ما 1897 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

شاهۆ حەسەنپوور

لە خوێندنەوەی چالاکدا خوێنەر ئاگای لە تێم و ئامانجەکانی نووسەر هەیە و دەتوانێ کرۆکی بۆچوون و پەیامەکانی دەق لای خۆی گەڵاڵە بکات. دەکرێ ئەوەش زیاد بکەین کە خوێنەری چالاک خوێنەرێک نیە کە بە سەر بەسەرهات و نێوەرۆکەکان دا تێپەڕێ، بەڵکوو ئەم خوێنەرە زۆرتر هەوڵی رۆچوونە خوار دەدات.

خوێندنەوەی چالاک  خوێنەری چالاک بەرهەم دێنێت

شاهۆ حەسەنپوور

تەوەری باسی ئەم وتارە خوێندنەوە و خوێنەری چالاکە. خوێنەری چالاک کێیە و چۆن دەتوانین خویندنەوە چالاک بکەین؟ ئەم دووپرسیارە دەکەینە هەوێنی ئەم باسە.

ئەگەر پێناسەیەکی کورت بۆ خوێندەوەی چالاک بکەین، دەکرێ بڵێین ئەو جۆرە لە خوێندنەوەیە کە خوێنەر ڕەخنەگرانە دەقیک تاووتوێ دەکا و پێوەندی لە گەڵ دەق درووست دەکات.  لە خوێندنەوەی چالاکدا خوێنەر ئاگای لە تێم و ئامانجەکانی نووسەر هەیە و دەتوانێ کرۆکی بۆچوون و پەیامەکانی دەق لای خۆی گەڵاڵە بکات. دەکرێ ئەوەش زیاد بکەین کە خوێنەری چالاک خوێنەرێک نیە کە بە سەر بەسەرهات و نێوەرۆکەکان دا تێپەڕێ، بەڵکوو ئەم خوێنەرە زۆرتر هەوڵی رۆچوونە خوار دەدات. رۆچنە کردن بۆ دیاردە فرە رەهەندەکان، بەستێن و مەودای تێگەیشتن دەبەنە سەر. دەستەواژەیەکی بە نێوبانگ هەیە کە لێکۆڵەرانی بواری خوێندنەوە زۆر ئاماژەی پێدەکەن کە دەڵێ: " خویندنەوە یانی بیرکردنەوە." کەواتە چالاکانە کار کردن بە مانای ئەکتیڤ کردنی خوێندنەوە و خوێنەرە. بە پێچەوانەی خوێندنەوەی چالاک، خوێندنەوەی ناچالاک جۆرێک لە خوێندەوەیە کە خوێنەر بۆ کات بە سەر بردن دەخوێنێتەوە و مەرج نیە بەو جۆرەی کە دەبێ پێوەندی دەگەڵ دەق درووست بکات.

بەڵام چۆن دەکرێ خوێندنەوە چالاک بکرێت؟ پێشەکی دەمەوێ جەخت بکەمە کاتێ کەسێک دەخوێنێتەوە ئەوە بە مانایە نیە کە ئەم کەسە راستەو خۆ ناچالاکە یان چالاکە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دەق ئەوەیە کە هەوڵدەدا خوێنەر بۆ لای خوی رابکێشیت. دیارە ئەوەش باش دەزانین کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی دەقەکان ئەوەشە کە ئەوان پڕن لە گرێ و بۆ کردنەوەیان پێویستمان بە کەرسەکانی کردنەوەی گرێکانە. لە رێگای چلاک کردنی خوێندنەوەوە ئێمە ئەو هەلەمان بۆ دەرەخسێ کە سەر بە کونو کەلەبەرەکانی دەقەکاندا بکەین.

 

گفتوگۆکردن لە سەر پرسیارەکانی دەق

وەک دەزانین هەر دەقێک چەندین پرسیار لە خۆی دەگرێت. بەشێک لەم پرسیارانە راستەو خۆ لە دەقەکەدا هەن و بەشیکی دیکەیان لە دەقەکەدا شاراوەن. وەک دەستپێکیک بۆ باس و دوان لە سەر دەقەکان پێویستە ئێمە ئەم پرسیارانە بێنینە سەر کاغەز (بەشێک لەم پرسیارانە لە کۆتای ئەم وتارەدا هاتوون). دوای ئامادەکردنی پرسیارەکان بە پێی ئامانجەکان بۆ خوێندنەوە دەکرێ ئەو پرسیارانەی مەبەستمانن جیا بکەینەوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە دیاری کردنی ئامانجی باسەکەمانە. لەوانەیە من وەک مامۆستا مەبەستم بێ کە خوێنەرەکان زانیاریی بگۆرنەوە لە سەر ئەو کتێبانەی کە خوێندویاننەوە. لە باسێکی وا دا چەند پرسیارێک گرینگن، بۆ نموونە گێرانەوەی کورتەیەک لە کتێبەکە و ئەوەی کە خوێنەر هەوڵ بدا پێشنیاری کتێب بە کەسانی دیکە بکات. لەم جۆرە باسەدا پێویست نیە ئێمە بچینە ناو وردەکارییەکانەوە. ئامانجێکی دیکەی خوێندنەوە دەتوانێ ئەوە بێ کار لە سەر تێکنیک و سیمبوولەکانی دەقێک بکەین. بۆ ئەم باسەمان پلانێکی دیکەمان گەرەکە. ئامانجی خوێندنەوە دەکرێ بە پێی تێم و نێوەرۆکی کتێبەکان هەڵبژێردرێت. بۆ نموونە شەڕ، خۆشەویستی، یەکترئازاری، منداڵئازاری، بابەتی جیندەر و هەتا دوایی.

 

چەند تێبینییەک

  • پێویست ناکا ئەم پرسیارانە بە ریز لە قوتابی بکرێن.
  • بۆ ئەوەی راوێژەکەمان فۆرمێکی وشک و کڵێشەیی نەبێ نابێ بە هیچ جۆرێک لە دەرسوتنەوە نەریتییەکان بچێت.
  • زۆر جار گرینگە کە مامۆستا کتێبەکەی خوێندبێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین لاینێکی بەشدار بێت لەم گفتوگۆیەدا.
  • لە بیرمان نەچێت کرۆکی ئەم پرسیارانە گرینگن و دەتوانن گۆرانکاری لە شێوەی کردنی پرسیارەکان بکەین بۆ ئەوەی شێوەیەکی سرووشتی و خۆماڵییانە بدەین بە گفتوگۆکە.
  • کۆری گفتوگۆ و دانیشتن دەبێ تایبەتمەندییەکانی شوێنی گفتوگۆی هەبێ، بۆ وینە ئارام بیت، شوێنی دانیشتن گونجاو بێ، جۆری دانیشتن بازنەیی بێ و هەتا دوایی.
  • لە دەقی ئەدەبیدا (و زۆر بابەتی دیکەشدا) وەڵامی راست و هەڵە بوونی نیە و ئەوەی گرینگە دەربڕینە نەک کۆنترۆڵ. خۆ لە کۆنترۆڵکردن و سەپاندنی باوەڕی خۆتان ببوێرن.
  • ئەم پرسیارانە دەکرێت بکرێن بە کارت و وەک یارییەک بە کاریان بێنین (لەم وتارەدا نموونەیەکم داناوە). بە پێی ئەو مەبەستەی بۆ گفتوگۆ دیاری دەکەین دەتوانین ئەو پرسیارانە بکەین کە ئامانج و مەبەستەکەمان دەپێکێت.
  • لایەنی گفتوگۆ دەبێ دەستیان ئاواڵە بێ کە پرسیاری دیکە چێبکەن. ئەم پرسیارانە دەکرێ وەک دەستپێک هەمان بن. بە ئەزموون بۆمان دەرکەوتووە کە پرسیار، پرسیار بەدوای خۆیدا دێنێ و ئەوە بیرۆکەکان و بیروراکانی ئێمەیە ئاراستە دەدا بە گفتوگۆکانمان.

پرسیارەکان

 

  • کچەکان/کورەکان چۆنن لە کتێبەکەدا؟چی دەکەن؟ چ رۆلێکیان هەیە؟ هەڵسووکەوتیان چۆنە،...
  • کچەکان زۆرترن یان کوڕەکان؟
  • کتێبەکە بۆ خوێندنەوە بە دەنگ و بۆ گرووپ دەبێت، یان ئەوەی ئەم کتێبە زۆرتر گونجاوە کە تاک بۆخۆی بیخوێنێتەوە؟ داکۆکی لە راکەت بکە.
  • کەسێک هەیە لەم کتێبەدا کە تۆ خۆشت نەوێ؟ ئەو کەسە کێێە ولە بەر چی خۆشت ناوێت؟
  • بۆچوونت سەبارەت بە ناوی کتێبەکە چییە؟ لە رێگای ناوی کتێبەکەوە چت بۆ دەردەکەوێ یان روون دەبێتەوە؟
  • بەرگی کتێبەکە دەگەڵ ناوەرۆک پێوەندیی هەیە و دەگونجێت؟
  • کتێبەکە چ جۆرە کتێبێکە؟ فانتازییە/خۆش و سەرنج راکێشە/خەمهێەرە، ... ؟
  • بەرای تۆ ئەم کتێبە بۆ درووست کردنی فیلم دەبێت؟ ئەگەر دەبێ بۆچی دەبێت؟ ئەگەر نابێ، بۆچی نابێت؟
  • ئەگەر بێت و ئەم کتێبە پێشنیار بکەی بۆ خوێندنەوە دوو هۆکار بێنەوە و هەروەها بە پێچەوانەشەوە ئەگەر پێشنیاری ناکەیت بۆ خوێندنەوە پێمان بڵێ بۆ؟
  • باسی روداوێکی (یان چەند رووداوێکی) گرینگ بکە لە کتێبەکەدا؟
  • ژینگەی روودانی رووداوەکان کوێێە، باسی بکە؟
  • کتێبەکە ئەو کتێبە بوو کە تۆ چاوەرێت دەکرد؟ باسی بکە.
  • حەز دەکەیت کامە لە کەسەکانی ناو کتێبەکە بی؟ هۆکارەکەیمان پێ بڵێ.
  • بە وردی باسی کەسە سەرەکیی یان کارەکتەرەکانی کتێبەکە بکە؟
  • ئەگەر کۆتای چیرۆکەکە/کتێبەکە بە جۆرێکی دیکە بایە، ئەم کۆتاییە چۆن دەبوو؟
  • کێ رووداوەکانی ئەم کتێبە دەگێرێتەوە؟
  • رەوتی روودانی رووداوەکان بە ریز و یەک بەدوای یەکدا دێ (chronology) یان رووداوەکان پاش و پێش کراون.
  • گەورەساڵ لە کتێبەکەدا هەن؟ ئەگەر هەیە باسیان بکە؟ چۆنن؟ رۆڵیان چیە؟
  • دەستپێکی کتێبەکە چۆنە؟
  • بە یەک رستە باسی کتێبەکە بکە؟
  • کتێبێکی دیکەت لە هەمان نووسەر خوێندۆتەوە؟ ئەگەر خوێندوتەوە ناوی کتێبەکە چییە و

باسی ناوەرۆکی کتێبەکە بکە، لێکچوونێک لە نێوان کتێبەکاندا هەیە؟ باسی بکە.

  • رووداوەکانی دووتوێ ئەم کتێبە بۆ چ سەردەمێک دەگەرێتەوە؟
  • نموونەیەک لە قسەی یەکێک لە کەسەکانی ناو کتێبەکە بێنەوە.
  • ئەم کتێبە ئاسان بوو؟ ئەگەر ئاسان بوو بۆچی؟ ئەگەر نا بۆچی؟
  • کتێبەکە کەی نووسراوە؟
  • کتێبەکە چۆن کۆتایی دێ؟
  • ئەگەر چاوت بە نووسەری کتێبەکە بکەوێ ، چ پرسیارێکی لێ دەکەی؟
  • چۆن بوو ئەم کتێبەت بۆ خوێندنەوە هەڵبژارد؟
  • ئەوەی لە کتێبەکە روودەدا دەکرێ لە ژیانی راستەقینەشدا رووبدا؟ وەڵامەکەت بسەلمێنە
  • بە پێنج رستە پەیامی کتێبەکە بگەیەنە.
  • کێ کەسی سەرەکی کتێبەکەیە؟ چ کەسانێکی دیکە لە کتێبەکە هەن؟
  • پرسیارێک لە یەکێک لە کەسەکانی ناو کتێبەکە بکە.
  • رات سەبارەت بە کۆتایی کتێبەکە چیە؟
  • کەسی سەرەکی بە پێنج وشە پێناسە بکە.
  • بۆخۆت ناوێک بۆ کتێبەکە دانێ و بۆمان باس بکە بۆ ئەو ناوەت بۆ دیاری کردووە.
  • کارەکتەر یان کەسانێکی ناو کتێبەکە لە کەسێک دەچن کە تۆ بیناسی ؟ و ئەو کەسە کێیە و بە چ شێوەیەک/ چۆن ئەو کەسەت بیردەخەنەوە؟
  • چ چاپخانەیەک کتێبەکەی چاپ کردووە؟
  • کەسی سەرەکی بۆی هەیە پێنج شت دەگەڵ خۆی بباتە دوورگەیەک، ئەم پێنج شتە چین و بۆچی ئەم شتانەی دەبێ پێبێت؟
  • کەی/ چ کاتێک کتێبەکە زۆر سەرنج راکێش بوو؟
  • باسی شوێنێکی گرینگی ناو کتێبەکە بکە.
  • ئەم کتێبە بۆ چ کەسانێک گونجاوە بۆ خوێندنەوە؟
  • کاتی روودانی رووداوەکانی چەند دەبێت؟ بۆ نموونە ساڵێکە، چەند رۆژێکە، ...
  • ئەگەر بۆت هبا یەک شت لە کتێبەکە/چیرۆکەکە بگۆری چیت دەگۆری؟
  • چ کتێبی دیکەت لەو جۆرە خوێندۆتەوە؟
  • رات سەبارەت بە دەستپێکی کتێبەکە چۆنە؟
  • کێ کتێبەکەی نووسیوە؟
  • ئەو رەمزانە چین کە دەتوانن بە جۆرێک رووداوەکانی کتێبەکەمان پێشان بدەن؟
  • ئەگەر کەسێک لە کتێبەکە بکەی بە هاورێی خۆت ئەوە کێێە و بۆ پێت خۆشە هاورێت بێت؟
  • کامە لە کەسەکانی ناو کتێبەکە خۆت وەبیر دێنێتەوە و بە چ شێوەیەک؟
  • ئەگەر بێت و رووداوەکان لە کات و سەردەمێکی دیکە روویاندابا چیرۆکەکە جیاواز دەبوو لەوەی کە ئێستا هەیە؟ چۆن؟

کارتی یاری خوێندنەوە لێرە دابەزێنە

 

 Bilderesultat for aktiv leseren

 

گەڕان بۆ بابەت