فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەڵێم ئەوەندە ساردە کە تەنیا سۆزانییەکە و نانەواکە و مامۆستا کتێب خوێنەکە و من بەدەرەوەین. دەڵێم هەڵبەت باوکیشم لێرە بوو، بەڵام زۆر دڵنیا نیم بەڕاستی خۆی بووبێ، ئاخر منی نەناسییەوە. پیاوە پاڵتۆلەبەرەکە دیسان بە چاوە تیژ و خەمینەکانی لێم دەڕوانێتەوە. دەڵێم هەڵبەت رەنگە مێژوویش لە دەرەوە بێت. من چاوەڕوانی ئەوم.

 

ساڵێکی نادیار

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سۆزانییەکە کیفی پووڵەکەی دەردێنێ و ریزی ئەو ئەسکەناسانە پیشاندەدا وا پاڵیان بە یەکترەوە داوە و دڵنیا لەسەر تەنیشت پاڵکەوتوون. دەڵێ تەنیا دەمم ماچ نەکەن ئەوی تری هیچ نیە. ئەوسا پێدەکەنێ و دەڵێ ئەم پووڵانە ناگەنە لێوەکانم، لێوەکانم هی ئەوە،... هی خۆشەویستەکەم.

بیردەکەمەوە سۆزانییەک ئاشق بی داخۆ سۆزانییە؟

دەڵێم ئەی بۆنیان، بۆنەکانیان، بۆنی جەستەی ئەو هەموو پیاوە،... نامێنێتەوە؟

دەڵێ خوا حەمامی بۆ رۆژێکی وەها داناوە، شامپۆ و کەفاوێکی باش دەیسڕێتەوە، نوێ دەبیتەوە، وەک رۆژی سەرەتا، دەڵێی هەر هیچیش نەبووە،... هیچ هیچ! تازە، بۆنی جەستەی ئەو وەها بەسەریاندا زاڵدەبێ هەر ئاسەواریشیان نامێنێ.

کە دەڕوا و تێدەپەڕێ بۆنی هەموو پیاوەکان دەدا، هەر لە دووکاندارەوە بگرە تا دەگاتە خوێندکار و پیاوە سیاسییەکان و نووسەر و شاعیر و پیاوە تەنیاکان، ئەوانەیش وا رقیان لە ژنەکانیانە و دەیانەوێ بە نهێنی تۆڵەیان لێبکەنەوە. تەنیا سواڵکەرەکان دەستیان ناگاتە سۆزانییەکە. دەڵێ هەموویانم خۆش دەوێ، سەرەتا رقم لێیان بوو، بەڵام ئیستا خۆشم دەوێن، خۆشم دەوێن چونکە لای من ئەوەن وا بەڕاستی هەن، داماڵدراو لە هەر دەمامک و دونیایەکی شاراوە، جورئەت دەکەن باسی هەستی خۆیان بکەن، بەقوربانم بن،... شێتانە!

ئەوسا دیسان پێدەکەنێ. بیردەکەمەوە بەقوربانی دەبن چونکە ئیتر قەت نایبیننەوە.

دەلێ ببورە پێدەکەنم، مەبەستم بەسووک سەیرکردنیان نیە، پێدەکەنم چونکە زۆر خوێن شیرینن لەو کاتەدا، کە لە جەستەم نزیک دەکەونەوە هەموو غروری پیاوەتیان وەک خانووە لۆکەی بەرباران دەتڵیسێتەوە و دادەڕمێ. دەتوانی کۆی بکەیتەوە و لە جانتایەکدا بیدەی بە کۆڵتا، یان بیدەیتە دەم ئاوی چەمەکەی شار.

سەرمامە. کەسێک لەو سەری کۆڵانەوە دەردەکەوێ. نایناسم. هەر ئەوەندە دەزانم پیاوە. حەزدەکەم لێی بپرسم داخۆ ئەویش ژنە سۆزانییەکە دەناسێ. بەڵام ناپرسم. دڵنیام ئەویش دەیناسێ. پیاوان هەموویان ئەو دەناسن. ئەو ژنە سۆزانییەی وا مێژوویش دەگاتە ئەو. ئەو ژنەی وا دڵنیایە ئەو پیاوانەیش وا ناچنە لای، هەر خەونی پێوە دەبینن.

دایکم دەڵی دیسان بە بێ پاڵتۆ چوویتە دەرەوە، مەگەر نازانی زستانە؟ من دەزانم زستانە، هەر ئەوەندەی نازانم زستانی چ ساڵێکە. جاری وایە روخساری دایکم دەچێتە پشت پەردەیەکی تەنک لە ساڵەکان، رەنگە چەندین پەردە. حەزدەکەم بەدەست بە ئارامی لایان بدەم و بپرسم ساڵی چەندە. دایکم بەو چاوانەی وا بە تووڕەیش هەر پڕ لە خۆشەویستین لێم دەڕوانێتەوە و دەڵی زستان زستانە ئیتر ساڵ و ماڵی ناوێ.

شوێن پیاوەکە دەکەوم. حەزدەکەم بزانم بەو بەیانییە زووەی ساڵێکی نادیار بۆ کوێ دەچێ. دەنگێک لە دەروونمەوە پێم دەڵێ بەرەولای سۆزانییەکە دەڕوا. بەیانی زووە و کۆڵان و شەقام چۆڵە و چ کاتێک باشتر لە ئیستا؛ مەلایش بە مزگەوت و بە بانگ و بە نوێژەی بەیانییەوە مەشغوڵە. دونیا کوێر و کەڕە. حەیا لە رۆژ و ساتێکی وەهادا ناتکێ. دەڕوا و دەڕوا. لە نانەواخانەیەک لادەدا. من لە پشت شووشەکانەوە سەیری ناوەوە دەکەم. گڕی سوور و خۆشی کوانووکە سەرنجم رادەکێشێ. ئەو تووتن و پەڕەیەک دەپێچێتەوە و بە ئاگری کوانووکە دایدەگیرسێنێ. چەندە حەزم لێیە بچمە ژوورەوە و لە تەنیشت ئاورەکەدا هەڵکورمێم و خۆم بدەمە دەست گڕی ئارامبەخشی. بەڵام ئەمە ناکەم. تەوێڵم هەر بە شووشە تەماویی و زوقماوییەکەوەیە. سەگێک لەدوواوە بەدەنگی زلی وەها لێم دەوەڕێ رادەچەنم و چەند هەنگاوێک هەڵدێم. من کە لەمێژە لەم شارە هیچ سەگە بەڕەڵڵایەکم نەبینیوە دیسان بیری ساڵ دەکەومەوە. بەپەلە دەرگای نانەواخانەکە دەکەمەوە و بە دەنگی بەرز دەڵێم تکایە کەسێک دەزانێ ئەمساڵ ساڵی چەندەیە؟ کرێکارەکان و خاوەن نانەواخانەکە و کابرای دەمنە بەدەم بە سەرسوڕمانەوە لێم دەڕوانن. ئەوسا دەبینم یەک تاقە مشتەری تری لێ نیە. کتوپڕ کەسێک لە دوواوە بە شانمدا دەکوتێ و دەڵێ کاکە تکایە ناودرگاکە چۆڵ کە! لادەکەمەوە، پیاوێکی چاویلکە لەچاوی باڵامامناوەندییە. بێگومان مامۆستای قوتابخانەیە. بەدڵنیاییەوە رووی تێدەکەم و دەڵێم مامۆستاگیان تکایە ئەمساڵ چ ساڵێکە؟ پیاوەکە لەجیاتی ئەوەی وەڵامی من بداتەوە، بە نانەواکە دەڵێ تکایە بیست نان، با ببرژێ. ئەوسا کتێبێک دەردێنێ و دەست دەکا بە خوێندنەوەی. سەیری بەرگی کتێبەکە دەکەم. نووسراوە 'ئەو ساڵەی ژنە سۆزانییەکە رووی کردە شارەکەی ئێمە'. دادەچڵەکێم. نەکا من پاڵەوانی چیرۆکی کتێبەکەی ئەو مامۆستایەی چاوەڕوانی نان بم؟ هەوڵدەدەم ساڵی چاپی کتێبەکە هەر چۆنێک بێت لە سەر بەرگی پشتەوەی ببینمەوە. بەڵام ئەو ئەوەندە خواری گرتووە هەرچەند ملیشی بۆ لاربکەمەوە، نایگەمێ. بێسوودە. مامۆستاکە وەک بڵێی لە نیەتی من گەیشتبێ، دەڵێ چیرۆکی چاک ساڵ و ماڵ ناناسێ، دەڕوا و دەڕوا، لانیکەم تا بەیانییەکی زووی مرۆڤێکی پڕ لە پرسیار.

من کە لە قسەکانی ناگەم، رووی لێوەردەگێڕم. رقم لەخۆمە کە بە تەواوی ژیانم یەک تاقە چیرۆک چییە نەمخوێندووەتەوە. کەواتە ئێمە لەوێین، لەناو ئەو لاپەڕانەدا، لە دوو توێی ئەو بەرگەدا. بۆنی پیاوەکان، جەستەی سۆزانییەکە، بۆنی نانی برژاو، کوانووی رۆژێکی زستانی و من،... لەوێین. مامۆستاکە چەندە بەختەوەرە لەجیاتی ئەوەی ساڵانی ساڵ بژی بۆ ئەوەی بزانێ چارەنووسی ئێمە بەرەو کوێ دەچێ، ئەو لە چەند کاتژمێردا دەیگاتێ. ئەو لە چەند کاتژمێردا لە رازی هەموو دونیا دەگا.

نانەواخانەکە جێدێڵم و دەچمە دەرەوە. ئەگەرچی هەتاو دەردەکەوێ، بەڵام تەشکی هەوا ناشکێ و دونیا هەروا خۆڵەمێشییە. سەرما بەدەم هەناسەهەڵکێشانەوە تا ناو سییەکان دەڕوا. سۆزانییەکە دەڵێ تەنیا لای من گەرم دەبنەوە، تەنانەت مێژوویش هەر لای من گەرم دەبێتەوە.

مێژوو! دەڵێم مێژوو کێیە، دەیناسی،... لە کوێ دەژی؟ دیسان بزە بێ دەربەستەکە لە سەر لێوە زوقم لێ نیشتووەکانی وەک پەپوولەیەکی سرک دەنیشێ و دەڵێ خۆ تۆ ئیستا ناوت برد! دەڵێم من؟ دەلێ پێم وابێ تەنیا تۆ نایناسی، تۆی وێڵی ساڵەکان. یەکێک لە پەردەکان لادەدەم و لە دایکم دەپرسم دایە تۆ مێژوو دەناسی، دەزانی کێیە؟ بەڵام دایکم لێوەکانی دیارنین. بە نیگاکانیدا دەزانم خەریکە قسەدەکا، کەچی هیچ دەنگێک ناگاتە گوێم. سۆزانییەکە دەڵێ مێژوو دەنگی ئەویشی برد. بولبولێک لەسەر تەلی نیگا وێڵەکانم دەنیشێ و دەچریکێنێ. باخێک لەو سەرما و بەستەڵەکدا لە شوێنێک دەپشکوێ. کەچی من هەر گوێم لە قسەکانی دایکم نیە. زەمەن دەبێ بە پۆلێک دنکە بەفری سپی و لەسەر شان و ملم دەنیشێ. بۆنی گەرمی نانی برژاو ئەم سەر تا ئەو سەری شەقام لەخۆیدا نوقم دەکا. بە سۆزانییەکە دەڵێم رەنگە ئیتر پێویست نەکا لەشت بفرۆشی، ئەم نانە بەشی هەموومان دەکا، بەشی تۆیش. دەڵێ مەگەر مرۆڤ تەنیا بە نان دەژی! ئەوسا پشتم تێدەکا و دەچێتە شەقامەکەی ئەوبەر.

من بە تەنیا دەمێنمەوە. پیاوە دەمنە بەدەستەکە و مامۆستاکە هێشتا هەر لە نانەواخانەکە ماون و نەهاتوونەتە دەرەوە. کەسی تریش روو لە نانەواخانەکە ناکا. باشە شار بۆ وا چۆڵە؟ راستی ئەم ساڵ چ ساڵێکە؟ نانەواخانەکە ئەو هەموو نانە بۆ کێ دەکا؟ کتوپڕ تێدەگەم بۆ مێژووی دەکا. مێژوو دێت و هەموویان دەکڕێ و لەگەڵ خۆی دەیانبا. بێگومان کە لێرەیشەوە تێپەڕی، بەشی سۆزانییەکەیش دەدا. رەنگە ئەوەندەی بداتێ کە مەجبور نەبێ رۆژەکانی تریش بەم بەستەڵەکە بێتە دەرەوە و لەم شەقامە چۆڵانەدا بەتەمای مشتەری بسووڕێتەوە.

بولبولەکە ناگاتە باخەکە، دەوەرێ.

لەوسەر جادە کەسێک دەردەکەوێ. بەرەولای من دێت. باوەشێک نانی پێیە. سەری داخستووە و هەڵمی هەناسەی لە پێش خۆیەوە هەوا دەدڕێ. کە لە من تێدەپەڕێ کتوپڕ دەیناسمەوە. باوکمە! پێم سەیرە. دەلێم باوکە راوەستە، منم، من، کوڕەکەت، نامناسیتەوە؟ بەلاچاو سەیرێکم دەکا و دەست دەبا و نانێکم دەداتێ. نیگاکانی چەند غەریبانە لێم دەڕوانن. داخۆ من کێم؟ راستی ئەم ساڵ چ ساڵێکە؟... تکایە، تکا،... کەسێک پێم بڵێ،... تکایە!

باوکم دەڕوا و لە دووای خۆی بۆنی نانی برژاو جێدێڵێ. بە شوێنیا دەڕۆم. رەنگە ئەمە تاقە دەرفەتی خۆدەربازکردنم بێت لەم خەونە سامناکە. بەپەلە هەنگاو هەڵدەگرم. کەچی هەر دەڕۆم و باوکم دوورتر دەکەوێتەوە. نایگەمێ. هاواردەکەم باوکە جێم مەهێڵە، خۆمم، کوڕەکەتم، ئەوەی ساڵان، تکایە راوەستە! بەڵام باوکم هەر دەڕوا و دەڕوا. نە لادەکاتەوە و نە پێشم وایە هەر گوێی لە هاوارەکانی منیش بێت. من کە خەمی ئەوەمە سۆزانییەکە رێگای پێبگرێ، هەنگاوەکانم خێراتر دەکەم. کتوپڕ دەنگێک لە پشت سەرمەوە دەڵێ تۆ پێت وایە ئێمەی سۆزانی مەجبوری هەموو کەسێکین، بەخوا گەمژەی،... گەمژە! من کە قەت لە تەواوی ئەو ساڵە بێ ژمارانەدا ئاوا حازرجواب نەبووم دەڵێم نا دەمەوێ لێی پرسم داخۆ مێژوو دەناسێ، داخۆ دەزانێ ئەمساڵ چ ساڵێکە. سۆزانییەکە سەرێکم لێ رادەوەشێنێ و دووردەکەوێتەوە.

لەبەر دووکانێکدا هەڵدەتروشکێم. لەبیرمە جارێکیان بە کەسێکموت هەموو ژیانم تۆی. لەوسەری جادەکە کەسێک خەریکی ئاورکردنەوەیە. سەرنجم رادەکێشێ. بێگومان پووتێکی گەورەی لە دار خنیوە و دەیەوێ ئاوریان تێبەربا. من کە پێویستم بە ئاگرە، ئارام ئارام بەرەو لای دەچم. کە نزیک دەکەومەوە دەبینم پیاوەکە پاڵتۆیەکی یەکجار گەورەی لەبەردایە بەو کڵاوە گەورە و ملپێچەوە تەنیا چاوەکانی دانەپۆشیوە. چاوەکانی تیژ و خەمگینن. دەڵێم دەتوانم خۆم گەرم بکەمەوە. بەدەست ئاماژەم پێدەدا. لەتەنیشت پووتەکەدا هەڵدەتروشکێم. ئەوسا چاییەک سازدەکا و لە قروشکەیەکدا بەشی منیش دەدا. هەڵمی چاییەکە لە بۆنی نان دەئاڵێ.

دەلێم زۆر ساردە. هیچ ناڵێ. دەڵێم ئەوەندە ساردە کە تەنیا سۆزانییەکە و نانەواکە و مامۆستا کتێب خوێنەکە و من بەدەرەوەین. دەڵێم هەڵبەت باوکیشم لێرە بوو، بەڵام زۆر دڵنیا نیم بەڕاستی خۆی بووبێ، ئاخر منی نەناسییەوە. پیاوە پاڵتۆلەبەرەکە دیسان بە چاوە تیژ و خەمینەکانی لێم دەڕوانێتەوە. دەڵێم هەڵبەت رەنگە مێژوویش لە دەرەوە بێت. من چاوەڕوانی ئەوم.

پیاوەکە گڕەکە خۆشتر دەکا. پزیسکی ئاگرەکە وەک پڕژەئاو دەپژێ. من دەکشێمەوە، بەڵام ئەو گوێ ناداتێ. پزیسکەکان لێی دەئاڵێن.

دەڵێم رەنگە تۆ بیناسی، رەنگە بینیبێتت، رەنگە ئەویش لەم بەستەڵەکدا سەرمای بێت و بێت لێرە لای تۆ وەک من خۆی گەرم بکاتەوە. هەڵبەت دەزانم ئەم ئاگرە ناتوانێ هەموو ئەم شەقامە گەرم بکاتەوە.

پیاوەکە سەیرم ناکا. جادە هەروا چۆڵە. سۆزانییەکە لەوسەر جادە هەروا دەسوڕێتەوە. بۆنی نای برژاو ئیتر نایەت. خۆشەویستی سۆزانییەکە لە ماڵەوە لە ناو جێگادا تلدەدا.

باشە ئەم ساڵ چ ساڵێکە؟... تکایە ئەم ساڵ چ ساڵێکە!     

 Bilderesultat for ‫رویا‬‎