سەرچاوە: ئاوێنە

کارل مارکس زۆر بەزویی ماڵئاوایی لەشیعر کردو چوە دنیای فەلسەفەو مێژو و ئابورییەوە. دوای قۆناغێک لەنەخۆشی‌و سەرگەردانیی فکریی، سەرەنجام لەنامەیەکدا بۆ باوکی نووسی، "من وازم لەئایدیالیزم ھێناو خوازیارم دوبارە روبکەمەوە بیرکردنەوەی قوڵتر".

مارکس وەک شاعیر

 

گەرچی زۆرێکمان مارکس وەک فەیلەسوف‌و نوسەرێک دەناسین، بەڵام لەسەردەمی گەنجیدا؛ ئەو بیرمەندە شیعری رۆمانسیی نوسیوە، بەڵام دواتر لەسەردەمی کامڵبونیدا، پێکەنینی بەشیعرەکانی خۆی ھاتوە.


مارکس پێش ئەوەی تێکەڵ بێت بەدنیای سیاسیی‌و ئابوری، شیعری نوسیوە. ئەم دیوەی مارکس، لەلایەن لێکۆڵەرانەوە تیشکی نەخراوەتە سەرو پەراوێز خراوە. بەڵام لەگەڵ بڵاوبونەوەی شیعرەکانی سەردەمی گەنجێتی مارکس‌ بەزمانی ئەڵمانیی‌و وەرگێڕانی بۆ زمانی فەڕەنسی، دوبارە رۆشنایی خرایەوە سەر دیوە شاعیرەکەی مارکس.


مارکس زۆر زو دەستی ھەڵگرتوە لەنوسینی شیعر، دواترو لەسەردەمی کامڵبونیدا پێی وابوە کە ئەو شیعرانە بەرھەمی سەردەمی کاڵفامیی گەنجیی بون. 


ئەو شیعرانەی مارکس، به‌م دواییه‌ لەکتێبێکی بچوکی گیرفان؛ له‌ پاریس به‌ ناوی "شیعرەکانی کارل مارکس" بەفەڕەنسی بڵاوکرایەوە ، لەپێشەکیی کتێبەکەدا کچەکەی مارکس نوسیویەتی "باوکم بۆچونێکی باشی نەبوە دەربارەی شیعرەکانی خۆی، ھەر کاتێکیش لەبارەی ئەو شیعرانەوە قسەی بکردایە لەگەڵ دایکمدا، ئەوا بەسەردەمی نەزانیی گەنجێتیی خۆی پێدەکەنی".


ھەر لەپێشەکیی کتێبەکەدا باس لەوە کراوە کە سەرقاڵبونی ھزری مارکس بەسیاسیەت‌و ئابورییەوە، ھۆکاری سەرەکیی بوە بۆ دورکەوتنەوەی مارکس لەو شیعرە ڕۆمانسیانەی لەسەردەمی گەنجیدا نوسیونی.


لەم پێشەکیەدا ھاتوە کە هه‌ڵگرانی بیری مارکس؛ کە خۆیان ترسناکترین رژێمیان دامەزراند؛ هه‌مان ئەو کەسانەن کە کاریان لەسەر ھزری مارکس کردوە، ھاتون کارەکانی ئەو نوسەرەیان بژاردە کردوە، ھەر شتێک بەکەڵکی پروپاگەندەی سیاسیی خۆیان بھاتایە، زیاتر گرنگییان پێ داوەو دەریانخستوە، بەپێچەوانەشەوە ئەو نوسینانەی بەلای وردە بۆرژوازیدا رۆشتبێت پەراوێزیان خستوە، کە شیعرە رۆمانسییەکانی مارکسیش لەم لایەنەی دوەمدا بوە؛ بۆیە پەراوێزخراوەو تا ڕادەی سانسۆرکردن پشتگوێ خراوە.


ھاورێکانی مارکس لەسەردەمی لاوێتیدا دەگێڕنەوە کە مارکس لەو کاتانەدا کەسێکی بەھەڵپە بوە بۆ زانینی شتەکان، بەردەوام خەریکی خوێندنەوەو نوسین بوە. رۆژێک شیعری نوسیوە، رۆژێکی تر شانۆنامە، دواتریش بۆ ھیگڵ‌و گۆتەو شیللەر ده‌گه‌ڕایه‌وه‌. 


ئەگەر چی مارکس دواتر بوە کەسێکی دژە رۆمانتیک‌و وەک کەسی واقعی مامەڵەی دەکرد، بەڵام بەوتەی پێشەکیینوسی کتێبی شیعرەکانی مارکس، گومانی تێدا نییە کە شێوەی نوسینی مارکس لەشاکارەکانیدا بەدەر نییە لەکاریگەریی ئەو زمانە شیعرییەی مارکس لەسەردەمی لاویدا پێی نویسیوە، بەتایبەتی لەکتێبی "مانفێستی حزبی کۆمۆنیست" ئەو زمانە دەردەکەوێت‌و لەڕستەیەکی وەک "تارماییەک بەسەر ئەوروپادا دێت‌و دەچێت" بەتەواوەتی دەبینرێت.


پێشترو لەساڵی 1933 دا ئەو شیعرانەی مارکس بەکتێبێک لەفەڕەنسادا بڵاوکرایەوە، بەڵام ھەر زو فەرامۆش کراو گرنگیی پێ نەدرا. لەو کتێبەدا کە پێش 80 ساڵ لەژێر ناونیشانی "مارکس‌و ئەنگلس، شاعیرانی رۆمانتیکی"  شیعرەکانی ئەو دو ھاوڕێیەی لەخۆگرتبو کە کاروانێکی درێژیان لەنوسینی فکریدا پێکەوە بەسەر بردوە. 


کارل مارکس زۆر بەزویی ماڵئاوایی لەشیعر کردو چوە دنیای فەلسەفەو مێژو و ئابورییەوە. دوای قۆناغێک لەنەخۆشی‌و سەرگەردانیی فکریی، سەرەنجام لەنامەیەکدا بۆ باوکی نووسی، "من وازم لەئایدیالیزم ھێناو خوازیارم دوبارە روبکەمەوە بیرکردنەوەی قوڵتر".