خەبات رەسوڵی

ڕەزا گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی و ئەم لە نێو ڕێستۆرانەکە لە گۆشەیەک دادەنیشێت. ڕەزا گوتی: دوو کاتژمێری دیکە کارەکەی تەواو دەبێ. ژنێکی نیوەڕووت لە سەر سێنی ڕیستۆرانەکە بە گۆرانییەکی فارسی سەما دەکات. گارسۆنێک دێت و لەسەر میزەکەی کاغەزێک ڕادەخات. دەپرسێ: ئەمە چیە؟ دەڵێ: میوانی ئاغا رەزای.

 

خەریکە تێتەو

 

خەبات ڕەسووڵی

١


نێو مێترۆکە چۆلە. بە هەموو واگۆنەکان کۆی کەیەوە بیست کەسی تێدا نییە. کۆتایی شەوە و لەم کاتەدا ئۆسلۆ وردە وردە خۆی بۆ خەوتن ئامادە دەکات. پیرێژنێکی سەرسوور سەگێکی بچووکی تووکنی سپی بە باوەشەوەیە و ڕێك سەیری ئەم دەکات. لە نیگاکانی پیرێژن ماندوو بووە. دەڵێ: سەگێکی جوانت هەیە. پیرێژنەکە پێدەکەنێ و دەڵێ: جوانە. دواتر بە دەنگێکی بڕێک نەوی دەڵێ: بەڵام خوویەکی خراپی هەیە. کنجکۆڵ دەبێ بزانێ ئەم سەگە تووکنە بچووکە چ خوویەکی خراپی هەیە. وردتر گوێ دەداتە پیرێژنەکە. پیرێژنەکە دەڵێ: سەگەکەم فێر بووە گوو دەخوات. لە هەر کوێ گوو ببینێتەوە دەیخوات. گووی خۆی، گووی سەگی دیکە، گووی پشیلە، گووی... ئەو بێزی هەڵدەستێ و خەریکە هێڵنج بدات. هەست دەکات ئەویش نێودمی پڕ بووە لە گوو. جوان کە سەیری پیرێژنەکە دەکات نێو دمی پیرێژنەکەش پڕە لە گوو.

٢


نێو ڕێستۆرانەکە جمەی دێت. مۆبایلەکەی دێنێتە دەرێ و جارێکی دیکە جوان ئادرەسەکە دەخوێنێتەوە. هەوە.

٣


لە پێش ڕێستۆرانەکە دوو دەست میز و سەندەڵی ڕەش دانراون. سەندەڵییەک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و لەسەری دادەنیشێت. زۆری پێناچێت گارسۆنێکی بەڕدێن دێت و بە فارسی بەخێرهاتنی دەکات و بانگهێشتی ژوورەوەی دەکات و، دەڵێ: لە ژوورێ دیسکۆمان هەیە و هەموو جۆرە خواردن و خواردنەوەیەکی ئێرانیشمان هەیە. هەر لەو جێگایەی دانیشتووە چاوێك بە دیوارەکانی رێستۆرانەکەدا دەخشێنێت. لە سووچێك ئاڵای ئێرانیان لە سەر دیوارەکە کێشاوەتەوە. لای چەپی ئاڵاکەیان بە گوڵێک داپۆشیوە. لە لای ڕاستیش لەسەر دیوارەکە گوڵدانێکیان هەڵواسیوە و لە نێو گوڵدانەکەشدا دوو ئاڵای نۆروێژیان چەقاندووە. بن ئاڵاکەی ئێران حەساری ڕیستۆرانەکەیە و شەش حەوت دەست میز و سەندەڵی لێیە. هەموویان ڕەشن. تەنیا ئەوەی بن ئاڵاکە سپییە. سەری هەڵدێنێت گارسۆنە بەڕدێنەکە هەروا لە سەرسەری ڕاوەستاوە.

٤


سەگەکە و پیرێژنەکە هێشتا هەر چاوەڕێن ئەو ڕێگەیەکیان پێ پێشنیار بکات.

٥

- ڕەزا لێرەیە؟
- بەڵێ، ئێوە هاوڕێی ڕەزان؟
- هاوڕێ؟ بەڵێ هاوڕێین. دەتوانی زەحمەت بکێشی و پێ بڵێی هاوڕێیەکت هاتووە؟

٦

بە گارسۆنەکەی گوت: دەچێتە سەر میز و سەندەڵییە سپییەکەی بن ئاڵاکە و لەوێ دادەنیشێت. گوتی: تکایە بیرەیەکی هانیکێنی بۆ بێنێت.

٧


پیرێژنەکە گوتی: کچم تۆ هیچ ڕێگایەکت پێ شک نایەت ئەم خووەی پێ تەرک بکەین؟

٨


ڕەزا دوو بیرەی هێنا و هات. بیرەیەکی ئێفێسی بۆ خۆی هێناوە. پاش ئەوەی بیرەکانی لەسەر میزەکە دانا، یەکتریان لە باوەش گرت. دوا جار پێش گیرانی لە لایەن ئیتلاعاتەوە، ڕەزای لە ڕێستۆرانی ڕەزایی لە شەقامی تاق بووستانی کرماشان بینیوە. ڕەزا تێکشاوە. واهەست دەکات بە خۆشی پیر بووە. ڕەزا لەوێش هەر شێف بوو.

٩

بیرەکانیان خواردەوە.

١٠


ڕوویان لێ وەردەسووڕێنێت. کەچی لە شووشەی پەنجەرەی مێترۆکەوە پیرێژنەکە و سەگەکەی هەر لێ دیارە.

١١

گوتی: ناوم ئەکبەرییە و لێکۆڵەری کەیسەکەی تۆم. گوتی: ئێمە دیاری دەکەین چ تاوانێکت کردووە. گوتی: هاوکاریمان نەکەی ئێمەش هاوکاریت ناکەین و تاوانێکی قورست بۆ دەنووسین. گوتی: بۆ نموونە دەنووسم سیخوریت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. هەروەها سیخوڕیت بۆ حیزبی دێمۆکرات کردووە و لە نێو زانکۆدا هانی قوتابییەکانت داوە جلی کوردی بپۆشن و کتێبی کوردی بخوێننەوە. دەنووسم مەبەستت شێواندنی مێشکی لاوەکان بووە.

١٢


ڕەزا گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی و ئەم لە نێو ڕێستۆرانەکە لە گۆشەیەک دادەنیشێت. ڕەزا گوتی: دوو کاتژمێری دیکە کارەکەی تەواو دەبێ. ژنێکی نیوەڕووت لە سەر سێنی ڕیستۆرانەکە بە گۆرانییەکی فارسی سەما دەکات. گارسۆنێک دێت و لەسەر میزەکەی کاغەزێک ڕادەخات. دەپرسێ: ئەمە چیە؟ دەڵێ: میوانی ئاغا رەزای. ڕەزا لە دوورەوە سەیری دەکات و دەستێکی بۆ ڕادەوەشێنێت. پۆرسێک خواردنی ئێرانی. لایەکی دەورییەکە برینجە و لەسەر برینجەکە، چەند کەوچکێک برینجی زەعفەرانی ڕۆکراوە. لە پەنای دوو کەباب و کەمێک ساڵاد و پیواز و دوو تەماتەی برژاو و کەمێک کەرە.

١٣

بە ئەکبەری گوت: قەت سیخوڕی نەکردووە. بەڵام دەزانێت ئەوان دەتوانن بە هەموو جۆرێک تاوانباری بکەن.

١٤

بێ ئەوەی وەڵامی پیرێژنەکە بداتەوە لە یەکەم وێستگە دادەبەزێت.

١٥

ڕەزا دەڵێ: بڕوای بە زەماوەند نەماوە و ئیستا بڕوای بە سێکسی ئازادە و هەست دەکات خۆشەویستییەکەیان لە کرماشان بەجێماوە. ڕاشکاوانە بە رەزا دەڵێ: نایەوێت لە گەڵ کەس سێکسی ئازادی هەبێت.

١٦

ئەکبەری دەڵێت: ئەگەر لە گەڵم بی یارمەتیت دەدەم. دەنا تازە ڕۆژی ڕوون نابینییەوە.

١٧

لە دەرەوە دەنگی گیتارێک بە ئاستەم دەگاتە گوێی. هەڵدەستێ و خواردنەکە بە جێدێڵیت و دێتە حەساری ڕیستۆرانەکە. ڕقی لەم ئێرانە بچووکەیە کە لێرە دروستیان کردووە. چیتر حەز ناکات لێرە بمێنێتەوە. دێتە دەرێ. بەرانبەر ڕێستۆرانەکە هۆتێلێکە و بن هۆتێلەکەش پارکینگە. کچێک لە نێو پارکینگەکە لە سەر سەندەڵییەک دانیشتووە و گیتار لێدەدات. تەنیا بینەری کچە، پشیلە ڕەشەکەیەتی. لە بن پێی لەسەر ئەرزی سەری خستووەتە سەر دەستەکانی و نووستوە. گوێ هەڵدەخات. کچە گۆرانی نۆروێژی دەڵێت.
ئەویش حەز دەکات فێری گیتارژەنین بێت. ئەو کات دەتوانێ لە قەراغ دەریا بە تەنیا دانیشێت و گیتار بژەنێت.

 

Bilderesultat for art