. ئیتر ئەو نەیدەتوانی ئەو شتانەی بکا وا بۆ خۆی پێی خۆش بوون.

بنەماڵەی کوڕە بچکۆلانەکە بۆ شارێکی تر گواستیانەوە و، بۆیە دەبا لە قوتابخانەیەکی تر دەست بکا بە خوێندن. ئەم قوتابخانە نوێیە لە کۆنەکە زۆر گەورەتر بوو، بۆیە دەبا بە گەلێک پلیکانەدا سەرکەوێ و بە ناو هۆڵێکی درێژدا تێپەڕێ بۆ ئەوەی بگاتە پۆلەکەی.

رۆژی یەکەم مامۆستا وتی:

ـ ئەمڕۆ وێنە دەکێشینەوە.

کوڕەکە بیری کردەوە زۆر باشە و ئەوجا راوەستا بزانێ مامۆستاکە چییان پێ دەڵێ بۆ کێشانەوە. بەڵام مامۆستاکە هیچی پێ نەوتن و تەنیا بە پۆلەکەدا دەگەڕا و لەگەڵ قوتابییەکان دەدوا. کاتێک گەیشتە کوڕە بچکۆلانەکە، وتی:

ـ ناتەوێ وێنەیەک بکێشیتەوە؟

کوڕەکە وتی:

ـ دەیکێشم، بەڵام چی؟

مامۆستا وتی:

ـ تا نەیکێشیت، نازانم چی.

ـ چۆن دەبێ من وێنەکەی خۆم بکێشم؟

ـ ئەوەی بکێشەوە وا خۆت حەزت پێیەتی.

ـ بەڵام چ رەنگێک بەکار بێنم؟

ـ هەر رەنگێک بۆ خۆت پێت خۆشە. ئەگەر هەمووتان یەک وێنە بکێشنەوە، من چۆن بزانم چیتان کردووە؟ ئەوسا ئیتر نازانم چ جیاوازییەک لە نێوان وێنەکاندا هەیە.

کوڕەکە وتی:

ـ نازانم.

 

ئەوسا دەستی کرد بە کێشانی گوڵێک. گوڵێکی سوور بە لاسکی سەوزەوە.

 

سەرچاوە:

file:///C:/Users/siama/Downloads/Den%20lille%20gutten%20historie.pdf