فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەوان دێن بە یارمەتی رەگەزێک کە هەیە، دەیانەوێ رەگەزەکانی تر، یان بە تەواوی لاواز و دەستەمۆ بکەن یان لە ناوی بەرن. لێرەدا پرۆژەکە بریتیە لە دوو شت: یەکەم، دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەواو ئاینیی لە چەشنی دەورانی خەلافەت. دووهەم، کەڵک وەرگرتن لە ئایین بۆ مەبەستێکی سیاسی لە ناوچەکەدا کە هەمان کێشمەکێشی نێوان زلهێزەکانی ناوچەکەیە. 

 

 

وەڵامی پرسیارێکی خەمگین بۆڵی لە مەڕ سیاسەت و کلتور (بۆ جەریدەی رێگای کوردستان)

ـ بابەتی زۆر لە پێشەکی یاخود لە پرسیارەکەدا وروژێندراوە، بەڵام ئەوەی وا دەتوانێ تا رادەیەکی بەرچاو خاڵی هاوبەشی هەموویان بێت ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا باس باسی پەیوەندیی نێوان سیاسەت و کلتورە.

کلتور هەمیشە بابەتێکی ئاڵۆز و هەستیار بووە و بۆیە هەمیشە وەڵامدانەوەی یاخود راڤەکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار پێیەوە یەکجار دژوار بووە، بۆیە من حەز دەکەم لە وەڵامدانەوەدا تەنیا لە سەر یەک لایەن راوەستم کە ئەویش لایەنی ئەو هەڕەشەیەیە ئەمڕۆکە هەرێمی گرتووەتەوە.

بە رای من توخمەکانی کلتور هەر کامەیان دەتوانن ببنە بابەت بۆ هەڵوێستی سیاسی یان ئایدیۆلۆژیی، جا لە هەر جۆرێکی. وەک دەزانین زمان بۆ وێنە کۆڵەکەی سەرەکیی کلتورە، کە خۆی لە خۆیدا نۆیتڕاڵە (واتە بێ لایەن لانیکەم لە باری سیاسییەوە)، بەڵام دەبینین کەسێکی وەک فاشیستە ئاڵمانییەکان دەیکەن بە بابەت بۆ داڕشتنی ئایدیۆلۆژیای نازیسم، یاخود ناسیونالیستەکان دەیکەن بە بابەت بۆ ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی. لە هەمان کاتدا زمانی ئاڵمانی زمانی هابرماسە کە لە باری هەڵوێستی سیاسییەوە سەر بە بەرەی چەپە لە گشتی ترین پێناسەی خۆیدا. واتە دەمەوێ بڵێم کە کلتور دەتوانێ ببێ بە کەرەسەی خاوی چێکردنی بینای ئایدیۆلۆژی.

هەروەها ئەمە بەرەو ئەوەشمان دەبا کە کلتور تەنیا لە دەرەوە هەڕەشەی لێناکرێ (لەو تەعبیرەیدا کە لە پرسیارەکەدا هەیە)، بەڵکوو لە ناوخۆیشییەوە دەکرێ بە شێوازی جۆراوجۆر پەیوەندی لە گەڵدا بەرقەرار بکرێ. کە ئەم پەیوەندییانە هەندێکێان وەک فاشیسم دەتوانێ هەڕەشە بخاتە سەر کلتور.

دەزانین ئیسلام لە بنەڕەتدا ئایینی زاڵ لە ناوچە کوردنشینەکانی زەمانی کۆندا نەبووە، بەڵکوو ئەوە دوواتر بە هێرشی موسوڵمانەکان بۆ سەر ئەم ناوچانە خەڵکی کرانە یان بوونە موسوڵمان. بە تەعبیری ئەوڕۆیی ئەو کاتە، کلتوری کوردی، بۆ وێنە دینی زەردەشتی وەک یەکێک لە رەگەزەکانی ئەم کلتورە (دیارە ئەو کاتیش زەردەشتی بوون تەنیا لە ناو کوردەکان باو نەبووە)، دەکەوێتە بەر هەڕەشەی دەرەکی و لەناو دەچێ و ئیسلام جێی دەگرێتەوە، بەڵام کورد هەر دەمێنێ، چونکە ئایین رەگەزی سەرەکیی کوردبوون نیە. گەر ئەم نموونە مێژووییە لەبەرچاو بگرین، دەبینین هەڕەشەکە لەو سەردەمەدا بە تەواوی دەرەکی بووە. بەڵام هەندێ جار هەڕەشە دەتوانێ تەواو دەرەکی نەبێ، بۆ وێنە نموونەی ئیستا، کە ئیتر کاتێک داعش دێت و دەیەوێ دەست بە سەر کوردستاندا بگرێ، کەڵک لە یەکێک لە رەگەزە سەرەکییەکانی کلتوری کوردی کە ئیسلامە دەگرێ (ئیسلام بە پێچەوانەی سەردەمی کۆن ئیستا لە کۆمەڵگای کوردیدا دەرونی بووە)، لێرەدا ئەوان دێن بە یارمەتی رەگەزێک کە هەیە، دەیانەوێ رەگەزەکانی تر، یان بە تەواوی لاواز و دەستەمۆ بکەن یان لە ناوی بەرن. لێرەدا پرۆژەکە بریتیە لە دوو شت: یەکەم، دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەواو ئاینیی لە چەشنی دەورانی خەلافەت. دووهەم، کەڵک وەرگرتن لە ئایین بۆ مەبەستێکی سیاسی لە ناوچەکەدا کە هەمان کێشمەکێشی نێوان زلهێزەکانی ناوچەکەیە. (دیارە لە بیرمان نەچێ کە بۆچوونی داعشی دژی ئەو رەگەزە نوێیانەی کلتوری نەتەوەی عەرەبیشن کە لە دەورانی مودێرندا وەرگیراون) .

گەر بمەوێ مەبەستەکەم چڕتر بکەمەوە، دەبێ بڵێم ئەو هەڕەشەیەی لە ئارادایە بریتییە لە هەوڵدان بۆ زاڵکردنی یەک رەهەندی کلتوری بە سەر هەموو رەهەندەکانی تردا. کە لێرەدا هەمان ئیسلامە بە تەعبیری داعشیانە.

مێژوو و هەموو ئەو نموونانەی کە لە بەردەستدان بە جوانی نیشانی دەدەن بۆ ئەوەی رەهەندێکی لەم چەشنە بچێتە پێش، دەبێ کلتور بە توندی و بە چڕ و پڕی بە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسییەوە گرێ بدرێ، کارێک کە داعشییەکان خەریکن ئەنجامی دەدەن.

دیارە مەبەست ئەوە نیە بڵێین پەیوەندی دانی کلتور بە سیاسەتەوە قەدەغەیە. سیاسەت لێرە و لەوێ لە گەڵ کلتور تەماس دەگرێ و هەوڵ دەدا بیخاتەوە ناو پانتایی گەمەی خۆیەوە (بۆ وێنە سەیری پەیوەندی شیعر و سیاسەت بکە)، بەڵام بە رای من مەترسییەکە ئەو کاتەیە کە سیاسەتێکی دیاریکراو دەیەوێ کلتور (یان رەگەزێکی کلتور) تەنیا قۆرغی ئەو بێت و بەس، واتە بە مۆنۆپۆلکردنی، کە مۆنۆپۆلکردنیش بە مانای تاکڕەهەندی و بیری دیکتاتۆریانەیە. هەڕەشەی داعش لە راستیدا هەڕەشەی بیرێكی دیکتاتۆریانەیە کە لە توندترین و بێرەحمانەترین ئامرازەکان بۆ سەرکەوتنی خۆی کەڵک وەردەگرێ. هەمیشەیش پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان بیری تاکڕەهەندی و توند و تیژیی بێ سنووردا هەیە و هەبووە. بێڕەحمترین کەس ئەو کەسەیە پێی وایە حەقیقەت تەنیا لای ئەوەو بەس. ئەم بێڕەحمییە بە داخەوە دەتوانێ ئەو کاتە کە کلتور دەکا بە ئامرازی خۆی، بە ئاسانی جەماوەری بێتەوە و بەم شێوەیە بە دەیان و سەدان هەزار سەرباز لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. لە راستیدا داعش زۆر زیرەکانە خەریکە لە رەگەزی ئایینیی کلتور لە ناوچەکەدا و تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا کەڵک وەردەگرێ.