لە ئینگلیزییەوە: سایتی قەڵەم

سێ براکە لە خۆشیانا هەڵیاندەخستەوە. خۆشحاڵ لەوەی ئێستا تواناکانی خۆیان بە سەرکەوتووی تاقی کردبووەوە. بەڵام ئەوەندەی پێنەچوو پێکەنینەکەیان بزربوو. شێرەکە رابوو و بە تووڕەییەوە گرماندی. سوم هاواری کرد شێرەکە زیندووە، هەڵێن و ژیانی خۆتان دەربازکەن! بەڵام برەهمەنەکان ئەوەندە ترسابوون کە ئەژنۆیان شکابوو و نەیاندەتوانی بجولێن.

چوار 'برەهمەن'‌ەکە

لە ئینگلیزییەوە: سایتی قەڵەم

ئەمە چیرۆکی چوار برەهمەنی هاوڕێیە بە ناوەکانی 'سوم'، 'وەش'، 'جیڤان' و 'بود'. ئەوان پێکەوە لە گوندێکی بچووکدا دەژیان. ئەوان هەر چواریان قوتابیی 'ساگە'١ بوون کە لە ناو دارستاندا دەژیا. ساگە پیاوێکی سادە، بەڵام زانا بوو. برەهمەنەکان زۆر رێزی مامۆستاکەیان دەگرت. هەموو رۆژێک زۆر بە وردی گوێیان بۆ وانەکانی هەڵدەخست. رۆژێک ساگە پێی وتن رۆڵەکانم هەموو کەسێک دەتوانێ ببێ بە زانا، بەڵام توانا و لێهاتوویی بە تەنیا ناتوانێ بە ئامانجتان بگەیەنێ، بۆیە دەبێ هاوکات فێری ئەوەیش بن بە شێوەیەکی ئاقڵانە کەڵکی لێوەربگرن.

سوم، وەش، جێڤان و بود گەلێک شت فێرببوون. وەش دەیتوانی بە بێ ئەوەی دەست لە برین بدا چاکی بکاتەوە. سوم دەیتوانی بە بێ ئەوەی دەستی لێبدا ئینجانەیەکی شکاو چاک بکاتەوە. جیڤانیش دەیتوانی بە بێ ئەوەی پەنجەی بیگاتێ گەڵایەکی مردوو بە لقەکەیەوە بلکێنێتەوە، بەڵام بود لە ناویاندا لە هەموویان خاوتر بوو. ئەو نەیدەتوانی هیچ کام لەمانە ئەنجام بدا. سێ هاوڕێکەی هەمیشە گاڵتەیان پێدەکرد. جارێکیان کاتێک بود دەیەویست لەتە شکاوەکانی ئینجانەیەک پێکەوە بە بێ ئەوەی دەستیان لێبدا بلکێنێتەوە، هەرچی هەوڵیدا نەیتوانی. جیڤان پێی پێدەکەنی و دەیگوت بود توانایەکی تازە فێربووە و دەتوانێ لەگەڵ ئینجانەیەکی شکاو بدوێ، وەشیش پێدەکەنی و دەیگوت بەڵام لەتە شکاوەکان فێرنەبوونە پێکەوە بلکێنەوە، سومیش لە درێژەی گاڵتەی هاوڕێکانیدا وتی ئینجانەی بەستەزمان! ئەوسا هەر هەموویان تێکڕا دایانە قاقای پێکەنین.

بەڵام بود قەت گلەیی و گازندەی نەدەکرد. رۆژێک روویکردە مامۆستاکەی و لێی پرسی کە مەبەستی لە ئەقڵی سالم چییە. مامۆستاکەی وتی ئەقڵی سالم بە مانای ئەوەیە مرۆڤ پێش ئەوەی کارێک ئەنجام بدا دەبێ بیری لێبکاتەوە.

رۆژێکیان هەر چوار هاوڕێکە بڕیاریان دا بچن بۆ سەفەر. جیڤان وتی ئەم گوندە زۆر بچووکە و ئەگەر ئێمە بەردەوام لێرە بژین،  لەمە زیاتر فێرنابین، بۆیە واچاکە بۆ ئەوەی زیاتر فێربین لەم گوندە بڕۆین و سەفەربکەین. وەش وتی منیش هاوڕاتم، ئێمە ئەوەی کە دەبا لێر فێربووین و بۆیە واچاکە بڕۆین. سوم پرسیاری کرد ئەی بود چی لێبکەین، پێتان وایە بەویش بڵێین؟ وەش وتی بود دەبەنگ و بێ کەڵکە، بۆیە تەنیا دەبێ بە بار بە سەر شانمانەوە. جیڤان وتی نا وەش، ئێمە لەو بەهێزترین، بۆیە ئەرکی ئێمەیە ئاگامان لێی بێت. دەبێ داوای لێبکەین لەگەڵمان بێت.

هەر چوار هاوڕێکە ئەوەی لە جل و بەرگ و خواردن پێویستیان بوو هەڵیان گرت و، ئامادەی سەفەر بوون. لە دوواچاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستاکەیان، پێی گوتن رۆڵەکانم ئەمەتان لەبیر بێت کە مرۆڤی زانا پێش ئەوەی کارێک ئەنجام بدات بیری لێدەکاتەوە. هەر چواریان بە مامۆستاکەیان وت کە ئەم وتە بەنرخەی ئەویان قەت لە بیر ناچێتەوە و ماڵئاواییان کرد و رۆیشتن.

لەپاش ئەوەی نیوەرۆژێک رێیان کرد، ماندوو بوون و بڕیاریان دا لابدەن و بحەسێنەوە. جیڤان وتی با لێرە نان بخۆین. وەش وتی پیاوە زاناکان هەمیشە هێزی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووداوەکان رادەگرن. کاتێک ویستیان لە سەر بەردێک دابنیشن، بود لە سەر ئەرزەکە چاوی بە شتێکم کەوت. هاواری کرد ئەوە چییە؟ بوش وتی بود لە هەندێ ئێسک و پروسکی لەت و پەت دەترسی؟ جیڤان وتی بڵێی ئەم ئێسکانە هی کێ بن؟ سوم وتی بێ گومان هی شێرە کە دەبێ لە برسا مردبێ. بود بە ترسەوە وتی شێر!؟ سوم وتی ئەرێ، بڕوانە شێوەی ئێسکەکان، بۆیە دڵنیام هی شێرە. ئەوسا درێژەی دایە و وتی راوەستن! بۆ لێرە من توانای خۆم لەسەر ئەم ئێسکانە تاقی نەکەمەوە، من دەتوانم سەر لە نوێ ئەم ئێسک و پروسکانە پێکەوە بلکێنمەوە و بیانکەمەوە بە ئێسکلێتی شێرەکە. بود ترسا، هاواری کرد: "چییی؟!" سوم دەرفەتی نەدا و خێرا دەستی پێکرد. لە دووای ئەوەی چەند وشە و رستەیەکی لە بەر خۆیەوە خوێند، تیشکێکی روون ئێسکە لەت و پەتەکانی لە خۆگرت و کۆی کردنەوە و کردنییەوە بە ئێسکلێتی شێرێک. ئەوانی تر بەم کارە سەرسام بوون. سوم وتی بینیتان! ئێوە دەبێ وەک من زانا بن بۆ ئەوەی بتوانن وەها کارێک بکەن! وەش وتی تۆ پێت وایە ئەم توانایەی تۆ باشترینە، من دەتوانم جەستەی ئەم شێرە بگێڕمەوە وەها کە دیسان ببێتەوە بە خاوەنی پێست، پەنجە، دیان و شتەکانی تریش لە چەند خولەکێکدا. بود هاواری کردەوە و وتی وەش ئەوە چی دەڵێی! دیان!... نا شتی وا نەکەی! بەڵام وەش گوێی لێنەگرت و دەست بەکار بوو. لە پاش خوێندنی چەند وشە و رستەیەک کتوپڕ ئێسکلێتەکە بووەوە بە خاوەنی چاو، پێست، موو و پەنجە و بەشەکانی تریش. وەها کە ئیستاکە ببووە شێرێکی مردووی لەسەر ئەرز کەوتوو. وەش هاواری کرد بە دڵتان بوو؟ بود وتی ترسناکە! بۆچی ئەم کارەت کرد؟ وەش وتی چونکە لەبەر ئەوەی دەتوانم بەو توانایەی هەمە هەموو شتێک بگەڕێنمەوە، وەک دەبینی ئەم شێرە پێست و گۆشتی پێوە نەمابوو، بەڵام من پێم بەخشییەوە، پێت وانیە ئەمە توانایەکی گەورەیە؟ جیڤان لە لاوە دەستی کرد بە پێکەنین و وتی تۆ پێت وایە هەر تۆ دەتوانی شت بگێڕیتەوە؟ مەگەر نازانی کە من چ توانایەکم هەیە؟ من دەتوانم ئەم شێرە مردووە بۆ ژیان بگێڕمەوە. بود هاواری کردەوە و وتی چییی؟! جیڤان درێژەی دایەوە و رووی کردە بود و وتی پێت وایە کێ زاناترینە، ها، کێ زاناترینە؟ سوم وتی جیڤان ئەمە بە قسە ناکرێ، گەر ئازای ئەم کارە بکە و ئەوجارە بود دەتوانێ بڕیار بدا کاممان زاناترینین. بود دیسان هاواری کردەوە  و وتی چییی؟ پاشان وتی من نازانم کامتان زاناترینە، بەڵام دەزانم کێ بەهێزترینە و ئەویش شێرەکەیە، بۆیە تکایە ئەم کارە مەکە و گوێم لێ بگرە! جیڤان وتی لە کاتێکدا هاوڕێکانی ترم تواناکانی خۆیان تاقی کردۆتەوە تۆ داوا لە من دەکەی منیش توانای خۆم تاقی نەکەمەوە؟ بەمەیش پێت وایە تۆ دەیسەلمێنی هاوڕێیەکی باشی منی؟! وەش راستی دەکرد ئێمە دەبا تۆمان لە گوند بەجێ هێشتایە. بود هەوڵیدا بیانهێنێتەوە بیر کە مامۆستاکەیان چی پێ گوتبوون، بەڵام جێڤان زۆر بە تووڕەیەوە وتی چی تۆ دەتەوێ فێرمان بکەی مامۆستاکەمان چی وتووە، تۆیەک کە قەت هیچ فێر نەبووی؟... تۆ قەت بروا بە هاوڕێکانت ناکەی قەت! سوم هەڵیدایە و وتی تۆ راست دەکەی جیڤان ئەو قەت هیچ فێر نەبوو، بۆیە قەت تێناگا لەو کارانەی ئێمە دەتوانین ئەنجامیان بدەین. وەشیش وتی تەنیا لەبەر ئەوەی تۆ هیچ توانا و لێهاتوویەکت نیە داوا لە ئێمە دەکەی ئێمە تواناکانی خۆمان تاقی نەکەینەوە؟ تۆ کەسێکی بەرچاوتەنگ و حەسوودی. بود وتی من تەنیا توانایەکم هەیە کە ئەویش بەسە بۆ پاراستنی ژیانم. لێرەدا دیسان بیری مامۆستاکەی کەوتووە کە دەیگوت ئەقڵی سالم بەو مانایەیە مرۆڤ پێش ئەوەی کارێک بکا دەبێ بیری لێبکاتەوە. بود دیسان وتی هاوڕێکانم لێم تووڕە مەبن، من رێگاتان لێناگرم، بەڵام پیش ئەوەی دەست پێبکەی با من بچمە سەر ئەو درەختە، ئەگەر شێرەکە بمخوا چۆن دەتوانم پێتان بڵێم کامتان زیرەکترن؟ جیڤان دەستی کرد بە پێکەنی و وتی تۆ ترسنۆکیت، تۆ قەت لە ژیانتدا ئازا نەبووی. بود وتی من نامەوێ درۆتان لەگەڵ بکەم، بەڵام من دەرەقەتی شێر نایەم، جگە لەمە من لە سەر ئەو درەختەوە جوانتر ئاگام لێ دەبێ و باشتر دەتوانم بڕیار بدەم کامتان لەوانی تر زاناتر و زیرەکترە.

بود زۆر خێرا بە سەر درەختەکەدا سەرکەوت. جیڤان لەبەر خۆیەوە دەستی کرد بە خوێندنی چەند وشە و رستەیەک. لە پاش چەند خولەکێک نوورێکی گەش سەرتاپای جەستەی شێرە مردووەکەی لەخۆگرت. شێرەکە چاوەکانی هەڵێنا.

سێ براکە لە خۆشیانا هەڵیاندەخستەوە. خۆشحاڵ لەوەی ئێستا تواناکانی خۆیان بە سەرکەوتووی تاقی کردبووەوە. بەڵام ئەوەندەی پێنەچوو پێکەنینەکەیان بزربوو. شێرەکە رابوو و بە تووڕەییەوە گرماندی. سوم هاواری کرد شێرەکە زیندووە، هەڵێن و ژیانی خۆتان دەربازکەن! بەڵام برەهمەنەکان ئەوەندە ترسابوون کە ئەژنۆیان شکابوو و نەیاندەتوانی بجولێن. شێرەکە پەلاماەری سێ هاوڕێکەی دا و هەر سێکیانی یەک لە دووای یەک هەڵدڕی و خواردنی. بود لە سەر درەختەکەوە چاوی لە هەموو شتێ بوو. دووای ئەوەی شێرەکە رۆیشت، لە دارەکە هاتە خوارەوە و بینی کە تەنیا ئێسک و پرووسکی هاوڕێکانی لە سەر ئەرزەکە مابوون. بە دەم گریانەوە وتی ئێوە هەمووتان زانا بوون، بەڵام ئەگەر دووا پەیامی مامۆستاکەتان لە بیر بووایە بە تووش ئەم چارەنووسەوە نەدەبوون.

"رۆڵەکانم لەبیرتان بێت ئەقل بەو مانایەیە مرۆڤ پێش ئەوەی کارێک بکا دەبێ بیری لێبکاتەوە."  

 

ژێرنووس:

ـ ساگە بە مانای پیاوی ژیر دێت.

Image result for brahmin and lion