فەڕۆخ نێعمەتپوور

خەڵکی بەرەبەرە بە چاوی بەزەییەوە لێیان دەڕوانی. وای لێهات جگە لەوەی تاقە چاییەکەیان بۆ حسێب دەکرد، داوای چایی تر و نان و ماستیشیان بۆ دەکرد و بە ئەسپایی جگەرە یاخود چەند جگەرەیەکیان لەسەر مێزەکەی بەردەمی کە لە قوژبنی هەرە ژوورەوەی قاوەخانەکەدا بوو بۆ دادەنا.

 

کۆڵبەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور

باوکم کاتێک بێکار بوو، کێشانی جگەرە و پێکەنین بە دەنگی بەرزی تەرک کرد. پێکەوە لە رۆژێکی پاییزیدا کە قورینگەکان لە ئاسمانی شارەوە تێدەپەڕین تەرکی کردن. بۆ ئەوەی خۆی لە نیگای ئێمە بدزێتەوە یاخود نیگای خۆی لە ئێمە، دەچوو لە قاوەخانەکەی بەر مزگەوت بە خواردنەوەی تاقەچاییەک تا درەنگان دادەنیشت. باوکم ئەوەندە تەسبێحی لەدەستەکانیدا گێڕابوو کە بەری دەستی هەمووی لووس هەڵگرابوو، ئەوەندەیش بۆنە جگەرەی خەڵکی تری گرتبوو کە کاتێک بە شەلەشەل بە گۆچانەکەیەوە دەهاتەوە بۆ ماڵەوە، بۆنی خانووەکەی ئێمە وەک قاوەخانەکەی بەر مزگەوتی لێدەهات.

باوکم کە لە سەر سفرە دادەنیشت تا دەیتوانی بە کاوەخۆ نانی دەخوارد. ئەو دەیزانی کاتێک پارووەکان زەمەنیان نێوان بکەوێ، بۆ تێربوون چیتر پێویست بە پارووی زۆرتر ناکا. ئەو بە کات تێردەبوو. "کات"ێک کە لە ئاو و بگرە لە هەوایش زۆرتر بوو. پاشان پاڵی دەدایەوە و بەیادی جاران بە لاچاو سەیرێکی تەپڵەکەکەی دەکرد کە هێشتا لەسەر لێواری پەنجەرەکە مابووەوە و دایکم لە کردەیەکی موعجیزەئاسادا کە زۆرتر لە فەرامۆشیی دەکرد لای نەبردبوو.

لە قاوەخانە زۆر نەدەدوا. هەمیشە لە دووای ئاشناکان هەڵدەستا بۆ ئەوەی بۆ کەسی حسێب نەکا. لەژێر چاویشەوە ئەوەندەی لە پاکەتە جگەرەی خەڵکی کە لەسەر مێزە چڵکنەکان دایاندەنان دەڕوانی کە لە بیری دەچوووە وەڵامی سڵاوی خەڵکی بداتەوە.

خەڵکی بەرەبەرە بە چاوی بەزەییەوە لێیان دەڕوانی. وای لێهات جگە لەوەی تاقە چاییەکەیان بۆ حسێب دەکرد، داوای چایی تر و نان و ماستیشیان بۆ دەکرد و بە ئەسپایی جگەرە یاخود چەند جگەرەیەکیان لەسەر مێزەکەی بەردەمی کە لە قوژبنی هەرە ژوورەوەی قاوەخانەکەدا بوو بۆ دادەنا.

باوکم ئیستا ئیتر کاتێکی زیاتری لە قاوەخانەکە بەسەر دەبرد.

رۆژێکیان وەک هەمیشە کاتێک لەوێ دانیشتبوو، دەنگی قەرەباڵغییەک هاتە گوێ. سەرنجی ئەوانەی وا دانیشتبوون بۆ دەرەوە گوازرایەوە، هێشتا چایچییەکە فریا نەکەوت سەردانێکی دەرەوە بکا کە کەسێک بەپڕتاو خۆی بە ژوورەوەدا کرد و، وتی خۆپیشاندانە. وتی کەسێکی کۆڵبەر لەسەر سنوور کوژراوە، کوڕێکی جەوان... خەڵکی تووڕەن و لەبەر فەرمانداری کۆبوونەتەوە. جەماعەتێک خێرا وەدەرکەوتن و رۆیشتن. ئەوەی مابوونەوە، مانەوە. یەکیان وتی گەڕەلاوژەی کەریەتی لەم دونیایە قەت تەواونابێ، تف لەم وەزعە! باوکم کە چاییەکی تازەیان خستبووە بەردەمی، دەستی برد و هەڵیگرت و بە دەمییەوەی نا. لەززەتی چاییەکە رژایە گیانییەوە و ئەو جگەرەیەیشی داگیرساند وا لەسەر مێزەکە بۆیان دانابوو. کە چەند مژی لە سیگارەکەی دا و گرژیی جەستەی ئارام بووەوە، لەبەر خۆیەوە وتی "کۆڵبەر!" ئەوسا دەستی برد و شوێنی برینە کۆنەکەی قاچی خوراند.

دایکم دەیگوڕاند و دەیوت بەقەدەر منداڵە ورتکەکانی سەرسنووریشت پێنەکرا! باوکم لە پشت مێزە کۆن و رەنگ هەڵبزرکاوەکەی قاوەخانەکەوە بزەیەکی غەریب دەنیشتێتە سەر لێوەکانی. نازانم تاڵە یان شیرین،... نازانم بزەی سەرکەوتنە یان شکستێکی تر. شەپۆلی دووکەڵێک لەلاتەنیشتییەوە دێت و بزەکەیش وەک باوکم دادەپۆشێ. باوکم دیسان قاچەکەی دەخورێنێتەوە.

لە دەرەوە هەتا دێت دەنگی خەڵکی بەرز و بەرزتر دەبێتەوە. بەر قاوەخانەکە قەرەباڵغتر دەبێ. سێ سێ و چوار چوار، رەنگە زیاتریش لەدەوری یەکتر کۆدەبنەوە. دیسان جەماعەتێکی تر لە قاوەخانەکە دەچنە دەرەوە. ئەوسا دەنگی تەقە دێت. نە یەک و نە دوو و... بەڵکو بە رەگبار. بۆنێکی ناخۆش لە لووتی باوکم دەئاڵێ. ناوچاوانی گرژدەکا و زیاتر خۆی بەو سووچەوە دەچەسپێنێ وا هەمیشە لێی دانیشتووە. چاوەکانی بچووک دەبنەوە و قەتیس رادەمێنن. چایچییەکە هاوار دەکا و دەڵێ دەیەوێ دووکانەکەی دابخا. چەند دانەیەک لە مشتەرییەکان دەڵێن کاتی نیە و واباشترە لێرە نەجووڵێن و چاوەڕوان بمێننەوە،... بەڵام چایچییەکە مکوڕە. بەپەلە سەماوەرەکان دەکوژێنێتەوە، دەرگاکەی پشتەوە دادەخا و ئەوسا ئەو هێڵکەوڕۆنەیش وا لەسەر گازەکەیە لایدەبا، دەیڕێژێتە ناو زبڵدانەکە و گازەکەیش دەکوژێنێتەوە. کەس لە قاوەخانەکە نەماوە. سووچەکەی باوکم کە جگە لە دووکەڵە جگەرە سێبەری داخستنی درگاکەی دوواوەیشی بەسەرداکەوتووە، بەشی ئەوەندە تاریکە چایچییەکە بەجوانی لەو هێنان و بەرەیە و دڵەڕاوکێیەدا نەیبینێ. دەڕابەکان دادەدرێنەوە و ناو قاوەخانەکە تاریک و بێدەنگ هەڵدەگەڕێ.

دایکم دەڵێ شوکور ئەو شەلە نەگبەتە ئەمڕۆ رێگای لێ هەڵەبووە و ناگەڕێتەوە. من کە دەزانم باوکم لە پشت دەڕابەکان ماوەتەوە، هیچ ناڵێم. بەڵام بە تێپەڕینی کات دایکم بێ قەرار دەبێ. دەچێتە بەر پەنجەرەکەو سەیری دەرەوە دەکا. لەبەر خۆیەوە دەبۆڵێنێ، کەس نازانێ چی دەڵێ. هەوا خەریکە تاریک دەبێ. حەوشەی پشتەوە بۆن و تامی رۆژئاوا دەگرێ. لە ناو شارەوە دەنگەکان بەردەوامن. دایکم کە تیایا ماوەتەوە چی بکا، پاش هێنان و بەرەیەکی زۆر سەرئەنجام رووم تێدەکا و دەڵێ بڕۆ بزانە ئەو باوکە تۆپیوەت لە کوێیە! بەڵام دەستبەجێ پەشیمان دەبێتەوە، بۆ خۆی چارشێوەکەی هەڵدەگرێ، لەسەری دەکا و بەپەلە دەڕوا. بە چاوە پڕ لە فرمێسکەکانییەوە ئەوەندە خێرا دەڕوا کە من فریا ناکەوم لە پەنجەرەکەوە پێی بڵێم لەوێ بە گۆچانەکەیەوە لە سووچی ناو قاوەخانەکە لە پشت دەڕابە دادراوەکانەوە ماوەتەوە و، خەریکی خوراندنی قاچە شەلەکەیەتی. دایکم لە چاو وندەبێ.

من دەچمە حەوشەکەی پشتەوە، ئەو شوێنەی وا لە سووچەکەی باوکم دەچێ. لەو بێدەنگییە کتوپڕەدا گوێم لە دەنگی دراوسێکەمانە. بە ژنەکەی دەڵێ نەمگوت سەر سنوور قەت شوێنی ژیان نەبووە،... نەمگوت!

تیایا ماوم باوکم بەڕاستی لە قاوەخانەکەیە یان لە سنوور. رەنگە هاوکات لە هەر دووکیشیان بێت. کێ چووزانێ!

 

 Relatert bilde