ما 5242 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

من لێرەوە لەبەر پەنجەرەکەمەوە، بەو نیوەشەوە ئاگام لێیە نیگا بەجێماوەکانی ئەوان بەسەر شەپۆلە بێ قەرارەکانەوە وەک ساڵان دێن و دەچن. نا، تەنیا نیگاکان نین،... خۆشیانن. ئەوان هەر لەوێ ماون. ئەوان بەسەر شەپۆلەکانەوە لەو تاریکییە کوشندەیەدا بەدەوری خۆیاندا دەڕوانن. رەنگە سەرئەنجام فریادڕەسێک دەرکەوێ.

 

پەڕینەوە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دوڕگەی 'رۆبن' لە مەودای دە کیلۆمتری شاری 'کێپ تاون' راکشاوە و لەوێوە لە پانتایی خۆیەوە لە شاخی 'تەیبڵ مۆنتەین' کە بە پشت شارەوەیە، دەڕوانێ. زیندانەکەی 'نێلسۆن ماندێلا' کە بەناوی دوڕگەکەوە ناونراوە، لەوێ لەو دوڕگەیە بە شەو تەنیایە. هەرچی گەشتیار و گایدە لە هۆتێلەکان و لە ماڵەکانی خۆیان خەریکی حەسانەوەن وخەوتوون. ژوورەکان و هۆڵەکانی زیندان لە دەرفەت کەڵک وەردەگرن و هەدا دەدەن. بێدەنگییەکی زیندان ئاسا ژوور و حەوشەکان قوتدەدا. تاریکایی شەو وەک چارشێوێکی رەشی ئەستێرەچن هەموو شتێکی لە باوەش گرتووە. دەریا شەپۆلان دەدا و بایەکی سەرکێش لەوپەڕ سنوورەکانی دەریاوە دێت و سەر بە هەموو کەلێن و قوژبنێکدا دەکا. هەر لە قەبرستانی مردووەکانی نەخۆشیی 'خۆرە'وە بگرە تا ئەو شوێنەی زیندانییەکان ساڵانی ساڵ لەمەوبەر رۆژ تا ئێوارە لەژێر نیگای حەرەسەکان و قەمچی و لیکی دەمی سەگەکاندا کاریان تێدا دەکرد. زەمەن قەتیس دەبێ. لە ناو دەریایش قرشەکان وەک ساڵان بەتەمای نێچرێکی وێڵی ئازادی شێتانە دێن و دەچن، نێچیرێک لە رەگەزی ئەو زیندانیانەی وا زیندان وەڕەزی کردوون و نە مەودای ئاو و نە دیانی تیژی قرشەکان لایان هیچ مانایەکی نەماوە. ئەو زیندانیانەی وا تەنیا بیر لە تێپەڕین دەکەنەوە.

من لێرەوە لەبەر پەنجەرەکەمەوە، بەو نیوەشەوە ئاگام لێیە نیگا بەجێماوەکانی ئەوان بەسەر شەپۆلە بێ قەرارەکانەوە وەک ساڵان دێن و دەچن. نا، تەنیا نیگاکان نین،... خۆشیانن. ئەوان هەر لەوێ ماون. ئەوان بەسەر شەپۆلەکانەوە لەو تاریکییە کوشندەیەدا بەدەوری خۆیاندا دەڕوانن. رەنگە سەرئەنجام فریادڕەسێک دەرکەوێ. ئاگام لێیە جاری وایە دیوارەکان و مردووەکان بانگیان لێدەکەنەوە و دەڵێن مەڕۆن، جێمان مەهێڵن، لەناو ئەم تەنیاییە کوشندەدا ئەوەندەی تر مەمانکوژن،... لەگەڵ جەللادەکان جێمان مەهێڵن! بەڵام نیگاکان کە پڕی حەسرەت و پڕی پەڕینەوە و داهاتوون، بەسەر شەپۆلەکانەوە لادەکەنەوە و لە یەکتر دەڕوانن. بەڕاستی چی بکەن؟ زیندان و مردووەکان لەتەنیایی خۆیاندا بەجێ بێڵن یان خۆیان بدەنە دەست قرشەکان،... یان رەنگە ئازادی؟ دیارە گەر دەریا بێڵێ. گوێم لێیە ماندێلا دەڵێ تێدەپەڕین. بەم شێوەیە زیندان و مردووە جێماوەکان ئەوەندەی تر دەکشێنەوە ناو تاریکایی شەو و مل دەدەنە قەزاو و قەدەر. ئەوسا هەورەکان پەیدادەبنەوە و زەمەن قورس قورس دەبێ، قورستر لەهەر کاتێکی تر. شتێک دەتکێ.

یەکێک لە زیندانییەکان دەڵێ ئەمە تەنیا خەونە، لەو ساڵانە گەلێک تێپەڕیوە، ئیستا زیندانەکە مۆزەخانەیە، من ئاگام لێبووە گەشتیار رووی تێدەکەن، با بگەڕێینەوە! بگرە یەکێک لە هاوڕێ کۆنەکانیشمان گایدە! ماندێلا دەڵێ تەنیا لەمەلەکردن بەردەوام بە، چارەنووسی ئێمە تەنیا تێپەڕینە. زیندانییەکی تر دەڵێ منیش ئاگام لێبووە، هەموو رۆژێ گەشتیارەکان دێن، لەهەموو بەشەکانی دونیاوە، ئێمە ئیستا تەنیا بۆ ئەوان چیرۆک و بەسەرهاتین، ئیستا ئێمە چیتر زیندانی نەماوین، بگرە زیندانەوانەکانیش گەڕاونەتەوە ماڵی خۆیان، رۆژە رەشەکان تێپەڕیون،... لەمێژە. نێلسۆن دیسان دەڵێ تەنیا تێپەڕن، گەڕانەوەیەک نیە، گەڕانەوە گەورەترین هەڵەیە، زیندانەکەی رۆبن مۆزەخانەیش بێت دیسان ئێمە نابێ بگەڕێینەوە. دەنگی گریانی زیندانەکە و مردووەکان تێکەڵ بە دەنگی شەپۆلەکان دەبن. "تکایە جێمان مەهێڵن،... تکایە!"

ئەوسا خۆرەکان لە گۆڕەکانیان دێنە دەرەوە. هەتا زیندانەکە، مەوداکە زۆر دوور نیە. دەستی یەکتر دەگرن و بەو شەوە نووتەکە خۆیان دەگەیەننە زیندانەکە. تێپەڕین لە دەرگا داخراوەکان کاتێک نیگابانەکان لەوێ نین چەند ئاسانە. هەموو شوێنێک بۆنی زیندانییەکان دەدا. زەویی تێنیسەکە، حەوشی پیاسەکە و تیڵدڕووەکان چەند خۆیان داوەتە دەست بێدەنگی. دەڵێی خەفەتی دیوارە تەنیاکان و ژوورە بێکەس و تەنیاکان دەخۆن. لە هەموو شوێنێک فرمێسکی دیوارەکان جۆگەلەیان بەستووە. جۆگەکان شۆق دەدەنەوە. یەکێک لە خۆرەکان کە کچێکی گەنجی نوقمی خەیاڵاتی پیاوەکەیەتی، خۆ دەگەیەنێتە دیوارێک و ماچی دەکا. لێێ دەپرسێ داخۆ بیرەوەرییەکی لەسەر پیاوەکەی لایە کە ئەم لەوە پێش قەت نەیبیستبێ. ئەوسا دانەدانە دەچنە ژوورەوە. دەچنە بەشی 'ب'. بەشی مرۆڤە یاغی و مەغرورەکان. ئەوانەی وا ئاراستەی نیگایان تەنیا لەسەر داهاتوو بوو. لێرە هەموو شتێک چەند بۆنی سیاسەت دەدا. کچەکە روودەکاتە یەکێک لە پیاوەکان و دەڵێ "ئەم بۆنە چییە؟ نایناسمەوە." پیاوەکە بە بێ ئەوەی وەڵام بداتەوە تێدەپەرێ و خۆی دەگەیەنێتە یەکێک لە ژوورە تەسکەکان. ئێرە چەندە بۆنی مرۆڤ دەدا! هەموو شتێک لێرە لەچاو گۆڕستانەکەی ئەوان چەندە جیاوازە! یەکێک لە خۆرەکان دەڵێ ئیتر لێرەوە دەتوانین پێکەوە لەگەڵ زیندانەکە هاواربکەین، جوانتر دەنگمان دەگاتە ئەوان. ماندێلا و هاوڕێکانی کە گەیشتوونەتە ناوەڕاستی رێگا، ئەمجارە گوێیان لە دەنگێکی بەهێزترە. دەنگێک لە پشت سەرەوە. هاوڕێکانی سەیری دەکەن. ماندێلا نیگای دەدزێتەوە، بەڵام زۆر خۆی ناگرێ. کتوپڕ دەنگ هەڵدەبڕێ و دەڵێ "هاوڕێیان بیر لە رابردوو مەکەنەوە، نە مردووەکان و نە زیندان هی داهاتوو نین! لێیانگەڕێن ئەوان لەوێ بمێننەوە!" یەکێک لە زیندانییەکان کە دڵی پڕبووە لە بەزەییم بڕیار دەگۆڕێ و دەگەڕێتەوە. گوێم لە ئێسکی جەستەیەتی کە لەدووای چەند چرکەیەک لەژێر دیانە بەهێزەکانی قرشێکدا دەشکێ و ورد و خاش دەبێ. ماندێلا دەڵێ نەمگوت چیدی رابردوویەک بۆ ئێمە نەماوە.

سەگەکان شێتانە لە قەراخ ئاوەکەدا دەوەڕن. پێیان سەیرە چلۆن ئەم مرۆڤە رووتەڵە بێ هێز و قول رەشانە توانیویانە لە سنووری ئەوان بپەڕنەوە. بەڵام هاوکات خۆشحاڵن مردووەکان و زیندانەکە لەوێ ماون و نەیانتوانیووە دەربازبن. هێشتا بیانوویەک بۆ هەبوونی ئەوان وەک سەگ لەم دوڕگەیەدا ماوە. لە کاتێکدا لمبۆزیان لە ئاوەکە وەردەدەن و لە تووڕەیی دەریا دەکشێنەوە، خەمیانە کە داخۆ خاوەنەکانیان بە هۆی غەفڵەتیان چ بەڵایەکیان بەسەردادێنن. یەکێک لە قرشەکان بە هاوڕێکەی دەڵێ رەنگە ئەمشەو بۆ یەکەم جار بتوانن تامی ئەم گۆشت تاڵە دەنگ زلانەیش بکەین! قرشەکەی تر وەڵام دەداتەوە فریاکەوە ئەوان خەریکن دەپەڕنەوە و بۆ هەمیشە تێدەپەڕن. قرشەکە دەڵێ لەوان گەڕێ با تێپەڕن. سەردەم سەردەمێکی ترە،... سەردەمی سەگ خواردنە.

بەو نیوەشەوە مۆبایلەکەم هەڵدەگرم و تەلەفۆن بۆ شوێنێک دەکەم کە نازانم کوێیە. هەر ئەوەندەم ئاگا لێیە هاواردەکەم و دەڵێم لە دووای میلیۆنان ساڵ دوڕگەی رۆبن خەریکە بە وشکاییەوە دەلکێتەوە و بۆ هەمیشە تەنیایی خۆی جێدێڵێ، دەڵێم نە سەگە دڕەکان و نە قرشەکان و نە شەپۆلە سەرکێشەکانی نێوان لێککەوتنی ئۆقیانووسی هیند و ئۆقیانووسی ئەتڵەس نەیانتووانیوە بەری پێبگرن. دەڵێم دەبێ لێرە بن و بەچاوی خۆتان بیبینن چلۆن زەوی بە هۆی جەستە و هیوای مرۆڤەوە مەودای دەریا پڕدەکاتەوە. جەستەی ئەو مرۆڤانەی وا هەموو کەس پێی وابوو زەمەنی وەستاوی دوڕگەکە بۆ هەمیشە لەخۆیدا نوقمی کردبوون. لەوبەر هێڵی تەلەفۆنەکەوە کەسێک بە زمانێکی سەیر پەیتاپەیتا قسەدەکا و کتوپڕ بە بێ ئەوەی من قسەکانم تەواوکردبێ، تەلەفۆنەکە دادەخاتەوە. بەڵام گرینگ نیە، من بەردەوامم. کەسێک دەبێ بەم نیوەشەوە بەردەوام بێت و چیرۆکی ئەم پەڕینەوەیە بگێڕێتەوە، با لەوبەر هێڵەکەیشەوە کەس حاڵی نەبێ!

بەپەلە دێمە خوارەوەو بەرەو قەراغ دەریاکە بەڕاکردن دەڕۆم. کەس بە دەرەوە نییە. کە دەگەم تەنیا منم و شەپۆلەکان. شێتانە چاودەگێڕم. لە تاریکیی شەودا جەستەی سپی و بەڵەکی باڵندە دەریاییەکان دەبینمەوە. بەهەڵەداوان دەچمە لایان. ئەوان کە بەو نیوەشەوە مل و سەریان لە جەستەیاندا نوقم بووە و خۆیان داوەتە دەست شەوی دەریا، بە سووکە دەجوڵێن و بە لاچاو لێم دەڕوانن. هاواردەکەم ئەوە خەریکی چین کەی کاتی نووستنە، لەوێ لە ناو دەریا ئەوان خەریکن دەپەڕنەوە و پێویستیان بە یارمەتیە. باڵندەکان پشتم تێدەکەن و نەرم نەرم دووردەکەونەوە. ئەوسا روودەکەمە ماسییەکان، بەڵام ماسی چییە نایبینم. وەک بڵێی لە ترسی قرشەکان خۆیان گەیاندووەتە بنی دەریا. روو لە ئەستێرەکان دەکەم. هاواردەکەم و دەپاڕێمەوە فریایان کەون، بە دووری و بە جوانیان سوێندیان دەدەم. ئەوانیش چەند بێ خەیاڵن. ئاسمان چەند بێ بەزەییانە دەنگ لەخۆیدا دەنێژێ.

لەسەر زیخەڵانە تەڕەکە چۆک دادەم و لەبەر خۆمەوە هەموو شتێک دەدەمەوە دەست قەزا و قەدەر. رێک وەک زیندانەکە و وەک خۆرەکان. ئەژنۆکانم تا نیوە لە زیخەڵانەکەدا نوقم دەبن.

بەیانی زۆر درەنگ لەخەو بەئاگادێم. سەرم قورسە. یەکجار تینوومە و برسیمە. وڕ خۆم ئامادە دەکەم و دەچمە خوارەوە. لە رێستورانێکی ئەوبەر جادەکە دادەنیشم و داوای خواردن دەکەم. ژنێکی رەش بە منداڵێک بە باوەشیەوە لەبەر دووکانی فرۆشتنی خواردەمەنییەکەدا راوەستاوە و داوای یارمەتی لە پیاوێکی رەش دەکا کە دوو دڵقی گەوەری خواردنی بەدەستەوەیە. پیاوەکە بەلایدا تێدەپەڕێ بێ ئەوەی تەنانەت لێیشی بروانێ. پاشان دوو نیگابانی رەشت پێست کە سواڵکەرەکە دووردەخەنەوە. ئەوسا بەسەرسوڕماوییەوە دەبینم لە تەلەفزیۆنی رێستورانەکەدا سەرۆککۆماری رەش پێشتی وڵات خەریکی پیشوازیی لە نوێنەری وڵاتێکی ئۆرووپاییە. باشە ساڵی چەندەیە. موبایلەکەم هەڵدەکەم و سەیری دەکەم. حەوتی سێپتامبری ٢٠١٩.

بزەیەک دەمگرێ.

خۆشحاڵم ئەوان نێزیکەی سی ساڵە لە ئاوەکە پەڕیونەتەوە، با من گێژترین مرۆڤی دونیایش بم!... بەڵام راوەستن! ئەو دیمەنە چی بوو ئیستاکە لەبەر رێستورانەکەدا بینیم؟... ها چی بوو؟... مەبەستم دیمەنەی پێش هەواڵی تەلەفزیۆنەکەیە،... ئاە، چەندە سەرم دێشێ،... تکایە کەسێک بیرم بێنێتەوە! 

Bilderesultat for swim in dark sea

گەڕان بۆ بابەت