ئا. هاوڕێ جەمال

لە رۆمانی کەچە کۆماردا دەتوانین زیاد لەمانەیەک ببەخشینە شۆڕش و لە بۆتەو جوغزە سیاسیە مێنتاڵیەکەی دەریبھێنین و لەچەندین ئاستی جۆراو جۆرو جیاواز شیکردنەوەی بۆبکەین، ھەروەک لەخوارەوە چەند ئاستێکی شۆڕش بەپێی گێڕانەوەی رۆمانەکە دیاریدەکەین.

چەمکی شۆڕش لە رۆمانی کەچە کۆماردا

ئا: هاوڕێ جەمال

 کەچە کۆمار رۆمانێکی عەرەبیەو لەلایەن عەلا ئەسوانی نووسەری میسرییەوە نووسراوەو ھەڵکەوت عەبدوڵڵا وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

رۆمانەکە باس لە رووداوو بەسەرھاتەکانی شۆڕش و خۆپیشاندانەکانی میسر دەکات، لە دژی رژێمەکەی حوسنی موبارەک.

  شۆڕش وەک جوڵانەوەو خرۆشانێکی دەستەجەمعی بۆ گۆڕینی واقع و سیستمێکی سیاسی دیاریکراو  لە قاموسی سیاسی وا پێناسەکراوە کەبریتیە لە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی کە توێژێک یان کۆمەڵێک پێی ھەڵئەستن لەپێناو گۆڕانکاری کە ئامانج لە گۆڕانکارییەکە گواستنەوەی دەسەڵاتە لە چینی حوکمڕان بۆ چینی شۆڕشگێڕان.

بەڵام لە رۆمانی کەچە کۆماردا دەتوانین زیاد لەمانەیەک ببەخشینە شۆڕش و لە بۆتەو جوغزە سیاسیە مێنتاڵیەکەی دەریبھێنین و لەچەندین ئاستی جۆراو جۆرو جیاواز شیکردنەوەی بۆبکەین، ھەروەک لەخوارەوە چەند ئاستێکی شۆڕش بەپێی گێڕانەوەی رۆمانەکە دیاریدەکەین:

١-شۆڕش و وەھم

 وەھمی ئازادی، وەھمی دادپەروەری، وەھمی یەکسانی و بەستنەوەی ئەم وەھمانە بەسەرکەوتنی شۆڕشەوە، وا لە مرۆڤەکان دەکا شۆڕش بکەنە پەناگەیەک بۆ تەرجەمە کردنی خەونەکانی بۆ واقعێکی ئەبستراکت کە بتوانێ لەمسیان بکا، ئەوەتا مازنی ئەندازیاری کارگەی چیمەنتۆی «بیللینی» لەو کاتەی موبارەک دەستی لە پۆستی سەرکۆماری دەکێشێتەوە، لەناو ھوتافی (ژیان...ئازادی...دادپەروەری کۆمەڵایەتی) کرێکارانی کارگەدا، لەنامەیەکدا بۆ ئەسمای خۆشەویستی دەنووسێ: ئێمە سەردەکەوین ئەسما، شۆڕش یەک لەدوای یەک سەرکەوتن بەدەست دەھێنێ.ل٣٧٣

کاتێکیش سوپا جڵەوی دەسەڵات دەگرێتە دەست و کودەتا بەسەر شۆڕشدا دەکا لەنامەیەکی تردا بۆ خۆشەویستەکەی دەنووسێ: سەرباری ھەموو ئەوەی بەسەرمان ھاتووە لە کوشتن، ئەشکەنجەدان، پێشێلکارییەکان و ھەڵمەتەکانی ناوزڕاندن، شۆڕشەکە سەردەکەوێت و ناتوانن تێکمان بشکێنن.ئەسما شۆڕش بەردەوامەو سەردەکەوێت نەکا بۆ ساتەوەختێکیش گومان بەسەرکەوتنمان بکەیت.ل٦٠١ و ٦٠٢

٢-شۆڕش وەک ئاکشنی لەتکردن

لەتکردنی شتەکان بۆ پێش و پاش شۆڕش بە ئاشکرا لە دێڕەکانی ئەم رۆمانەدا خۆیان پیشانداوە، رەنگە تاکە شتێک کە نەیتوانی شۆڕش لەتی بکا خودی ئەو سیستەمەبوو کە شۆڕشی لەدژ ئەنجامدرا، ئەگەر نا شۆڕش زەمەنی لەتکرد بۆ زەمەنی موبارەک و زەمەنی پاش موبارەک ، ھەر شۆڕش بوو کە (دانیە) کچی لیوا ئەحمەد عەلوانی دەزگای سیخوری میسری لەتکرد بە دانیەی پێش و دوای شۆڕش،  ھەر شۆڕش بوو کەماڵ و خانەوادەکانیشی لەت کرد.

 گفتوو گۆی ئەشرەف ویسای قیبتی کە نھۆمی زەمینی شوقەکەی کردبوو بە شوێنی کۆبوونەوەی گەنجە خوێنگەرمەکانی شۆڕش لەگەڵ ماجدەی خێزانی کە یەکێک بوو لە نەیارەکانی شۆڕش و ماڵەوەی جێھێشتبوو، لەت بوونی ماڵ و خێزانەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە، گفتووگۆکە بەم شێوەیەیە:

-واتە ناتەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە.

-ھەرکاتێک ویستت بگەڕێیتەوە بەخێربێیتەوە.

-ناتوانم بگەڕێمەوە تا ئەو کاتەی ماڵەکە وەک جارانی لێ دێتەوە.

-ھەرگیز وەک جارانی لێ نایەتەوە.

-بۆچی؟

-چونکە شۆڕش ھەموو شتێکی گۆڕیوە.ل٣٩٩

٣-شۆڕش و کۆکردنەوەی جیاوازییەکان

مرۆڤەکان لەباری ئاسایی ژیاندا بەردەوام ھەوڵدەدەن خۆیان بەجیاوازیەکانیانەوە بناسێنن و پێداگری لەسەر ھەبووەکانیان بکەن ، ھەژار بە ھەژاری خۆی و دەوڵەمەند بە دەوڵەمەندی خۆی و مەسیحی و موسوڵمان و جو، ئیماندارو بێ ئیمان، باڵا پۆش و سفور ھەریەکیان بە ھەبووەکانی خۆیانەوە، بەڵام شۆڕش دێت ئەم دژانە لەژێر چەتری خۆیدا کۆدەکاتەوە، دیمەنی گۆڕەپانی ئازادی و وەسفی نووسەر لە کەچە کۆماردا بۆ ئەو گۆڕەپانە تابلۆیەکمان بۆ دەنەخشێنێ کە تێکەڵەیەکە لە و جیاوازیانەی ناومان ھێنان «خۆپیشاندەران سەر بەھەموو چینەکان بوون. ئەریستۆکراتەکانی سەر بەیانەی جەزیرە و زەمالک و گاردن ستی، خەڵکی میللی قاھیرەو گوندی و سەعیدی و ژنانی سفورو رووپۆش و رایەڵەکانی گەنجان لە ئەلتراس و ھاندەرانی تۆپی پێ.......لەکاتێکدا ھەزاران موسوڵمان و قیبتی کۆبووبوونەوەو خاچ و قورئانیان کۆکردبووەوە، شێخەکە وتاری ھەینی پێشکەش کرد، ئینجا قەشەکە وتەکەی خۆی پێشکەش کرد. نوێژکراو دواتر کۆنوێژی گاورەکان کرا....»ل٢٨٩ و ٢٩١.

واتە ئەوەی بیریارو فەیلەسوف و تەنانەت بانگخوازوو موبەشیرە کراوەو تۆلەرانسەکان نەیانتوانی خەڵک لەژێر سێبەری چەمکە ھیومانیستەکانیاندا کۆبکەنەوە، شۆڕش بەو توندو تیژیەشەوە کە لێی کەوتەوە ئەنجامیدا!.

٤-شۆڕش و تێکشکانی خەونەکان

چۆن ژیان لەلای مرۆڤەکان بە بوونی خەونەوە جواندەبێ، بەھەمان شێوەش تێکشکانی ئەو خەونانە مرۆڤ دەکاتە گیانلەرێکی بێ رۆح و بێ ھەست.چرکەساتی دەستپێکردنی شۆڕش نەک ھەر تەقینەوەی خولیاو ئارەزووەکانە بۆ وەدیھێنانی خەونەکان بگرە دەستپێکیشە بۆ لەدایک بوونی چەندین خەونی تر. ھەر لەبەر ئەو ھۆکارەیە لای زۆرێک، سەرنەکەوتنی شۆڕش بەیەکجار دوێنێ و ئەمڕۆی مرۆڤەکان پێکەوە رادەماڵێ.

 ئەوەتا لەسەرەتای شۆڕشدا ئەسما لەوەڵامی ئەشرەف ویسادا سەبارەت بە ئامانجەکانی شۆڕش دەڵێ: ئامانجەکە ئەوەیە وا لە موبارەک بکەین دەست لەکار بکێشێتەوەو سەرۆکێکی نوێ ھەڵبژێرین و دەوڵەتێکی دیموکرات بنیات بنێین. ل٢٢٣ و ٢٢٤.

 کاتێکیش شۆڕش بەسەر ھەڵگیسێنەرانیدا لەلایەن سوپاوە قڵپکرایەوەو خەونەکانیان لەباربران، ئەسما بۆ مازنی خۆشەویستی دەنووسێ:

من بەراستی ھیچ نیم، تۆش ھیچ نیت.... دەزانم ھێشتا باوەڕت بە میللەتە، بەڵام چیتر باوەڕم پێی نییە.ل٦١١

لەمەبەدوا قوربانی نادەم بۆ بەرگریکردن لەو خەڵکە، لەبەر ھۆکارێکی سادە: چونکە شایستەی قوربانیدان نین... شۆڕشە مەزنەکەمان بازدانێک بوو، گوڵێکی جوانی تەنیا و نامۆ بوو لەناو گۆمدا سەری دەرھێنا.ل٦١٤

تێبینی دەکەین شۆڕش لەلای ئەسما بە خەونی لادانی سەرۆک و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکرات دەستی پێکرد و بەشکست کۆتایی ھات، بەڵام لەلای مازنی خۆشەویستی ھەروەک چۆن بە وەھمی سەرکەوتن دەستی پێکرد بەھەمان شێوەش بە وەھمی سەرکەوتن کۆتایی دێ، ھەروەک لە خاڵی (١)ی سەرەوەدا ئاماژەمان پێکردووە.

سەرچاوە: ئاوێنە

دسته: هەواڵی هونەری