فەڕۆخ نێعمەتپوور

ناگەمە هیچ شتێک. لاوازترین بەشی من، بەشی خوێندنەوەی داهاتووە. من بە پێچەوانەی شۆڕشگێڕەکان داهاتوو لە لام شتێکی ئەوەندە ناڕوون و نادیارە کە بۆ ئەوەی بیهێنمە بەرچاوی خۆم ناچارم تەنیا وێنای مەرگی خۆمی تیابکەم و بەس. ئەو مەرگەی وا بە خۆشییەوە ساڵانی شەڕ نەیتوانی بە سەر بوونی مندا بیسەپێنێ.

حەزێکی سەیر

فەڕۆخ نێعمەتپوور

رەنگە پێتان سەیربێت، بەڵام من شێت و شەیدای ئەو ساڵانەم وا شەڕ بوو! دیسان رەنگە بپرسن بۆ؟ دەبێ بڵێم لەبەر ئەوەی ترسی زۆر، ژیان خۆشەویست تر دەکا و بۆیە بە جۆرێکی تر لە دونیا دەڕوانی. هەموو شتێک تام و بۆنێکی تر دەگرێ. لە بیرم دێ ئەو کاتانە وەها لە هەموو شتێ، هەر لە خشت و بەردی دیوارەکانەوە بگرە هەتا دوورترین پەڵەهەور بە وردی دەمڕوانی کە لە گەڵ هەر هەموویان هەستم بە نزیکایەتی و ئاشنایەتییەکی سەیر دەکرد. ئەو سەردەمە جگە لە ترس، هیچ شتێکی تر غەریب نەیدەنواند.

من جاری وابوو دەمتوانی لە بەر چرالامپایەکدا لە بێدەنگی و تەنیایی ژوورێکدا دابنیشم و بە چەندین سەعات، بە بێ پسانەوە، کتێب بخوێنمەوە. بگرە هەتا نیوەشەو. دەمتوانی بە دەم خەیاڵێکەوە رۆح و بیرم وەها فش ببنەوە و بکشێن کە جەستەم لەگەڵ دونیا ببن بە یەک. دەمتوانی لەناو  تاریکیی کۆڵان دیسان بە سەعات لە لوتکەی تاریکی ئەو شاخەی بڕوانم وا لە ناو بێ ئەژمار رووباری ئەستێرەکاندا وەک پاپۆڕ بە ئارامی دەخشا. لای من ساڵانی شەڕ قووڵترین ساڵەکانی تەمەن لە باری ماناوە بوون.

هەڵبەت لەبیرم دێ چلۆن لە ترسی تۆپ و تەیارە و تەقە تفەنگ خۆم بە کەل و کون دا دەکرد بۆ ئەوەی بەر نەکەوم و گیان دەربەرم، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی بڵێم ئەو ساڵانە لە ئیستاکە ناخۆشتر بوون. ناخۆشتر لە ئیستای پڕ دڵەڕاوکێی پوڵ و پارە و گوێنەدان بە یەکتری و پاشقوڵگرتن لە یەکتر. ئەو ساڵانە لە بیرمە کەس سەری نەدەپڕژایە سەر ئەمانە. پارەی چی و گوێنەدان و پاشقولگرنی چی. تەنیا پێت دەکرا خۆت دەربازبکەی و پاشان لە پاش هەر خۆدەربازکردنێک دونیا لەبەر چاوت دەبوو بە شتێکی تر، شتێکی وەها کە دەبا سەرلەنوێ خەریکی کەشف کردنەوەی بیت. واتە ژیان تەنیا بریتی بوو لە دوو قۆناغ کە بەردەوام بە شوێن یەکتردا دەهاتن: قۆناغی خۆدەربازکردن و قۆناغی بیرکردنەوە و رووانین بە شێوازی نوێ. هەر جارەی گیانت دەردەبرد، دیمەنەکان، ئەو دیمەنانەی هەموو رۆژێ بە درێژایی تەمەنت دووبارە دەبوونەوە، کتوپڕ دەبوون بە شتێکی تر. من زۆر جار مەجبوور دەبووم سەرلەنوێ دایکم و باوکم و حەوشە و ژوورەکان و ئاسمان و... کە ئیستاکە لە دووای بوردوومانێک تەواو لەبەر چاومدا گۆڕابوون، سەرلەنوێ بدۆزمەوە و بە خۆم بڵێمەوە بەڵێ ئەوە باوکمە و ئەوە دایکمە و ئەوە ئەو ژوورەی وا ساڵانی ساڵ بوو تیایا دەژیام و ئەوەیش هەر ئەو ئاسمانەیە لە سەرەتای خڵقەتەوە لەوێدا بووە. بەڵام بەڕاستی ئەوان هەر ئەوانە بوون؟

من جاری وابووە لە ناو بنجۆیەکدا لە کاتێکدا فڕۆکەکان یەک لە دووای یەک بە دەنگی ترسناک و پڕ لە مەرگیانەوە دادەکشان و شاریان بوردوومان دەکرد بە دە خولەک راکشاوم و دەستم بە سەرمەوە گرتووە و بە جوانی هەستم بە تێکەڵێک لە بۆنی خوێن و تۆز و دووکەڵ و دەنگە سامناکەکانی ئازار کردووە. کە هەستاومەتەوە سەر پێ بۆ ئەوەی دووربکەومەوە، کتوپڕ هەستم بە وەها حاڵەتێکی قووڵ و فەلسەفیم لە خۆمدا کردووە کە بۆ چەندین سەعات و بگرە چەندین رۆژ  مانای مەرگ لە بەر چاومدا ون بووە و پێم وابووە ئەوەی لەم دونیایەدا هەیە تەنیا ژیانە و بەس! سەیر نیە؟ بێگومان سەیرە.

گوێم لێ دەبوو دەیانگوت: "دیسان کەڕ و کاس بووەوە!"

بەڵام هەر ئەوەندە نەبوو من لە بیری مەرگ بە هۆی حوزوری زۆریەوە بەتاڵ دەبوومەوە، نا، من جاری وابوو لەو ساڵانە لە بیری ژیانیش بەتاڵ بەتاڵ دەبوومەوە. جەستەم دەبوو بە قاپوڕێکی بەتاڵ و خاڵی لە ماناکان. ئەوسا بیرم لەوانە دەکردەوە کە پێیان وابوو مردن بەشێکی جیانەکراوەیە لە پرۆژەی سیاسیی گۆڕانی دونیا لە ئاراستەی خەونەکانیاندا. وە زۆر جار بیرم دەکردەوە گەر ئەم ئاواتە سەرکەوتایە من لەو رۆژانەی وا دەهاتن، کێ و چی دەبووم؟ قاپوڕێکی بەتاڵ، یاخود بوونەوەرێک کە دەکرا رابردوو فەرامۆش بکا و لە هەنووکەدا بژیت؟

ناگەمە هیچ شتێک. لاوازترین بەشی من، بەشی خوێندنەوەی داهاتووە. من بە پێچەوانەی شۆڕشگێڕەکان داهاتوو لە لام شتێکی ئەوەندە ناڕوون و نادیارە کە بۆ ئەوەی بیهێنمە بەرچاوی خۆم ناچارم تەنیا وێنای مەرگی خۆمی تیابکەم و بەس. ئەو مەرگەی وا بە خۆشییەوە ساڵانی شەڕ نەیتوانی بە سەر بوونی مندا بیسەپێنێ.

رەنگە بۆ ئەوانەی ئەو ساڵانەیان نەبینیوە، لاشە لەت و پەتەکان و قیژەی ژن و منداڵ ناخۆشترین دیمەنی مومکین بێت، بەڵام دەبێ پێیان بڵێم کە وانیە، ئەمە خراپترین دیمەن نیە، خراپترین دیمەن ئەوەیە تۆ لە ژیان بەتاڵ دەبیتەوە لە کاتێکدا قووڵترین بیرەکان رووت تێدەکەن. خراپترین دیمەن ئەوەیە تۆ دەبێ بە بوونەوەرێک لە نێوان ژیان و مردن دا. نە ئەمی و نە ئەوی تریان. کە نە ئەم بوویت و نە ئەویش، ئەی کێیت؟ بڕۆن لە شەڕ بپرسن!

من ئەو ساڵانە زۆر جار هەوڵمداوە لە گەڵ شەڕ بکەومە قسەوە. بیدۆزمەوە و لێی بپرسم کێیە و چییە و چۆن دەڕوانێتە خڵقەت. بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەو لە هەموو شوێنێک هەبوو، قەت نەمتوانی بیدۆزمەوە. رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت شتێک کە لە هەموو شوێنێک هەبێ ناتوانێ لە یەک شوێنی تایبەتدا هەبێ. کە نەیشیتوانی لە یەک شوێنی تایبەتدا هەبێ، ئیتر ئەوا دەست خستن و قسەکردن لەگەڵیا مەحاڵە. من چرکە بە چرکە و هەنگاو بە هەنگاو هەستم بە بوونی دەکرد. بۆیە بۆ ئەوەی بتوانم پەیامی خۆمی پێبگەیەنم و دەست بکەم بە وتووێژێکی یەکلایەنە، لەبەر خۆمەوە بە چرپە دەدوام.

من تەواوی ئەو ساڵانە بە چرپە دووام.

نازانم قەت ئەو ساڵانە لە کۆڵانەکانەوە تێپەڕیون یان نا. بە پێچەوانەی ئیستا، ئەو ساڵانە پەنجەرەکەن بە سەر کۆڵاندا دەیانڕوانی و پەردەکان هەمیشە لادرابوون و بۆیە هەمیشە دەتتوانی بە تووش چاوەکان و نیگاکانی ئەو دیو پەنجەرەکانەوە بیت. ئەو چاوانەی وا بە پرسیارەوە لە تۆیان دەروانی، بە هەمان ئەندازە کە تۆ لەوانت بە هەمان پرسیارانەوە دەڕوانی. تۆ کێی؟ ناوت چییە؟ چی دەکەی؟ ژیانت چۆن دەگوزەرێ؟ لە چ خەیاڵاتێکدای؟ داخۆ ژیان و مردن لای تۆ چییە؟ بەڵام نا، ببورن ئەم پرسیارەی ئاخر بە مێشکی کەس دا نەدەهات. ئەم پرسیارە ئاخر تەنیا لە کاتی شەڕدا سەری هەڵدا. بەهەرحاڵ، ئەو ساڵانە بەم پرسیارانەوە بە تووش نیگای پشتی پەنجەرەکانەوە دەبوویت. کە شەڕ هات، ئەمانە ئیتر ون بوون. کە تووشیان دەبووی، نیگاکان لە یەکتریان دەپرسی: ماوی؟ داخۆ کەستان لێ نەکوژراوە؟ بەتەمان لە شار بچنە دەرەوە؟ زۆر دەترسن؟... سەرئەنجام پرسیارە خۆش و ترسناکەکە "داخۆ ژیان و مردن لای تۆ چییە؟"

هەڵبەت نە ساڵانی پێش شەڕ و نە ساڵەکانی شەڕ، کەس وەڵامی هیچ پرسیارێکی وەرنەگرتەوە. لەم شارەی منی تیا دەژیم تەنیا پرسیار دەست دەکەوێ،... پرسیارە سادە بێ وەلامەکان. بیر دەکەمەوە داخۆ گەر وەڵام هەبایە داخۆ قەت بە تووش شەڕەوە دەبووین؟

شەڕ شتێکی تریشی لەگەڵ خۆی هێنا: کات و بیرکردنەوە لە کات. ئیتر چرکەکان بوونە خاوەن مانا. بەڵام هاوکات 'کات'یش لە مانا بەتاڵ بووەوە. ئیتر تێدەگەیشتی (جا لە هەر تەمەنێکدا) کات چەندە بێ مانا و پڕوپووچە. وەرە هەر چرکەیەک خاوەن مانا بێت و کەچی کات لە گشتیەتی خۆیدا لە هەر چی مانایە بەتاڵ بێتەوە! من وەها بووم. جاری وایە بیرم دەکردەوە شەڕ خاوەنی نهێنی ترین و پڕماناترین پێوەندییەکانە لەگەڵ کات. هیچ شتێک بە قەدەر شەڕ کاتی بەرجەستە نەدەکردەوە و لە هەمان کاتدا لە مانا بەتاڵی نەدەکردەوە. شەڕ گەورەترین دۆست و گەورەترین دوژمنی کات بوو. کاتیش ئەمەی وەک دیاردەیەکی ئاسایی وەرگرتبوو. وەک هەمیشە. ئاخر خۆ دەزانن هیچ شتێک بە قەدەر کات خۆی لەگەڵ دیاردەکان ناگونجێنێ.

ئەو ساڵانە لەگەڵ ئەوەی دونیات لێدەبوو بە ئاگر، کە تێیدا یەک رووبار لە ئاوی زوڵاڵ چییە دەست نەدەکەوت، کەچی هەستت دەکرد دەتتوانی لەگەڵ نامومکین ترین شتەکان ببیتە رفیق و ببیتە هاوڕێی گیانی بە گیانی. بۆ وێنە لەگەڵ مانگ و لەگەڵ هەتاو. من ئەو ساڵانە خاوەنی ئەم هاوڕێیەتییە بووم. ئەم هاوڕێیەتییە سوکنایی و ئارامی پێدەبەخشیم. فڕۆکە بچووەکانی ناو ئاسمانیان پێ لە بیردەبردمەوە و فێری دەکردم واوەتر لە شەڕ هێشتا شتی خاوەن مانای گەورە ماون و دەستدەکەون، ئەگەرچی تەنیا من بووم لەگەڵ ئەوان دەدوام و، تەنیا من بووم لە ئەوانم وەک هاوڕێی خۆم دەڕوانی.

ژیان شتێک بوو وەک خەیاڵێکی گەورەی نێوان فڕۆکەکان و ئاسمانی ئەو دیوی ئەوان.

بەڵام بە خۆشی یان ناخۆشی شەڕ سەرئەنجام رۆژێک کۆتایی هات. لەبیرم دێ زۆر خۆشحاڵ بووم. پێم سەیر بوو کتوپڕ ئەو هەموو بیرە فەلسەفییە لە من ونبوون. من زۆر خێرا گەڕامەوە سەر قاچەکانی خۆم، ئەو قاچانەی وا منیان بە زەوییەوە دەبەستەوە، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو گەڕامەوە هەمان دۆخی سەردەمی شەڕ. زۆر خێرا تێگەیشتم من لەوێ بەجێ ماوم. لەمێژ بوو بەجێ مابووم. بۆیە قاچەکانم دیسان لە زەوی جودابوونەوە و هەڵکشان و منیان بەرەوە ئەوێ، لە شەوێکی ئارام و بێدەنگ دا، بردەوە. رۆح و دەروونی من لەوێ جێمابوو. من لەوێ لە ماناکاندا قووڵتر بووم، ژیان لە ماناکاندا قووڵتر بوو. مەرگ لە ماناکاندا قووڵتر بوو. ئەو مرۆڤانەی وا لە چاوەکانیاندا هەزار پرسیارت لە سەر کات و لەسەر ژیان و مەرگ دەخوێندەوە، کتوپڕ وەها لەم شتانە بەتاڵ ببوونەوە پێت سەیر بوو. چاوەکان پڕببوون لە تەماتە، لە پەتاتە، لە نان و لە گۆشت و... . هەڵبەت دەبێ هاوکات ئەوەیش بڵێم کە ژیانی راستەقینە ئەمەیە. شەڕ، منی خراپ فێرکردبوو،... شەڕ منی گۆڕیبوو،... منی وەک خۆی لێکردبوو: بەتاڵ لە نان و پڕاوپڕ لە خیاڵە میتافیزیکییەکان.

بۆیە پێتان سەیر نەبێ گەر بڵێم من ئیستایش شێت و شەیدای ئەو ساڵانەم. ئەو ساڵانەی لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لە سەر زەوی بوویت و بە سەر پێستە دەرەکییە رەقەکەیدا هەنگاوت هەڵدێنا، بەڵام هاوکات لە شوێنێکیشدا بوویت وەک قوولاییەکانی ناو زەوی و قووڵاییەکانی ناو ئاسمان.

ئاسمانی پشتەوەی فڕۆکە بێڕەحم و ترسناکەکان دەڵێم.