ما 10514 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

تاهیر مەهابادی

مەگەر نازانی
پێغەمبەر لە پێغەمبەرایەتی دەکەوێ 
کاتێک
شمشیر سەردار و
خوێن لەکالان گرژ و
پەیامیش ترسی داسەپاوی بێ

 

تووڕەنامە بە پەیڤی تاقەدار

 تاهیر مەهابادی

 

ئێستاکانە
دەروونم وەک جەستەم خەڵووزە
لەتۆرەمەی رەش و برشاوی بوونەوە
مەودا ئەستەمە
بۆ کەروێشکەی تریفەو پێکەنین
سەختە بەرد بسووڕێتەوە
بۆ هەستی ناسکی
بۆیە ئاخاڤتنم 
شەڕابی نابێ و بۆنی ماچ و پێکەنین نادا
بۆیە پەشێوترم
لە پەشێوی ماموستام و
ئاڵۆزترم لەو چرایەی کە خۆی لە فووی ناحەق گرژ دەکا
تووڕەترم لەو زەریایەی 
تووفان خەونی شەپۆلەکانی بزر دەکات

خودایەکەم
بەچیت داڕشتووم
لەو چوارچێوە لە رەسمە دەرچووی ئینسانەدا
بۆچی وەک کەڕەفوو 
بەڵا لەهەر لایەک بێ وەپێشی دەکەوم
تۆ ئەلف وبێی شەل و پەلی ئارەزووم ناخوێنێوەو
لەزمانی کەرت و پەرتی هەستم ناگەی
ئەخر چۆن ناوی دەنێی ژیان 
کاتێک
بڕبڕەی پشت شانازی پێت نەمابێ و
ببێتە ئاڵووداری پردی دزەکان
دەست شانازی پێت نەمابێ و
ببێتە باڵی باڵندەی لێک ترازان
خودایەکەم
بەرگەی عبدایەتیت ناگرم نا
چیتر دەستم تەورو ملم دار بێ
بەرگەی گێژەڵووکایەتیت ناگرم نا
دەستێکم ئاگرو سەرێکم ئاو بێ
بەرگەی ئاسمانەتیت ناگرم نا
لەشاڵاوی ئەو ئەستێرە کوژانە
بەرگەی باوکایەتیت ناگرم نا
لە سێڵاوی ئەو هەموو زک سووتانە
بەرگەی تاقانەییت ناگرم نا
چیتر زریان چاوساغی چەقەسرۆ
سەحراش سەرکاروان بێ
ئەخر دیسان 
کەروێشکەی ئاگرەو 
تەمۆرکەدان و باڵاڕێزان و
قرچەقرچی جەرگ برژانە
دیسان شاڵاوی شەلی و پەلی و
ڕووڕنینی دایک و باوکانە
دیسان سۆبەی دڵان نێڵ درا
سوور سوور سوورە
لاسامە و سکڵ بارانە
خودایەکەم ئەرکمان هەر نەگۆڕا
تا قیامەت هەرەوەزی سەنیرخوسانە؟

مەگەر نازانی
پێغەمبەر لە پێغەمبەرایەتی دەکەوێ 
کاتێک
شمشیر سەردار و
خوێن لەکالان گرژ و
پەیامیش ترسی داسەپاوی بێ
هەتاو لە هەتاوێتی دەکەوێ
کاتێک
تیشک لێی راسابێ
مانگ لە مانگایەتی دەکەوێ
کاتێک تریفە لێی یاغی بێ
ئاسمان لە ئاسمانەتی دەکەوێ
کاتێک کاروانکوژە ئەستێرە بێ
رێبەر لە رێبەرایەتی دەکەوێ
کاتێک کورسی وەرەز و
قاچەکانی شەکەت و لەقورسایی جاڕز بێ
ئەخر
شاعیریش لە شاعیرایەتی دەکەوێ
کاتێک ژن و ماچ و شەڕاب
باڵی پێکەنین و چەتری هەڵفڕینی بێ

 

گەڕان بۆ بابەت