ما 1981 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەخلاق و شەڕ

ینسان وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی بۆ باشتر کردنی ژیانی خۆی بەردەوام خەریکی دانانی یاساو رێسا بووە. هەوڵی داوە کە بەر بە خراپە بگرێت و رێگە بۆ چاکە بکاتەوە و بەرفراوانی بکات. بەڵام چاکە و خراپە بە چی دەوترێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە رەگی لە کولتور ونەریتی کۆمەڵگای بەشەریی و لە وتەزای ئەخلاق دا دایە. بۆیە پێوەڕەکان جۆراو جۆرە و وەڵامەکان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ ئەویتر دەگۆڕدرێت.

 ئینسان وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی بۆ باشتر کردنی ژیانی خۆی بەردەوام خەریکی دانانی یاساو رێسا بووە. هەوڵی داوە کە بەر بە خراپە بگرێت و رێگە بۆ چاکە بکاتەوە و بەرفراوانی بکات. بەڵام چاکە و خراپە بە چی دەوترێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە رەگی لە کولتور ونەریتی کۆمەڵگای بەشەریی و لە وتەزای ئەخلاق دا دایە. بۆیە پێوەڕەکان جۆراو جۆرە و وەڵامەکان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ ئەویتر دەگۆڕدرێت. پێوەری ئەم چاکە  و خراپە ئەخلاقە. بڕێک لە خاڵە ئەخلاقییەکان کراونەتە یاسا، بەڵام زۆر خاڵی ئەخلاقی هەیە کە لە هیچ یاسایێکدا نەهاتووە و هاوکاتیش لەلای ئینسانەکان بە خراپ ناسراوە. وەک نمونە لەوانەیە لە هیچ یاسایەکی لانی کەم ئەمڕۆییدا نەهاتبێ کە بێوەفایی شتێکی ناقانونی بێت، بەڵام هەموو ئینسانێک بێوەفایی و خەیانەت  بەرانبەر هاوجوت بە شتێکی نائەخلاقی دەزانێت.

ئەخلاق، ئەو یاسا نەنووسراوەی کۆمەڵگایە کە تاکەکان خۆیان بەدەربەستییەوە دەزانن و، هەوڵ بۆ بەڕێوەبردنی دەدەن. لەسەر رێز نەگرتن لەم خاڵە ئەخلاقیانە بە درێژایی تەمەنی مێژووی کۆمەڵایەتی، ئینسان سزای توند و بێبەزەییانەی وەک کوشتن و بەردباران و شاربەدەری بەسەر پێشێلکارانیدا سەپێندراوە. هەموو تاکێک لە کۆمەڵگادا خۆی بە بەرپرس بۆ پاراستن و رێزگرتن لە ئاست رێسا ئەخلاقییەکاندا دەناسێت. ئەم بەرپرسایەتی و بەدەربەستەوە هاتنە، پێوەندی راستەوخۆی هەیە بە باری ئابووری و ئەمنییەت و هێمنی و ئارامی کۆمەڵگاوە. هەرچی ئەم فاکتەرانە بە هێزتر بن ئەوە ئەخلاقیش کەمتر توشی پێشێلکاری دەبێت. 

بەڵام دیواری ئەخلاق وەک شوشە وایە، یانی تا کاتێک جوانە و لە سەر پێ دەوەستێت کە بەر بەرد و پلاری نائەمنی نەکەوێت. کە کۆتری دڵنیایی و هێمنایەتی بە تەقەی تفەنگ و گرمەی تەیارە تارا، یەکەم دیوار و بینا کە دەڕوخێت دیواری ئەخلاقە و دەبێتە دوایین شوێنیش کە پاش شەڕ دادەنرێتەوە. لەوەها دۆخێکدا ئیتر چاوی بەرپرسایەتی و بەدەربەستەوە بوونی ئەخلاقیی چاودێران دووکەڵ و تەپوتۆزی ترس و مەترسی دایدەپۆشێت و لەم ئاوە لێڵەدا راوکەرانی بێ ئەخلاق و بازرگانانی پارەپەرەست کە هەمیشە ئارەزووەکانیان لە تاریکی شەوەکان و چۆڵایی و بۆشاییەکانی قانوندا تێدەپەڕاند، وەک شەمشەمەکوێرە دەکەونە نێو وێرانەکانی شار و لە پەنای دیوارە رووخاوەکانی قانون و ئەخڵاقدا بۆ گەیشتن بە تەموحی پڕیی هەڵنەگریان هەموو ناڕەواییەک، بە رەوایی  و بێترس ئەنجام دەدەن. هەرچەند تەنیا ئەخلاق و دیوار و بینا ئەخلاقییەکان نین کە لە شەڕدا توشی رووخان و هەرەس هێنان دەبن، بەڵام هەر وەک ئاماژەمان پێدا ئەوە بینای ئەخلاق و پێناسەی چاکە و خراپەیە کە دەبێتە دوایین شت کە ئینسانەکان لە پاش شەڕ بیری لێدەکەنەوە و، بەدەربەستییەوە دێن و هەوڵ بۆ دامەرزاندنەوەی دەدەن.

سایتی قەڵەم

 

١٤ نۆڤێمبری ٢٠١٤

گەڕان بۆ بابەت