فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە دۆخی لەخۆنامۆییدا مرۆڤ دەکرێ بە 'شت' (ئۆبیەکت). مرۆڤ وەک سوبیەکت مانای نامێنێ. مرۆڤەکان وەک 'شت' لەیەک دەڕوانن، رێک وەک چۆن لە شتەکانی تریش دەڕوانن. مرۆڤەکان لە هەستی مرۆڤایەتی بەتاڵ دەبنەوە. مرۆڤ دەبێ بە ئامرازی پارەپەیداکردن، یاخود چەوساندنەوە. بەم شێوەیە ژیان هەتا دێت دژوار و دژوارتر دەبێتەوە.  

 

مرۆڤی دابڕاو

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەخۆنامۆیی رەنگە یەکێک لەگرنگترین چەمکەکانی پێناسەکردنی سەردەم بێت. هەر لە سەدەی هەژدەوە گەلێک بیرمەند و فیلسووف بە سەرهەڵدانی کۆمەڵگای نوێ باسی ئەم چەمکەیان کردووە و بەشێوازی جۆراوجۆر لایەن و دەرکەوتەکانیان شیکردووەتەوە.

بۆ وێنە هیگل و مارکس بە قووڵی چوونەتەوە ناو ئەم باسەوە. مارکس بەکەڵکوەرگرتن لە نەریتی هیگڵ، بەڵام لە خوێندنەوەیەکی مەتریالیستییانەدا هەوڵیداوە لەخۆنامۆیی لەکۆمەڵگای مودێڕن، واتە کاپیتالیستیدا، شیبکاتەوە. لای ئەو لەخۆنامۆیی دەرکەوتەی دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لەبەرهەمی کاری خۆیەتی. کاتێک مرۆڤ ئەو شتەی بەرهەمی دێنێ بە هی خۆی نابینێ و بەڵکو تەنیا لەپێناوی وەرگرتنی پارەی بەکرێگرتنەکەیدا بۆ ماوەی چەند سەعاتێک کاردەکا و ئەوسا دەچێتەوە ماڵەوە، رەوتی لەخۆنامۆبوونی دەست پێدەکا. لای مارکس کار جیلوەی خۆپێگەیاندن و خۆدەرخستنی مرۆڤە و بۆیە دوورکەوتنەوەی لە بەرهەمی کارەکەی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی لەخۆنامۆیی. لای ئەم بیرمەندە ئەمە دەبێتە هۆی لەخۆنامۆیی هەم لە شوێنی کاردا و هەم لەخۆنامۆیی مرۆڤەکانیش لە یەکتری.

یەکێک لە دەرکەوتەکانی تری لەخۆنامۆیی دوورکەوتنەوە و نامۆبوونی مرۆڤە لە ئاست بڕیارە سیاسییەکاندا، ئەو بڕیارانەی وا بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو دەدەن و کەچی بۆخۆی ئاگای لێیان نیە و تەنیا دەبێ گوێی لێیان بێت و جێ بەجێیان بکات. کاتێک لە سیستمێکدا کەسانێک هەن لەلایەن ئەوانەوە بڕیاردەدەن، ئیتر کەس هەست بە بەشداری چالاکانەی خۆی لە رەوتەکاندا ناکا. دیارە لەو وڵاتانەیدا سیستمی دێمۆکراتی نیە ئەم شێوازی لەخۆنامۆیی تۆخترە، بەڵام دەکرێ لە شێوازی دێمۆکراتیشدا هەر هەست بە دیاردەیە بکەین بەڵام لە ئاستێکی نزمتردا، یاخود لە شێوازی دیکەدا.

لەخۆنامۆیی سیاسی لەبەرینترین حاڵەتی خۆیدا دوو جۆرە خەڵک بەرهەم دێنێ: ئەوانەی ملدەدەنە ئەم رەوتە (زۆرینە) و ئەوانەی مل نادەن (کەمینە). بەڵام ئەوانەی رێگای بەرنگاربوونەوە هەڵدەبژێرن دیسان لە ئاستی گشتی دا هەر هەست بە لەخۆنامۆیی دەکەن، چونکە وەک ئۆپۆزیسیۆنیش دیسان هێشتا کاریگەر نین، بەڵام سەرهەڵدانی وتەزایەکی تر بەناوی خەبات، لەئاستی تاکەکەسیدا تا رادەیەکی زۆر ئەم هەستەیان لا دەڕەوێنێتەوە. ئەوان خۆیان دەخەنە دۆخێکەوە بەناوی دۆخۆی 'نا' کە تێیدا لە رێگای بەرەنگاربوونەوەوە، لە ئاستی تاکەکەسیدا خۆیان قوتاردەکەن، بەڵام هێشتا ئەمە بەمانای رەوینەوەی لەخۆنامۆبوونی سیاسی لەمانای دیاریکردنی رەوتە سیاسییەکانی وڵاتدا نیە. بەڵام دەتوانین بڵێین لە دۆخی وەهادا خەبات باشترین رێگای قوتاربوون لە هەستی لەخۆنامۆییە.

لەخۆنامۆبوونی سیاسی دەبێتە سەرهەڵدانی ملکەجی، هەستی نامتمانەیی بەخۆ و قبوڵکردنی چارەنووس. کە ئەمانە لەگەڵ لایەنی ئەقڵانی و لایەنی کارخوازانەی مرۆڤ ناتەبان. بۆیە مرۆڤی لەخۆنامۆ، لایەنە گرینگە ئینسانییەکانی وشک هەڵاتوون. مرۆڤی لەخۆنامۆ زیاتر لەهەر مرۆڤێکی تر پەنادەباتە بەر پەنا رۆحییەکان و هەروەها زیاتر لەهەر مرۆڤێکی تر لەباوەڕمەندبوون بە مرۆڤەکانی تر و هەستی هاوکاری و هاوسۆزی لەگەڵیان بێ بەری دەبێ.

کاتێک لەخۆنامۆیی سیاسی درێژخایەن دەبێتەوە و بەشێکی گرینگی ژیانی نەوەکان داگیردەکا، بەربەرە دیاردەیەک بەناوی 'ساردی' یاخود 'ساردبوون' سەرهەڵدەدا. ئەم قۆناغە رەنگە لەبارترین قۆناغ بێت بۆ ئەوانەی جڵەوی سیاسەتیان بەدەستەوەیە. قورسترین بڕیارەکان وا لەلایەن کاربەدەستانەوە دەردەکرێن و بە تەواوی بە چارەنووسی خەڵکەوە گرێدراون لەم قۆناغەدایە.

لە دۆخی لەخۆنامۆییدا مرۆڤ دەکرێ بە 'شت' (ئۆبیەکت). مرۆڤ وەک سوبیەکت مانای نامێنێ. مرۆڤەکان وەک 'شت' لەیەک دەڕوانن، رێک وەک چۆن لە شتەکانی تریش دەڕوانن. مرۆڤەکان لە هەستی مرۆڤایەتی بەتاڵ دەبنەوە. مرۆڤ دەبێ بە ئامرازی پارەپەیداکردن، یاخود چەوساندنەوە. بەم شێوەیە ژیان هەتا دێت دژوار و دژوارتر دەبێتەوە.  

دەکرێ پرسیاربکەین رێگاچارە چییە؟ کاتێک زۆرینە لەخۆنامۆن چلۆن دەکرێ دەربازبین؟ هەڵوێستی کەمینەی راپەڕیو، دژواربوونەوەی دۆخی ژیان و سەرئەنجام ناتەبایی ئەم خەسڵەتە لەگەڵ خەسڵەتە سەرەکی و دایمییەکانی مرۆڤ (لەخۆنامۆیی وەک دیاردەیەکی کاتی و ئەقڵانییەت و پێوەندیی زاتیی مرۆڤ بە کار و بەرهەمییەوە وەک خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ) سەرئەنجام دۆخەکە دەشڵەقێنن. مرۆڤەکان لە راستیدا بۆ هەمیشە ناتوانن لە دۆخی لەخۆنامۆییدا بژین. ئەوان بە شوێن رێگاچارەوەن.

رێگا چارە پەڕینەوەیە لە شتبوون بەرەو سوبیەکت بوون. کەواتە لەمانایەکی هیگڵیدا پەنابردنەوەیە بۆ ئەقڵ و لە مانایەکی مارکسیدا رەوینەوەی دۆخی کاپیتالیستییە کە تێیدا لۆژیکی پووڵ بەسەر هەموو شتێکدا زاڵە.

Bilderesultat for alienation