ما 8398 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

من بۆ ئەوەی دوودڵیەکەم ئاشکرا نەبێ و نەکەومە بەر تەوس و توانجی زیاتری ئەو، دەڕۆم. وەک هەمیشە دەڕۆم. رۆیشتن باشترین شێوازی تێگەیشتنە لە دونیا، یاخود نواندنی تێگەیشتنە. بە هەمان ریتمی قسەکەی ئەو "تێگەیشتن دەنوێنێ". لانیکەم هەر خۆت دەزانی کە درۆ لەگەڵ خۆت دەکەیت. پێم وابێ مرۆڤ باشتر لەگەڵ درۆکانی خۆی رادێ تا درۆی ئەوانی تر.

 

بەر ماڵەکەت چۆڵی دەنوێنێ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

وتی:

ـ "بەر ماڵەکەت چۆڵی دەنوێنێ!"

من کە نەمدەزانی چۆن، وتم:

ـ "مەبەستت چییە؟"

وتی:

ـ "چۆڵە، چۆڵ ئیتر،... مەگەر نازانی چۆڵ یانی چی؟"

راستی چۆڵ یانی چی؟ بیرم کردەوە رەنگە یانی وەک هێلانەیەکی پەرپوت کە باڵندە جێی هێشتبێ، یان وەک جادەیەک لەمێژە هیچ رێبوارێک پێیدا ناڕوا، یان وەک شاخێک کە ئیتر کەس لەسەر لوتکەکەیەوە لە دوورەکان ناڕوانێ، یان وەک بەلەمێکی تەنیا لە قەراخ دەریایەک کە ساڵانی ساڵە شەپۆلە بێ کۆتاکان یاری پێدەکەن.

بەڵام دیسان لەمە زیاتر هاتە زەینم. چۆڵ رەنگە یانی هەمان هێلانە کە تەنیا 'با' پێیدا گوزەردەکا، تەنیا دەنگی 'با'. یان هەمان جادە کە تەنیا لە بیرەوەریی دەنگی جێ هەنگاوەکانی جاراندایە کە بە سەریدا رۆیشتن، یان هەمان شاخ کاتێک تەنیا گوێی لە دەنگی نەرمی هەورە کە هیچ کارێکیان نیە جگە لە تێپەڕین، یان هەمان بەلەم کە زیاتر لە دووپاتبوونەوەی دەنگی شەپۆلەکان ئیتر هیچ دەنگێک نابیستێ. ئەو دەنگەی کە ئەویش بە هۆی تکرارەوە دەنگبوونی خۆی لەدەست دەدا.

وتی:

ـ "بێدەنگی! رەنگە ئیستا ئیتر تێدەگەی؟"

وتم:

ـ "پێم وابێ!"

من لە 'لەبەر ماڵەکەت چۆڵی دەنوێنێ' تێگەیشتم. خۆشحاڵ بووم کە تێگەیشتم. دەزانم کە زۆر شتی ئەم دونیایە ئەگەرچی زۆر جار سادە دەنوێنن، بەڵام لێ تێگەیشتنەوەیان زۆر زەحمەتە. بۆچی؟ نازانم. رەنگە لەبەر ئەوەی رستەکان بۆ هەمیشە وەها نانوێنن کە سەرەتا دەیاننواند. وشەکان تەنیا خۆیان نین. شتێکی تریشن.

من بۆ ئەوەی دوودڵیەکەم ئاشکرا نەبێ و نەکەومە بەر تەوس و توانجی زیاتری ئەو، دەڕۆم. وەک هەمیشە دەڕۆم. رۆیشتن باشترین شێوازی تێگەیشتنە لە دونیا، یاخود نواندنی تێگەیشتنە. بە هەمان ریتمی قسەکەی ئەو "تێگەیشتن دەنوێنێ". لانیکەم هەر خۆت دەزانی کە درۆ لەگەڵ خۆت دەکەیت. پێم وابێ مرۆڤ باشتر لەگەڵ درۆکانی خۆی رادێ تا درۆی ئەوانی تر. درۆی ئەوانی تر دەتڕوخێنێ، دەتشکێنێ، ئەژنۆت شل دەکا، بەڵام درۆی خۆت نا. درۆی خۆت دەتوانێ تا سنوورەکانی مەرگیشت ببا، دەتوانێ بتمرێنێ، دەتوانێ چی بەدبەختی دونیایە بەسەرتدا بێنێ، بەڵام هەر واز نەهێنی و زۆر ئاسان هەم مەرگ و هەم بەدبەختییەکان قبوڵ بکەیت. بەڵام درۆی ئەوانی تر دەتهێڵێتەوە، ناهێڵێ بگەیتە ئەم شوێنانە.

بۆیە من زۆر جار تەنیا گوێم لە درۆکانی خۆم لەگەڵ خۆم گرتووە. جوانترین درۆکانی دونیا. ئەوانەی گەورەترین ماناکان دەدەن بە ژیان.

بەڵام ئەو لە دوورەوە هەر هاواردەکا:

ـ "بەر ماڵەکەت چۆڵی دەنوێنێ!"

دوورکەوتنەوە یارمەتی نادا. دەڵێی لە بن گوێمدا دەنەڕێنێ. دەنگی، هەموو خانەکانی لەشم پڕدەکاتەوە و شێتانە بە ناویاندا تێدەپەڕێ. جەستەم لە خۆم وندەبێ. دەمەوێ بڵێم مەبەستت لە دووپاتکردنەوەی چییە؟ دەتەوێ بڵێی چی؟ بەڵام خۆم رادەگرم. من حەزم لە پرسیارکردن لە مرۆڤە درۆزنەکان نیە. ئەوان هەمیشە وەڵامیان پێیە. من حەزم بەو مرۆڤانە نیە وا هەمیشە وەڵامیان پێیە، وەڵام بۆ هەموو شتێ. وەک بڵێی لەمێژە دونیایان بە هەموو شتێکی ناویەوە ناسیووە. لای ئەوان هیچ شتێک بۆ زانین نەماوە.

بۆ ئەوەی جوانتر لە گشتی رووداوەکە تێبگەم، رستەکە دەهێنمەوە بەر چاوی خۆم "بەر ماڵەکەت چۆڵی دەنوێنێ." ئەوسا لێکی دەدەمەوە. 'بەر ماڵەکەت' یانی کۆڵان. ئەوسا بیری کۆڵانەکەی خۆمان دەکەومەوە. کۆڵانێکی خۆڵینی درێژ کە سەرێکی دەگەیشتە تاقە دووکانی گەڕەک و سەرێکی تری دەگەیشتە تاقە خانووی شیروانیداری گەڕەک، بە خانووە یەک لە دووای یەکەکانەوە کە بە قوڕ و بەرد و خشت دروستکرابوون. کۆڵانی راکردنی منداڵە عەجول و لاسارەکان، منداڵەکانی سەردەمی خەونە بچووکەکان. ئەوسا بیر لە 'چۆڵ' دەکەمەوە. لەمەیش کە حاڵیم. لە کۆتاییدا لە 'دەنوێنێ'. 'دەنوێنێ'یش یانی دەکرێ وابێ و وانەبێ. کەواتە ئەو کۆڵانە، نەک خانووەکەمان، رەنگە چۆڵ بێت و رەنگە نەبێت. پێکەنینم دێت. ئەم برادەرە دەیەوێ بڵێ چی؟ دیسان بە تەمای درۆیەکی ترە؟ ئاخر دەکرێ کۆڵان چۆڵ بێت؟ لە کوێی دونیا کۆڵانی بەردەم یەک ریزی دوورودرێژ لە خانوو دەتوانێ چۆڵ بێت؟ لانیکەم من هەموو رۆژێ لەوێم. وەک هەمیشە لەوێم، دادنیشم، کایەدەکەم، رادەکەم، بەرد لە چۆلەکەکان دەگرم، لەسەر حەساری قوتابخانەکە دادەنیشم و چاو لە ئاسۆ دەبڕم. من ئیستایش لەوێم. لادەکەمەوە و دەڵێم:

ـ "چۆڵی نانوێنێ، بە پێچەوانەوە وەک هەمیشەیە، وەک هەمیشە. ئەوە نیە من لەوێم!"

ئەمجارە ئەو بە پێکەنینەوە دەڵێ "بەر ماڵەکەت چۆڵی دەنوێنێ."

من جاری وابووە بە نیوەڕۆیانی گەرمی هاوین بە تەنیا لەو کۆڵانە دانیشتووم. تەنیا خۆم. لەبەر گەرمای تاقەت پڕوکێنی هەتاودا. ئەم سەر تا ئەو سەر کەس دیار نەبووە. من لەو کاتانەدا گوێم لە دەنگی تیشک بووە، تێکەڵ بە دەنگی ویزەویزی مێشە سەوزە گەورەکان. نیوەڕۆیە خەمگینەکانی ژیان. لەبیرم دێ دڵی بچوکم وەک چۆلەکە پاسارییەکی لێدەهات. گوێم لە فرتەی باڵەکانی بوو. ئەوسا دایکم هاواریدەکرد. بەڵام من لەمێژبوو ئیشتیای نانخواردنم لێ تۆرابوو. نەکا ئەو مەبەستی ئەمە بێت؟

قەڵەم و کاغەزەکە لە گیرفانم دەردێنم و سەیری مێژووی سەر لاپەڕەکان دەکەم. خۆشحاڵم هەموو شتێک لەسەر جێی خۆیەتی. نا، ئەو لەهەڵەدایە. بەر ماڵی ئێمە چۆڵ نانوێنێ. یەک بە یەک لاپەڕەکانم هەڵدەدەمەوە و پیایاندا دەچمەوە. من بۆنی رووداوەکانی کۆڵان بە لووتم دا دێت، چاوەکانم دیسان دەیانبینێتەوە، جەستەم بە جوانی هەستیان پێدەکا. نا، نا،... بە خۆشییەوە هیچ شتێک نەگۆڕاوە. ئەو برادەرە هەر لەخۆوە قسەدەکا. دەستم درێژدەکەم و دەڵێم ئەوەتا وەرە سەیری یادداشتەکانم بکە،... وەرە جوان لێیان بڕوانە،... هەموو شتێ وەک خۆیەتی وەک جاران،...! باڵندەیەک بە ئاسماندا تێدەپەڕێ و نیگایەکی سەیرم تێدەبڕێ. دەمەوێ پێی بڵێم تۆیش ئەمە دەزانی، وانیە! تۆیش دەیزانی! مەگەر تۆ هەر ئەوە نیت کە هەموو ئێوارەیەک بە سەر گوێسبانەکەی ئێمەوە هەڵدەنیشتی و هەڵدەکورمای،... ها؟ باڵندەکە وەک من تەنیا دەڕوا و دەڕوا.

من بۆ ئەوەی بیسەلمێنم ئەو درۆدەکا و ئەو یەکێک لە هەمان ئەو درۆزانەیە کە درۆکانی خۆیان فەرامۆشکرد، قەڵەم و کاغەزەکە دەخەمەوە گیرفانم و بەپەلە خۆم بە ژوورەوەدا دەکەم. دەبێ بچم و لەوانەی ژوورەوە بپرسم کە بێنە دەرەوە و بەو برادەرە بڵێن ئەوەندە درۆ نەکا. پێی بڵێن هەموو شتێک وەک خۆیەتی، وەک جاران. بە هەمان ئەو چەند پلیکانەدا بەپەلە سەردەکەوم. یەک بە یەک دەرگای ژوورەکان دەکەمەوەو هاواریان لێدەکەم. وازناهێنم. رەنگە لە ژوورەکەی تردا بن، وەک جاران! بەڵام،... بەڵام کەس نابینمەوە. هەراسان و ماندوو پاڵ بە یەکێک لە دیوارەکانەوە دەدەم. هەناسەی ساردی ماڵەکە بە روومدا دێت. دڵم وەک دڵەکەی ئەو سەردەمانەی لێدێتەوە، دەبێ بە چۆلەکەیەکی پاساری. چۆلەکە پاسارییەکەی ئەو نیوەڕۆ گەرمەی هاوین. بیرێکی ترسناک بە مێشکمدا دێت "نەکا ئەمە هەمان خانووکەی جاران نەبێت،... نەکا!... راستی ئێرە کوێیە،... کوێ؟"

دەنگی دێتەوە گوێم:

ـ "بەرماڵەکەت چۆڵی دەنوێنێ!"

ئەگەرچی ئەمجارە نزم و نزم تر،... دوور و دوورتر... دەکەوێتەوە.

Bilderesultat for memories

گەڕان بۆ بابەت