فەڕۆخ نێعمەتپوور

پاپۆڕە شەڕکەرەکەی دوورگەی فارس خەریکی خاوێن کردنەوەی فڕۆکەکانیەتی. هەواڵنێرەکە چاوی بە پێچەوانەی هەواڵی خۆشی دابەزینی دۆلار، گەلێک غەمگینترە. شەستەکان لەبەردەممدا دەکەونەوە سەما و هەڵپەڕکێیەکی رەش و شێتانە. ئیستایە زۆر بە جوانی لەوە تێدەگەم کە رابردوو قەت لەکۆڵ مرۆڤ ناکەوێتەوە.

 

بیکڕم یان نەیکڕم؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەستدەکەم بە گیرفانمدا. بە پەنجەکان و بە لەپی دەستم دەیانناسمەوە. لەوێیە. لەوێن. ئەسکەناسەکان دەڵێم. ئەوانەی کولەکەی رۆح و گیانن! چیتر ساف و لووس نین و بەدەستەوە دەلکێن. گەر ئاگام لێنەبێ، لەکاتی دەرهێنانی دەستمدا رەنگە بە پەنجەکانمەوە بکشێن و بێنەدەرەوە و خوانەخواستە بکەون. بەربنەوە. لە گۆشەیەکی ئەم شەقامە قەرەباڵغەدا بکەون، یاخود لە لا کۆڵانێک و، ئەوسا روخساری کەسێکی تر بە دیداریان شاد بێت، کەسێکی وەک من. با ئەوەیش بلێم کە ئەگەرچی من زۆر بیر لەمە ناکەمەوە بەڵام دەزانم زۆر کەسی وەک من هەن،... بێ ئەژمار. نەک تەنیا لەم شارە، بەلکو لە هەموو نیشتماندا. ئەو نیشتمانەی لەمێژە دەستەکانی وەک من لە گیرفانیایەتی و بەردەوام لە دڵەڕاوکێی کەوتن یان نەکەوتنیاندایە.

بەڵام هەر ئەمەیش نیە. من و رەنگە نیشتمانیش کاتێک لە بازاڕین، بەردەوام بە دەم کایەی دەستمانەوە لە ناو گیرفانماندا بیر لەوە دەکەینەوە داخۆ بیکڕین یان نەیکڕین! من رۆژانە گەلێک جار ئەمسەراوسەری شەقام دەکەم. بە ناو دووکانەکاندا و بە ناو ریزی شێواوی دەستفرۆشەکاندا دێم و دەچم،... دیسان و دیسانەوە دێمەوە و دەچمەوە، بەڵام،... بەڵام ناتوانم بڕیاربدەم. قسەیش لەسەر کیلۆیەک پەتاتە و کیلۆیەک تەماتەیە، هەروەها هەندێ پیازیش. ئا، تەنیا لەسەر ئەمانە. من و نیشتمان بەشێکی گرینگی کاتەکانی ژیانمان بەدەم ئەمانەوە دەڕۆن و تێپەڕدەبن. سەیر نیە!

من کە زۆر حەزدەکەم لەم گەڕانانەدا بە تەنیا بم، هەوڵدەدەم خۆم لە نیشتمان رزگار بکەم. پێم وابێ ئەویش وەهایە. بە چاوەکانیدا دەیخوێنمەوە. چاوەکانمان لە یەکتر خۆیان دەشارنەوە،... هەڵدێن. بۆ کوێ؟... نازانم. بۆیە لێکترازانمان زۆر زەحمەت نیە. بە دەم سەیرکردنی پەتاتە و تەماتەکانەوە نەرم نەرم لەیەک دووردەکەوینەوە. ئەو بە لایەکدا و منیش بە لایەکی تردا، ئەو بە رێیەکدا و منیش بە رێیەکی تردا. بە بی گۆڕینەوەی یەک تاقە وشە. دوواتر لە دوورەوە لەناو قەرەباڵغییەکدا چاوم لە سەر و شان و ملیەتی کە هەڵتەک هەڵتەک لە هەرچی گوێنی و سندووقی دووکان و دەستفرۆشەکانە دەڕوانێ و، پرسیاری نرخ دەکا و پاش کەمێک بیرکردنەوە دیسان بەڕێدەکەوێتەوە. نیشتمان وەک من ساخ نابێتەوە.

بەڵام داخۆ بیکڕم یان نەیکڕم؟ نرخەکان زۆر فەرقیان نیە. هەتا رزیوتر، ناوەڕۆک بۆشتر و بۆگەناویتر بن ئەوا هەرزانترن، بەڵام نەک ئەوەندە هەرزان کە من زۆر ئازایانە بەو ئەنجامە بگەم کە بتوانم خۆم لە پرسیارە گرینگەکە دەربازبکەم و بوێرانە دەست بە گیرفانمدا بکەم و بڕیار بدەم بیکڕم. ئەو پرسیارەی وا زۆر لە شێوازی پرسیارە گرینگەکەی 'شکسپیر'ی ئینگلیزی زمان دەکا 'بوون یان نەبوون'. 'بیکڕم' لە جیاتی 'بوون'، 'نەیکڕم' لە جیاتی 'نەبوون'. لام سەیرە. رستە کورتەکان چەند ئاسان دەتوانن ببن بە یەکتر.

دوێشەو لە کاتی گوێگرتن لە هەواڵەکان بوو ژنەکەم رووی تێکردم و، وتی پیاوەکە سبەی کەمێک پەتاتە و تەماتە و گەر دەکرێ پیوازیش بهێنەوە. من کە تەواو هۆش و گۆشم لەسەر هەواڵەکانی تەلەفزیۆنەکە بوو، جوان رستەکانم وەرنەگرت. تەنیا پاش چەند خولەکێک بوو کە رستەکان دیسان لە ناو گوێمدا دەنگیان دایەوە و ئەوسا لێیان تێگەیشتم. بۆیە هەر لە دووای ئەو چەند خولەکە بوو وەڵامی ژنەکەمم پێدرایەوە و، بە دەنگێکی نەوی وتم باش،... باشە!

هەواڵخوێنەکە بە دوورودرێژی باس لە دابەزینی دۆلار دەکا. هەر لەسەر ئەم هەواڵە، هەم راپۆرتێک پێشکەش دەکرێ و هەم پاشان لەگەڵ کەسێکیش وتووێژ دەکا. من بزەیەک دەگەرێتە سەر لێوم. دەستدەکەم بە گیرفانمدا و لێکی دەدەمەوە ئەم ئەسکەناسانە سبەی لە گیرفانمدا قورسترێکن. نا،... هەر لە ئیستاوە قورسترێکن. دەمەوێ پاڵبدەمەوە و بە کچەکەم بڵێم لێوانێک ئاوم بۆ بێنێ کە هەواڵخوێنەکە لە هەواڵێکی تردا باس لە هاتنی کەشتییەکی شەڕکەری گەورەی ئامریکایی بۆ دووڕگەی فارس دەکا. کەشتییەک بە دەیان فڕۆکە و کەرەسەی سەربازیی پێشکەوتووی ترەوە. هەواڵەکە کورتە و ئیتر نە راپۆرتی لەسەر پێشکەش دەکرێ و نە وتووێژێکیش. من راست دەبمەوە. هەڵبەت نەک لەسەر پێ،... نا،... بە دانیشتنەوە و،... لەسەر... سمتم.

چاوم لە هەندێ تەماتە و پەتاتەی رزیو و بە کەڵکنەهاتووە کە لێرە و لەوێ، لە گۆشە و کەنارەکاندا کەوتوون. فڕێیان داون. مێشەکان بە دەوریاندا ویزەیان دێ. لە ناو ئەو قەرەباڵغییەدا بۆنەکانیان دەگەنە لووتم. بەخیلیم بە مێشەکاندا دێتەوە. پێم سەیرە لەم دونیایەدا هێشتا شتی بەلاش هەر ماوە و هەر دەستدەکەوێ.

قاچەکانم دێشن. گەڕانەکە قورس قورس وەک کەللایەکی گەورەی قوروقوشم لە پووز و پاژنەمدا لەنگەری خستووە. بڕیاردەدەم بچم و لە گۆشەیەکی کەمێک بێ قڕە و بێدەنگدا هەڵتروشکێم و گەر خوا خڕەبەردێکیشی دا ئەوا لەسەری دابنیشـم و بحەسێمەوە. بە سەرسوڕمانەوە دەبینم خوا دوو بلۆکی داوە. لەسەر یەکیان دادەنیشم و بەدەم راکێشانی لاقەکانمەوە هەست بە خۆشیی دەرچوونی ئازار دەکەم تێیاندا. کتوپڕ سیبەرێک لاتەنیشتم دەگرێتە خۆ. لادەکەمەوە. دەبینم نیشتمانە. ئەویش لەسەر بلۆکەکەی تەنیشم دادەنیشێ. ماندوو و وەڕەز دیارە. گوێم لە هەناسەی قورسیەتی. تووتن و پەڕەیەک دەپێچێتەوە، بە دەمنەکەیەوە دەکا و بە چەرخێکی کۆنی نەوتی دایدەگیرسێنێ. دووکەڵ لە جیاتی ئەوەی روو لە حەوا بڕوات، رۆچێ و لە ژێر داشقەکانەوە بەرەو قوژبنەکان خۆ لە تەماتە و پەتاتە رزیوەکان دەئاڵێنێ. من کە جگەرەکێش نیم، بە بۆنەکەی وەڕەز دەبم، بەڵام هیچ ناڵێم. رەنگە جوانترین دیمەن دیمەنی جگەرەکێشانی نیشتمان بێت لە کۆڵانێکدا کە تەنیا من تێیدا دەیناسمەوە.

دەڵێ رات چییە بیکڕین یان نەیکڕین؟

ـ "نازانم، تۆ دەڵێی چی؟"

ـ "گەر بە حسێبی دابەزینی دۆلار بێت ئەوا نەیکڕین چاکە و هێشتا راوەستین باشترە، گەر بە حسێبی هاتنی کەشتییە شەڕکەرەکەیش بێت ئەوا بیکڕین چاکە."

ـ "ئیستا کامیان؟"

ـ "گەر دۆلار ئاوا دابەزێ ئەوا سبەی لەمڕۆ هەرزانترە و گەر کەشتییەکەیش بمێنێتەوەو لەنگەربخا ئەوا ئەمڕۆ لە سبەی هەرزانترە."

ـ "ئیستا کامیان؟"

ـ "... "

ـ "من کە ژن و منداڵم هەیە و ئیتر ناتوانم لەمە زیاتر راوەستم، جگە لەمە قاچەکانم دێشن و چیتر تاقەتی ئەم  ئەمسەراوسەرکردنانەم نەماوە. کاکە، سکی برسیم پێ راناگیرێ."

ـ "نان،... نانی وشکیش تا سبەی دەستناکەوێ؟... گەر هەتبێ دەتوانی راوەستی!"

هەست بە لەرزینی دەنگ و وشەکانی دەکەم.

شتێک لە دەروونمدا دادەڕمێ. وەک شاخێکی بەسامی بەردین بەرەو داوێنێکی وشک. دەیدەمە پڕمەی گریان. بۆ ئەوەی دەنگم نەڕوا، خۆم دەگووشم و چەناگەم بە ناو سینگمدا رۆدەکەم. تەواوی جەستەم دەبێ بە بەرد. رەق رەق. بێگومان رەگی ملیشم دەبێ وەک بەنەخوێنیان لێهاتبێ. ژیان لەبەر چاوما دەبێ بە گەمەیەکی بەتاڵ. کتوپڕ دوو دەستفرۆش لێیان دەبێ بە بەزم و، دەنگی من ئەوەندەی تر دەمرێ. خۆشحاڵ بم یان نەبم؟ زەمەن لام بێ مانا دەبێ. بۆنی دووکەڵەجگەرە خەستتر لێمدەئاڵێ. بە بێ ئەوەی رووی تێوەرگێڕم، بە دەنگێکی نووساو دەڵێم:

ـ "تۆ چ نیشتمانێکی،... ها،... تۆ چ نیشتمانێکی!؟"

ـ "... "

ـ "ساڵانی ساڵە لەم وشەیە بێزارم،... تێدەگەی؟... ساڵانی ساڵە لێت بێزارم."

چەند تەماتە و پەتاتەی رزیو لەبەردەمماندا دەکەون. چاویان تێدەبڕم. وێنەکان لێڵن. بەڵام ناسینەوەیان ئاسانە. ئەوەی وا فڕێیانی داوە، دەستی کورتی هێناوە و نەیتوانیووە بیانگەیەنێتە قوژبنەکەی پشتی من و نیشتمانەوە. رێک بۆ لای رزیوەکانی تر. پاپۆڕە شەڕکەرەکەی دوورگەی فارس خەریکی خاوێن کردنەوەی فڕۆکەکانیەتی. هەواڵنێرەکە چاوی بە پێچەوانەی هەواڵی خۆشی دابەزینی دۆلار، گەلێک غەمگینترە. شەستەکان لەبەردەممدا دەکەونەوە سەما و هەڵپەڕکێیەکی رەش و شێتانە. ئیستایە زۆر بە جوانی لەوە تێدەگەم کە رابردوو قەت لەکۆڵ مرۆڤ ناکەوێتەوە.

نازانم لە سات چەندە تێدەپەرێ، بەڵام حەزم بە جووڵان نیە. ئەوسا بە لاچاو ئاگام لە دەستی نیشتمانە کە دادەنەوێت و یەکەیەکە تەماتە و پەتاتەکان هەڵدەگرێتەوە، بۆ یەکەم جار نیگام دەچەقێتە سەر دەستی چڵکن و هەڵپێچراوی بە پەڕۆیەکی شڕی کۆن. پەڕۆیەک کە لەمێژە رەنگەکەی مردووە. ئەوسا سێبەرەکەی کە بەرزدەبێتەوە و، دیسان لاتەنیشتم دەگرێتەوەخۆ. گوێم لە دەنگی نەرم و قورسی هەنگاوەکانیەتی. هەنگاوە دوور لە پەلە هەمیشەییەکانی. نیشتمان دەڕوا.

شەرمێکی قورس دامدەگرێ. بەپەلە فرمێسکەکانم بە پشتە دەستم دەسڕم و لە هەوڵی سافکردنەوەی گەروومدا رادەبم و دەستدەکەم بە گیرفانمدا و هاواری لێدەکەم:

ـ "راوەستە،... تکایە راوەستە،... ئەوەی هەمە بەشیدەکەین،... تکایە، تکایە... بەشیدەکەین... "

بەڵام نیشتمان لەناو ئاپۆرای خەڵکەکەدا ون دەبێ و وەک هەمیشە شان و ملی دەبینم هەڵتەک هەڵتەک لە ناو خەڵکی نوقمی هاواری تەماتە و پەتاتە و پیاز و... دەبێ بە هەڵم.

بە راستە کۆڵانەکەدا سەردەکەومەوە. لە یەکەم نا، بەڵام لە دووهەم دەستفرۆشدا رادەوەستم و دەستدەکەم بە گیرفانمدا و دەیانکڕم.

رەنگە دەرفەتێکی ئەوتۆیش تا سبەی و تا رۆژەکانی دوواتری نەبێ. ژیان خەریکە تەواو دەبێ بە 'ئیستا'،... تەنیا 'ئیستا'!

Bilderesultat for market art