ما 2882 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئاگۆرافۆبی. نموونەیەکی تر دەتوانێ ئاگۆرافۆبی بێت کە گرێدەخواتەوە بە دڵەڕاوکێ بۆ شوێنە کراوە یاخود داخراوەکان. شوێن دەتوانێ بەئاسانی هۆکاری دڵەڕاوکێ هەبێت، چونکە شوێن خۆی لە خۆیدا 'هیچ' (یاخود 'نەبوون'ێکی) فیزیکییە و، مەرجێکی فیزیکیشە بۆ ئازادی، دیسان لەبەر ئەوەی مرۆڤ پێویستی بە شوێنە بۆ ئەوەی بتوانێ ئازادانە تیایا بجوڵێ.

٩. نموونەکان

نموونەکان لە ژیانی رۆژانەدا: (١) نموونەیەک بریتییە لە لێدانی دڵ کاتێک زۆربەی خەڵک لە دەرگایەک دەدەن. لێرەدا مرۆڤ دۆخێکی کراوە و نادڵنیای خوڵقاندووە و، دەبێ دەرەقەتی بێت. لە پشت لێدانی دەرگا حەزی گەیشتن بە شتێک واتە مەبەستێک راوەستاوە،. ئەم نادڵنیاییە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ نەتوانێ وەک دۆخی ئاسایی پێش بینی خۆی بکا ـ ئەوەی کە چلۆن دەتوانێ بەرەوڕووی دۆخەکە بێتەوە و بەسەریدا زاڵبێ. بەڵام هەر کە گفتوگۆکە دەستپێدەکا دڵەڕاوکێکە کەمدەبێتەوە، لەبەر ئەوەی مرۆ هەستدەکا "گەیشتووەتە" پێوەندێکی گفتوگۆیانە و، ئیدی دۆخەکە پێش بینی کراوەو خراوەتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە. (٢) نموونەیەکی تر دەتوانێ تاقیکاری ئەعساب بێ لەکاتی تاقیکاریدا و بەم هۆیەوە کەسەکە وەها سڕدەبێ کە چیتر ناتوانێ لەسەر بابەتەکە خۆی کۆبکاتەوە. دیارە ئەمە دەتوانێ جیاواز بێت لەوەی کە داخۆ کەسەکە هۆکارێکی راستەقینەی بۆ ترس هەیە یان نا. ئێمە دەتوانین بە شێوەی ئاقڵانە بیر لەوە بکەینەوە کەسەکە خاوەن زانیاریی پێویستە (یاخود خاوەن زانیاریی پێویست نیە) و، ئاکامی تاقیکارییەکە لەراستیدا پێوەندی بەم تواناوە هەیە. ئەرکی کەسەکە ئەوەیە کەڵک لە زانیارییەکانی خۆی وەربگرێ و وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە. بەڵام بە کردەوە دەزانین لێرەدا فەزایەکی گەورە بۆ ئازادی هەیە. مرۆڤ دەبێ لە پرسیارەکان بگا، لێکیانبداتەوە و بەشێوەی دروست وەڵامەکان رێکبخات. ئەوسا دەرفەتە خۆبەخۆکان دەردەکەون ـ داخۆ دەترسم یان نا؟ لێرەدا شوێن بۆ دڵەڕاوکێ هەیە و، بێگومان دەرفەت هەیە بۆ دڵەڕاوکێیەکی تر کە بریتییە لە ترس رێک لە کاتی تاقیکراییەکەدا، ترس لەوەی کە داخۆ دەتوانم دەرەقەتی تاقیکاری لەبواری ئەعسابی خۆمدا بێم یان نا. داخۆ دەتوانم بەسەر ئەم دڵەڕاوکێیەدا زاڵ بم یان نا. (٣) ئەگەرچی مرۆڤ خاوەن فوبیای راستەوخۆ نیە، بەڵام زۆربەی مرۆڤەکان خاوەن هەندی بوارن کە خۆیانی لێدەبوێرن چونکە ئەم بوارانە (یاخود شوێنانە) لەگەڵ خۆیان دڵەڕاوکێ دێنن. مرۆڤ لەجیاتی ئەوەی زەنگبدات نامە دەنووسێ، چونکە لای وایە زەنگلێدان وەک کوتانی دەرگاکە دڵەڕاوکێ دێنێ. یاخود زەنگلێدانەکە دووادەخا. مرۆڤ ئۆتۆمبیلەکەی خۆی لای شرکەتێک بە نرخێکی کەمتر دەفرۆشێ بۆ ئەوەی خۆی لە دڵەڕاوکێی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی بپارێزێ. مرۆڤ خۆی لە گۆڕینی کار، گواستنەوە یاخود جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی سەرەڕای دۆخی نالەباری ژیانی دەپارێزێ، چونکە ئەمانە لەگەڵ خۆیان دڵەراوکێ دێنن. زۆرکەس ژیانی هاوبەشی ناخۆشی خۆیان پاراستووە بەس لەبەر خۆپاراستن لە دڵەڕاوکێی جیابوونەوە. ئەمە دەتوانێ ترسناک بێت لەبەر ئەوە مرۆڤ دەبێ بە پێوەندی خۆی لەگەڵ ئەو کەسەدا بچێتەوە کە لێی دەترسێ و خاڵە لاوازەکانی ئەم دەناسێ. زۆربەی هاوڕێیەتییەکان و خۆشەویستیەکان لەسەر خۆپاراستن لە دڵەراوکێ راوەستاون. لە کاتێکدا چاوپێکەوتنی نێوان کچان و کوڕان دەتوانێ ئاسانتر هۆکاری دڵەڕاوکێ بێ.

نموونە: دڵەڕاوکێی ترسی لەرادەبەدەر. کەسێک بە ناوی 'ئا' خاوەن دۆخ و ناووناوبانگ و داهاتێکی باشە. ئەم کەسە تەنیایە، بەڵام هەستدەکا لەبواری پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا کێشەی نیە. 'ئا' دەتوانێ کاسبکارێکی خاوەن شرکەتێک بێت کە وەرشکست دەبێ، یاخود مرۆڤێک بێت خاوەن پێگەی گرینگی بەڕێوەبەری و کارەکەی لەدەستدەدا. 'ئا' لێرەدا دۆخەکەی دەگۆڕدرێ و ئەو پێگەی جارانی نامێنێ و دەبێ بە کەسێکی بێکاری بێ داهات. بۆیە هەموو ئەو سەرچاوانەی ئەو بە دەوری خۆیدا بۆ پێگەیاندنی کەسایەتی خۆی دروستی کردبوون، دەڕوخێن. ئیستا لە راستیدا ئەو کێیە؟ لە پێوەندی لەگەڵ ژناندا ئەم کێشەیە تایبەتیترە. 'ئا' دەبینێ گەر روو بکاتە ژنان بۆ ئەوەی پێوەنێک درووست بکات، هەر کە ژنەکان دەزانن ئەو کار و داهاتی نیە و وەرشکست بووە، دەستبەجێ لێی دەتەکێنەوە. لێرەدا 'ئا' بەتووش دڵەڕاوکێی ترسی لەڕادەبەدەرەوە دەبێ. ئەو قەت لەپێش لەدەستدانی کارەکەی وەها شتێکی ئەزموون نەکردبوو. دڵەڕاوکێ هەروەها لەو دۆخانەدا سەرهەڵدەدا کە هەستی کەسایەتی دەکەوێتە مەترسییەوە. حەزی جنسی دەتوانێ یەکێک لەو هۆکارانە بێت.

نموونە: ئاگۆرافۆبی. نموونەیەکی تر دەتوانێ ئاگۆرافۆبی بێت کە گرێدەخواتەوە بە دڵەڕاوکێ بۆ شوێنە کراوە یاخود داخراوەکان. شوێن دەتوانێ بەئاسانی هۆکاری دڵەڕاوکێ هەبێت، چونکە شوێن خۆی لە خۆیدا 'هیچ' (یاخود 'نەبوون'ێکی) فیزیکییە و، مەرجێکی فیزیکیشە بۆ ئازادی، دیسان لەبەر ئەوەی مرۆڤ پێویستی بە شوێنە بۆ ئەوەی بتوانێ ئازادانە تیایا بجوڵێ. بنەڕەتیترین سەرچاوە دەرەکییەکانی ئێمە پێوەندییان بەو ئاراستانەوە هەیە وا لە ناو شوێندان. ئێمە خاوەن شوێنێکی راوەستانی قایمین لە ژێر قاچەکانماندا کاتێک لەسەر زەوی راوەستاوین، زەوی و هێزی راکێشانی زەوی لەوێن. لە سەرووی رووبەری زەوی و لەو دیمەنەی ئێمە لە رووبەڕووی خۆماندا هەمانە، شوێنی خاڵی خۆیمان بۆ دەکاتەوە، ئەو شوێنەی ئێمە دەتوانین تیایا ببزوێین. ئەمانە ئەو پنتانەن ئێمە دەتوانین بەگوێرەیان ئاراستەی خۆمان دیاریبکەین. زەوی، بەرزاییەکان، درەختەکان، خانووەکان و هتد، سیستمێک لە سەرچاوەکانن ئێمە دەتوانین بەگوێرەیان ئاراستەی خۆمان دەستنیشان بکەین. ئەم سەرچاوانە ئەو دەرفەتەمان دەدەنێ لەبەرامبەر هەستی 'هیچیەتی' یان 'نەبوون'ی راوەستین وا شوێنی بەتاڵ پێماندەبەخشێ. ئەمە هاوکات وێنەی دەرەکیی سترۆکتۆری ئیگۆیە کە دەرفەتی جووڵەیەکی دەروونیی بیرمەندانەمان لە بەستێنی سترۆکتۆرێکی بێ جووڵەدا پێدەبەخشێ. بۆیە زەوی و شوێن خاوەن کارکردێکی سیمبولیانەن ئێمە ناتوانین خۆیان لە دەربازکەین. بۆیە بەئاسانی دەتوانین بڵێین دڵەڕاوکێ دەتوانێ پێوەندی بە دۆخی شوێنەوە هەبێ.

'ب' کە نەخۆشێکی دڵەڕاوکێیە سەبارەت بە تێپەڕینی لە شەقامێکدا باس لە ئەزموونێکی خۆی دەکا: خانووەکان... لەوەدەچوون داخرابن، وەک بڵێی هەموو پەنجەرەکان پێوەدرابن، ئەگەرچی ئەو دەیتوانی بیبینێ وەها وانیە. ئەو ئەوانی وەک قەڵاداخراوەکان دەهاتەبەرچاو. کاتێک دەیڕوانی دەڵێی خانووەکان بەسەر شەقامەکەدا خوارببوونەوە، وەها کە هێڵی نێوان بانەکانیان لە خودی ئەو شەقامەی ئەو بەسەریدا دەڕۆیشت باریکتر دەینواند. لە سەر چوارڕیانەکە بەتووش پانتاییەکی قووڵەوە دەبێ کە پانتر بوو لە مەودای شەقامەکە. ئەو دڵنیابوو لەوەی ناتوانێ لێیەوە تێپەڕێ. هەستی کرد تاقە تاقیکردنەوەیەکیش چیە ئەو بەرەو هەستێکی بەتاڵ راپێچدەکا، لایوابوو قاچەکانی یارمەتیی نادەن. لە پیش هەر شتێکدا مەوداکە بوو ئەوی دەترسان. [Rollo May s. 4]

لەم ئەزموونەدا دەتوانین سەرنجی دووشت بدەین. یەکەم، شوێنی بەتاڵ و پانتایی کراوە و ئەو دڵەڕاوکێیەی بەم هۆیەوە بەتووشیەوە دەبێ، کە بە گوێرەی تیۆری دڵەڕاوکێی وجوودیی دەتوانین لێی تێبگەین. بەڵام هاوکات ئەوەیش سەرنجمان رادەکێشێ کە دونیای واقع لە گۆڕانێکی ناواقعیدا خۆی دەنوێنێ. وە لێرەدا 'نەخۆشییەک' لە ئەزموونەکەدا دەبینرێ. ئێمە دەبێ لەمە وەک رەنگدانەوەیەک تێبگەین، رەنگدانەوەیەکی دەرەکی لە دۆخێکی دەروونی. ئەمە لەپێوەندی لەگەڵ ئەو تیۆرەی باسمان لێکرد رەنگدانەوەی ئیگۆیەکی 'تەنگ پێهەڵچنراو' و 'داخراوە' کە ناتوانێ لە 'پانتایی کراوەی' بەردەمی خۆی بگا.

نموونە: ئەم نموونەیە لە رۆژنامەیەکی چەند ساڵ لەوەپێش وەرگیراوە کە تێیدا قوتابییەک بە ناو و وێنەی خۆیەوە باس لە دڵەڕاوکێی خۆی دەکا، بەڵام لێرەدا ئێمە لە ناوێکی تر کەڵک وەردەگرین و پێی دەڵێن 'ئینگر'. ئینگر دوو ساڵ بەتووش ئەم حاڵەتەوە بوو و رۆژبەڕۆژ دڵەڕاوکێ زیاتر ئازاری دەدا. ئەو وەسفی دڵەڕاوکێی دەکرد وەک ترسێکی بەردەوام کە لە دنەدەرە خۆبەخۆییەکانەوە دەهات. ئەو لە ژنێکی پیر و سەگە تووکنەکەی دەترسا، ئەو لەوە دەترسا هەم ژنەکە و هەم سەگەکەی بکوژێ. بۆیە یەکجار لەوە دەترسا لێیان نزیک بکەوێتەوە. لە تراموادا بیری لەوە دەکردەوە ترامواکە خراپ بکا و موسافیرەکانیش بریندار. بۆیە چیتر سواری تراموا نەبوو، بەڵام لە جیاتی ئەمە بە پێ دەچوو بۆ زانکۆ و دوو سەعاتی دەخایاند. لە کۆتاییدا بۆ زانکۆیش نەچوو و لە ئاپارتمانەکەیدا خۆی زیندانی کرد. ئینگر دەگێڕێتەوە: "لەو دۆخانەیدا لەگەڵ کەسانی تر بووم هێرشی دڵەڕاوکێ دەستی پێدەکرد. لەسەر کلاس، لەناو تراموا یاخود لە ریزی بانکدا. لە ناو ریزی بانکدا دەمتوانی بلەرزم و بیرە ناخۆشەکان رووم تێبکەن. بیرم دەکردەوە بڵێی من شتێکی تر بکەم واوەتر لەوەی ژنی کارمەندی بانکەکە چاوەڕوانیم لێدەکا؟ بڵێی دەستبکەم بە قیژە و هاوار و، هێرشی بکەمەسەر؟ دەتوانرا بیرە پووچەکان رووم تێبکەن لە کاتێکدا هاوکات لەوەیش دەترسام بەتووش ترسی لەڕادەبەدەرەوە بم."

لێرە لە 'ئینگر'دا ترس لە دنەدەرێکی خۆبەخۆیی دەبینین کە لە نموونەکەی سارتێردا هەیە کاتێک باس لە ژنێکی تازە شووکردوو دەکا لەوە دەترسێ دەستبکا بە لەشفرۆشی. بەڵام بۆ ئینگر ئەوە توندوتیژییە ترسناکە نەک سێکسواڵیتە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫وحشت‬‎

گەڕان بۆ بابەت