ما 5232 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئێمە ئەوەین وا لە چاوی خەڵکی تردا هەین. لە سەردەمی منداڵییەوە ئەوە رووانینی خەڵکی ترە وێنای ئێمە لەسەر خۆمان دروستدەکا، دیارە بە خوێندنەوەی تایبەت بە خۆمانەوە. بۆ نموونە خوێندنەوەی خۆمان دیاری دەکا کام کەسانە لەدەرەوەی ئێمە خاوەن مانان. ئێمە زۆر خێرا دەگەینە ئەو تەمەنەی قسەباشەکانی ئەو کەسانەی وا بە هەندیان وەرناگرین و لامان گرینگیان نیە، رەدبکەینەوە.

 

فەلسەفەی دڵەڕاوکێ (١٠)

 مرۆڤ دەتوانێ بە بێ ئیگۆ بژی یان نا، پرسیارێکی قووڵ و سەرنجڕاکێشە. رەنگە ئەمە دەستنەدا، رەنگە بۆ ئەوەی بتوانین رێگای خۆمان لە جیهاندا پەیدابکەین تەواو پێویستە بوونی خۆمان بەدەوری ئیگۆدا چێبکەین. بەڵام بەهەرحاڵ لەوە دڵنیاین کە لە دوواجاردا ئەوە ستراتێژی ژیانە ئاساییە. بەڵام ئەم ستراتیژە لەبەر ئەوەی دەربڕی وەهمێکی بنەڕەتییە، دەبێ لەپێناویا شت بدەین. ئێمە لەگەڵ ئەوەی دەزانین وانیە، بەڵام لامان وایە کەمتر لەوەی هەین خاوەن ئازادیین. باوەڕ بەمەدەکەین، چونکە دەمانەوێ باوەڕی پێبکەین. مرۆڤ تواناکان و سەرچاوەکانی خۆی بۆ چێکردن و بەردەوامی بەخشین بە ئیگۆ بەکاردێنێ، ئیگۆ وەک سترۆکتۆرێکی نەگۆڕی کەسایەتی کە بەردەوام وەک وەهم دەمێنێتەوە. کاتێک سارتێر دەڵی مرۆڤ بریتییە لە مەیلێکی بێهوودە هەر مەبەستی ئەمەیە، یان بە شێوەیەکی باشتر بیڵێین: هەوڵێکی بێهوودە.

ئیگۆ هەروەها سیستمێکە لە ئایدیاکان و، لە ئەزموونەکانی رابردوو کە بە شێویەکی تایبەت تەفسیردەکرێن، هەروەها سیستمێکە لە پرۆژەکردارییە ناوشیارییەکان. ئەم سیستمە دەتوانێ: یەکەم، کەم تا زۆر کاتێک ئێمە خۆمان بەکەم دەگرین و مانایەک لەسەر خۆمان نابینینەوە، بەربەژیان بگرێ؛ دووهەم، کەم تا زۆر کفایەت دەکا، کەمتر کفایەت دەکا کاتێک حەز، ئاوات و ئامانجەکانمان لە ئاستێکی کەمدا لەگەڵ ئەو کەسایەتییە دێنەوە وا ئێمە سەبارەت بەخۆمان هەمانە؛ سێهەم، کەم تا زۆر سەختگیرە، سەختگیرترن کاتێک لەسەر بنەمای کردارە دووپاتکراوە و قایمترەکان چێکرابن وەها کە هەتا لەگەڵ کەسایەتی ئێمەدا نەکەونە کێشەوە کەمتر هەست بە کەم و کورتیان دەکەین.

ئیگۆ سیستمێکی سەرچاوەیە و بەگوێرەی رێگای خۆمان دیاریدەکەین. ئەگەر من خۆم وەک کەسێکی لاواز، بێ پەنا و ترسنۆک هەست پێبکەم، دونیا لەبەر چاوم بەهێز و پڕ لەهەڕەشە دەنوێنێ. ئەگەر من خۆم وەک کەسێکی چالاک و داهێنەر ببینم جیهان بۆ من دەبێ بە دەرفەت و بە رێگرەکان. ئێمە جیهانی دەورووبەری خۆمان وەک بینایەک دەبینین کە لەسەر ئەم سیستمە چێکراوە. کەسی لاواز و ترسنۆک رەنگە هاوڕێیەکی یەرمەرتیدەر پەیدا بکا، لە خانوویەکدا دوور لە دراوسێکانی بژیت و کارێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە بە بەرپرسایەتی و ریسکی کەمترەوە. کەسی سەرقاڵ تۆڕێک لە هاوڕێ بە دەوری خۆیدا دروستدەکا کە دەتوانێ یارمەتیان بدا، ئۆتۆمبیلێکی کۆنی هەبێ بۆ تەعمیرکردن و، دۆخێک بۆ خۆی چێ بکا کە هەست بکا تێیدا دەتوانێ زۆر شت راستبکاتەوە. کەسی لاواز دەتوانێ لەخۆی وێنایەک دروستبکا وەک کەسێکی بەردەوام شکست خواردوو لە کارەکانیدا، یاخود وەک کەسێک لە خۆی بڕوانێ کە لەلایەن کەسانی ترەوە گوشاری سەردەخرێ و هەر ئەوانیش بە هۆکاری شکستی خۆی دەزانێ. جاروبار دەتوانێ وەهایش بێت کە کەسی لاواز بەشوێن ئەو دۆخە لاوازانەویە بۆ ئەوەی مۆرکی لاوازیی خۆی تیا دەستەبەربکا. کەسی لەڕادەبەدەر خۆبەگرینگ زانیش دەتوانێ ببێ بە بەڕێوەبەری ئۆرگانێک، یاخود دەوڵەتێک کە ئەمەیش بەمانای پەرەسەندنی ئیگۆکەیەتی. کەسی دیکتاتۆر لە خەڵکی وەک موڵکی شەخسیی خۆی دەڕوانێ و، لەگەڵ ئەو خەڵکەی بە هی خۆی دەزانێ هەست بە ئازار و سەرکەوتن دەکا. سارتێر دەڵێ چونکە خانووەکە قورسە قورسایی دەبەخشێتە خاوەنەکەی. بۆیە ئیگۆ لەناو ئەو دۆخی ژیانەی کەسەکە بۆخۆی دروستیدەکا، بەهێزتر دەبێتەوە.

کاتێک ئیگۆ لە لایەن بونیاتی خۆبەخۆی ئێمە دەکەوێتە بەرهەڕەشە، بەشێوەی بەردەوام لە دونیای دەورووبەرماندا لەدووی ئەو شوێنە مەحکەمانەیە وا دەتوانین دەستیان پێوەبگرین. ئەمە دەتوانێ لە شێوازی ئەو کردارە زۆر دووپاتکراوانە بێت کە خۆیان لە فۆڕمی کردەی زۆرەملیدا نیشاندەدەن. بەڵام دەتوانێ لە شێوازی نیازێکی بەهێز بۆ شوێنە تایبەتییەکانیش خۆیان نیشان بدەن. بەپێچەوانەوە مرۆڤ لەو دۆخانەدا هەست بە دڵەڕاوکێ دەکا کە کەمتر یارمەتیی دەرەکی بەردەکەوێ و، مرۆڤ هەوڵدەدا خۆی لەوەها دۆخگەلێک بپارێزێ، بۆ وێنە لە فوبیادا. لە پێوەندیی ئاڵۆزی نێوان خۆبەخۆیی دەروونی، سترۆکتۆری ئیگۆی هەر مرۆڤێک و سەرچاوە دەرەکییەکانی ئیگۆدایە کە نیشانە تایبەت و بەڕواڵەت تەواو ئاقڵانەکانی دڵەڕاوکێ دەتوانن دەرکەون.

لەم کارتێکەرییە دوولایەنەی نێوان ئیگۆ و دەورووبەر، شتە دەرەکییەکان بە شێوەی سەربەخۆ لە کارکردیان، بایەخە سیمولییەکان وەردەگرن. جل و بەرگ، خانوو و ئۆتۆمبیل ئەو شتانەن زۆربەی کات خاوەن توانایەکی سیمبولیانەی بەهێزن. ئەو مرۆڤەی کاری باشی خۆی لەدەستدەدا و داهاتی دادەبەزێ، رەنگە ئەمە شکستێکی گەورەبێ بۆی کە ئۆتۆمبیلێکی هەرزانتر بکڕێ ئەگەرچی هەر ئەم ئۆتۆمبیلەیش بەهەمان شێوازی ئۆتۆمبیلەکەی پێشوو دەتوانێ نیازی ئەو بۆ هاتووچۆ دابین بکات. خانوویەکی گەورە دانپیانانی هەندێ ئیگۆیە؛ وەها خانوویەک نیشاندەری ئاسایش، خۆشگوزەرانی و دابینبوونە. بەڵام بۆ هەندێ کەسی تر کە بۆ وێنە وێنای خۆی لەسەر هاووڵاتیبوونی جیهانی دامەزراندووە، واتە کەسێک کە زۆر سەفەردەکا و کەمتر خۆی بە کۆمەڵگایەکی لوکاڵییەوە گرێداوە، هەبوونی وەها خانوویەک دەتوانێ شتێکی باش نەبێ چونکە لە دەرفەتی ئەو بۆ گەڕان دادەبەزێنی. یان رەنگە مرۆڤ ئەگەرچی لیستێکی لە شتە دڵخوازەکانی تر هەیە، بەڵام دەبێ داوای لێبوردنیش بکا لەسەر ئەوەی خاوەنی زۆر شتیشە. بۆ زۆر گەنجی ئەم سەردەمە هەبوونی موبایل بەمانای قورسایی بەخشینە بە کەسایەتییان، چونکە وەها ئامرازێک پێوەندییان بۆ چێدەکا.

ئێمە ئەوەین وا لە چاوی خەڵکی تردا هەین. لە سەردەمی منداڵییەوە ئەوە رووانینی خەڵکی ترە وێنای ئێمە لەسەر خۆمان دروستدەکا، دیارە بە خوێندنەوەی تایبەت بە خۆمانەوە. بۆ نموونە خوێندنەوەی خۆمان دیاری دەکا کام کەسانە لەدەرەوەی ئێمە خاوەن مانان. ئێمە زۆر خێرا دەگەینە ئەو تەمەنەی قسەباشەکانی ئەو کەسانەی وا بە هەندیان وەرناگرین و لامان گرینگیان نیە، رەدبکەینەوە.

کاتێک خودی سیمبولە دەرەکییەکانی ئێمە لە کاردانەوە لە دژی پەیمانە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو کەسانەی لەدژیانین دروستدەبن، دەکەوینە پەیوەندیی لەگەڵیان. چونکە ئێمە گرفتاردەبین لە کایەیەکی دوولایەنەی ئاڵۆز لەگەڵ کۆمەڵگای دەورووبەرماندا، کایەیەک کە کۆنترۆڵێکی تەواومان بەسەریدا نیە؛ هەروەها ئایدیا و نمونەی کۆمەڵایەتیش هەن کە دەبنە هۆی دڵەڕاوکێ.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ego

گەڕان بۆ بابەت