فەڕۆخ نێعمەتپوور

ترامپ کە بەرەبەرە ساردبووەتەوە بۆ ئەوەی لە زەوق و شەوقی ئەمڕۆی نەکەوێ دەڵێ خۆ هەر بەقەد من بەرزە نەگبەت، گوێ بگرە، ناونیشانێکت دەدەمێ، ئیتر دەبێ هەڵی بێنی، ناونیشانەکە ئەوەیە من و ئەو هاوڕێ تازەیەم وەک گوێی کەر جووتین!

 

تەنیا چاڵە نەوتێک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە دەرەوە دەنگی تەقینەوەو زرم و هوڕ دێت. دەنگەکە ئەگەرچی دوورە، بەڵام دار و دیوار بە ئاستەم دەلەرێنێتەوە. قەرەباڵغیی شاریش ناتوانێ بەتەواوی بیشارێتەوە. بەتایبەت لەم ئاپارتمانە بەرزە کە جگە لە شوێنی خودا، هەموو شوێنێکی لێوە دیارە.

ترامپ بە خۆشحاڵییەکی بێ وێنەوە بەپەلە دەرگاکە دەکاتەوە، هەر لە دوورەوە هاوار لە ژنەکەی دەکا و، دەڵێ بزانم دەتوانی هەڵی بێنی، من ئەمڕۆ هاوڕێیەکی نزیکم پیدا کردووە، هاوڕێیەکی خوێن شیرین و زۆر تایبەت،... دەی یاڵڵا ناوەکەی بڵێ! ملانیا کە لە بەر ئاوێنە گەورە گران باییەکەدا دانیشتووە و شۆقی چوارچێوە ئاڵتوونییەکی لە رۆخساری دەدا و ئەوەندەی تر جوانییەکەی سیحراوی تر کردووە، بەو جلوبەرگەوە وا پاشای عەرەبستان بەدیاری پێیداوە خۆی بۆ سەدەمین جار بە ئاستەم رادەوەشێنێ و دەڵێ جا من چووزانم کێیە خۆ تۆ هەموو رۆژێ هاوڕێیەکی تازە و سەیروسەمەرە دەدۆزیتەوە. ترامپ کە هەر لەسەر مەوجی خۆیەتی، دەڵێ نانا بزانم دەزانی، دەی یاڵڵا کەمێک بیربکەوە، دەی ماڵت نەشێوێ با بۆ جارێکیش بێت بیربکەیتەوە! ئەو کەلەت بەکاربێنە! ژنەکەی لووتی لێدەماسێنێ و وەڵامدەداتەوە وەک بڵێی بۆخۆت هەر زۆر بیردەکەیتەوە! ئەوسا ماتیکەکەی هەڵدەگرێ و دەستدەکا بە سوورکردنی زیاتری لێوە ئاوساوەکانی. ترامپ بەم قسەیە سەرەتا بڕستی لێدەبڕێ، بەڵام چونکە زۆر خۆشحاڵە زۆر خێرا لەبیری دەچێتەوە و دەڵێ دەی یاڵڵا، من دەزانم سەرئەنجام هەڵیدێنی، دەی کچی باش! ملانیا سەیرێکی خۆی لەناو ئاوێنەکەدا دەکاتەوە و لێوێک هەڵدەقرچێنێ و لەکاتێکدا شەیدای لێوهەڵقرچاندنەکەی خۆی دەبێت و لای یەکجار جوانە دەڵێ لەگەڵ فیدل کاسترۆ؟! ترامپ کتوپڕ وەک دیواری خانووەکەی رەق هەڵدێ، دەمی وشک هەڵدەگەڕێ  و دەڵێ حەک بێ قەزابی خۆ ئەو سەگبابە دەمێکەیە گۆڕبەگٶڕ بووە، جگە لەوە من چۆن لەگەڵ کەسی وا دەبمە هاوڕێ. ملانیا دیسان جەستەی بە ناز و غەمزەوە رادەوەشێنێ و دەڵێ ئەی ئەوە نیە لەگەڵ ئەو قەڵەویچکە لووسکەی کۆریا یەک کەوتووی، ئیتر فەرقیان چییە!؟ ترامپ هەر بەو زەوقەوە دیسان دەڵێ دەی ناوی بێنە دەی یاڵڵا من دەزانم هەڵێدێنی،... دەی کچی زیرەک! ملانیا دەڵێ لەگەڵ مادۆرۆ؟... نانا لەگەڵ خوێن شیرینەکەی سەرۆکی ناتۆ ئەوەی وا خەڵکی نۆروێژەو پەککوو کە ناوەکەیشی سەختە! بەڵام خوا قەزای باڵای! ترامپ کە بەرەبەرە ساردبووەتەوە بۆ ئەوەی لە زەوق و شەوقی ئەمڕۆی نەکەوێ دەڵێ خۆ هەر بەقەد من بەرزە نەگبەت، گوێ بگرە، ناونیشانێکت دەدەمێ، ئیتر دەبێ هەڵی بێنی، ناونیشانەکە ئەوەیە من و ئەو هاوڕێ تازەیەم وەک گوێی کەر جووتین! ملانیا لادەکاتەوە و دەڵێ ئەم قسەیەت لە کوێ هێناوە،... ئەمەم قەت نەبیستبوو. ترامپ دەڵێ پیاو کە سەرۆک کۆمار بوو و زۆر گەڕا و خەڵکی جۆراوجۆریشی بینی ئیتر زۆر شتی تازەیش فێردەبێ. ملانیا دەڵێ دەی باشە ئەمە لە کوێ فێربووی؟ ترامپ هەڵوەستەیەکی بۆ دەکا و پاش کەمێک تێفکرین دەڵێ پێم وابێ... پێم وابێ لە پۆمپیۆ قەڵەوەوە فێربووم،... نانا راوەستە هەڵەم کرد ئەها هاتەوە بیرم لە کوردەکانەوە فێری بووم، ئەرێ لەوانەوە، ئەوان کاتێک دوو کەس زۆر هاوڕێ بن و نێوانیان کۆکە پێیان دەڵێن وەک گوێی کەر جووتن!... خۆش نیە؟ بێگومان کە زۆر خۆشە، دیمەنی کەر بە جووتێک گوێ بێنەبەر چاوی خۆت ئەوجا تێدەگەی من دەڵێم چی! هەهەهە... بەڵام پێم سەیرە مکزیکییەکان سەرەڕای ئەوەی ئەو هەموو کەرەیان هەیە کەچی پێکەوە ناسازین و ئەو هەموو کۆچەرەیان روودەکەنە ئێمە! بێگومان دەزانی کە کەری مکزیکی زۆر بەناوبانگن؟

ملانیا دەڵێ تۆ هەر نابێ ناوی کەر بێنی چونکە لۆگۆی حیزبە رقیبەکەی تۆیە،... حیزبی دیمۆکرات، من گەر لەجیاتی تۆ بوومایە دەمگوت وەک گوێی فیل جووتن!

ترامپ دیسان هەڵوەستەیەکی تری بۆ دەکا و دەڵێ نانا ئەمە ناخوا، سەری فیل زلە و بۆیە گوێکانی زۆر جووت نانوێنن. ئەوسا کتوپڕ تووڕەدەبێ و دەنگ بەرزدەکاتەوە و دەڵێ حەک ماڵت نەشێوێ ئەمەیشت پێ نەکرا، بەخوا ژنێکی گەمژە و بێ کەڵکم هەیە!

ملانیا کە لەم کاتەدا سەری تەواو لە ئاوێنەکە نزیک کردووەتەوە و خەریکی بەسەرکردنەوەی وردی برۆکانیەتی دەڵێ ئەسلەن بە من چی بۆ سەری منت بەمەوە ئێشاندووە، چاوی دەرێ هەر کەسێکە! ترامپ پێڵاوێکی دادەکەنێ و بۆ فڕی دەدا، ملانیا وەک بڵێی لەوە پێش چاوەڕوانی وەها شتێک بووە، زۆر خێرا خۆی لادەدا و پێڵاوەکە بە تووندی بە ئاوێنەکەدا دەدرێ، ئاوێنە گران باییەکە دەشکێ و بێ ئەژمار درزی ورد و درشتی تێدەکەوێ. ملانیا دەبێ بە هەزار وێنەی لەت و پەت، بەڵام وازناهێنێ و هەر بەردەوامە لەسەیرکردنی لەش و لاری خۆی. ئەوسا پاش ماوەیەک دەڵێ خۆ 'مەکرۆن'ی ژن پیر نیە،... یان پیرێژنە چرچەڵەکەی ئینگلستان، ئەوەی وا لە هەموو شتێک دەچێ لە مەلەکە نەبێ؟

ترامپ کە تەواو وەڕەزببوو و بەڵام هێشتا نەیدەویست جەوەکە تێکبدا، وتی ئاە نازدارەکەم بیربکەوە بیر... زیاتر،... تکایە تکا!

ملانیا قامکی برد بۆ گۆشەی لێوەکانی. پاش ماوەیەک گوتی تۆ وتت هاوڕێیەکی نزیکت پەیداکردووە، مانای ئەوەیە ئەو کەسە لەوە پێش هەر هاوڕێت بووە، بەڵام هاوڕێی دووربووە و ئیستاکە بووەتە نزیک،... وایە،... باشی بۆ چووم؟ ترامپ گوتی حەک بەساقەی ئەو دەمەت بم، چاکت گوت،... دەی یاڵڵا بەردەوام بە! ملانیا گوتی جا وەها هاوڕێیەکیش بۆ ئەوەی وەها نزیک بکەوێتەوە دەبێ هەر لەم دەورووبەرەی خۆمان بژیت،... وانیە؟ ترامپ کە خەریکبوو سەری دەتەقی، کتوپڕ بیرێک بە مێشکیدا هات. خێرا لە نەقشەی دونیا لە هۆڵی دانیشتنەکە نزیک کەوتەوە و ئاماژەی پێدا، گوتی وایە هەر لەم دەورووبەرانەیە! ملانیا بەسەرسوڕمانەوە لێی رووانی و گوتی بۆ گەڕەکەکەی خۆمان پێویست بە نەقشەی دونیا ناکا. ترامپ لەداخا کراواتەکەی شل کردەوە و کۆتەکەی داکەند و هەتا توانی فڕێیدا. کۆتەکە لەسەر کورسییەک نیشتەوە و خۆی شۆڕشۆڕ پیاهەڵواسی.

لەم کاتەدا تەلەفۆنەکەیان زەنگی خوارد.

ـ قوربان گەر ئەم زرم و هووڕە خەوتان لێ تێکدەدا با بێدەنگی کەین؟

ـ نانا، لێی گەڕێ، هۆکاری ئەو دەنگە هاوڕێ تازەکەی منە، جەژن دەگرێ.

تەلەفۆنەکە دادەخاتەوە.

ملانیا دەڵێ کەواتە هاوڕێ تازەکەت ئەوەندە بە هاوڕێیەتی تۆ خۆشحاڵە دونیای هێناوەتە سەر سەری خۆی،... گوێم لێیە. ترامپ دەڵێ هاوڕێی باش وەهایە. جیهان ئاگاداردەکاتەوە، دەی یاڵڵا ئیستا بێگومان ناوەکەی دەزانی. ملانیا شانە دەسک ئاڵتوونییەکەی هەڵدەگرێ و لەکاتێکدا قژە درێژە چەند پارچەکەی خۆی لەبەر ئاوێنەکەدا شانەدەکا دەڵێ وای بۆ دەچم ریشنەکەی سوریا بێت، ناوی چییە، کوڕە ئەو نەگبەتە سەرەخۆرە، ئەها هاتەوە بیرم ئەبوو بەکدایی،... ئەو نیە؟ ترامپ کە لە خەفەتا روخسارە سوورەکەی رەش و شین هەڵگەڕاوە، دیسان بەر بە تووڕەیی خۆی دەگرێ و دەڵێ باش لێی نزیک کەوتیتەوە، بەڵام هێشتا خۆی نیە، کەمێک بەرەو لای راست، چەپ، سەرەوە یاخود خوارەوە بابدەوە دەیگەیتێ، دەی یاڵڵا ژنە قەدباریکە جوانەکەم، دەی یاڵلا رووڕەشی دونیا و قیامەتم مەکە!

ملانیا کەمێک رادەوەستێ. ئەوسا لێوەکانی هەڵدەقرچێنێتەوە و دەڵێ نەتبردم بۆ عێراق و بەتەمای بزانم کێیە. ترامپ دەڵێ حەک ملم شکێ، بەڵام بۆخۆت دەزانی نەدەکرا، بۆ شوێنی وا دەبێ لەناکاو بچی، دڵنیا بە بۆت قەرەبوودەکەمەوە،... دڵنیابە! ملانیا لێوە هەڵقرچاوەکانی دەکاتەوە و لە کاتێکدا لە گۆشەی چاوەکانییەوە لە مێردەکەی دەڕوانێ کە ئەم چەند مانگەی دووایی لەبەر چاویدا پیرتر بووە، دەڵێ بەڵام بەلای چەپدا دەزانم، خۆبەزلزانەکەی ئیسرائیلە، 'باراک'ی کەچەڵ، بەلای راستیشدا،... ئەها نەکا لەگەڵ ئێران یەک کەوتبێتی، لەگەڵ ئەو پەڕۆبەسەرە کەلەڕەقانە،... ها،... نەکا؟ بەخوا ئەمەیشت لەدەست دێ. ترامپ دەڵێ هەموو شوێنێکت گوت یەکیان نەبێ، دەی یاڵڵا!... دەی،... ئەوەندەی نەماوە. ئەوسا بە قامک ئاماژە بە سەرەوە دەکا.

ملانیا سەیری سەقفەکە دەکا! ئیتر متەق لەخۆی دەبڕێ. ترامپ هەرچی دەکا بێسوودە. ئەو تەنیا قژی دادێنێ و لە روخساری هەزار پارچەی خۆی لە ناو ئاوێنەکەدا دەڕوانێ.

لە دەرەوە دونیا هەروا دەلەرێتەوە. دەنگی تەقینەوەو زرم و کوت خۆ بە هەموو کەلێن و قوژبنێکدا دەکا. دیسان تەلەفۆنەکە زەنگ دەداتەوە:

ـ قوربان پێم وابێ ئیتر پێی زۆر لێ راکێشاوە، خەوی جەنابتی تێکداوە!

ـ نانا،... وەک گوتم وازی لێ بێنن، تەقەی خۆشییە،... نامەیەکیشی بۆ ناردووم، دەڵێ چاڵە نەوتەکانیش بەشدەکەین، بۆ پانزدەهەمین ساڵی هاوسەرگیریم یەکیان دیارییە،... وازی لێ بێنن واز!

ملانیا چاوەکانی زیت دەبێتەوە. بزەیەکی گەورەو کراوە روخساری دەگەشێنێتەوە. بەدەم شانەکردنی قژە رەشە درێژەکانییەوە خەرامان خەرامان دێت و لەسەر رانی ترامپ دادەنیشێ،... بە ناز و غەمزەوە دەڵێ ئیستا دەزانم کێیە، بەڵام ناوەکەی ناڵێم تا منیش چاڵە نەوتێکم بەرنەکەوێ،... تەنیا چاڵە نەوتێک.

ترامپ لەخۆشیانا نازانێ چۆن پێبکەنێ.

Bilderesultat for ‫ترامپ و نفت کاریکاتور‬‎