ما 5359 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

با و بۆنی سێو چیتر دەرەقەتی نایەن. کتێبەکە دەگاتە شوێنێک و دەڵێ بۆچوونەکە هی ئەوەی بوو وا لە نیوەی رێگادا مایەوە. خۆشحاڵم ئەمە قسەی ئەوە و هی... بۆ وێنە هی منیش نیە. هەناسەیەک هەڵدەکێشم و لەبەرخۆمەوە لەناو ئەو تاریکییەدا دەڵێم جا ئەگەر شوێنێک نەبێ بیگەینێ ئیتر لەمە ژیان بێ ماناتر نابێ.

 

رستەکان دەدرەوشێنەوە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە پێکەوە دەستمان پێکرد. پێکەوە رێگاکانمان بڕی. بەڵام تۆ لە شوێنێک لەسەرەتاکاندا راوەستای،... مایتەوە. ئەوی تریش لە شوێنێک لە ناوەراستی رێگادا و منیش هەر بەڕێوەم. هەڵبەت نازانم لەسەرەتادام، لە ناوەڕاستدا یان لە نزیک کۆتایی. هەر ئەوەندە دەزانم بەڕێوەم.

هاوڕێکەم گڵۆپی ژوورەکە دادەگیرسێنێ و دەڵێ ئۆخەی ئەمشەویش تاریکی رەوییەوە. من کە بە تاریکی دانیشتووم و کتێب دەخوێنمەوە، دەڵێم تکایە بیکوژێنەوە، گەیشتوومەتە کۆتایی چیرۆکەکە، با تەواوی کەم! ئەو نایکوژێنێتەوە، پێم وابێ ئەو هاوڕێیەیە وا لە سەرەتای رێگاکاندا مایەوە، دەڵێ کات زۆرە، داینێ بۆ سبەی شەو، یاخود بۆ کاتێکی تر، پشوویەک بدە و گوێ لە مۆسیقا بگرە. من کە کتوپڕ رقم لە مۆسیقا دەبێتەوە و لام وایە هۆکاری مانەوەی ئەو لە سەرەتاکاندا مۆسیقا بووە دەلێم من کاتێک کتێب دەخوێنمەوە گوێ لە موسیقا ناگرم، سەرنجم تێکدەدا و نازانم چی دەخوێنمەوە. ئەو بزەیەک دەیگرێ و دەچێ چایی سازبکا. من بەناچار کتێبەکە دادەنێم و جوان پاڵ دەدەمەوە و قاچەکانم دەخەمە سەریەک. ژوورەکە ئەوەندە رووناکە بە جوانی روخساری ئەو نابینم.

ئەو نازانێ رستەکان دەدرەوشێنەوە.

دەڵێ وازت لە خوێندنەوەی کتێب بەشەودا نەهێنا بۆیە هەر بە رێگاوەی. من کە کتوپڕ لام سەیرە بۆچی ئەوێک کە لەسەرەتادا مایەوە و منێک هەر بەرێگاوەم ئاوا لە ژوورێکدا پێکەوەین و پێکەوە دەدوێین، هۆکارەکە بۆ کتێبەکان دەگێڕمەوە. تەنیا ئەوەندە بەسە لاپەڕەکان بەرەو دووا هەڵدەیتەوە بۆ ئەوەی دیسان بگەیتەوە سەرەتا. ئەو پاڵەوانی سەرەتاکان بوو. رەنگە هەر لەبەر ئەمە بێت بەردەوام دڵم لایەتی و بەردەوام خۆشم دەوێ. من دەزانم هەم من تاسەی ئەو دەکەم و هەم ئەو تاسەی من، بەڵام نازانم داخۆ منیش وەک ئەو حەزم دەکرد لە سەرەتاکاندا مابامەوە.

چایی سەیلان سازدەکا، دارچینی تێدەکا و بۆنێکی تێکەڵی خۆش ژوورەکە دادەگرێ. من کە خۆشحاڵم سەرەڕای رۆیشتنی بەردەوامم هێشتا زۆر دوورنەکەوتوومەتەوە، وەها لە سەرەتاکاندا نوقم دەبم بڕیاردەدەم هەر لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بوومەوە، دەست بکەم بە نووسینی کتێبێک. کتێبێک لەسەر ئەو ساڵانە. ئەو ساڵانەی وا منیش ئەگەرچی لێرەم، بەڵام تێیدا بەجێماوم. هەڵبەت کەمێک بە ئیستایشەوە. نەکا بەشە جێماوەکە بێت ئیستاکە لەگەڵ ئەو دەدوێ!

حەزدەکەم پرسیاری ئەوی تریشی لێبکەم، ئەوەی وا لە ناوەڕاستەکاندا مایەوە، بەڵام نایکەم. بە حوکمی ناوەڕاست بوون، دەبێ من و ئەو پێکەوە بەقەدەر یەک ئاگاداری بین، کەواتە گەر من لێی نەزانم ئەویش لێی نازانێ. ناوەڕاستەکان خراپترین بەشی رێگاکانن. نە سەرەتایە و نە کۆتایی. مەعلوم نیە لەکوێی. هەر ئەوەندە دەزانی هەڵکەندراوی. نە رێگای سەرەتا ماوە و نە رێگای کۆتایی. نە پاش و نە پێش. دەڵێ یادی بەخێر!

چوارمیلکە لەسەر فەرشە دەستچنەکە دادەنیشێ و دەڵێ وەرە چایی دارچینی بخۆرەوە! دەڵێ بۆ هەڵامەت چاکە. لەگەڵی چایی دەخۆمەوە. دەپرسێ ئیستا لە کوێی چیرۆکەکەدای؟ دەڵێم گێڕانەوەی بێسوودە، تۆ کە نازانی سەرەتای چی بووە چۆن لە لاپەڕەکەی ئیستای تێدەگەی. بەڵام شەرمێک دامدەگرێ. بۆیە پێی دەڵێم گویشتوومەتە وەسفێکی جوان، باسی ئەوەی شوینێک نیە بیگەینێ، تەنیا، شوێنێک هەیە خەیاڵی بۆ ببزوێنین. ئەوسا شەرم لە خۆم دەکەم. هەستدەکەم ئەو چەندە ئاقڵە وا لە سەرەتاکاندا مایەوە و منیش چەندە گەمژە وا بەشوێن خەیاڵەوە ژماردنی رۆژەکانی ژیانم فەرامۆشکرد. ئەوجا تێدەگەم ساڵەکان خێرا تێپەڕین چونکە بەدەم خەیاڵەوە گوزەران. خەیاڵێک وا نەیهێشت هەست بە چرکەکان بکەیت، هەست بە رووان و بووژانەوەی هەموو ساڵەی دارسێوەکەی حەوشە لە پشت پەنجەرەکەوە بکەیت.

دەڵێ کۆمەڵێک وێنەی رابردووم لایە، حەزدەکەی بیانبینی؟ دەڵێم بۆ نا. ئەوسا دانەدانە وێنەکان دەخاتە بەر چاوەکانم. نازانم بۆ لە ئەلبومدا نین. ئەو کە نیگاکانم دەخوێنێتەوە دەڵێ ئیتر سەردەمی نەماوە. تەنانەت ئەم وێنانە تۆ دەیانبینی ناتوانی دەستیشیان لێبدەی، ئەوان تەنیا وێنەن. من ئەمە وەک لێکدانەوەیەکی فەلسەفی لێکدەدەمەوە و لەبەر خۆمەوە دەڵێم هەر باشە. وادیارە ئەگەرچی هەر لەسەرەتاکاندایە، بەڵام وەک هەمیشە بیری تیژە.

وێنەکان کە زۆربەیان رەش و سپین، وەها خەمگینم دەکەن هاواری لێدەکەم بەسە تکایە بەسە! ئەویش وازدێنێ. دەڵێم شتێک لە قووڵاییەکانمدا وەها بزوا خەریک بوو شێتم بکا. رقم لەخۆم دەبێتەوە ئاوەها دەرفەتێکمم پێدا بتوانێ من بگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتاکان. سەرەتاکان دەبێ تەنیا وەک بیرەوەری بمێننەوە و بەس، هیچی تر نا. هەڵدەستم و دەچم کتێبەکە هەڵدەگرم. ئەویش گڵۆپەکە دەکوژێنێتەوە. وندەبێ. تەنیا خۆمم و ژوورەکە و کتێبەکە. لەناو کۆڵانەوە دەنگی هەنگاو دێ. کەسێک تێدەپەڕێ. هەمیشە کەسێک هەیە بۆ تێپەڕین. وەک بڵێی ژیان مرۆڤەکان هەر لە ئەزەلەوە بەسەر سێ بەشدا دابەشدەکا: سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی. کاتێک پێکەوەین کەسمان نازانێ کاممان هی کام بەشین. ئێمە ئەو ساتانە تەنیا پێکەوەین و بەس. بە خەیاڵی پێکەوەبوونێکی ئەبەدیانە.

من بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکان زەمەن دەپێوم. تێپەڕینەکانی دەرەوە ئەوەندە پچڕپچڕن ناتوانم هیچ حسێبێکیان بۆ بکەم. ناتوانم زەمەن بەوان بپێوم. بەڵام دەبێ من گوێ بدەمە زەمەن؟ بەڕاست من چ پێویستێکم پێی هەیە؟  بایەک هەڵدەکا و لەگەڵ خۆی بۆنی سێوی باخەکە بە ژوورەوەدا دەکا. پەپوولەیەکی هەڵکەندراو خۆی بە چاوەشووشەی پەنجەرەکەوە دەنووسێنێ. با و بۆنی سێو چیتر دەرەقەتی نایەن. کتێبەکە دەگاتە شوێنێک و دەڵێ بۆچوونەکە هی ئەوەی بوو وا لە نیوەی رێگادا مایەوە. خۆشحاڵم ئەمە قسەی ئەوە و هی... بۆ وێنە هی منیش نیە. هەناسەیەک هەڵدەکێشم و لەبەرخۆمەوە لەناو ئەو تاریکییەدا دەڵێم جا ئەگەر شوێنێک نەبێ بیگەینێ ئیتر لەمە ژیان بێ ماناتر نابێ.

ئەو دیسان گلۆپەکە هەڵدەکاتەوە. من کە یەکجار تووڕەم ناگەمە ئەوەی دەریبڕم کە ئەو دەڵێ ببورە بۆ پاکەتە جگەرەکەم دەگەڕێم، نازانی لەکوێیە؟ دەڵێم پێم وابێ پەپوولەکە دای بەو رێبوارەی وا کەمێک لەوە پێش لە کۆڵانەکەوە تێپەڕی. دەڵێ پەپوولە!... کامە پەپوولە؟ بەچاو ئاماژە بە چاوەشووشەکە دەکەم. مێشکوژێک هەڵدەگرێ و بەتووڕەیی و بەپەلە بەرەولای دەچێ، بەڵام پەپوولەکە زیرەکترە، با و بۆنی دارسێوەکەی حەوشە لەگەڵ خۆی دەیبەن و لە کۆڵانەکە لەناو فڕیندا وندەبێ. دەقیڕێنێ و دەڵێ ئەمشەو بە بێ سیگار چی بکەم، چۆنی بەسەربکەم؟ من کە هیچ وەڵامێکم پێ نیە، سەردەخەمەوە سەر کتێبەکەم. ئەویش دیسان گڵۆپەکە دەکوژێنێتەوە. گوێم لەدەنگی هەناسەیەتی بۆن بە بۆنە بەجێماوەکانی دووکەڵ لەسەر سمێڵ و پەنجەکانییەوە دەکا. نازانم سوکنایی دێت یان نا.

لە دەرەوە هەورەتریشقە دەدا و بارانێکی بەخوڕ دەستدەکا بە بارین. هەورەتریشقەکان رستەکانم لێ وندەکەن، بەڵام گرینگ نیە. من چاوەکانم دەقونجێنم و بیر لەوە دەکەمەوە سەرەتاکان و هەورەتریشقە چەند لەیەکتر دەکەن، بارانیش لە درێژەدان و پشکووتنیش لە کۆتایی. بزەیەک دەمگرێ. هاوڕێکەم لەناو تاریکاییەکەوە دەڵێ ئاە ئەم هەوایە گیاندەدا بۆ جگەرەکێشان! ئەو راستدەکا،... گیانیش دەدا بۆ چرکەیەک لە هەستی کۆتایی،... کۆتایی رێگا. دەڵێم خەفەت مەخۆ سبەی دەتوانی جگەرە بکڕی.

دەنگی مۆسیقا دێت. من گوێی نادەمێ. دەزانم گەر ئەمشەو ئەمەیشی نەبێت رەنگە لەگەڵ من نەگاتە سەرەتاکانیش، رنگە بگاتەوە پێش سەرەتاکانیش، ئەو کاتانەی وا یەکترمان نەدەناسی. بۆیە لێی دەگەڕێم. ئەو گوێ لە مۆسیقا دەگرێ و بۆن بە سمێڵی ماش و برینجی و بە پەنجەکانی دەستی چەپی خۆیەوە دەکا. دەزانم ئەو زیاتر لە من بە کۆتاییەکانەوە سەرقاڵە، دەزانم ئەگەرچی ئەو بە جەستە لەوێ لە سەرەتادا بەجێما بەڵام خەیاڵی لە خەیاڵی من زیاتر دەڕوا. سەر لەسەر کتێبەکە هەڵدەگرم و دەڵێم سوپاس کە هەیت،... سوپاس بۆ هەبوونت ئەگەرچی نەهاتی!

وەڵامێک نیە. تەنیا دەنگی بۆنکردنەکانی ئەو و خوێندنەوە بێدەنگەکانی من دێت.

لەدەرەوە چیتر دەنگی پێ نایەت. بێگومان لە شوێنێک شتێک قەوماوە، شتێکی خراپ، بەڵام من دەزانم ئەمە کاتییە و دیسان دەنگەکان دێنەوە. رێبوارەکان هەمیشە بەرێوەن. دەزانم دیسان پەپوولەکە جگەرەکەیان بۆ دەدزێتەوە.

بەبێ ئەوەی گڵۆپەکە هەڵبکاتەوە، گوێم لێیە دەڵێ پێت وانەبێ ئەمەیشت نەکردایە ژیان خێرا نەدەڕۆیشت،... لەبیرت بێت تۆ گەر لەوێ لە ماڵیشەوە مابایتەوە و دەنگی رووان و بووژانەوەی دارسێوەکەیشت بژماردایە لە چەند دە رەقەم زیاتر نەدەبوو. گوناهی ئێمە نیە هاوڕێ، ژیان خۆی خەونێکی عەوداڵی خەونە.

کتێبەکە بەکراوەیی دەنێم بەناوچاوانمەوە. باوەڕەم پێی نیە. دەزانم ئەوەی لەوێ لە سەرەتاکاندا مایەوە ژیان لەبەرچاویدا هەر درێژە، با سەدان ساڵێش تەمەن بکا.

کتێبەکە دیسان دەکەمەوە. چار نیە من دەبێ بزانم کۆتایی چییە.

Bilderesultater for گذرگاە"

  

گەڕان بۆ بابەت