ما 10508 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

لە شەپۆلی بەرامبەر ئەمەدا لە دێبات سەبارەت بە موراڵ، یونیڤێرسالیسم خۆی دەبینێتەوە. تایبەتمەندیی ئەم روانگەیە باوەڕیەتی بە گوتاری گشتی. یونیڤێرسالیسم دەڵێ دێباتی کۆمەڵایەتیی کراوە شوێنێکی لەبارە بۆ گواستنەوەی بایەخ و بۆ پێکەوەبوونی ئاشتیانە. لەناو بایەخەکانی یونیڤێرسالیسم بیری مافەکانی مرۆڤ کە خەسڵەتی جیهانیان هەیە، رۆڵی سەرەکییان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە موراڵی و ئێتیکیەکان لە نیوان زۆرینە و کەمینەدا.

 

ئەخلاقی هاوبەش (گشتی)

پرسی چێکردنی ئەخلاقی گشتی لە کۆمەڵگایەکی فرەکلتوردا بریتییە لە چێکردنی نۆرمە ئەخلاقییەکان بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە فرەچەشنیدا. بە واتایەکی تر: پرسیار ئەوەیە دەبێ خاوەنی چ یاسایەک بین بۆ ئەوەی ژینڕوانگە جۆراوجۆرەکان نەچنە ناو قۆناخی دوژمنی و نەفرەتەوە لەگەڵ یەکتردا؟ وەڵام لە دابینکردنی بەردەوامی ئازادیی بیروڕا، ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی خۆرێکخستندا خۆی دەبینێتەوە.

لەم پێوەندییەدا دەبێ رێگاچارە هاوبەشەکان بدۆزرێنەوە بۆ ئەو کێشە ئەخلاقییانەی هەنووکە هەن. ئەوە قوتابخانەی نانسن بوو بۆ یەکەم جار پرۆژەی دیالۆگی خۆی سەبارەت بە ئەخلاقی هاوبەش لە کۆمەڵگای فرەچەشنی نۆروێژدا پێشکەشکرد و، بەرهەمی خۆی دایەوە. هەروەها دەبێ سەرنجی ئەوەبدەین وەها نیە هەموو بتوانن لەسەر هەموو نۆرمە ئەخلاقییەکان سەبارەت بە پرسە گرینگە ئەخلاقییەکان هاوڕابن، بەڵام بەشداران لەگەڵ ئەوەی بۆ وێنە لە کێبەرکێدابوون سەبارەت بە نۆرمە جنسییەکان، لەوە دەگەیشتن هەر هەموویان بە شوێن هەمان بایەخەوەن.

لە ئاستی جیهانیشدا دیالۆگی نێوان ژینڕوانگەکان ئەنجامی هەبووە. بەتایبەت لەم پێوەندییەدا دوو هەوڵ جێگای سەرنجن. یەکەمیان، کۆبوونەوەی نوێنەرانی هەموو ئایینەکانی دونیا لە شیکاگۆ لە ساڵی ١٩٩٣ بوو، کە لە لایەن قەشەی کاتۆلیک 'هانس کۆنگس'ەوە رێکخرابوو. ئامانجی کۆبوونەوەکە پەسندکردنی راگەیاندنێک بوو سەبارەت بە ئەخلاقێکی جیهانی کە خۆی لە نۆرمەکانی 'مەکوژە'، 'مەدزە'، 'درۆمەکە'، 'لەشفرۆشی مەکە' و 'زەوی وێران مەکە'دا دەبینییەوە. ئەم نۆرمانە لە ئەخلاقی هەموو ئایینەکاندا و لە ئەخلاقی ژینڕوانگەی هیومانیستیشدا هەن. راگەیەندراوەکە ئەم نۆرمانەی لە شێوازی مەمنوعەوە گۆڕی بۆ پێشنیارێکی گشتی و پۆزیتڤی بۆ چێکردنی ئاشتی، دابەشکردنی عادڵانە، رێزگرتن، بەرابەری بۆ ژن و منداڵ و گەشەی بەردەوام(Leirvik 1996). لەم راگەیەندراوەدا هاتووە: "ئێمە هەموو وابەستە بە یەکترین." بەم شێوەیە نۆرمەکان هەروەها رەگیان لە لێکدانەوەیەکی مرۆڤانە و دونیاییدا هەیە. لە راگەیەندراوەکەدا بە شێوازێکی جوان باس لەوە کراوە چلۆن مرۆڤەکان سەرەڕای جیاوازیی باوەڕ دەتوانن ئاستی ئەخلاقی جیهانی بەرنە سەرەوە: "ئەرکی ئێمەیە لە رێگای بە دیسیپلین کردنی ئەقڵ، قووڵبوونەوەی دەروونی، نوێژ یاخود بیری پۆزیتیڤییەوە، زیاتر وشیاربینەوە.

بەڵام ژێرنووسێک لە ژێر دەقە سەرەکییەکەدا هەیە: "ئەمانە ئەڵتەرناتیڤەکانن!" وەها بیرێکی گەورە شوێن بۆ هەمووان دابین دەکات، هەرلە بودیسمەوە بگرە تا ئایینە ئیبراهیمییەکانی وەک مووسایی، مەسیحی و موسوڵمانەکان، تا دەگاتە هیومانیستەکان و پوزیتیڤیستەکانیش!

هەوڵەکەی تر کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بوو بۆ 'ئەخلاقی جیهانی' کە لەژێر رێبەرایەتی سەرۆکی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ' خاویەر پرێز دۆکۆیار' هەوڵیدا بۆ دامەزراندنی ئەخلاقێک بۆ فرەچەشنی کلتوری لەسەر زەوی بە پێداگرتن لەسەر ئەم فرەچەشنیە وەک دیاردەیەکی بایەخدار.

کار لە پێناوی دیالۆگی نێونەتەوەیی لە رێگای کۆنفڕانسی ئۆسلۆ لە ساڵی ١٩٩٨، خێرایی زیاتری پەیداکرد کە تێیدا شوورای هاوکاری بۆ کۆمەڵی ژینڕوانگە و باوەڕ لە نۆروێژ میواندار بوو و، هەروەها لە رێگای کۆبوونەوەیەکی نوێ بە بەشداری ئایینە جیهانییەکان لە ژوهانسبورگ لە ساڵی ٢٠٠٢.

کۆمۆنیتاریسم یان یونیڤێرسالیسم

لە 'دەیەی ئەخلاق' ساڵەکانی ١٩٩٠، بینیمان لە زۆربەی دیالۆگەکاندا ئەوانەی وا سەرقاڵی پرسی موڕاڵ بوون، بەهۆی تۆلێڕانسی زۆر و هەوڵەکانیان لەپێناوی دیالۆگی بونیاتنەردا بە یەکتریاندا هەڵدەگوت. کۆمیسیۆنی بایەخ لە ساڵەکانی ١٩٩٠ نموونەیەکی تایبەت بۆ دەربڕینی ئەم حەزە بۆ ئێتیک بوو. کومیسیۆن لە خەڵکانی جۆراوجۆر پێکهاتبوو کە دەربڕی فرەچەشنی لە دێباتی نۆروێژی سەبارەت بە بایەخ بوو. لە دووای گۆڕینی هەزارە وەها دێتە بەرچاو کە قۆناغەکە لە گۆڕاندایە. ئەمڕۆکە دەبینین لە دێباتی نۆروێژی سەبارەت بە بایەخ و، لە باشووری ئۆرووپا، بە تایبەت لە ئاڵمان، ئەمڕۆکە قسە لەسەر "شەڕی ناوخۆیی ئەخلاقە". لێرەدا من دەمەوێ باس لەوبەرەوڕووبوونەوانە بکەم کە هەن. یەکەم ئاراستە لە دێبات سەبارەت بە بایەخ، ناوی کۆمۆنیتاریسمە. کۆمۆنیتاریسم چەمکێکی کۆکەرەوەیە بۆ ئەو هەوڵە ئەخلاقییەی کە لەو دڵەڕاوکێەوە سەرهەڵدەدا سەبارەت بە ئاستی گەشەی مودێرنیتە. پێوەندییە دابڕاوەکان، نەبوونی کۆنترۆلی کۆمەڵایەتی، لەخۆنامۆبوون و نەبوونی ئاڵوگۆڕی بایەخ لەنێوان نەوەکان بووەتە هۆکاری کەوتنی بایەخ و موڕاڵی سەرلێشێواو کە پێی دەگوترێ ئاپاتی (بێ تەفاوەتی)، بەتاککردن و خۆویستی. دەرکەوتەی ئەمە ئێمە زیاتر لە چوونە سەرەوەی ئاستی توندوتیژی، تەنیایی، نائەمنی و نەبوونی دڵسوزی و خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکاندا دەیانبینینەوە. پێکەوەبوون و موڕاڵی کۆمەڵگای کۆن نەماون و بۆیە دەبێ سەر لەنوێ چێبکرێنەوە بۆ ئەوەی دڵنیایی لە دۆخی ژیانمان بگەڕێتەوە. کۆمۆنیتاریسم یەکانگیرە لەسەر ئەو ئاراستەیەی خزمەتی گشتی communitas و، کۆمەڵگا لوکاڵییەکان communities دەکا.

کاتێک تەنیایی، توندوتیژی، بێ تەفاوەتی، خۆویستی و زەینی مەسرەفگەرایانە نائەمنی بۆ تاکەکان لە کۆمەڵگادا دروستدەکەن، کۆمۆنیتاریستەکان دەڵێن ئێمە دەبێ ئەخلاق کە نیازی کۆمەڵگایەکی باشە، ببوژێنینەوە. گەلێک لە کۆمۆنیتاریستەکان دەڵێن ئێمە دەبێ تۆز لەسەر ئەو نۆڕمانە بسڕینەوە وا کاتی خۆی پێکەوبوون، یەکبوون، یەکەیی، پێکەوەگرێدان،، نەریت و بەردەوامییان لە کۆمەڵگادا چێدەکرد. کۆمۆنیتاریستەکان نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە دۆخی کۆمەڵگای هەنووکە گرێدەدەنەوە بە نیاز بۆ تەیارکردەنەوەی کۆمەڵگا بە موراڵ. ئەوان لایان وایە چاکەی کۆمەڵگا دەبێ پێش ئازادیی تاک بکەوێ.

زۆرجار ئەو هاوڵاتیانەی وا لە پۆستە سەرەکییەکانی ژیانی سیاسی، کلیسا و لە کەسب و کاردا چالاکن، لایەنگری لە کۆمۆنیتاریسم دەکەن. وادەنوێنێ پێوەندییەکی کەم و زۆر لە نێوان مرۆڤە خاوەن نفوزەکان هەر لە کەسە ئاکادێمییەکانەوە بگرە تا سیاسییە بەرزەکانی بواری نێونەتەوەیی لەم بوارەدا هەیە. زۆریەک لەوان ئەم روانگەیە دەبەستنەوە بە روانگەیەکی سیاسی بە ناوی 'رێگای سێهەم'، واتە کۆمەڵگایەک کە میکانیزمەکانی بازاڕ، رێگاچارە کۆمەڵایەتییەکان و موراڵی بەرز پیکەوە گرێدەدا. لە ئامریکا، کۆمۆنیتاریسم تۆڕێکی فەرمییە لە ژێر رێبەرایەتی 'ئامیتای ئێتزیونی' سۆسیۆلۆژی بواری رێکخراوەیی، لە کاتێکدا 'ئالسادیر مکئینتیرە' فیلسوفی موراڵ لە ئامریکا و 'ئانتۆنی گیدێنز'ی سۆسیۆلۆگ لە بریتانیا وەک ئیدیۆلۆگە بەرجەستەکانی دەردەکەون.

لە شەپۆلی بەرامبەر ئەمەدا لە دێبات سەبارەت بە موراڵ، یونیڤێرسالیسم خۆی دەبینێتەوە. تایبەتمەندیی ئەم روانگەیە باوەڕیەتی بە گوتاری گشتی. یونیڤێرسالیسم دەڵێ دێباتی کۆمەڵایەتیی کراوە شوێنێکی لەبارە بۆ گواستنەوەی بایەخ و بۆ پێکەوەبوونی ئاشتیانە. لەناو بایەخەکانی یونیڤێرسالیسم بیری مافەکانی مرۆڤ کە خەسڵەتی جیهانیان هەیە، رۆڵی سەرەکییان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە موراڵی و ئێتیکیەکان لە نیوان زۆرینە و کەمینەدا لە کۆمەڵگایەکی فرەکلتور، فرەچشن و فرە ژینڕوانگەدا. لەناو دەستەواژەکاندا زۆرکەس پلورالیزم لەچاو یونیڤێرسالیسم بە باشتر دەزانن. چەمکی یونیڤێرسالیسم لەسەر ئەو باوەرەیە کە لە مانایەکی بەرفراواندا مافەکانی مرۆڤ دەتوانن لە هەموو شوێنێکی گۆی زەوی سەقامگیربکرێن و، لە راستیدا "قەت کۆن نابن". لە نۆروێژ ئەم ئاراستەیە خۆی لە کارەکانی کۆمیسیۆنی ئازادیی رادەربڕین و لە هەندێ پرۆژەی دیالۆگ لە نێوان گرووپی سەر بە ژینڕوانگە جۆراوجۆرەکان کە قوتابخانەی نانسن دەعوەتی لێکردن، دەبینێتەوە. لە پێش هەر شتێکدا یونیڤێرسالیستەکان لە ناو ریكخراوەکانی مافەکانی مرۆڤدا دەبینینەوە و، هەروەها لە ناو ئەو کەسانەیشدا کە لە ئاستێکی بەرزدا ئاوێتەی پرسە ئەخلاقییەکانن.

رەنگە وەها بەرچاوبکەوێ لەگەڵ گۆڕینی سەدە گۆڕان لە بوارەکانی بایەخ و ئێتیک و موراڵ، لەسەر پرسی جیاوازییەکانی نێوان کۆمۆنیتاریسم و یونیڤێرسالیسم بێت. بوارەکانی ئەم جیاوازییانە زۆرن و دیار. وەک:

ـ فرەچەشنیی ژینڕوانگە لە کۆمەلگا و لە قوتابخانەدا، یان لە نەریتە مەسیحییەکان،

ـ پلورالیزمی کلتوری وەک دەرکەوتەیەکی پەنابەری، یان نۆروێژی بوون و بە نۆروێژیکردنی پەنابەران،

ـ ئازادیی بەیانی تەواو، یان سانسۆڕ لەبەر خاتری پاراستنی منداڵان و گرووپەکانی دیکە،

ـ پیشاندانی تۆلێرانس لە کاتی لادان لە یاسا، یان سزادانی دژوارتر،

ـ مافی هۆمۆفیلەکان، یان پاراستنی بایەخەکانی بنەماڵە لە شکڵی نەریتیدا،

ـ رێزگرتن لە کەم ئەندامی، یان لە مرۆڤە کامڵەکان.

سناریۆیەک بۆ ئەخلاقی داهاتوو

کۆمۆنیتاریسم و یونیڤێرسالیسم بێگومان دەتوانن لەهەندێ بواردا چاویان بە یەک بکەوێ و لە رێگای دیالۆگەوە لەسەر هەندێ پرس بەیەکبگەن، بەڵام ئەوان لە راستیدا خاوەنی دوو ئاراستەی جیاوازن.

سیناریۆکە دەتوانێ دەستپێکی قسەوباسێکی گرینگ بێت لە نێوانیاندا لە پێناوی تێگەیشتن و بەشداریکردن لە دێباتێکدا کە دەتوانێ سەرنجی نۆروێژییەکانیش رابکێشێ، بەتایبەت ئەوانەی وا لە باوەڕ و لە ژینڕوانگەدا جیاوازن. ئەگەرچی بەجوانی دیارە کە نووسەری ئەم دەقە یونیڤێرسالیستە، بەڵام دەبێ تەئکید لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە زۆربەی ئەوانەی بەشداری لە دێباتە موراڵی و بایەخییەکاندا دەکەن، چ لە حیزبە سیاسییەکانەوە بن و چ کەسانی ئاکادامیک، دەتوانن لە هەر دوو روانگەکە ئیلهام وەربگرن. ئەمە دەتوانێ بواری سزای تووند بەرامبەر بە کوشتن لە بەر سێکس و لەبەر رەگەز بگرێتەوە تا وەرگرتنی پەنابەران لە نۆروێژ، روانگە لەسەر پۆرنۆگرافی، مافی هۆمۆفیلەکان بۆ بەخێوکردنی منداڵ و، هەروەها پرسی بەرابەریی ژن و پیاو. وەها نیە کە لەم کاتەدا وەڵامی ئەخلاقی تەنیا لەیەک لایەنەوە بهێنرێ. لێرەدا ئاماژە بە هەندێ جیاوازیی نێوان ئەم دوو رەوتە دەکەین:

ـ کۆمۆنیتاریسم: موراڵ، بایەخی ئەخلاقی (فەزیلەت)، یاسا، ئەرک، نەریت، لوکاڵییەت، کۆمەڵگا، کۆمەڵگای لوکاڵ، ئەنجوومەن / کلیسا، مەزهەبیبوون، هاوکاری، ئەمنییەت.

ـ یونیڤێرسالیسم: ئێتیک، پرنسیپ، گوتار (گفتوگۆ ـ وەرگێڕی کوردی)، ماف، مودێرنیتە، کراوەیی لەبەرچاوی هەموواندا، ئازادی، تاک، رێکخراو، هیومانیسم، خۆبڕیاردان، کراوەیی.

ئەم سیناریۆیە جیاوازیی سەرەکی لە نێوان ئەوانەی وا نۆرمە ئەخلاقییەکان لە فۆڕمی یاسا و ئەرکدا پێناسەدەکەن و، ئەوانەی وا باوەڕیان بە گفتوگۆ (گوتار) لە بەرچاوی کۆمەڵگادا هەیە بۆ ئەوەی زەینەکان لەسەر مافەکان وشیاربکەنەوە، دادەنێ. ئەرکەکان مەرجن بۆ ئەوەی مافەکان بەڕێوەببرێن، بەڵام ئەرکەکان دەبنە شتێکی تر کاتێک مافەکانی مرۆڤ سەرچاوەیان بن تا دەسەلاتە دەرەکییەکان و نەریت و دۆگماکان.

زۆریەک لە کۆمۆنیتاریستەکان دەڵێن موراڵ لە سەر بەردی بایەخە نەگۆڕەکان هەڵکەندراوە و، بۆیە کاتێک لێیان لادەدەین رووبەڕووی نۆرمە نەریتییەکان دەبینەوە. ئەوان لایان وایە لەیەکچوونی موراڵەکان بایەخێکی ئەساسییە. یونیڤێرسالیستەکانیش دەڵێن موراڵ هەمیشە بە هۆی گۆڕانە ئابووری و کۆمەلایەتییەکانەوە لە گۆڕان و گەشەدا بووە و بەردەوامیش وەها دەبێ. گفتوگۆکان لەسەر ئەخلاق دەتوانن خاوەن پیشکەوتن بن ئەگەر گفتوگۆ کراوەکان ببنە هۆی وشیاریی تاک و کۆ لەمەڕ پرنسیپ و بایەخەکان. بەهەرحال موراڵ لەگەڵ کات و شوێن گۆڕانی بەسەردا دێت. هەندێ بایەخی بنەڕەتی تەحەمولی بزۆزیی کات دەکەن و ئیعتباری جیهانیان هەیە، بۆ وێنە ئەوەی وا لە راگەیەندراوی لەمەڕ ئەخلاقی جیهانیدا هاتووە. لێرەدا بێگومان لەهەر دوو لاوە هاوڕایی لەسەر ئەمە هەیە.

زۆربەی کۆمۆنیتاریستەکان هومێد و باوەڕیان بە کۆمەڵگای لۆکاڵی و چوارچێوەکانی ژیانی کەسب و کاری هەیە بۆ کۆنترۆڵی کۆمەڵگا و تاک. بە بێ لەبەرچاوگرتنی باوەڕی خۆیان بە خودا، بە شێوەی پۆزیتیڤی لە کلیسا دەڕوانن لە ئەرکەکانیدا بۆ راگواستنی بایەخەکان و کۆنتڕۆڵی بەهێزیان لەسەر لادان و کردە ناشیرینەکان. لای ئەوان کلیسا بەرهەمهێنەری ئاسایشە. ئەوان حەزدەکەن مرۆڤەکان لەم رەوتەدا بەشداری بکەن، بەڵام بە پلەی یەکەم ئەوان لەم بەشدارییە وەک ئامرازێک دەڕوانن بۆ چارەسەرکردنی کێشە گشتییەکان و چاکسازی لە پێناوی زۆرینەدا.

یونیڤێرسالیستەکان تەئکید لەسەر تاک دەکەنەوە وەک مانا و مەبەستی هەموو شتێک. مرۆڤی باڵغ کە مافەکانی خۆی دەناسێ و ئەرکی خۆی لە پێناوی کۆمەڵگادا بەڕێوەدەبا، مەرجی بە حەقیقیکردنی بایەخەکانە. یەکێک لەم مافانە بریتییە لە مافی بەڕێوەبردنی ژیانی خۆ لەهەموو بوارەکاندا، بۆیە مافی خۆبڕیاردان زەروورییە مەگەر ئازادیی ئەوانی تر پێشێل بکا. وەک ئەندام لە رێکخراوە ئازادەکاندا تاک دەتوانێ بە شێوەی کراوە و ئازادانە باس لە داخوازییەکانی خۆی و روانگە و ژینڕوانگەی خۆی بکا و، هەروەها لە کۆمەڵگایشدا پراکتیزەیان بکات. بەشداری لە بڕیارەکانی کۆمەڵگادا مافێکی دیکەیە. مافی خۆبڕیاردان، مەرجێکە مانای تەواو بە بەشداری ئێمە لە بڕیارەکانی کۆمەڵگادا دەبەخشێ.

"کۆمەڵگا بە بێ ئازادی بە هەمان رادە پڕمەترسییە کە ئازادی بە بێ کۆمەڵگا." ئەمە گوتەی 'زیگمۆند باومان' ی فیلسووفی کۆمەڵایەتییە کە هوشتارمان پێدەدا سەبارەت بەوەی ئێمە بە ناوی پیرۆزی کۆمەڵگاوەیە تاک لە ریزی خۆمان دەردەکەین. ئەمنییەتێک کە لە کۆمەڵگای ئۆتۆریتەیی، تێکچڕژاو و وەک لێککراودا هەیە دەتوانێ بە هۆی پێشبینی کراوبوونەکەیەوە و بە هۆی ئەو کۆنتڕۆلەی لەسەری هەیە، درۆیینە بێت. بەڵام سەبارەت بە لادەر، جا لادان چ بە هۆی ژینڕوانگەوە بێت، روانگەی سیاسی، زمان، مەیلی جنسی یان هەر شتێکی تر، وەها کۆمەڵگایەک بەهەشتی سەر زەوی نیە. لە مودێرنیتەدا ئێمە هەموومان لادەرین.

بەڵام هاوکات باومان سەبارەت بە بێمانایی لە ئازادیدا وشیارمان دەکاتەوە، ئەو جۆرە ئازادییەی ناتوانێ لە کۆمەڵگایەکی کراوە و تەیار بە تۆلێرانس کایەی خۆی بکا. چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و کۆمەڵایەتیش دەمێنێتەوە.

شیکردنەوەی وشە:

وشەکانی ژێرەوە لە دەقەکەدا شیکراونەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم وشانە چەندین جار دووپاتکراونەتەوە باشتر وایە لێرەدا جارێکی تر ئاماژەیان پیبدەینەوە لەجیاتی ئەوەی بە شوێن ئەو لاپەرەیدا بگەڕێین وا ماناکەیانی تێدایە.

ئابسۆلۆتیسم: (موتڵەقگەرایی ـ وەرگێڕی کوردی): تیۆرێک کە باس لە حەقیقەتە نەگۆڕ و هەمیشەییەکان دەکا. دۆگماتیسم. پێچەوانەی 'رێژەگەرایی'؛ (دەتوانرێ لە مانای سەرەڕۆییشدا بەکارببرێ بەڵام نەک لێرەدا).

ئەگنۆستیسیسم: تیۆرێک کە باس لەوە دەکا ئێمە ناتوانین زانیاریمان هەبێ لەسەر ئەو شتانەی وا لە دەرەوەی سنووری ئەزموونەکانی ئێمەوەن. زۆرتر لە پێوەندی لەگەڵ بوونی خودادا بەکاردەبرێ.

ئاڵترویسم: روانگەیەکی ئەخلاقییە کە تەئکیدی لەسەر ژیانی خۆشی ئەوانی ترە. پێچەوانەی ئێگۆیسم یاخود خۆویستییە.

ئانترۆمۆرفیسک: لەمرۆڤچوون؛ بۆچوونێک کە دەڵێ خوداکان لە شێوازی مرۆڤدا دروستکراون.

ئانترۆپۆسەنتریسم: رەوتێک کە مرۆڤ لە ناوەنددا دادەنێ.

ئاتەئیسم: رەدکردنەوەی بوونی خوداکان.

دێدوکشن: (استلال قیاسی ـ وەرگێڕی کوردی). هەڵێنجان لە مەرجە دراوەکانەوە بۆ ئاکامێکی تر.

دەیسم: فەلسەفەیەک کە دڵێ خودا هەیە، بەڵام دەست لە کاروباری جیهان وەرنادا.

بەشەیتانیکردن: بەشەیتان دانانی کەسێک.

خورتیگەرایی: تیۆرێک کە باس لەوە دەکا بڕیار و کردەکانی مرۆڤ گرێدراون بە زەروورەتە سرووشتییەکان، مێژووییەکان و دۆخە دەرەکی و دەروونییە باوەکان. ئیرادەی ئازادانەی مرۆڤ رەد دەکاتەوە. پێچەوانەی ئیرادەگەرایی.

دوالیسم: فەلسەفەیەک کە باس لەوە دەکا لە بووندا دوو جەمسەرە پێچەوانەکان هەن، بۆ وێنە رۆح و ماددە. پێچەوانەی مونیسم.

ئەپیستمۆلۆژی: ناسین لەسەر ناسین؛ تیۆری ناسین.

ئۆتانازیا: یارمەتی بۆ مەرگی چالاک.

فێنۆمێنالیسم: بروای وایە مرۆ تەنیا دەتوانێ لەسەر فێنۆمێن (دیاردە) ناسینی هەبێ؛ فێنۆمێنالیسمی ئۆبیەکتی باس لەوە دەکا کە واقعێک لەپشت دیاردەکانەوە هەیە، بەڵام فێنۆمێنالیسمی رادیکال ئەمە رەد دەکاتەوە.

هێدۆنیسم: رەوتی ئەخلاقییە کە دەڵی حەز و لەزەت بەرزترین داوایە.

مێژووگەرایی: بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکان پشت بە یاسایەکی فەڕزی یاخود رەوتە فەڕزییەکانی ناو گەشەی مێژوو دەبەستێ.

ئایدیالیسم: ئایدیالیسمی ناسین: شتە دەرەکییەکان تەنیا وێنان. پێچەوانەی ریالیسم. ئایدیالیسمی میتافیزیکی: واقع بە شێوەی تەواو یان بەش لە رۆح چێکراوە. پێچەوانەی مەتریالیسم. ئایدیالیسمی ئەخلاقی: کردەکانی ئێمە دەبێ لەلایەن بایەخە بەرزەکانەوە بەڕێوەببرێن. پێچەوانەی خۆویستی و هێدۆنیسم.

ئیندوکشن: (استدلال استقرائی ـ وەرگێی کوردی) رەوتی بڕیاردان لە بینینی شتی ورد و تایبەتەوە بەرەو تێگەیشتنی گشتی لە دیاردەکان.

ئامرازگەرایی: رەوتی فەلسەفی کە لە زانین وەک ئامرازێک دەروانێ بۆ کۆنتڕۆڵی واقع بۆ ئەوەی مرۆڤەکان دۆخێکی باشتریان هەبێ؛ هەروەها دەتوانرێ وەک روانگەیەک سەیری بکرێ کە دەیەوێ لە مرۆڤەکان وەک ئامراز کەڵک وەربگرێ لە پێناوی ئامانجدا.

کۆمۆنیتاریسم: قوتابخانەیەکی ئەخلاقییە پێ لەسەر قازانجی کۆمەڵگا دادەگرێ لە رێگای کۆنتڕۆلی بەهێز و توندی کۆمەڵایەتییەوە، بە مەبەستی هیشتنەوەی نۆرمەکان وەک خۆیان.

مەتریالیسم: رەوتێکی فەلسەفی کە لای وایە هەرچی هەیە ماددەیە و رۆح بریتییە لە کارکرد و دەرکەوتەی ماددە. پێچەوانەی ئایدیالیسم.

مونیسم: لای وایە هەموو شتێک لە دونیادا بە هۆی یەک پرنسیپی بنەڕەتییەوە بەرێوەدەچێ، ئەوەیکە رۆح لە ماددەوە چێبووە. پێچەوانەی دوالیسم.

نیهیلیسم: تیۆرێک کە دەڵێ هیچ چەشنە بایەخێکی بەرهەست (ئۆبیەکتیڤی) بوونی نیە کە بتوانین ئەخلاقی لەسەر بونیات بنێین.

نانتەیسم: باوەڕی وایە ژینڕوانگەکان دەبێ سەربەخۆبن لە باوەڕ بە بوونی خودا. چەمکێکە بۆ ئاتەئیسم و ئەگنۆستیسیسم و هەروەها دەیسمیش بەکاردەبرێ.

ئۆنتۆلۆژی: تیۆر لەسەر "بوون"؛ پانتاییەکی فەلسەفی کە باس لە هەموو بوون یان ئەوەی هەیە دەکا.

پانتەئیسم: دەڵێ خودا(کان) هەن و، ئەو یان ئەوانن دونیایان چێکردووە و لە هەموو شوێنێکیدا هەن و دەیجووڵێنن.

سکۆلار: دونیایی. ئەوەی بە دونیا یاخود کۆمەڵگای دونیاییەوە پێوەندی هەیە. لە دەرەوەی کلیسا یان شوێنە پیرۆزەکان. سکۆلاریسم: رەوتێک کە باوەڕی بە سکۆلار هەیە.

تیۆکراتی: دەسەڵاتێک کە لەسەر یاسا خوداییەکان بەرێوەدەچێ. دەسەڵاتی قەشە.

تیۆسەنتەریسم: رەوتێک کە خودا لە ناوەنددا دادەنێ.

یونیڤێرسالیسم: (لە 'یونیڤێرسال'ەوە: هەموو شتێک دەگرێتەوە). لێرەدا وەک قوتابخانەیەکی ئەخلاقی باسی لێکراوە کە مافە جیهانییەکانی تاکی لا گرینگە و، دەیەوێ کێشەکان لە رێگای رێز بۆ فرەچەشنی و گفتوگۆی کراوەوە چارەسەر بکا.

ئیرادەگەرایی Voluntarisme: ئیرادەیە بەڕێوەدەبات. پێچەوانەی ئابووریگەرایی و خورتیگەرایی determinisme.

ئابووریگەرایی: دەڵێ بنەما ماددی و ئابوورییەکان بەرێوەبەری هەر چەشنە گەشەیەکن. پێچەوانەی ئیرادەگەرایی.

 

 Bilderesultat for universalism

گەڕان بۆ بابەت