فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە کاتێکدا لنین دانیشتبوو و نوقمی دیمەنەکەی دەرەوە ببوو، من دیسان سەیری تەلەفزیۆنم کردەوە. لنین چاوی لە سەفحەی تەلەفزیۆنەکە نەبوو. من کە سەیری فیلمی پۆرنۆم دەکرد، دەنگی هەنسکەهەنسکی ژنی ناو فیلمەکە سەرنجی لنینی راکێشا و وتی ئەوە رۆمانی 'ئاننا کارەنینای' تۆلستۆی دەخوێنیتەوە؟

 

لنین لە درگاکەمی دا

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خانووەکەم لە گەڕەکێکی نزیک مەیدانی سوور بوو. چەند ساڵێک بوو لێرە دەژیام. لە رێگای بۆنگایەکی بەکرێدانی خانووەوە پەیدام کردبوو. خانوویەکی کۆن لە یەکێک لە شەقامە هەر کۆن و بەناوبانگەکانی شاری مۆسکۆ. ئێوارەیەک لەدووای نانخواردنی شەو کەسێک بەتووندی و بە بێ راوەستان لە درگاکەمی کوتا. شێتانە. بەپەلە هەستام و چووم کردمەوە. بینیم پیاوێکی بچووکی کڵاولەسەر بە ریشێکی پرۆفسۆری و روخسارێکی سپیی مردووانەوە لەوێ لەپشت درگاکە راوەستاوە. بەسەرسوڕمانەوە بینیم 'لنین'ە. من کە دەمزانی هەنووکە ساڵی ٢٠١٩یە و لەو ساڵانەی وا ئەو ژیابوو یەکجار دوورکەوتبووینەوە، کتوپڕ حسێبی زەمەنم لێ تێکچوو و بەپەلە لە ترسی ئەوەی نەکا پۆلیسی نهێنی تزار بیگرن، هێنامە ژوورەوە. هێشتا لەسەر کورسییەکە دانەنیشتبوو کە گوتی لێت تێکنەچێ ئیستا سەرەتای سەدەی بیستەم نیە.

ئەوسا من سەیری دەرەوەم کردەوە و، پاشان سەیری رۆژژمێرەکەی سەر مێزەکەم. جۆری شەقام و ئەو ئۆتۆمبیلانەی وا پیایا تێدەپەڕین و لەگەڵ ژمارەی سەر رۆژژمێرەکە پێیان دەگوتم راست دەکا. ئیستا ساڵی ٢٠١٩ بوو، زستانی ٢٠١٩، بەڵام ئەم راستیە لەجیاتی ئەوەی دڵنیام بکا، بە تووندی ترساندمی. وەک بڵێی ئەمەیشی خوێندبێتەوە گوتی مەترسە تەنیا دیدارێکی کورتی بەڕێکەوتە. هیچ شتێکی تر جگە لە رێکەوت منی نەهێناوەتە ماڵەکەی تۆ.

من کە لە بنەڕەتدا باوەڕم بە رۆح و شتی لەم بابەتە نیە و کەسێکی بەتەواوی باوەڕمەند بە مەتریالیزمم، بە خۆمم گوت بێگومان کەسێکە و ئەدای لنین دەردێنێ، جا لێیگەڕێ با دەریبێنێ، منیش جارێکە کاتم هەیە! ئەوسا بیرم کردەوە کە ژیانی دووپاتکراوەی ئەم ساڵانە یەکجار پێویستی بە کایەیەکی لەم چەشنەیە. کایەی شۆڕش و پیاوە گەورکانی.

هەر کە زانی من ئارام بوومەتەوە، چاوە تیژەکانی تێبڕم و وتی یادی ئەو ساڵانەی سیبری دەکەمەوە، ساڵەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە، زستانەکانی سیبری و بەفرە زۆر و سەرما تاقەت پڕوکێنەکەی، کاتێک بۆ ئەوێ دوورخرابوومەوە و لەگەڵ 'کرۆپسکایا'ی ژنم لەوێ دەژیاین،... ساڵانی پێش شۆرش، گەلێک پێش شۆڕش، بیری کتێب خوێندنە شێتانەکانی خۆم و نووسینە بەردەوامەکانم دەکەم. من کە ئیتر تەواو دڵنیا بووم ئەوە لنین خۆی نیە و تەنیا کەسێکی باشی شارەزای مێژووە، وتم تێدەگەم، مرۆڤی ئەم سەردەمە هەر هەموومان وامان لێهاتووە، زۆر یادی جاران دەکەین، بێگومان شۆڕشگێڕەکان زیاتر لە کەسەکانی تر یادی جاران دەکەن. گوتی گەر ئیزنم بدەی حەزدەکەم لێرە کەمێک بمێنمەوە و لێرەوە لە شەقام بڕوانم و جارێکی تر یادی ژیان بکەمەوە. گوتم بێگومان دەتوانی، ماڵ ماڵی خۆتە! ئەوسا هەستام قاوەیەکیشم بۆ هێنا. راستییەکەی ئەوەبوو ئەوەندە بێ ئازار دەهاتە بەرچاوم کە تەنانەت بیری ئەوەیشم بۆ یەک جار بە زەینم دا نەهات گەر هاتوو شتێکی خراپ و چاوەڕواننەکراو روویدا تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکەم.

لە کاتێکدا لنین دانیشتبوو و نوقمی دیمەنەکەی دەرەوە ببوو، من دیسان سەیری تەلەفزیۆنم کردەوە. لنین چاوی لە سەفحەی تەلەفزیۆنەکە نەبوو. من کە سەیری فیلمی پۆرنۆم دەکرد، دەنگی هەنسکەهەنسکی ژنی ناو فیلمەکە سەرنجی لنینی راکێشا و وتی ئەوە رۆمانی 'ئاننا کارەنینای' تۆلستۆی دەخوێنیتەوە؟ من همیشە رقم لە بۆرژوازی و پیاوە مالیکەکان بووە، هەمیشە هەوڵدەدەن کاتە بەتاڵەکانی خۆیان بە سێکس پڕبکەنەوە، کە دەشبن بە نووسەر لە بەرهەمەکانیشیاندا هەر باسی ئەم بەشەدەکەن. کاتی خۆی پیاوێکم لێ راسپارد و داوام لێکرد بێتە پاڵ شۆرش، بەڵام ئەو پیاوێکی مالیکی لەخۆڕازی مەسیحی بوو کە گاڵتەی بەو کەسانە دەهات وا دەیانویست دونیا بگۆڕن، پێت سەیرنیە کەسێک رۆحی کۆمەڵگای رووسیا بێت و کەچی دوواتر بەدەست ژنەکەیەوە ئاوارەبێت و لە وێستگەی قەتار بمرێت! ئەمەیش تراژێدیای ئەوانەیە وا لەگەڵ ئەوەی رۆحی سەردەمن بەڵام نایانەوێ لەم رۆحە تێبگەن! وتم نا ئاننا کارەنینا نیە، فیلمی رووتە. وتی فیلمی رووت! فیلمی رووت چییە؟ وتم وەرە سەیری کە! بەهەنگاوە بچووکەکانییەوە هات. لەتەنیشت مندا راوەستا و لە تەلەفزیۆنەکە راما. ئەوسا گوتی وادیارە بۆرژوازی زۆر شتی بۆ سەرگەرمکردنی خەڵکی دۆزیوەتەوە. گوتم سەردەمی ئێوە وانەبوو؟ گوتی لە گۆشەوکەنار قەحبەخانەکان هەبوون، پڕ لە ژنانی موحتاج، بەڵام ئەم ژنانەی من ئیستا دەیانبینم زۆر لە موحتاج ناچن، ئەوەندەی ئەکتەری فیلمن. قەحبەکانی سەردەمی ئێمە بۆ بەردەوامیی ژیان قەحبە بوون بەڵام قەحبەبوون بۆ ئەمانە شێوەی ژیانە، هەڵیانبژاردووە. ئەوسا بەپەلە چووەوە شوێنەکەی خۆی. دانیشتەوە و دیسان لەدەرەوە رامایەوە. گوتم خۆ دەزانی هەڵاتووی و نیگابانەکان بزانن دەستبەجێ بە شوێنتدا دەگەڕێن؟ گوتی ئەی چۆن نازانم، بەڵام لە راکشانی زۆری ئەوێ ماندوو ببووم، پێویستم بە پشوویەکی تەواوە. گوتم خۆ دەزانی ساڵانە نزیکەی دوو میلیۆن و نیو کەس سەردانت دەکەن و زۆرترین گەشتیاران لە مۆسکۆ روو لە تۆدەکەن. گوتی دەزانم. گوتم سەرچاوەی پارەی چاکی! لێوەکانی کشان، نەمزانی بزەیە یاخود تیشکی بەئاستەمی گڵۆپی ئەو ئۆتۆمبیلەی لەسەر جادەوە تێپەڕی. گوتی مەیدانی سوور لەچاو ئەو ساڵانە یەکجار گۆڕاوە، بەڵام حاڵ و هەواکەی هەر هەمانە، من لەبەر ئەمەیە رووسیام هەمیشە خۆش ویستووە، شتێک لە رابردوو هەیە قەت بەرۆکی بەرنادا، هەزار ئەوەندەیش فیلمی پۆرنۆ دروستبکەن، روسیا هەر روسیایە.

من کە دەمزانی زۆری پێناچێ نیگابانەکان زۆر خێرا بە ونبوونی لنین دەزانن و دەستبەجێ دەکەونە گەڕان بە شوێنیدا، گوتم واچاکە دووای ئەوەی بێتاقەتییەکەت بەسەرچوو بگەڕێیتەوە، دێن دەتدۆزنەوە و بۆ منیش باش نیە، بە تاوانی دزی دەمگرن و رەنگە لەسێدارەیشم بدەن، ئاخر تۆ هێشتا پیاوێکی یەکجار بەناوبانگی. گوتی خەمت نەبێ، من بۆ خۆم بۆیان شیدەکەمەوە. گوتم ئەوان باوەڕ بە قسەی پیاوی مردوو ناکەن. کە ئەمەی گوێ لێبوو لای کردەوە و بە چاوە تیژەکانی بەوردی لێمی رووانی. گوتی دەزانی من لەمێژە لەوێ بیر لە شۆڕشێکی تر دەکەمەوە، شۆڕشێک کە پێش لەهەر شتێک پێویستی بەوەیە من جارێکی تر بەرەو فینلاند رابکەمەوە و لەوێ سەرلەنوێ پلانەکەی دابڕێژمەوە. بەڵام ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەر شانی تۆ. تۆ دەبێ بچی و گۆڕی هەموو هاوڕێیان بەسەربکەیتەوە و پێیان بڵێی من لەوێ لە شاری 'تامپێرە'ی فینلاند وەک ساڵی ساڵان چاوەڕوانیانم. لەوێ سەرۆک پۆلیسی ئەوێیش وەک ئەو ساڵانە داڵدەم دەدا و ئیتر دەتوانین لەگەڵ هاوڕێیان کۆبوونەوەکانی خۆمان سازبکەین و سەرلەنوێ شۆڕش بەرپابکەینەوە. تازە لە گەشتیارانم بیستووە هیشتا لە مۆزەخانەی تامپێرە کەلوپەلە کۆنەکانی من دەستدەکەونەوە، کەواتە هەموو شتێک زۆر خێرا دەتوانێ وەک جارانیان لێ بێتەوە. ئەوسا دیسان لەودیوی پەنجەرەکە رامایەوە. من کە بەردەوام چاوم لە فیلمە پۆرنۆکە هەڵنەدەگرت وتم من ئەمە دەکەم، بەڵام بێگومان ئاگات لێیە کە ئەوان جەستەیان مۆمیایی نەکراوە و لەجیاتی شووشە لە گۆڕدا دەژین، بۆیە دڵنیانیم گوێیان لە من بێت و داواکەت سەربگرێ. لنین گوتی ئەو سەردەمانەیش ئێمە لەزۆر شت دڵنیا نەبووین، بەڵام کارەکانمان سەریانگرت. ئەوسا داوای دەفتەر و قەڵەمی کرد. بۆم هێنا. لە ماوەیەکی کورتدا بەدەیان پەیامی نووسی. هەر هەموویان بە ناوی نهێنیی حیزبییەوە. پاشان داوایکرد گەر دەکرێ جل و بەرگی باشی بدەمێ لەگەڵ جووتێک پۆستاڵی گەرمی زستانی کە بتوانێ بەرگەی دەشت و دەرە بەستەڵەک لێدراوەکانی رێگای فینلاند بگرێ. فیلمە پۆرنۆکەم راوەستان و چووم بۆم هێنا. زۆری بەدڵ بوو. وتی لەگەڵ ئەوەی جنسی زۆر چاکە، بەڵام بەپێچەوانەی سەردەمی ئێمە سووکترن. هەستا و بۆ رۆیشتن تەواو ئامادەبوو. گوتی تکایە بەتایبەت کرۆپسکایات لەبیرنەچێ، پێی بڵێ یەکجار وەڕەزیی دەکەم، پێی بڵێ ئەوەندەی نەماوە ژیان وەک ساڵی ساڵانی لێ بێتەوە. گوتم خۆ دەزانی لە ناوەوە، ناوەوەی جەستە بەتاڵیان کردوویت و هیچت تیانەماوە، نە دڵ، نە گورچیلە، نە سی، نە گەدە و نە ریخۆڵە و... لێرەدا راوەستام. لنین بزەیەکی هاتێ و گوتی تکایە پەیامەکانم بگەیەنە.

لەو کاتەیدا ویستی درگاکە بکاتەوە و وەدەربکەوێ، دەنگی فیقەلەی پۆلیس شەقامەکانی تەنییەوە. ئەوسا ئەو ئۆتۆمبیلانەی بەپەلە دەرکەوتن و لەهەموو شوێنێک خەڵکی چەکداریان دادەبەزاند و دەکەوتنە پشکنینی رێبوارە تاق و تەراکان و پشکنینی ماڵەکان. گوتم تازە درەنگە، بچیتە دەرەوە دەتگرن. ویستم بەپەلە بیبەمە ژوورەخەوکەم و لەژێر تەختی خەوەکەمدا بیشارمەوە کە بینیم لنین بە بێ خەم هەر لە شوێنی خۆیدا راوەستاوە. بە پاڵتۆ و پۆستاڵەوە. وتم ناتەوێ بتشارمەوە؟ ئیستا دێن دەتگرن. لنین وەڵامی نەدامەوە. شەقام پڕببوو لە چەکدار.

کە گەیشتنە بەر دەرگاکەی من و هەر ویستم درگاکەیان لێبکەمەوە  لنین دەستی هێنایە سەر رێگام. کوتانی درگاکە ئەوەندە توند بوو دڵ و جەستەمیان هێنایە لەرزین، بەڵام لنین زۆر بە ئارامی و بە بێ ئەوەی نیشانەیەک لە ترس و دڵەڕاوکێی تێدابێت، هەنگاوی هەڵگرت و درگاکەی کردەوە.

سەرۆک پۆلیسی مۆسکۆ لەسەر شۆستەکە راوەستابوو. بە دوو پۆلیس بە هەردوو تەنیشتییەوە. هەر کە چاوی بە لنین کەوت وتی "ڤلادیمیر ئیلیچ ئۆلیانۆڤ،... دیسان لێرە!"

Bilderesultat for ‫ولادیمیر ایلیچ اولیانوف معروف به لنین‬‎