ما 5612 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە نیوان قسەکانی من و دایکمدا زوو زوو کامێراکە دەگەڕایەوە سەر ئەو پیاوەی وا وتووێژەکەی دەکرد و ئەویش هەوڵیدەدا بە باسکردنی دۆخی خراپی ئێمە و ناردنی پەیام بۆ خەڵکی و داوای یارمەتی لێیان، پێیان بڵێ کە نیشتمان چەندە دەتوانێ بە بەزەیی بێت ئەگەر لەبیرمان نەچێ دەرگاکان بکوتین! یەکیان وتی "رەنگەکان ئەو ساڵانە بەجێمان!"

 

رەنگەکان ئەو ساڵانە بەجێمان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کەسێک لە دەرگا دەدات. توند توند. گەڕەک ئاڵۆزکاوە. دەرگا ئاسنینە کۆن و ژەنگاوییەکە، سەرتاپای لە ژێر کوتانە بێ رەحمەکاندا دەلەرزێ. دەڵێم دایە،... دایە گیان تکایە بیکەوە! بەڵام دایکم ناجوڵێ. بە دەنگی نیوەنووساو و لاوازیەوە دەڵێ لێی گەڕێ، هەر کەسێ بێ ماندوو دەبێ، ملی رێگای دەگرێتەوە و،... دەڕوا.

من کە قاچەکانم لە گەڵم نایەن و ساڵانی ساڵە لەم قوژبنە خزاوم و بۆنی ژوورەکانم گرتووە، ملدەدەم و وازدێنم. رەنگە دایکە بەساڵاچووە پشت کووڕەکەم کە چاوەکانی بەزەحمەت ئەودیوی پەنجەرەکان دەبینن، راست بکا. ساڵانی ساڵە کەس لە دەرگاکەی ئێمەی نەداوە. تەقولبابەکە، خۆی خۆی لەبیرچووەتەوە. دڵنیام بە درگاگەوە بە هۆی ژەنگەوە لکاوە، وەها گەر کەسێک بیەوێت بە رێکەوت لێی بدات، دەبێ ماوەیەک هەوڵی جیاکردنەوەی بدات. ئەوەی ئەمڕۆیش لە دەرگاکەی دا، بێگومان ئەم کارەی کردووە.

بەڵام دەرگاژەنەکە وازناهێنێ. دەیکوتێ و دەیکوتێ. دەڵێم دایە حەیامان دەچێ، خەڵکی گەڕەک دێنە سەرمان، تکایە بیکەوە! دایکم بە چاوە نیوەکوێرەکانی لە شوێنە نیوەتاریکەکەی من دەڕوانێ و دەڵێ پەککوو کە ترسنۆکیت!... پەککوو! ئەوسا دەبزوێ و کووڕەکووڕ ملی رێگای حەوشێ دەگرێتەبەر.

حەوشەکە گەورەیە و تا دەرگای دەرەوە مەودایەکی باشە. بەڵام من دڵنیام دایکم وەک هەمیشە دەیگاتێ. ئەو، رێگاکەی لەبەرە. خۆڵەکەی بەردەمی، هەنگاو بە هەنگاو پێی دەڵێ هەڵەناکا و رێگای راستی گرتووەتەبەر. کەس وەک دایکم خۆڵی سەر رێگای خۆی ناناسێتەوە.

بیردەکەمەوە بڵێی کێ بێت،... کێیە لەم نیوەڕۆ گەرم و تاقەتپڕوکێنەی هاویندا بیری ئێمە کەوتووەتەوە؟... خێرخوازێک! نا، خێرخواز نیە. خێرخوازەکان لە دەرگا نادەن. ئەوە دایکمە هەفتەی چەند جارێک دەردەکەوێ و لۆژەلۆژ بە تەلیسێکەوە و بە گیرفانە بۆن مێخەکەکەی سوخمە کۆنەکەیەوە خێر و خێراتەکان کۆدەکاتەوە و، دەیانهێنێتەوە.

خێرەکان بۆنی مێخەک و هەنگاوە پیرەکانی دایکم دەدەن.

گوێ هەڵدەخەم بەڵکو گوێم لە شتێک بێت. لە قسەیەک، گفتوگۆیەک،... بەلام هیچ نابیستم. دەنگی جریوەجریوی چۆلەکەکان نەبێ کە بە بن گوێسوانە و لقی چڕی درەختەکانەوەن، هیچی تر نایەتە گوێم. ئەوسا دەنگی پشیلەیەک و هۆڕنی ماشینێکی دوور. سەیرە، ئەمڕۆ دەنگ بۆ وا کزی کردووە! ترسێکی سەیر دەروونم دادەگرێ. "دایە لە کوێی؟... دایە گیان!"

خۆم دەخەم بە سەر سینگدا و هەتا هێزم تیایە بە هێزی قۆلەکان و کشانی بان جەستەم بەرەو دەرگاکە دەخزێم. جەستەم دەجوڵێ. وەک مار، نا، وەک کرم پێچ و لوول دەخۆم و رێگا دەبڕم. لە مێژە بۆنی خۆڵم نەکردووە. من کە ساڵانی ساڵە ئەم کارە دەکەم دڵنیا لە گەیشتنم، دیسان دەخزێم.

کە دەگەمە تەلەفزیۆنە رەش و سپییە کۆنە رەنگ داهێزراوەکە، ماندوودەبم. وەک نینۆکە شەیتانی سەر جادەی دووای باران، بێ جووڵە رادەوەستم. سەیرێکی تەلەفزیۆنەکە دەکەم. لەمێژە کارناکا. سەرەتا وێنەکان چوارچێوەی سەفحەکەیان پڕنەکردەوە، دوواتر خوار و خێچ بوون و پاشان یەکسەر ون. دایکم وتی ئۆخەی، ئیتر شەیتان ئەوەندە رووناکاتە ماڵەکەمان! خۆ خێربڕاوی کردین!

ترسی خراببوونی تەلەفزیۆنەکە بیری رادیۆکەم دەخاتەوە. بەزەحمەت لادەکەمەوە و لە شوێنەکەم دەڕوانمەوە. رادیۆکەم بە خۆشییەوە لەوێیە. رادیۆ رەش وخۆڵەمێشییە رەنگ سوواوەکەم. دڵنیام گەر دەستی بدەمێ و دوگمەکەی بگێڕم دەکەوێتەوە قسە. قسە و گۆرانی. بزەیەکم دێتێ. لە لای من ژیان، بە پێچەوانەی قوژبنی دانیشتنەکەم، ئەوەندەیش پڕ لە سێبەر نیە.

دەکەومەوە سەر سینگ. لە حەوشەوە دەنگی دایکم نایەت. من کە ئاشنام بە دەنگی هەنگاوەکانی لەسەر خۆڵ و چێوەکان، لەبەر خۆمەوە دەناڵێنم. "ئاخ دایکە گیان!"، وە خانووەکەم لێدەبێ بە ئیژدیهایەک لە چەشنی چیرۆکەکانی سەردەمی منداڵی. هەموو شتێ لە پشت سەری جەستەی کرم ئاسای منەوە کتوپڕ چەند ترسناک دەبێ.

من ساڵانی ساڵە ئاودیوی ئەو دەرگایە نەبووم. نازانم شەقام و کۆڵان چۆنن. نازانم لە دووای ساڵانی ساڵ خەڵکی چۆن دەژین. من لێرەوە تەنیا گوێم لە دەنگەکانە. ئەو دەنگانەی زۆر شت ناڵێن. ئەو دەنگانەی وەک دەنگ وەک ساڵانی ساڵن و، تەنیا شتێک لەیەکتر جیایان دەکاتەوە، جۆریان و قەرەباڵغییانە. من ساڵەکان بە دەنگ لەیەکتر جیادەکەمەوە. سەرەتا دەنگی دەستفرۆشەکان (وردەواڵەفرۆش، شەربەتفرۆش و پارچەفرۆش) و، دەنگی قیڕەی منداڵ و کوتانی ئاسنی ئاسنگەرەکان و جاروبارە ماشینەکان. ساڵەکانی دوواتر دەنگی قەرەباڵغیی، دروشمدان و تەقە. ئیستایش دەنگی بێکۆتایی ئۆتۆمبیلەکان و قەرەباڵغییەکی لێکتەنراو کە هەمیشە لە هەوادا دێت و دەڕوا. قەرەباڵغییەک کە دەڵێی هەم هەیە و هەم نیە.

ـ "دایە گیان چیت لێهات؟"

جارێکیان لێم پرسی. وتم دایە ئەو ساڵە بۆ دونیا بوو بە دروشمدان و تەقە؟ دایکم سەیرێکی کردم و وتی مەگەر دنیا دەوران دەوران نیە!

ساڵی تەقەکان، دژوارترین ساڵی ژیانی ئێمە بوو. دایکم کە دەڕۆیشت هەمیشە بە زەحمەت نیوەتەلیسێکی دەهێنایەوە و بە زەحمەت گیرفانە مێخەکییەکانی قورسدەبوون. ئەو ساڵانە، وەک بڵێی خەڵکی یەکجار سەریان قاڵبوو. جارێکیان دایکم وتی هی ئەوەیە هەموویان لە شەقامن تا لە ماڵەوە. وە من ئەو ساڵانە زیاتر لەهەر کاتێکی تر گوێم لە رادیۆکەم دەگرت. ئەو رادیۆیەیش وا منیش زۆر نەمدەناسییەوە.

گەیشتمە بەر دەرگای ژوورەوە. دایکم پێوەیدابوو و دەبا بۆ کردنەوەی رابم. رابوونێکی زەحمەت. تا توانیم بە دەرگاکەدا هەڵزنام. کە دەستم گەیشتە دەستگیرەکەی، گوێم لە قەرەباڵغیی ناو حەوشەکە بوو. دەمتوانی دەنگی دایکم بناسمەوە. بەرەو ئێرە دەهاتن، بەرەو ژوورەوە. بەڵام ئەوانی تر کێ بوون؟

کشامەوە خوارەوە و خۆم تلدا و، لە لاتەنیشتی دەرگاکە چاوەڕوان مامەوە.

ئەم ساڵە قەرەباڵغانەی ئاخر، دایکم بەو پیرەییەی زمانی ناسڵامەت دەرچووبوو و هەمیشە دۆعای خراپی دەکرد. من کە پێوەندێکم لە نێوان دەنگەکانی دەرەوە و تووڕەیی دایکمدا دەبینی تا دەمتوانی هەوڵمدەدا لە رادیۆکەوە گۆرانی بڵاوبێتەوە. ئەم ساڵانە وەها ئێزگەکانیش زیادیان کردبوو کە پێیان رانەدەگەیشتی. بەڵام بەهەرحاڵ هەمیشە گۆرانی دەستدەکەوت.

دەرگاکە کەوتە سەرپشت. یەک دووانێک بە شتێکی سەیری سەرشانیان خۆیان بە ژوورەوەدا کرد. ئەوسا دایکم کە بە لۆژەلۆژ یەک دووانێکی تر بن باڵیان گرتبوو. ئەوانەی یەکەم هەر چاویان بە من کەوت، شتەکەی سەرشانیان وەرگێڕا و روویان لە من کرد. من زۆر خێرا تێگەیشتم کامێرایە و فیلمم لێ هەڵدەگرنەوە. ئەوسا داوایان لێکردم بە سینگەخشێ دیسان بگەڕێمەوە سەر جێگاکەم. من کە چاوێکم بەردەوام لەسەر دایکم بوو، بە سەرسووڕمانەوە لە دەورووبەری خۆم دەڕوانی. کامێرابەدەستەکە چەند جارێک رووی کامێراکەی لە من وەرگەڕان و چووە سەر جێگاکەم و ئەو رێگایەی وا پیایا هاتبووم. بە هاوڕێکەی وت "کارەساتە!... بەڵام ئەمە و رێگای خۆڵینی حەوشە پێکەوە دەمجێکی جوانن!" من کە پێم خۆش نەبوو لەبەرچاوی ئەم بێگانانەدا بخشێم، هەر چۆنێک بوو خۆم گەیاندە سەر جێگاکەم. هەستم بە هەندێ ئاسوودەیی کرد. دووانەکەی تر دایکمیان هێنا و لە تەنیشت من دایاننا. بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا لە دووای هەموو ئەو ساڵانە کتوپڕ دایکم پیر پیر بوو. پیرتر لە خۆی. ئەوەندە پیر کە دەم و چاوی لەناو چرچ و لۆچەکانی جارانیدا ونبوون و چاوە قووڵەکانی پڕبوون لە فرمێسک. هەستامە سەر سمتم، دانیشتم و دەستم برد بۆ کۆشی دایکم. بەڵام ئەو ئەوەندە لەناو خۆیدا بوو کە ئاگای لە من نەبوو. کامێرابەدەستەکە لەبەردەممان دانیشت و ئۆقرەی گرت. لەسەر چۆک. بە هاوڕێکەی گوت لە دووای وتووێژەکە فیلمێکی ناو ماڵەکەیش دەگرێ، وتی باشترین بەرنامە دەردەچێ و بێگومان بینەرێکی زۆری دەبێ! یەک لەوانەی وا بن باڵی دایکمی گرتبوو، هاتە پێشەوە و دووای سوپاس و پێزانین وتی کە خێرخوازێک ناونیشانی ئێمەی داوە و ئەوان بە ئامادەکردنی ئەم بەرنامەیە دەیانەوێ دۆخی خراپی هەژاران ولەبیرکراوانی نیشتمان پیشانی خەڵکی بدەنەوە بۆ ئەوەی ویژدانی مەسئولە نامەسئولەکان بورووژێنن، وتیان دەیانەێ بڵێن کە نیشتمان تەنیا هی چەند کەس و چەند چین و توێژێکی تایبەت نیە، وتیان خێرخوازی بە خۆشییەوە لەم وڵاتە هێشتا زۆرە و بێگومان ئەم بەرنامەیە دەتوانێ ژیانی ئێمە بۆ هەمیشە بگۆڕێ.

کە پرسیارەکانیان دەستپێکرد، دایکم بە چاوی پڕ لە فرمێسک و پشتی کووڕییەوە کەوتە وەڵامدانەوە. باسی من و قوژبنە تاریک و تەریکەکەی کردم، باسی کۆڵانەکان، باسی تەلیسەکەی سەرشانی، باسی بۆنی مێخەک کە لە تەواوی ئەم ساڵانەدا تەنیا بۆنێک بووە شادی پێ بەخشیوە، باسی دەرگا ژەنگاوییەکە کە کەس نایکوتێ و باسی ئەم خانووە کە هەتا دەهات دادەتەپی. ئەوسا روویان لە من کرد. من باسی رادیۆکەم کرد، باسی تەلەفزیۆنەکە کە چەند ساڵێک بوو لە خۆوە لەوێدا کەوتبوو، باسی لاقەکانم کە لێم تۆرابوون و منیان لە کۆڵان و لە شەقام کردبوو، باسی ئەو کاتانەم کرد کە کاتێک دایکم لە ماڵ دەردەچوو من چەندە دەترسام لە بوونم و لە خۆم و لەم خانووە. ئەوسا باسی ساڵە قەرەباڵغەکانی دووای ساڵی تەقەکانم کرد. ئەویکە دایکم بە نیوە تەلیسێکیشەوە ناگەڕێتەوە ماڵەوە.

لە نیوان قسەکانی من و دایکمدا زوو زوو کامێراکە دەگەڕایەوە سەر ئەو پیاوەی وا وتووێژەکەی دەکرد و ئەویش هەوڵیدەدا بە باسکردنی دۆخی خراپی ئێمە و ناردنی پەیام بۆ خەڵکی و داوای یارمەتی لێیان، پێیان بڵێ کە نیشتمان چەندە دەتوانێ بە بەزەیی بێت ئەگەر لەبیرمان نەچێ دەرگاکان بکوتین!

یەکیان وتی "رەنگەکان ئەو ساڵانە بەجێمان!"

پێش ئەوەی بڕۆن، فیلمێکی ژوورەکانیشیان گرت، بەتایبەت مەتبەخ بۆ ئەوەی نیشانی بدەن ئێمە چیمان هەیە. من کە بەردەوام هەستێکی ناخۆشم هەبوو، حەزمدەکرد زۆر زوو لێرە بڕۆن و قەت نەگەرێنەوە. قەرەباڵغیی دەرەوە رووی لە ناو ژوورەکانمان کردبوو. تیشکی بەهێزی گڵۆپەکانیان شتی شاراوەی لە قوژبنەکەی من نەهێشتەوە.

لە کۆتاییدا هەندێ کەل و پەلیان هێنایە ژوورەوەو وتیان ئەمانە خواردنن. ئەوسا پارەیەکیان دانا و وتیان بێگومان لە رۆژانی داهاتوودا یارمەتییەکانی خەڵکی خێرخوازیش دەگەیەننە ئێمە.

هەر بەو شێوە کتوپڕییەی هاتبوون، هەر بەو شێوەیەیش ونبوون. خانووەکە وەها ئارام هەڵگەڕایەوە کە من بۆ ماوەیەک هەستم دەکرد لە خەیاڵدا ئەم چەند ساتە ژیابووم. دایکم کە هێشتاکە ژیرنەببووەوەو بە دەم گریانەوە شمەکەکانی جێبەجێ دەکرد، کوڕتر لە هەمیشە وتی ئەمانە هەڵدەگرێ بۆ پاش مردنی. ئەوسا پارەکەیشی خنیە ژێر دۆشەکەکەی ژێرمەوە.

نیوەشەو خەبەرم بووەوە. گوێم لە پرخەی بە ئاستەمی دایکمە. دەستدەبەم بۆ ژێر دۆشەکەکەم. دەیانبینمەوە. ئەسکەناسە چرچ و لۆچەکان دەڵێم. نازانم پەنجەکانم هەست بە ئارامی دەکەن یان نا. هەموو شتێ لەو نیوەشەوە نووتەکەدا لەبەر چاوەکانمدا دەکاڵێتەوە. خەیاڵ ناگاتە زۆر شوێن.

بیر دەکەمەوە داخۆ بڵێی ئەسکەناسەکان بتوانن تەلیس بە کۆڵیاندا بدەن، ئاودیوی دەرگا ئاسنینە کۆن و ژەنگاوییەکە بن و کۆڵانەکانی شاری ساڵە قەرەباڵغەکان بەسەربکەنەوە؟

داخۆ بڵێێ!

Bilderesultat for ‫رنگها‬‎

گەڕان بۆ بابەت