رەسوڵ سەفەریانی

نامەوێت لەم جیھانە بێ وەرزەدا بمێنمەوە. لێرە تەنیا لەسەر لاپەڕەکانی تەقویمی نێو ئامێرە چاودێرەکان وەرز ئەبیت. ئیتر لێرە تەنیا رۆژمێرە دیاری دەکات ئێستا کەیە و ئەبێ من لەکوێ بم و ئیشم چی بێت. لێرە خەو نایێت بۆ چاو، چاو بە بینینی کاژێرەکە دەڕۆا بۆ خەو. پێش ئەوەی خەو چاو بەربدات بە زڕەی زەنگی ئامێرێک وەک کۆترێکی سرک دادەچڵەکێت و بە بێ ماڵئاوایی دەفڕێت و ئاوڕناداتەوە.

 

کاژێرەکان ئەمپیرێنن

 

رەسوڵ سەفەریانی

 

من نامەوێ لێرە بژیم لەم سەردەمی تەکنولۆژیا و کاژمێر و رۆژمێر و ساڵنامەدا. من نامەوێت ھەموو رۆژێک بە سەد بۆنەی جۆراوجۆرۆ بیرم بخەنۆ سالەکانی بەناو تەمەن تێپەربووی من چەندە دەبێت. من بێزارم لە تەقویم و ساڵژمێر و کاژێرەکان. من پیرئەکەن بە بێ ئەوەی ھەست بکەم ساڵەکان چۆن تێپەڕکران. ئەمپیرنن بە ژمارە و ئەمتاسێنن لە ھەست و سۆز. من نامەوێت لێرە بژیم  لەم سەردەمە دەسکردەدا کە ئامێرەکان پاسەوان و چاوەدێری گشت سات و کاتی ژینی منن. من بە مەیلی خۆم نەھاتووم بۆ ئەم ژارخانەی بە ناو ژینە. من بێ گوناە حەوادرام بۆ ئەم  ئاڵۆزکەدەی دووکەڵزەدەی تەماح و ماڵ.

دانیشتبووم بە بێ خەم و بێ رۆژژمێر و ساڵ و مانگ، لە بن رەشماڵێکی دەسکردی ساکار و جوان لە ھاوینێکی پڕ لە تاو و دار و بەر و میوەی بەتام، لە پڕ گیرام و حەوا درام  بۆ ئەم دەڤەرە  کە سەرپڕە لە ھەڵا و قرمە و ھەرا. من بێ گوناە دوورۆ خرام لە ئامێزی بە سۆزی ئەو. لەورۆژەوە نە ئارامی دەمناسێتۆ و نە ھەتاویش رووم پێئەدات. لەورۆژەوە ئیتر خۆمیش خۆم ناناسم، نامۆم لەخۆم. پەنجەکانم ھەر خەریکی ئەشکەنجەمن بە بێ ئەوەی چاوەکانم بیانبینێت، یا خۆ رەنگە خۆ گێل ئەکەن لە بینینی و ئێھمالی ئەکەن. لاقەکانم کە پێمدران بۆ رۆیشتن و بەرەپێش چوون، ئێستا ئیتر نەک ھەر نامبەن بۆ پێشەوە بەڵکو بەڵکو ھێندە دژی یەکن کە زۆر جاریش خۆ دەدەنە بەر یەکتر و یەکتر دەخەن. زبانیشم ھەر خەریکی نانوتکە و ھەڵبەستنی بوختانە بۆ ئەو دڵەم، دڵیش دەڵێی لە جیاتی خوێن رەشاوی نێو گونجەکانی ئەم شارەیە دەینێرێت بۆ ئەندامەکان. لەو رۆژەوە ھاتومەتە ئەم دەڤەرە، یەک تاکە وشەم بەم گوێیانەم نەبیستوە بیسەلمێنێت من زیندووم و ھێشتا ژیان لەلام ماوە. یەک شوێن نییە لە جەستەمدا دەمارەکان وەک خۆیان بن، وەکو پێشتر بە ھەناسەی وەرزەکانی ئەم سروشتە ببزوێن و رەنگ و تام و بۆنی ئەوان ھەست پێبکەن و بموەرزێنن.

 

من نامەوێت لەم جیھانە بێ وەرزەدا بمێنمەوە. لێرە تەنیا لەسەر لاپەڕەکانی تەقویمی نێو ئامێرە چاودێرەکان وەرز ئەبیت. ئیتر لێرە تەنیا رۆژمێرە دیاری دەکات ئێستا کەیە و ئەبێ من لەکوێ بم و ئیشم چی بێت. لێرە خەو نایێت بۆ چاو، چاو بە بینینی کاژێرەکە دەڕۆا بۆ خەو. پێش ئەوەی خەو چاو بەربدات بە زڕەی زەنگی ئامێرێک وەک کۆترێکی سرک دادەچڵەکێت و بە بێ ماڵئاوایی دەفڕێت و ئاوڕناداتەوە. بۆیە نامەویێت لێرە بژیم و بچمەوە بۆ ئەو دەورانەی کە ساڵەکان بە رۆژ و کاژێر و تەقویم نەدەژمێران، من سروشتی بووم و وەک دارێک یان رووەکێکی گەڕۆکی سروشتی دەژیام و گەشەم دەکرد و قەت لە چرکە و سەعات و رۆژ و تەنانەت مانگ و ساڵیش بیرم نەدەکردەوە. لە باوشی سروشتدا بە ئاوازی سروشت دەخەوتم و بە ھەناسەی سروشت وەک ھەموو گیا و گیانلەبەرێک ھەڵدەسام و دەژیام. دەژیام و پێوەرم بۆ  ژیانیش ھەر سروشتی بوو. ماڵ و خانووم لە قوڕ و بەرد و خشتی قوڕین ساز دەکرد و پێخەف و بژێویی و تەنانەت گەرما و فێنکایشیم لە سروشت وەردەگرت. سروشت فیری کردبووم کە تەنیا تا تێربوونی سکم بخۆم و پاشەکەوتم پێویست نەبوو بۆیە لە وایرۆسی تەماح نەگلابووم.

ئەو دەمانە لەگەڵ بەھار ھەناسەی سێحراوی وەرزەکە، سروشتی لە خەوێکی زستانی رادەژەند و لە رووبار و باخ و دەشت و سەحراوە ژیان دچۆڕی و منیش لەم شیلەی ژیانەم دەگرتە خۆم و، قۆڵی کار و کشت و کاڵم لی ھەڵدەماڵی و شان بە شانی وەرز دەکەوتمە گیانی عەرز. لەگەڵ ھاژەی رووبار گۆرانیم دەوت و بەدەم قەڵبەزەکانیەوە پێدەکەنین و بەھاری دەبوویم. ئا دروستە بەھاریێکی تەواو وەک سروشت. لە گەڵ خۆر ھەڵدەستام و تینم دەخوارد و گەڵام دەکرد و گوڵم دەدا و سەوزاییم لێ دەتکا.

خۆر سەری دەکرد و گوڵ دەبووە بەر و گیا مەیلەو زەردی دەکرد، منیش رەنگی سروشتم دەگرت و رەنگم دەگۆڕا و دەبوومە ھاوینی، وەھا ھاوینیێک کە دارو دەوەن لەخۆیانیان جیا نەدەکردمەوە و پەنجەکانم دەخستە سنگی بێسان و بە مێھرەبانی و بێ ئازاردان شەمامەکانیم دەگرت و لە لێوو قەیسییەکانی داریش ماچم وەردەگرت و گۆنای قۆخم دەمژی و زوڵفی خاو و  زەردی گەنم و جۆم شانە دەکرد. لە ھەر کوێ ماندویی بیگەستایەتم بێ سێ و دوو ھەر لەوێ، بن برد یان باخڵی گیا و بن دارێک، دەرمانی وەنەوزێکم لێدەدا و دەمبوژامەوە و رێگای رۆژم تا کۆتایی و ھاتنی ئاسمان و وریشەی ئەستێرەکانی شەو دەبڕی.

 

کە بۆنی ھەنار و سنجو نیشتە گوزەرەکانی بازار منیش  پڕ بە سییەکانم ھەڵمدەمژی، کە ھاواری گوێزی ئازا و خڕەی بادام سەرنجی مشتەری راکێشا وقەیسییەوشکە بە کۆگا لە سەر مجمعەی عەڵافەکان ھەڵدرایەوە، ئەوسا منیش لەگەڵ ھەر ھەناسەیێک رەنگم دەگۆڕاو، بە بینینی زەردە گەڵا و بیستنی خشەی گەڵا ئیشکەکانی بنداری بنار و باخ لە ژێر پێی رێبواران دا کە ئاوێتەی جریوە و گۆرانی باڵندە بە پۆلە کۆچەرییەکان دەبوو و موسیقا و سەمفۆنیای "پایز پائیزیان" دەژەند، منیش دەچومە دۆخی پاییزیم و پاییزی دەبووم و گۆرانی پاییزم دەچڕی و بە ھەموو خانەکان و شانەکانی لەشم پایزم ھەست دەکرد. ئەوسا نە کەس تەقویمی بوو و نە کەسیش  رۆژژمێر، تا باڵای پاییز بپێون. پایز ھەستێک بوو وەک بەھار و ھاوین و زستان. ھەستی پایزی پێی دەوتیت وەک مێرولە بە قەد وەرزێک لە سروشت بژێو وەلابخە، پاشان خۆم بۆ وەرزی سەھۆڵ و بەفر و سەرما تەیار دەکرد و لە پەنای کوورەی دار و بن کورسی خەلوزدا خۆم لە گەستنی سەرما و سەھۆڵ دەپاراست. سەرما تا پشت پەنجەرە و درگاکە دەھات و سەری بە دەلاقەکانەوە دەنا و جار و باریش لە درزی شوشەیێکەوە یا خۆ لە قەڵەشی درکا دارەکەوە دزەیان دەکردە ژورەکان بەڵام زەفەریان بە جەستەی  خزاوە ژێر کورسیەکانیان نەدەبرد. ئاسمان کراسێکی گوڵە بەڤریی بە باڵای دونیا دەبڕی تا گۆڤەند و شادی زستانەی نێو ماڵەکان  درێژی شەوانی وەرزە خەو ببڕێت. بە شەوچەرە و حەیران و گۆرەویبازی و پوزەوانە و کڵاوی دەسچن و راوەکەو دەچومە ناخی زستان و زستانیانە دەژیام و دەمزانی ئەوەندە زستانم دیوە  و ساڵە سەختە بەفراوییەکانیشم دەکردە دیاری بۆ وەبیرھێنانەوە  ساڵە تێپەڕ بووەکان و دەمگوت لە ساڵی بەفرە زۆرەکەوە. ئیتر رەقەم لەسەری نەبوو و ھەرکەسە و ژمارەیێکی بۆ دادەنا کە ھەر گرینگیش نەبوو.        

 Bilderesultat for ‫زمان‬‎