و. نەژاد عزیز سورمێ
لە شارێكدا
شاری دیكە هەیە
هێشتا لەدایك نەبووە و
گۆڕەپانەكانی
ئێستا لە پێشمدا بەلادا دێن.
لە ئەنتۆلۆژیای شیعری ژاپۆنی نوێوە
و. نهژاد عزیز سورمێ
درەخت
شیعری: خاتوو كورا – ڕۆمیكۆ
لە درەختێكدا
درەختی دی هەیە هێشتا لەدایك نەبووە
ئێستا چڵی لە بەر (با)دا دەلەرزن .
*
لە تاقە ئاسمانێكی شیندا
ئاسمانی شینی تر هەیە
هێشتا لەدایك نەبووە.
ئێستا باڵدارێك ئاسۆی تەی دەكا
لە جەستەیێكدا
جەستەی دی هەیە
هێشتا لەدایك نەبووە
ئێستا منداڵدانی
خوێنی تازە دەگرێتەوە .
*
لە شارێكدا
شاری دیكە هەیە
هێشتا لەدایك نەبووە و
گۆڕەپانەكانی
ئێستا لە پێشمدا بەلادا دێن.
سۆناتای 32
شیعری: شۆنارتۆ- تانیكاوە
كە لەسەر كورسی جیهان دادەنیشم
ئەو كورسییەی خاڵی نییە
ناكاو ون دەبم، پاشان هاوار دەكەم:
تەنیا وشە بە زیندوویی دەمینێتەوە .
*
خوداوەند بۆیەی دووڕووییان
بەسەر ئاسماندا ڕژاند
چەندی هەوڵماندا لاسایی ڕەنگی ئاسمان بكەینەوە
تابلۆ و مرۆڤ دەمرن
بەتەنیا درەخت لە ڕووی ئاسماندا بەهێزە!
دەمەوێ لە ڤیستیڤاڵدا شایەد بم
چەندی لە گۆرانی چڕیندا بەردەوام بم
بەختیاری دێ درێژاییم بپێوێ.
*
كتێبی زەمەن دەخوێنمەوە
هیچ نەنووسراوە، چونكە هەمووی نووسراوە
بۆیە بە پرسیاران به ڕووی دوێنێدا دهوهستم.
چوار هەزار ڕۆژ بە شەوەكانییانەوە
شیعری: تامورا – ڕیئۆچی
بۆئەوەی قەسیدەیەك لەدایك بێ
چار نییە دەبێ بكوژین
زۆر شت بكوژین كە خۆشمان دەوێن
بە گوللە... بە ژەهر بیانكوژین .
*
سەیری!
تەنیا لەبەرئەوەی
چوار هەزار ڕۆژمان بە شەوەكانییانەوە
لە ئاسمان ویست
زمانی چۆلەكە دەلەرزێ
بە گوللە كوشتمان
بێدەنگی چوار هەزار شەو و ڕوناهی پشتی
چوار هەزار ڕۆژ
بێدەنگ بوون .
گوێ بگرە!
تەنیا لەبەرئەوەی
لە هەر شارێك
پێویستیمان بەوە بوو
ئاسمان ببارێنی
پێویستیمان بە فڕنی كانزایی
بەسەر شۆستەی بەندەران لە هاویندا و
بە كانگایان.
پێویستیمان بە فرمێسكی
منداڵێكی برسی بوو
كوشتمان
خۆشەویستی چوار هەزار ڕۆژ و
بەزەیی چوار هەزار شەو ..
ئەزبەری كە!
تەنێ لەبەرئەوەی
تەمەننای ترسی سەگێكی بەڕەڵڵامان كرد
ئەوەی دەبینێ، ئێمە نایبینین
ئەوەی دەبیێ، گوێمان لێی نابێ
بەژەهر كوشتمان
خەیاڵدانی هەزار شەو و
یادگاری ساردی چوار هەزار ڕۆژ
*
بۆ ئەوەی قەسیدەیەك بنووسین
بێگومان دەبێ شتێكی گرانبەها بكوژین
ئەوە تاكە ڕێگەی زیندووكردنەوەی مردووانە
چار نییە دەبێ ئەو ڕێگەیە بگرین.
* له چاپی دووهمی (سفينة الموت – انطولوجيا الشعر الياباني الحديث - )
دهزگای ( التكوین) ی دیمهشقی ساڵی 2006 وه