ناڵە حەسەن
ئەی شازادەی شەوەکان و
شەباهەنگە شلێرییەکەی من / بگەڕێوە
با مەودا دوورەکانی نێوانمان
لەنێو دەفتەری چارەنووس و
لەسەر نەخشەکانی عەشق بسڕینەوە

من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

ناڵە حەسەن

ڕۆژگارێک لەنێو          

شەوەدرێژەکانی کەنار ترۆپکی باکووری غەریبی

شەوە ونبووەکانی نێو ڕێڕەوەکانی تاریکی

تاریکییە ونبووەکانی نێو کۆڵانە پێچاوپێچەکانی تەنیایی

کاتژمێرێکیش بەبێدەنگی

لەنێو بێدەنگی / شەوەکان و شەپۆلەکان و شەونمەکاندا

نێولەپی عەشقێک دەخوێنێتەوە

عەشقێک کە بەتاقی تەنیا

لەکەنار ترۆپکی باکووری غەریبی

لە ژوورێکی جۆلوهۆڵ

لە باوەشی بێئۆقرەیی ڕاکشاوەو

تنۆک تنۆک تەنیایی لێدەڕژێ

منیش لەنێو ئەو شەوە درێژەدا وا هەستدەکەم

قوڕسایی هەموو /

زەمەنەکان و کاتژمێرەکان و سەدە ڕۆیشتووەکان

بەسەرشانمەوەیە

وا هەستدەکەم / لەنێو فارغۆنێکی بەتاڵی نێو میترۆیەکدام

هەردەڕۆم و ناگەم بە هیچ

منیش / لەم سەهۆڵبەندانی ئەم مردنە هێواشەم

بەبێدەنگی وەکو بەرد بیر لەتۆ دەکەمەوە

تۆش وەرە / ئەی وردە خۆرەتاوی نێو چاوەکانی تاریکی

ئەی شنەبایە گەرمەکەی نێو هەناسە سپییەکانی بەفر

ئەی تریفە غەمگینەکانی نێو شەوە درێژەکانی

کەنار ترۆپکی باکووری مردن

من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

 

٢

وەرە خۆت و سەبەتەیەک پڕ لە ئەستێرە

 خۆت و خەونێک پڕ لە بروسکە

لەسەر نێو لەپی خەیاڵەکانت

چیڕۆکی برینەکان و

ئایەتە دڵتەنگییەکانی خاکم بۆ بنووسەوە

پەنجەکانت لەنێولەپی مندا بخشێنە

با خەم و خەون و خۆزگەکانت

کۆپی بن لەنێو مندا

با ڕووناکی چاوەکانت بێنە نێو تریفەی تەنیایی من

 زەردەخەنە نەرمەکانیشت

وەک لاولاوە لە جەستەم بئاڵێن

وەرە لێوت لەسەر لێوەکانم دابنێ

بە گەڵا ئەوینییەکانی خۆت دامپۆشە

وەرە بمبەرەوە

لەنێو ئاگردانی ئارەزووەکانت و

لەنێو خەونی خۆرەتاو و

لەنێو مەمکۆڵەکانی نیشتیمانم / لەخاچمدە

دەوەرە دەی

من سییەکانم پڕن لەبۆنی ڕەیحانە

 

٣

ئەی شازادەی شەوەکان و

شەباهەنگە شلێرییەکەی من / بگەڕێوە

با مەودا دوورەکانی نێوانمان

لەنێو دەفتەری چارەنووس و

لەسەر نەخشەکانی عەشق بسڕینەوە

بگەڕێوە و ڕووی خۆت بەرەو ڕووناکی وەرگێڕە

بێ سلەمینەوە لە سەردەمە سەرسەرییەکانی مردن

لە ڕۆژە ڕەشەکانی ڕابردوو

لە ئاگرە سۆزاینییەکانی دۆزەخ

بگەڕێوە و بازبدە

بەسەر پشتی تیشکە یاخییەکانی شەو

حیکایەتی نەهەنگە پیرەکان / لەبیرخۆت بەرەوە

بگەڕێوە / با چیتر

عەشق لەنێو کاتژمێرە بەسەرچووەکاندا / نەزیف نەبێ

با ژیان لەنێو خەونەکانی نیشتیمان و

نیشتیمان لەنێو خەونەکانی ژیان / چاوهەڵبێنێتەوە

بگەڕێوە منیش لە چاوەڕوانیت

وەک ئاگر لە زیکر و

وەک خاڵخاڵۆکە لە خەڵوەت و

وەک نەوڕەس لە فڕیندام

دەبگەڕێوە دەی

من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

 

٤

تۆش لە چاوەڕوانیمبە ئەی شۆخ

منیش بۆ ئەوینی تۆ دەگەڕێمەوە نێو ژیان

دێمەوە و وەک دڵۆپە شەونمێک

بەسەر پەنجەرەکانی نائومێدی دێمەخوارەوە

وەک دڵۆپە بارانێک

بەنێو قژی عەشق و بەنێو دڵی خاکدا

شل شل شۆڕدەبمەوە

دێمەوە بەنێو ڕابردووی ڕازەکان و

بەنێو ڕازە ڕابردووەکاندا ڕەتدەبم

مۆمی نێو

ئاوێنە ئەستێرەییەکانی ئایندە / دادەگیرسێنمەوە

وەک پنجە گیایەک

سەردەردێنمەوە

لەنێو پێدەشتەکانی پرسیار و گەردانەکانی گومان

لەژێر خیوەتەکانی خۆشەویستیش ڕادەکشێمەوە

تۆش نەرم نەرم

بە پەیژەی نهۆمی نائومێدییەکانم هەڵگەڕێ

لەنێو خەونە بێدارییەکانم بمێنەرەوە

بمێنەرەوە و دوور بڕوانە دوور دوور

بمێنەرەوە و بفڕە بەنێو / قوڵاییەکانی هەور و

قوڵاییەکانی مانگ و قوڵاییەکانی کات

بفڕە بەنێو /

 گەردەلوولەکانی گومان و نەسیمە نائومێدییەکانی من

بفڕە بەنێو خەونە خاپوربووەکانی خۆشەویستیم

نزیکبەرەوە لێم / نزیک نزیک نزیک

وەک نزیکی /

من و تەنیایی

وەک نزیکی

 من و مردن  

وەک نزیکی

من و نیشتیمان

گوڵەگیانم نزیکبەرەوە لێم

نزیک نزیک نزیک

من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

 

٥

ئەی فریشتە پەڕوباڵسپییەکەی عەشق

من ماندووم

وەرە دوورم خەرەوە

لە تۆزوغوبارە غەمگینەکانی غوربەت و

لە شەپۆلە شینەکانی شێتبوون و

لە خەیاڵە خواروخێچەکانی خۆکوشتن

دوورم خەرەوە دوور

لە تەلبەندە تاریک تاریکەکانی تەنیایی

بمگەڕێنەوە نێو ئاوێنە ئەوینییەکەی خۆت

با لەوێندەرێ

منداڵان لەگەڵ پێکەنین و

عاشقەکان لەگەڵ سەما و

مرۆڤەکان لەگەڵ میهر / ئاشتکەینەوە

با مەوداکانی سەرەتا و کۆتاییەکانی خەون

لەیەکتری نزیک بکەینەوە

ژیان لەگەڵ ئازادی و ئازادی لەگەڵ ژیان

عەشق لەگەڵ شیعر و شیعر لەگەڵ عەشق

تەنیایی لەگەڵ ئومێد و ئومێد لەگەڵ تەنیایی / ئاشتکەینەوە

وەرە بمبە لەنێو ئاوێنە ئەوینییەکەی خۆت

بوونم بڕازێنەوە

بە ڕەنگە ڕووناکەکانی خۆت

بە هەستە هێڤیدارییەکانی خۆت

بە سۆزە سەرمەدییەکانی خۆت

وەرە و بمبە

بارانە بەرائەتییەکانی خۆت

ببارێنە بەسەر جەستەی خۆڵەمێشیم

بێدارمکەرەوە / لەنێو نائومێدییە نەرمەکانی نەبوون

بە ئەوینی نێو ئاوێنە ئەبەدییەکەی خۆت

بێدارمکەرەوە / لەنێو خەیاڵە خرپنەکانی وەهم

بە ئاگرە  ئیرۆسییە ئەزەلییەکانی خۆت

بێدارمکەرەوە / لەنێو ئەشکەوتە تاریکەکانی مردن

دەوەرە دەی

من لەتاو تامەزرۆیی تۆ و

تاسە گەرمەکانی نیشتیمانم

سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

 

٦

بە بێدەنگی

لەژێر میلی کاتژمێرەکانی تەمەن ڕاکشاوم

ڕۆژەکان و مانگەکان و ساڵەکانم

ڕەتدەبن

پایزیش جارجارە

بە زەردەخەنەیەکی خەمناکەوە

بزەیەکم بۆ دەکات و دەڵێت

هاوڕێم دیسان وەرزێکی ترە و هیچی تر

چ ئافاتێکی بێهوودەیە

کاتێک عەشق دەلاقەیەکی پێنەبێت

بۆ کتێبی خەونە سپییە ئیرۆسییەکانمان

 ڕووبار سەمفۆنیایەکی پێنەبێت

بۆ ئارامبوونەوەی ڕۆحە بریندارە ماندووەکانمان

بەهار باخچەیەکی پێنەبێت

بۆ ڕەنگە ناسکە نائومێدییەکانمان

لەولاوەش مانگی بەفرانبار

لە یاداشتنامەکانی خۆی دەنووسێت و دەڵێت

هاوڕێم تەنها ساڵێکی ترە و هیچی تر

چ ئافاتێکی ئاگرینە

کاتێک ژیان بوخچەیەکی پێنەبێت

بۆ وردە ئومێدە پەمەییەکان

خۆرەتاو ئاراستەی تیشکەکانی خۆی

بەڕووی شەوەکانی نیشتیمانی من بگۆڕێ

ئاسمان ڕووبەرێکی نەبێت

بۆ فڕینی پەپوولە ونبووە بێ شووناسەکان

کازێوەش لەنێو فرمێسکەکانی خۆی

مەسیجێک جێبهێڵێ و بڵێت

هاوڕێم تەنها ڕۆژێکی ترەو هیچی تر

منیش لە کەناری ترۆپکی باکووری ئەم غەریبییەم 

سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

٧

با بە پێخاوسی بەسەر وردە شووشەکانی عەشقدا بڕۆین

با خوێنە ڕەشەکان

لە جەستەمان جیا ببنەوە

با بە پێخاوسی بەسەر بەفردا بڕۆین

تا لە خەونە گەرمەکانی خاک نزیک ببینەوە

با بە پێخاوسی بەنێو ئاگردا بڕۆین

تا پاکبینەوە و

بگەڕێینەوە نێو ئاوێنە ئەوینییە ئەبەدەییەکان

با لەنێو ئۆقیانووسی خەیاڵەکانمان

وێنەی بەهەشتێکی تر بکێشین

بەهەشتێک /

بڕبێت لە هەناسە

پڕبێت لە سەما

پڕ بێت لە ژیان

با قوفلی دەورەی بازنەکانی

پرسیارەکان و نیگاکان و خەونەکان و

هاوارەکان و ئارەزووەکانمان / بکەینەوە

با خۆرەتاو لەنێو ماڵەکانمانەوە هەڵبێ

با شیلەی شەرم و نائومێدییەکان

تک تک بڕژێنە نێو تاریکی

تا وشکبوونەوە و ڕووتبوونەوەی ڕۆح

با لەژێر نەرمە ڕێژنەی بارانی بەهارێکی تر

خۆمان تەڕ بکەینەوە

منیش / لە چاوەڕوانی ئەم کەڕنەڤاڵە ڕەنگینەدا

لە دووری دوورەوە

لە کەناری ترۆپکی باکووری غەریبی

لەنێو قووڵایی تەنیایی خۆم

دەرگا و پەنجەرەکانی

خەونە نەخشینەکانی

نێو / ئاوێنە ئەوینییەکانی ئەبەدیم

دەخەمە سەرگازەرەی پشت و

من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە... !