ما 4818 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور
ئەسحابەکەیش کە مەعلوم نیە هی چ ساڵێکە و شمشێرەکە بەر کوێی کەوتووە وا کوشتوویەتی، لە ناو کێلەکەوە لە پشتەوە تف لە بەردەکە دەدا بۆ ئەوەی بلکێ، بەڵام غافڵ لەوەی تڵپی تەڕ چییە تیای نەماوە تا بتوانێ تەنانەت نیوە تفێک کۆبکاتەوە. ئەسحابەکە بەخیلی بە پیرێژنەکە دەبا و کتوپڕ هەستدەکا ئاشقی بووە.

 

من و ئاسمان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دایکم دەستی گرتووم و بە شوێن خۆی بە سەر شۆستەی ناو شەقامەکەدا رامدەکێشێ. من کە هەنگاوەکانم لە هەنگاوەکانی دایکم بچووکترن، ناگەمە پەلە و هەڵپەی ئەو بۆ بەسەرکردنەوەی خێرای دووکانەکانی ئەو راستەیەی وا بە لای چەپمانەوەیە. دایکم پەلەیەتی و منیش رێک بە پێچەوانەی ئەو، هیچ پەلەم نییە. دایکم جاری وایە هەڵدەچێ، تووڕە دەبێ، دەگوڕنێ و دەڵێ:

ـ "هەتیوەکەی باوکت رایبگرتیتایە، من ئاوام بەسەرنەدەهات، راحەت دەهاتم و دەگەڕامەوە. دەی بەڵکو رۆژێک لەم لەتردانانەدا بکەویت و ملت بشکێ و رزگارم بێت!"

بەڵام من قەت لەم لەتردانانەدا نەکەوتم و ملم نەشکا. وەک بڵێی دەستی ئاسمان هەمیشە دەیگرتمەوە و نەیدەهێشت جەستەی نەرم و ئێسک هەورینم شتێکی ترسناکی بەسەردا بێت.

شەقام جمەی دێ. خەڵک و ماشین لێک دەئاڵێن و دەنگی دەستفرۆشەکان لە هەموو شوێنێکەوە دەبیسترێ. من کە ئیتر لەو تەمەنەدا نیم دەستم بە دەستی دایکمەوە بێت، جاری وایە شەرمێونانە هەوڵدەدەم مەچەکەم لە گیرەی بەهێزی دەستی دایکم رزگار بکەم، هەوڵێکی بێسوود کە ناگاتە هیچ شوێنێک. دەزانم دایکم ناهێڵێ قەت قەت من وەها دووابکەوم کە بۆ هەمیشە ونم بکا. لە راستیدا دایکم ترسنۆکترین ژنی دونیایە. ئەو ئەوەی هەیەتی دەبێ بۆ هەمیشە هەیبێ، جا چ مەچەکی من ژان بکا و،... چ نەیکا.

من کە بە ناو جەستەی مرۆڤە نەناسراوەکاندا رادەبوورم، هەڵبەت زۆر گوێ نادەمە پەلەی دایکم و هەڵپەی بۆ گەیشتن بەو شتەی کە دەبێ بیگاتێ. من تەنیا بە ئاسمانەوە سەرقاڵم. ملم رادەکێشم، چەناگەم بەرزدەکەمەوە و وەک هەمیشە لە ئاسمان دەڕوانم و، لەتردەدەم. دەبێ لێرەدا دیان بەوەدا بڵێم کە من لەمێژە ئەم عادەتەم هەیە. من لە مێژە حەزم لەوەیە کە تەنیا و تەنیا سەیری ئاسمان بکەم و هەتا بتوانم سەیری بکەم و دیسان سەیری بکەمەوە. کەسیش نازانێ من ئەم عادەتەم لە کێ وەرگرتووە. تەنیا شتێ دایکم و ئەوانی تر لە سەری سوورن ئەوەیە کاتیک لە دایکبووم، وەها نەبووم، بگرە بە چەند ساڵ دوواتریشی. هەرچەند من لەمەیشا باوەڕ بە دایکم و بە ئەوانی تر ناکەم. ئاخر عادەتێکی لەم چەشنە کە بووەتە هۆی سەرسوڕمانی هەموو خەڵکی شار، دەبێ سەرچاوەکەیشی زۆر سەیروسەمەرەو نائاسایی بێت.

دایکم مت و موورو دەکڕێ. هەموو رۆژێ،... بەڵام قەت ئەو شتەی وا بە شوێنیەوەیەتی و من نازانم چییە دەستی ناکەوی و ناچار شتی تر دەکڕێ. ئەمە ئەو خەنی ناکا و دیسان مەچەکی من دەگرێتەوەو دەچینەوە بۆ بازار. لە سەر رێگا هەر لە مال دێینەدەر، ژنیکی قەیرەی بەشوونەدراو هەیە هەموو رۆژیک دایکم لەگەڵی رادەوەستێ و قسەوباس بۆ ماوەیەک دگۆڕنەوە. باسی من دەکەن، هەروەها لەگەڵ دووکاندارێک کە سەقفی دووکانەکەی سەرەڕای بەرزبوونی ئاسمان لە من وندەکا و بۆیە من رقم لێیەتی، دیسان باسی من دەکەن. ژنەکە بە بەزەییەوە و پیاوەکە بە گاڵتەوە لەسەر من دەدوێن. ژنەکە هەموو جارێک داوا لە دایکم دەکا و دەڵێ بمبەن بۆ لای 'شێخ مەحیە'، دەستی بە رەحمەتە و ئینشاڵڵا چاکی دەکاتەوە، دەڵێ فووەکانی لە چەشنی ئەو بایەن لە مەککە و مەدینەوە هەڵدەکەن و بۆنی مەحەممەد و ئەسحابە و خاکی پیرۆزی ئەوێی تێکەڵە، دەڵێ گەر نازانی شوێنەکەی لە کوێیە لە گەڵت دێم و،... بۆ منیش باشە، بە خوا ماوەیەکە قاچەکانم پیس دێشێن و بەڵکو دۆعایەکیش بۆ من بنووسێ،... بەڵکو فوویەکیش بە سەروسینگی مندا بکا! پیاوەکەیش کە مت و مووروفرۆشە، تەسبێحە قەزوانەکەی بە قامکە تووکاوییە خواروخێچە پڕ گرێکانی خول دەدا و چاوەکانی زۆڵانە لە دایکم و لە من دەبڕێ و دەڵێ بیبە لای دکتۆر، هەڵبەت نەک دکتۆری ئاسایی، نا، دکتۆری دەروون، ئەوان لێی تێدەگەن و بە حەمد و قووەتی خوا چارەسەرێکی بۆ دەبیننەوە. دەلێ هەڵبەت لەم شارە و شارەکانی نزیک و دەورووبەر دکتۆرێکی وەها دەست ناکەوێ و دەبێ بچین بۆ تەورێز یان تاران، هەڵبەت تەورێز باشترە، چونکە هەم نزیکترە و هەم وەک تاران قەرەباڵغیش نیە. ئەوسا ملێ بادەدا و بە بزەیەکی ناشیرینەوە دەڵێ هەی تاران،... هەی لە تاران! دەڵێ وەک وتراوە ماسی گەورە لە دەریا دەستدەکەوێ. من هەموو ئەمانە دەبیستم و لەبیرم دەمێننەوە. جا چ چاوم لە ئاسمان بێت و یان نەبێت، من دەزانم ئەم وشە و قسانە بەرەو منن،... بەرەو منی شێت و شەیدای ئاسمان.

ئای لە ئاسمانیش و لە جوانییەکەی! من دەتوانم لە پەڵەهەورێک لە کاتی دەرکەوتنی لەم سەری ئاسمان هەتا ونبوونی لەوسەری راوەستم و لێی بڕوانم، بە بێ چاوترووکان، هەڵبەت ئەگەر مت و مورو و هەنگاوە بەپەلەکانی دایکم و ئازاری مەچەکم بهێڵن. یان من دەتوانم وەها نوقمی فڕینی باڵندەیەکی دوورەدەست بم کە چیتر چاوەکانم لە چاڵایی چاوەکانمدا نەمێنن و لەگەڵ باڵەکان و فڕینەکەی وەها بڕۆن کە ون ون بن.

دایکم مووروە شینەیەک دەکڕێ و بە برۆکمییەوە دەکا. دوواتر دەستبەندێکی شینیش بە مەچەکمدا دەکا، بە مەچەکی راستمدا، ئاخر ئەو کە بە دەستی راستی من دەگرێ پێویستی بە مەچەکی چەپی منە. مەچەکی چەپم بەخیلی بە مەچەکی راستم دەبا و گلەیی لە خودا دەکا بۆ لە جیاتی ئەو نەبوو.

رۆژێک ژنەکە دەڵێ توخوا چەند جوانکیلەیە و سیمای چەند مەعسوومە، بەخوا گەر بڕیاری ئەوە لە لایەن خواگیانەوە دەرنەکرایە کە مەحەممەد دروودی خوای لەسەربێت دوواپێغەمبەرە و چیتر کەسی تر بە شوێنیا نایەت، ئەوا دەکرا ببێ بە پێغەمبەرێکی تر، یاخوا خوا شیفای با لە بەر خاتری ئەم رۆژە روونە و ئەم سیما نوورانیە و ئەم بەژن و باڵا ناسکە! پیاوەکەیش کە ماوەیەکە لە جیاتی تەسبێحی قەزوان تەسبێحێکی دانە درشتی شینی ترسناکی بەدەستەوەیە، روو لە دایکم دەڵێ ئاسمان باوی نەماوە، شانسی تۆ، ئەگینا نانت دەکەوتە رۆنەوە، هەرچەن نانی چەور لە زۆر شوێنی ترەوە دەتوانرێ چەوریش بکرێ!

من کە لەبەر ماڵی ژنەکە پەلەی رۆیشتنم نیە و لە ناو دووکانەکەیش خواخوامە هەرچی زووتر ودەرکەوم، لەبەر خۆمەوە بە خۆم دەڵێم "ناکرێ رێگای من و دایکم رۆژێک لەیەک جیابنەوە و ئەو بە رێی خۆیدا و منیش بە رێگای خۆمدا؟"

باوکم کە دەربەستی رووانینەکانی من بۆ ئاسمان نیە بە دایکم دەڵێ "کچێ لێی گەڕێ وازی لێ بێنە، ئاخر مەگەر ئەمە چی لە تۆ کەمدەکاتەوە، مەگەر تۆ نازانی هەر کەسە و لەم دونیایەدا بە شتێکەوە دەیگرێت و، سەر و ئەقڵ و شعووری بە شتێکەوە سەرقالە،... با بەشی ئەویش ئەم ئاسمانە بێت، نە پارەی تێدەچێ و لە ئارەق رشتنی دەوێ،... دە لێی گەڕێ دە...!". دایکیشم دەڵێ:

ـ "دەزانم بۆ ئەوەیە وەک هەمیشە خۆتی لێدەربازکەی،... گەر پیاوی، جارێک لەگەڵی بچۆ دەرەوە و جا قسەبکە، بزانە چۆن ئەم گێژەگێژەی شێتت دەکا!"

من لەبەر عادەتی ئەم ئاسمان رووانینەم فێرم بە پێوە میزبکەم. هەموو جارێکیش چرکەی میزە ناتەواوەکان سەرووی نافەکەکەم هەتا بنی بنەوەی تەڕدەکەن. منی ئاشقی ئاسمان هەمیشە بۆنی میزم لێدێت. دایکم دەڵێ عەمرت نەمێنێ و باوکم دەڵێ تا ژن نەهێنێ ئەم بۆنە میزەی هەر لێدێ.

من کە لە ئاسمانەوە فێربووم ساڵەکان نەژمێرم و ئەم عادەتی ژماردنە تەنیا بە هی زەوی و زەوینییەکان بزانم، هەر لەخۆوە رۆژێکیان لە کاتی عادەتی هەمیشەیی رۆیشتن لە گەڵ دایکما بۆ بازاڕ، بە دەم سەیرکردنی بەردەوامی ئاسمان و پرتەو بۆڵەی دایکم و خۆتێسرەواندنەکانی خەڵک لە جەستەم (یاخود باشتر وایە هی من لەوان)، بە دایکمم وت "لە باوکم تەڵاق وەرگرە و هەوڵبدە لە ساڵی ١٣٣٢ لە دایک بی، بۆ ئەوەی ئەم عادەتەی ئیستات بۆ هەمیشە تەرک بکەی و ببی بە کەسێکی تر!" دایکم کتوپڕ راوەستا، دەستی چەپی بە دەمی داپچڕاویەوە گرت و قیژەیەکی وەهای لێوە هات کە باوکم دەستبەجێ تەلەفۆنی بۆ دووکانی کابرای مت و مووروفرۆشی چاوحیزی کرد و لێی پرسی کە داخۆ چی بووە و داخۆ شتێکی ترسناک رووینەداوە.

باوکم لە داخی پرتەوبۆڵەکانی دایکم و بۆ خۆدزینەوە لە مشت و مڕی هەمیشەی ناوماڵ، بە قەرزو قۆڵ تۆیۆتای کۆنی کڕی و دەستیکرد بە موسافیرکەشی بۆ دێهات. هەرچەند سەرەتا بیری لەوە کردەوە ببێ بە شۆڕشگێڕ. باوکم بۆنی مانگا، مەڕ، بزن، کەر، هێستر، شیاکە، پشکەڵ، ماست، شیاکە، کورتان و کەبابی ناو شاری گرت، ئەو کەبابەی لادەییەکان کاتی سەردانی شار دەیانخوارد. دایکم کە لە ناو هەموو ئەم بۆنانە تەنیا حەزی بە بۆنی کەبابەکە بوو، بۆ یەکەم جار لە دووای ساڵانی ساڵ بزەیەک بە لێوەکانیدا گەڕا و وتی لە گەڵ خۆت سواری کە و بیبە بۆ دێهات. ئەم بۆنانە سەری لێدەشێوێنن و ئاسمانی پێ لەبیردەکەن. باوکم کە حسێبی جێگایەکی دەکرد و زەرەر و زیانەکەی لێکدەدایەوە، نکۆڵی لێکرد. دایکم وتی لە تەنیشت خۆی بە دەستی چەپدا جێگام بۆ بکاتەوە، باوکم وتی ئەوێیش گیراوە. وتی بگرە ئەوێ لە هەموو شوێنەکانی تر خۆشەویستترە. دایکم کە حسێبی داهاتی باوکم و کڕینی مت و مووروەکانی خۆی دەکردەوە، بێدەنگ بوو و ئیتر هیچی نەوت.

لەو کاتەوە باوکم بوو بە شۆفیری دێهات، هەموو ئێواریەک دەبێ بە تەنەکەیەکی بیست کیلۆیی ئاوی سارد خۆی لە ئاودەستەکە بشوات و تۆز و بۆنە بەناوبانگەکانی دێهات لەخۆی بکاتەوە. ئەگەرچی بۆنە کەبابەکەیشی لەگەڵ دەڕوات. ئەمە جگە لەوەی کۆتایی هەفتە دەبێ بچێ بۆ حەمامی عمومی.

بۆ من گرینگ نیە هەتیوەکەی باوکم رامبگرێ یان نا، من لەم دونیایەدا کەسم پێویست نیە بۆ راگرتنم، دایکیشم لەخۆوە هەموو جارێک دەمبا بۆ مت و مووروکڕین. من بە تەنیا هەڵدەکەم، زۆر بە جوانی،... بە مەرجێک لە ئاسمانم نەکەن. من ئەوم بێت بەسمە. لای من ئاسمان ئەوەندەی شت تیایە کە مرۆڤ ئەوەندە پەست نەبێ و ئەوەندە لە وجودی خۆی دانەبەزێ کە تەنیا ببێ بە بوونەوەرێکی ناو شەقام و دووکانی موت و مورو، یاخود شۆفیرێکی بۆگەناوی. یاخود چاولەدۆعایەکی وەک ژنەکەی دراوسێمان و چاوحیزەکەی ناو راستەبازاڕەکە کە ئەوەندە ئەو تەسبێحانە لە ناو لەپ و مشتیا دەهێنێ و دەبا کە وەک سینگی تاشراو بە تیغی وەها لووس دەبن کە من بە بینینیان لەوانەیە بڕشێمەوە.

ـ دایە تو خوا لێمگەڕێ با نەیەم لە گەڵتا،... تو خوا!"

باوکم ئەرکی سەر شانیەتی هەموو جومعەیەک دایکی خۆی، کە ئیستاکە پیروپاتاڵ کەوتووە، بە کۆڵ بیبا بۆ شەخسەکەی باشووری شار کە لە نزیک درەختێکی گوێزی نیوە وشکە. دایکی باوکم، بیشیکوژی سوار ماشین نابێت. ئەو حەزی لە تۆیۆتای باوکمە، یاخود باوکمی تۆیۆتا. ئەو لەعنەت لە خودی تۆیۆتاکە دەکا. باوکیشم سوار خۆی دەکا و خرتە خرت (وەک خەڵکی شار دەڵێن)، لەگەڵ یەک، نا باشتر وایە بڵێم بەسەریەکەوە، دەڕۆن. دایەگەورە لەوێ بە دەستە لاواز و چرچەکانی، نوقمی ساڵانی تەمەن، هەوڵدەدا بەرد بە کێلی ئەسحابەکەوە بنێ. دەستی لەرزۆکی ناهێڵێ بەردەکان راوەستن و دەکەونە خوارەوە. باوکم دەڵێ دەلکێن،... دەلکێن. دایەگەورە کە چاوەکانی بە جوانی نابینن بە درۆ دەڵێ دەزانم! ئەسحابەکەیش کە مەعلوم نیە هی چ ساڵێکە و شمشێرەکە بەر کوێی کەوتووە وا کوشتوویەتی، لە ناو کێلەکەوە لە پشتەوە تف لە بەردەکە دەدا بۆ ئەوەی بلکێ، بەڵام غافڵ لەوەی تڵپی تەڕ چییە تیای نەماوە تا بتوانێ تەنانەت نیوە تفێک کۆبکاتەوە. ئەسحابەکە بەخیلی بە پیرێژنەکە دەبا و کتوپڕ هەستدەکا ئاشقی بووە. بۆیە شەوانە کاتێک باشووری شار چۆڵدەبێ، دەچێ و لەسەر لقی درەختە نیوە وشکەکە دادەنیشێ، گۆرانی دەڵێ و خەیاڵی نابەجێ بە پیرێژنەکەوە، واتە دایکی باوکمەوە دەکاتەوە. خواگیان کە رقی لەمەیە و ئەمەی لەلا بێ ئەخلاقییە، دەرەجە و نیشانی ئەسحابەبوون لە شانەکانی ئەسحابەکە لە نیوەشەوێکی ترسناکدا بە تووڕەیی دادەماڵێ. بەڵام ئەفسووس و سەد مەخابن ئەسحابەکە ئەوەندە لەوە پێش مردووە کە خەڵکی هیچیان نەتوانن ئەم رووداوە تازانە ببینن.

ئەسحابەکە ماوەیەک وەک دووکاندارە چاوحیزەکە تەسبێحات دەکا، بەڵام چونکا دەستی ناکەوێ و کەسیش نیە بچێ لە بازاڕ بۆی بکڕێ، بە گونی خەریکە! باوکم شەوێک بە شێوەیەکی موعجیزەئاسا ئیلهامی بۆ دێ و ئیتر دایکی بە کۆڵ نابا بۆ سەر شەخسەکە،... قەت قەت،... هەتا مێژوو بە بەرییەوە ماوە.

سەرئەنجام رۆژێک تۆیۆتاکەی باوکم لە هەڵدێرێک وەرگەڕا و باوکم و چەند لادەیی شێت و شەیدای کەبابی شاری کەلەلا کرد و کوشتنی. دایکم کە عەبەسا بوو و قەت باوەڕی نەدەکرد مێردەکەی ئاوەها بۆ هەمیشە لەبەر چاویدا ون بێ، وازی لە مت و مووروکڕین هێنا و چارشێوێکی رەشی قەترانی دا بە سەریا و فێری هاتوچۆی تەکیە بوو. لە تەکیە کە دەهاتەوە لەبەر سەرئێشە خەوی لێنەدەکەوت. ناو و ناوبانگی دایکم، وەک باشترین لایەنگری خەلیفە کە دەیتوانی چەندین سەعات بە بێ راوەستان زکر بکا و شێتانە سەر راوەشێنێ، ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند رۆیشت. دایکیشم سەرئەنجام لە یەکێک لەم زکرە شێتانانەدا وەها حاڵی تێکچوو کە کەوت و لە پاش رشانەوەیەکی زەردی خەست، هەڵنەستایەوە. ئەویش مرد بە بێ ئەوەی ئەوەی وا دەیەویست لە دووکانی تەسبێح بەدەست چاوحیزەکە سەرئەنجام بتوانێ دەستی بخا و بیکڕێ.

من کە هیچ هەستێکم بۆ مردنی باوکم نیە، بەڵام بە مردنی دایکم دەڵێی خۆشحاڵم،... بگرە زۆر زۆریش. ئێستا ئازادانە دەتوانم لە ئاسمان بروانم، بە بێ هەستکردن بە هیچ چەشنە ئازارێک لە جەستەمدا. هەروەها خۆشحاڵم چونکا ئیتر دایکم لێرە نەماوە تا نیگای ئەو چاوحیزە لەسەر لەش و لاری بچەقێ و کاتێک دایکم کەمێک لیی دووردەکەوێتەوە و سەرقاڵی رووانینی مت و مووروەکانە، لە لەش و لاری بڕوانێ و لەبەر خۆیەوە بڵێ "خوا قەزای ئەو ئاسمانەی وا تۆی لێ کەوتوویتە خوارەوە!"

من و ئاسمان ئیستا دووبەدوو ماوینەتەوە. ئەو لەو دووردوورانە بە هەتاو و هەور و ئەستێرەکانییەوە و، منیش لێرە لەم خوارخوارانە بە خۆمەوە. ئەو لەو دووردوورانە بە باران و هەورەتریشقە و بەفرەکانیەوە و منیش لێرە لەم نزم نزمانە بەو مت و مووروانەوە وا لە دایکمەوە بەجێماون و لە یەغانە قەدیمییەکەوە بۆنەکانیان سەرتاسەری ماڵەکەیان لەخۆ گرتووە.

بەڵام وەک هەمیشە رێگای دەربازبوون هەیە. دەچمە باڵکۆنەکە و دەڕوانم. لە ئاسمان دەڵێم،... لە ئاسمان.

Bilderesultat for ‫من و آسمان نقاشی‬‎

گەڕان بۆ بابەت