فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەسەر موبایلەکەم وێنەی هەر دوانزە مانگەکەی ساڵ ئەوەندە بچووک دەکەمەوە تا هەموویان پێکەوە ببینم. ساڵ چەند بچووک دەبێتەوە. ئەوسا بەپەنجە ساڵەکان پاڵ پێوەدەنێم. لەچەند چرکەدا دەگەمە چل ساڵ دوواتر، یاخود چل ساڵ بەرەودووا. بەپەلە پەنجەم رادەگرم. خەریکم دەڕشێمەوە. سەرم لەگێژەوە دێت. هەناسەم سواردەبێ. بەو نیوەشەوە رادەبم و هەڵدێمە باڵکۆن.

 

درۆ بوو

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کە باران دەبارێ هەموو شتێک دەسڕێتەوە، سنوورەکان نەبێ. باران جێ هەنگاوەکانی من دەسڕێتەوە، فرمێسکی سەر روومەت، ئارەقەی جەستە، تەنانەت خەمۆکیی نیگاکانیش، بەڵام سنوورەکانی بۆ ناسڕێتەوە. رەنگە هی ئەوە بێت لە راستیدا هیچ سنوورێک بوونی نیە، یان رەنگە لەبەر ئەوە بێت سنوورەکان لە دەروون و لە زەینی ئێمەدان نەک لە دەرەوە.

کەچی من سنوورەکانم بڕیوە. جاری وایە هەستدەکەم هەڵخەڵەتاوم. من سەرتاسەری ژیانم بەسەر سنوورە خەیاڵییەکاندا بازم داوە و پێم وابووە لە نیشتمان دوورکەوتوومەتەوە. ئەو نیشتمانەی بە سنووری درۆینە دەستنیشان کراوە.

تەلەفۆنەکە هەڵدەگرم و بە باوکم دەڵێم درۆیە دەڵێن من ساڵانی ساڵە لەوێ نیم، دەڵێم من بەردەوام هەر لەوێم. سەرەڕای رۆیشتنم بەڵام هەر لەوێم. باوکم کە وەک هەموو باوکێکی تر حەزی بە دڵخۆشی دانەوەی منداڵەکەیەتی، دەڵێ بێگومان وایە! منیش لە خۆشیانا تەلەفۆنەکە دادەنم، دەست بە دەموچاومەوە دەگرم و پڕ بە ژوورەکە دەقیژێنم کە "هە، کەواتە هەموو شتێک درۆبوو، هەموو شتێک!" ئەوسا دەکەومە پێکەنینێکی شێتانە. مانگ لە دەرەوە بە تەوقی ئاسمانەوە بزەیەک دەیگرێ و دەریا رووناکتر دەکاتەوە. ئەوسا چاوەکانی شەرمێونانە بەلایەکدا دەخا. دونیا شەرمن دەبێ. گەر شەو درەنگ نەبایە دەستم دەبرد تەلەفۆنەکەم هەڵدەگرتەوە و بە باوکمم دەگوت تەنانەت مانگیش بەم حەقیقەتە دەزانێ. بە حەقیقەتی درۆینەبوونی سنوورەکان.

بەڵام نا، ئەی بۆ باران ناتوانێ بیانسڕێتەوە؟ ئەوسا خەمێکی قورس دامدەگرێتەوە. من هەڵەم. من وەک هەمیشە هەڵەم. من تەواوی ژیانم بە تەمای ئەوە بووم کە ئەمجارەیان ئیتر هەڵە نەبێ، بەڵام ئەویش دیسان هەڵەیە. تەورێک هەڵدەگرم و حەز دەکەم بچم بۆ دارستان و درەختەکان ببڕمەوە. رەنگە گوناهی درەختەکان بێت ناهێڵن باران سنوورەکان ببینێ. دەستدەکەم بە بڕینەوەیان. بەو شەوە درەنگانە دەنگی بەریەککەوتنی دەمەتەور و قەدەکان لەناو دارستاندا دەنگدەداتەوە. هەموو شوێنێ دەبێ بە خوێنی سەوز. باڵندەیەک کە نازانم چییە لە ناو هێلانەکەیەوە لە بڵیندایی یەکێک لە درەختە هێشتا نەبڕاوەکانەوە دەنگ هەڵدەبڕێ و دەڵێ حەک ماڵت نەشێوێ خەوی ئەمشەوت لێ زڕاندین. من هاواردەکەم و دەڵێم خەتای بارانە. مارەکان پێدەکەنن. فیسکە فیسکی کەنینیان لەگەڵ با تێکەڵ دەبێ. ئەوسا شەرم لە "ماڵت نەشێوێ" دەمگرێ و تەورەکە دەدەمەوە بە شانمدا و دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە. گوێم لێیە باوکم پرخەی خەوی دێ. سنوورەکان بەری پێناگرن، دەیبیستم. بیردەکەمەوە گەر ساڵەکان یارمەتی بدەن من هەر دەگەمەوە.

وە لە رۆژی دوواترەوە هەتا یەک مانگ باران نابارێ. لە رقی منە یاخود بە هۆی دەست تێوەردانی مرۆڤ لە سروشتدایە نازانم. باران بۆ زیاتر لە چوار هەفتەی رەبەق خۆی دەشارێتەوە. من ئاگام لێیە سنوورەکان دەکشێن، دەفشێن و باڵادەکەن. ئەوسا بۆگەنیان وڵات دادەگرێ. بۆگەنی کەلاکی مردارەوەبوو دێت. سنوورەکان بە درێژایی خۆیان پڕدەبن لە مێش و مەگەز. مێشوولەکان شایی لۆغانیانە. هەرچی کەر و ئەسپ و بەگشتی چوارپێی وڵاتە ئەوەندە کلکیان هەڵسووڕاندووە، بڕستیان لێ بڕاوە. ئەمەیش دادیان نادا و ئەوانیش لە ئاسمان دەڕوانن و دەزانن خەتای بارانە. تەنیا مێشخۆرەکان، مەگەزخۆرەکان و مێشوولەخۆرەکان لە ژیان و لە خڵقەت رازین. گەر بەوان بایە بە چەندین میلیارد ساڵ پێش بڕیاری خودایش 'بوون'یان دەخوڵقاند.

من کە هەمیشە، جا بە رێکەوت بووبێت یاخود بە بڕیارێکی نەزانانە، خانووکەم لە تەنیشت سنوورەکان بووە؛ بڕیاردەدەم بگوێزمەوە بۆ ناوەوەی وڵات. بۆ شوێنێک یەکجار دوور لە سنوورەکان. هەرچی کەلوپەلە دەیانپێچمەوە و سواری ماشینێکی باری گەورەیان دەکەم و دەڕۆم. پشت لە سنوور و روو لە ناوەڕاست. جەغزێکی خەیاڵیش دەکێشم و قامکم دەخەمە سەر ناوەڕاستەکەی و دەڵێم "ئائێرە!" خۆشحاڵم کە لە دووای ئەو هەموو ساڵە سەرئەنجام رێگاچارەیەکم بینیوەتەوە. نازانم بۆ تا ئیستا ئەقڵم پێی نەشکاوە.

کە دەگەم، لە دووای کردنەوەی کەلوپەل و دامەزراندنیان یەکەم کار کە دەیکەم تەلەفۆنکردنە بۆ باوکم. پێی دەڵێم ئیستا گرینگ نیە لە کوێم، گرینگ ئەوەیە چیتر نامەوێ بیر لە سنوورەکان بکەمەوە. باوکم وەک هەمیشە خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێ و دەڵێ بێگومان وایە! منیش بە بێ خواحافیزی تەلەفۆنەکە دادەنێم و بەری دەستەکانم لێک هەڵدەسووم و بەخۆم دەڵێم ئەمڕۆ دەچم بۆ مەلە.

مەلەوانگەکە پڕی خەڵکە. منداڵ بە قیژوقاو رادەکەن و خۆ بە ناو ئاوەکەدا دەکەن. بڵیندگۆکە هاواردەکا و دەڵێ راکردن قەدەغەیە، بەڵام ئەوان هەر رادەکەن. مندالێک دەکەوێ و دەگری. پیرەپیاوێک حەزی کەوتنێکی سەردەمی منداڵی دەیگرێتەوە. من ئاخێکی بۆ هەڵدەکێشم. ئەوسا خۆم فڕێ دەدەمە ناو ئاوەکە و شێتانە هەزار میتر مەلەدەکەم. بێگومان ئەم ئاوەیش هەر ئاوە بارانە. ئەو بارانەی کە دەتوانێ هەموو شتێک بسڕێتەوە سنوورەکان نەبێ. بەڵام من خۆشحاڵم چیتر بیر لەمە ناکەمەوە. ئاو وەک سنوورە دەبێ پیایا بڕۆی و بەناویا گوزەربکەی. ئیتر هیچی تر نا. سنوور، ئەوەندەی بۆ پەڕینەوەیە بۆ بڕین نیە. لەژێر ئاوەکە لەناو چاویلکەی مەلەکەوە چاو زیت دەکەمەوەو لە دەورووبەرم دەڕوانم. جیهانێکی کپ و مەند پڕ لە جووڵەی هێواشی مرۆڤەکان، ئەو قاچ و قولانەی هەریەکە و بەلایەکدا دەڕۆن. دنکە بارانەکانی ناو مەلەوانگە، کۆمێدی ترین بەشی بارانن. زەمەن چەند قورسە.

بیرم دەکەوێتەوە من ساڵی شەست و چوارم لەهەموو ساڵەکانی تر خۆشتردەوێ. هی ئەوە نیە تێیدا بووم بە بیست. نا، پێم وابێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەو کاتەدابوو هەستم بە هێزێکی سەیر لە خۆمدا کرد. هێزێک وەک سەروگەردنێک کشاوەتر لەزەمەن. ئەو ساڵەی زەمەن نەک قورس نەبوو، بەڵکو وەک کاژیلەیەکی دابڕاو لە دایکی هاتەبەرچاوم کە بەناو مێرغوزارا رادیدەکرد و داماوانە دەیباعاند و ترسی تەنیایی وەها سەرتاپای جەستەی داگرتبوو هەر نەبێتەوە. من ئەو ساڵە لە سنوورەکانیش نەترسام. لایشم گرینگ نەبوو باران دەتوانێ بیانسڕێتەوە یان نا. من ئەو ساڵانە بیرم لە تەلەفۆنکردنیش بۆ باوکم نەدەکردەوە. دڵنیایشم چاوەکانی مانگ شەرمن نەبوون.

کتوپڕ مەلەوانگەکە دەشێوێ. خەڵکەکە رادەکەن. سەرم لەناو دنکە بارانە یەخسیرەکانەوە هەڵدەبڕم بزانم چە باسە. هەموویان بەرەو لایەک رادەکەن. منیش بەپەلە دەچم. ژنێک کەوتووە و چەند کەسێک خەریکن یارمەتی دەدەن. خەریک بووە بخنکێ. هەناسەی دەهێننەوە جێ. لەسەر کورسییەک دادەنیشێ. بەڵام حالی هەر تەواونیە و داوادەکا ئامبوڵانسی بۆ بێنن. کچە هاوڕێکەی دەڵێ مەلە زۆر چاک دەزانێ نازانم بۆ وای لێهات. من کە دڵنیام گوناهی ئەو دنکە بارانانەیە وا لە بێدەسەڵاتیی خۆیان لە ئاست سنوورەکاندا تووڕەن و داخی دڵی خۆیان بەسەر ئەو ژنە گەنجەدا رشتووە، دەگەڕێمەوە بۆ شوێنەکەی خۆم. دەبێ ئاگام لەخۆم بێت، گەر دنکەکان بزانن چ خەیاڵاتێک لەمێشکی مندایە، ئەمڕۆ دوواڕۆژی ژیانم دەبێ! نا، ئەو ریسکەیش ناکەم. واز لەمەلەکردن دێنم و یەکەوڕاست دەڕۆمەوە بۆ ماڵەوە. قاوەیەک سازدەکەم، لەسەر کورسییەکەی سەر باڵکۆنەکەم دادەنیشم و سەیری دەریاچەکە دەکەم. ئاو، لە دوورەوە جوانە.

نیوەشەو کتوپڕ تەلەفۆنەکەم زەنگ دەدا. من کە خەوم یەکجار قورسە، دەست دەبەم و وەڵام دەدەمەوە. ژنێک بە دەنگێکی ئارامی پڕ لەترسەوە دەڵێ فریام کەوە! رادەچەنم. دەڵێم کێی؟ دەچپێنێ دراوسێکەتم، دز هاتووەتە ماڵەکەم! من کە تەنیا یەک دراوسێم هەیە و ئەویش ژنێکی تەنیای ناو خانوویەکی گەورەیە، بەپەلە دەچمە دەرەوە. رێک بەرەو خانووەکەی. لە زەنگی درگاکەی دەدەم. گوێم لە زرمەی خۆفڕیدانی کەسێک و هەڵاتنیەتی. هاواردەکەم دەڵێم هەڵات! ژنەکە درگاکە دەکاتەوە و باوەشم پیادەکا و دەگری. جەستەی وەک چۆلەکەی خووساوی بەرباران و درەختەکانی بەر دەمی تەورەکەی من دەلەرزێ. دەڵێم هەموو شتێک تەواوبوو. دەڵێ دەتوانی ئەمشەو لێرە بخەوی؟ دەڵێم نا، بەڵام تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکە! گڵۆپی شین و سپیی پۆلیس خانووەکەی منیش رووناک دەکاتەوە. ئەو شەوە تا خەوم لێدەکەوێتەوە هەر لە بیری ئەوەدام داخۆ لای ئەو دزە سنوور چۆنە، هەیە یان نیە.

لەسەر موبایلەکەم وێنەی هەر دوانزە مانگەکەی ساڵ ئەوەندە بچووک دەکەمەوە تا هەموویان پێکەوە ببینم. ساڵ چەند بچووک دەبێتەوە. ئەوسا بەپەنجە ساڵەکان پاڵ پێوەدەنێم. لەچەند چرکەدا دەگەمە چل ساڵ دوواتر، یاخود چل ساڵ بەرەودووا. بەپەلە پەنجەم رادەگرم. خەریکم دەڕشێمەوە. سەرم لەگێژەوە دێت. هەناسەم سواردەبێ. بەو نیوەشەوە رادەبم و هەڵدێمە باڵکۆن. پێویستم بە هەوای تازەیە. وە دەرەوە چەند دڵ سەخاوەتانە یارمەتیم دەدا. سییەکانم پڕدەبنەوە لە هەوا. ئەوسا کتوپڕ سنوور وەها لەبەر چاومدا بێ مانا دەبێ کە بڕیاردەدەم سەرلەنوێ بگەڕێمەوە بۆ خانووەکەی پێشووم،... بۆ سەر سنوور.

لە رۆژێکی باراناویدا کەلوپەل دەپێچمەوە و دەگەڕێمەوە. لەدووای کردنەوە و دامەزراندنیان لە خانووە تازەکەدا دەست دەبەم تەلەفۆنەکە هەڵدەگرم و زەنگ بۆ باوکم لێدەدەم؛ دەڵێم ئیتر گوێ نادەمێ، لە ژیاندا شتی یەکجار گرینگتر لە سنوور و... لە سنوور و لە باران هەن. باوکم وەک هەمیشە دەڵی وایە،... بێگومان وایە!

کاتژمێر چواری بەیانی خەوم لێدەکەوێ.  

Bilderesultat for lie kunst