ما 3636 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 مشتەرییەکە هەستا. ئەوکات بوو تێگەیشتم یەک تاقە گیرفان چییە بە جل و بەرگەکەیەوە نەبوو. خۆی تەکاند و هاتە ئەم لاترەوە و گوتی ئەجری تۆ ئەوە دەبێ گەر هاتوو شەڕ هەڵگیرسا خۆت و ماڵ و منداڵت بەسەلامەتی دەربازدەبن. ئەوسا کەمێک لە ئاوێنەکەدا سەیری خۆی کرد و رۆیشت.

 

رۆژنامەیەک بۆ ئاسمان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ساڵانی ساڵە من دەچمە ئەو سەرتاشخانەیە. هەر لە منداڵییەوە. سەرتاشەکە تەمەنی هەڵگەڕاوەتەوە و منیش بەجەستە جوان جوان هەڵکشاوم؛ ئەو تام و بۆنی دووکانەکەی خۆی گرتووە و منیش لە خەیاڵی دونیا و شوێنە نادیارەکان بۆنی دونیام گرتووە. ئەگەرچی سەرتاشەکە پێی وایە دونیا وای لێدێ ئەو دەڕوا و بەڵام من هەر لە شوێنی خۆم دەمێنمەوە! من و ئەو پێکەوە سازاوین. پێم وابێ بە هۆیەکی نادیار عادەتمان بەیەکتر گرتووە. باشتر وایە بڵێم ئەوە منم بەو و بە دووکانەکەی ئەو عادەتم گرتووە. لانیکەم تا رۆژێک دەستدەدا و من دەتوانم روو لە وڵاتانی دەرەوە بکەم، بڕیارمداوە هەر بچمە لای ئەو.

 هاوڕێکانم پێم پێدەکەنن و دەڵێن باوکت فێری خوویەکی چاکی کردووی! من کە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان مودێلی قژی خۆم و ئەواندا نابینم، تەنیا بەلای ئەم قسانەدا تێدەپەڕم. من پێم وایە سەرتاشەکە خۆی نوێ کردووەتەوە. گۆڤارەکانی سەر مێزەکە، واتە ئەو شوێنەی وا کورسیی مشتەرییە چاوەڕوانەکانی لێیە شاهیدی ئەمە دەدەن. گۆڤارەکان دوواترین مودێلە ماقولەکانی دونیایان تیایە.

دانیشتووم و لە کاتێکدا رۆژنامەیەکم بەدەستەوەیە و دەیخوێنمەوە، چاوەڕوانی نۆرەم. سەرنج و نیگام لەسەر هەواڵێکی شەڕی سووریایە. کەمپێکی ئاوارەکان بوردومانکراوە و بە دەیان کەس کوژراو و بریندار هەیە. وێنەیەکان مرۆڤ دەهەژێنن. لەلای خۆمەوە بیر لە خڵقەت دەکەمەوە. لەو کاتەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە شوێنی رمبازێنی خوێن و کوشتن و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەو باوەڕەم تیا خوڵقاوە و سەقامگیربووە کە دونیا نەک لە سەر سێ کوچکە، بەڵکو یەک کوچکە بونیات نراوە، ئەوی کوچکەیەیش شەڕە. باوکم دەڵێ ئەوەی بڕوای بەخوا نامێنێ ئەقڵیشی کزدەبێ.

ئەوەی لەژێر دەستی سەرتاشەکەیە پیاوێکە هەر لەتەمەنی خۆیدا. منیش دەیناسم. سەیرە، هەرچی منیش دێم، ئەویش لێرەیە! نازانم گەردوون ئەم رێکەوتەی چۆن خوڵقاندووە. هەڵبەت گرینگ نیە. سەرتاشەکە خەریکی قسەکردنە لە گەڵیا. ئەو هەمیشە لەگەڵ ئەوەی وا لەژێر دەستیدایە دەدوێ. ئەوەندە لەگەڵ خەڵکی جۆراوجۆر قسەی کردووە کە لەسەر هەموو شتێک رای هەیە و دەتوانێ لێدوان بدات. تەنانەت لەسەر شەڕی سوریایش. جارێکیان گوێم لێبوو گوتی "شام لە کۆنەوە هەمیشە شوێنێکی گرینگ بووە، شوێنی پیاهەڵپژانی پاشاکانی ئێران و رۆم بووە، هەروەها ئێران و تووران، پێم وابێ لەوێیش بوو حەزرەتی ئیبراهیم ویستی ئیسمائیلی کووڕی بە ئەمری خودا سەرببڕێ." مشتەرییەکەی بەردەستی لەوەڵامدا گوتبووی کە خودا ئاوری ئیبراهیمی پێ کوژێندرایەوە، بەڵام هی ئێران و رۆم و ئێران و تووران نا، بگرە بە ئیستایشەوە.

من هێشتا لە لاپەڕەکەی سەر بە سووریادام کە مشتەرییەکی تر خۆی بە ژوورەوەدا دەکا. سەرهەڵنابڕم. بەڵام بە لاچاو ئاگام لێیە لەجیاتی ئەوەی بێت و دابنیشێ، قیت لەوێ بە چەند هەنگاوێک لە دەرگاکە دوور رادەوەستێ. من کە وای بۆ دەچم ئەویش وەک هەر مشتەرییەکی تر خەریکی سەیرکردن و بەراوردکردنی سەر و قژی خۆی لەبەر ئاوێنە گەورەکەی سەرتاشخانەکەدایە، دیسان سەرهەڵنابڕم. بەڵام سەیرە بۆ سڵاوی نەکرد؟ هێشتا ئەم پرسیارەم لا تەواو نەببوو کە گوێم لە سڵاوە دوورودرێژەکەی بوو. وەستای سەرتاش لایکردەوە و سەیریکرد. ئاگام لێبوو مەکینەکەی دەستی راوەستا. منیش سەرم بەرزکردەوە و لەدووای وەستا سەیری مشتەرییەکەم کرد. بینیم مشتەرییەک بە سەروقژێکی سەیر لەوێ لە چەقی دووکانەکەدا راوەستاوە و لە وەستا دەڕوانێ.

وەک لە سەرەتادا گوتم من لە منداڵییەوە سەردانی ئەم سەرتاشخانەیەم کردووە و بۆیە بەدرێژایی هەموو ئەم ساڵانە سەروقژی جۆراوجۆرم بینیووە، چ لە پێش چاککردنیاندا و چ لە دووای رێکوپێک کردنیشیاندا. دیارە ئێوەیش بینیووتانە، بەڵام ئەوەی من فەرقی هەیە لەبەر ئەوەی وەستا بەردەوام قسەیشی لەسەرکردوون. دەبێ دیان بەوەدا بنێم قەت سەروقژی وەک ئەوەی ئەمڕۆی ئەو مشتەرییە تازەیەم نەبینیبوو. قژی لە قژی دەروێشانی دەکرد، ئاڵۆز، درێژ و پڕ. بەڵام هەستت دەکرد ئاڵۆزی و درێژی و پڕییەکەی لە شێوازێکی ترە. شتێک وەک ئەوەیکە زەمەنیش خۆی تیا ئاڵاندبێ و بۆیە دەستبەجێ هەست بە مێژوویەکی یەکجار دوورودرێژ بکەی. جل و بەرگێکی سەرتاپای سپی و یەکدەستی لەبەردابوو و لە کاتێکدا هەر دوو دەستی لە سەر لاکەلەکەکانی بوو، وتی هاتووم سەرم چاک بکەم. وەستا بە مەقەست و مەکینەکەی دەستییەوە ئاماژەی بە کورسییەکان دا. وەستا نەدووا، تەنیا لێی دەڕوانی. مشتەرییەکە هات و لە تەنیشتی مندا دانیشت. بە نزیکبوونەوەی، بۆنێکی سەیر بە لووتمدا هات. بۆنێک وەک زەمەن و وەک مێژوو. بۆیەکی سارد و پۆڵائاسا. شتێک کە لەگەڵ خۆی هەڵگری مانەوە و رەنگە نەمریش بێت. خۆم کۆکردەوە و نیگام لەسەر هەڵگرت و دیسان گەڕامەوە بۆ سەر لاپەڕەی سووریا.

وەستا کەوتەوە کار. بێدەنگییەک سەرتاشخانەکەی داگرت. بۆ یەکەم جار لە دووای ساڵانی ساڵ سەرتاشەکە لە کاتی چاککردنی سەری مشتەرییەکەیدا نەدووا. بێدەنگی هەتا دەهات قورس و قورستر دەبوو. وەک بڵێی سەقفەکە وەک لۆحێکی گەورەی ئاسنین بەرەبەرە دادەبەزی و، لەگەڵ نزیکبوونەوەی، هاوکات لەگەڵ خەفەکردنی هەوای ژوورەکە دەیەویست هەموومان پرێس بکا. بۆیە من دەنگم هەڵبڕی و وتم بەڵکو ئەم منداڵ کوشتنانە ببێتە هۆی ئەوەی هەموو شەرم لەخۆیان بکەن و ئەم شەڕە کۆتایی پێ بێت. وەستا وەڵامی نەدامەوە. مشتەرییەکەی بەردەستیشی هیچی نەگوت. مشتەرییە تازە قژ بژە سەیروسەمەرەکە لای کردەوە و لە منی رووانی. منیش سەرم وەرگێڕا و لێم رووانی. رۆخسارێکی سەوزە بە دوو چاوی رەشی گەورەوە کە دەڵێی بەهۆی سەفەری زۆر ئیتر هیچ شتێکی ئەو دونیایە نەیدەجووڵاند. من کە هەر لە خۆوە چاوەڕوان بووم ئەو شتێک بڵێ، بەڵام نەک تەنیا هیچی نەگوت، بەڵکو زۆر خێرا نیگاکانیشی لەسەر من هەڵگرت و دیسان لە دیمەنی رووبەڕووی وردبووەوە. تەریق بوومەوە و بۆیە لە رقا لاپەڕەکەم هەڵدایەوە. لاپەڕەکەی تر باسی وەرزش بوو. من کە قەت حەزم بە هەواڵی وەرزشی لە دووای تێکچوونی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە نیە، رۆژنامەکەم بەست، کۆمکردەوە و لەسەر مێزەکەی بەردەمی خۆمم دانایەوە. خشەخشەکەی گوێی ئازاردەدا و دەڵێی تەواونەدەبوو.

وەستا سەری مشتەرییەکەی بەردەمی تەواوکرد. لەدووای شانەکردنی قژە تەنک و بێهێزەکەی و ئۆتکۆلۆن لێدان لە روخساری تاشراوی، بە پەڕۆکە سەرشان و ملی تەکاند و بەڕێی کرد. مشتەرییەکە بە نیگایەکی سەیرەوە لە مشتەرییە تازەکەی رووانی و رۆیشت.

نۆرەی من هات. بەڵام بە وەستام گوت پەلەم نیە و دەتوانم راوەستم. وەستا ئاماژەی بە مشتەرییە تازەکە دا. ئەویش جووڵا و بەرەو کورسییەکە رۆیشت.

وەستا لە بێدەنگیدا دەستی کرد بە چاککردنی قژی. لەگەڵ هەر دەمە مەقستێک کە لێیدەدا دەستبەجێ کۆشێک قژ بەردەبووەوە و دەکەوتە سەر شان و ملی و سەر پەڕۆکەی وا وەستا لە مل و سەرسینگی ئاڵاندبوو. وەستا هەر پێی دەکرا قژ کۆبکاتەوە و لە زبڵدانەکەی پەستێوێ. بەڵام زبڵدانەکە ئەوەندە خێرا پڕدەبوو کە بەناچار چوو لە پاشخانەکە دڵقی گەورەی رەشی هێنا. من کە بەزەییم بە تەمەنیدا دەهاتەوە، هەستام و یارمەتیم دا. دڵق لەسەر دڵق پڕی کرد و بە تەنیشت یەکێک لە دیوارەکانی سەرتاشخانەکەوە لەسەر یەک هەڵمانچنین. لەگەڵ قژەکان کە بەردەبوونەوە، زۆر شتی تریش دەکەوتنە خوارەوە، بەڵام شتەکان تەنیا لە شکلی وێنەدا بوون و لەدووای دەرکەوتنیان دیسان وندەبوونەوە. لەگەڵ قژەکانی، چەقۆ، رووباری نیل، زرێ، ئاسمان، کێوی توور، غاری حەڕا و زۆر شتی تر بەردەبوونەوە و دیسان لەناو قژە رژاوەکاندا دەنێژرانەوە. من کە نازانم داخۆ وەستا چاوی لەمانە بوو یان نا، بە سەرسووڕمانەوە هەر سەیرم دەکرد. لە دووای ئەوەی دیوارەکە بەهۆی هەڵچنینی یەک لە دووای یەکی دڵقە گەورەکان ونبوو و داپۆشرا، مشتەرییە تازەکە بە سەرتاشەکەی گوت دەست راگرێ و بەسە. وەستا کە ناوچاوان و دەوری ملی شەڵاڵی ئارەق ببوو و دەستەکانی دەلەرزین، راوەستا. من بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بنوێنم، دەستم برد رۆژنامەکەم هەڵگرتەوە و دیسان کەوتمەوە خوێندنەوەی هەمان هەوالەکەی سەر سووریا. بەڵام تەنیا چاوم لەسەری بوو و زەینم لە شوێنێکی تر. مشتەرییەکە هەستا. ئەوکات بوو تێگەیشتم یەک تاقە گیرفان چییە بە جل و بەرگەکەیەوە نەبوو. خۆی تەکاند و هاتە ئەم لاترەوە و گوتی ئەجری تۆ ئەوە دەبێ گەر هاتوو شەڕ هەڵگیرسا خۆت و ماڵ و منداڵت بەسەلامەتی دەربازدەبن. ئەوسا کەمێک لە ئاوێنەکەدا سەیری خۆی کرد و رۆیشت. من کە لام وایە لە دووای ئەو هەموو قژلێکردنەوەیە سەری هێشتا هەر وەک خۆی بوو و هیچ فەرقی نەکردبوو، بە وەستام گوت پێم وابێ جوبرەئیل بوو.

لەو رۆژەوە من ئیتر نەچوومەوە بۆ ئەو سەرتاشخانەکە. نەک لەبەر ئەوەی نەکا بەتووش مشتەرییەکی سەیر و سەمەری تری وا ببمەوە و مەجبوور بە بێگاری بم، یاخود لەبەر ئەوەی وەستا بڕیاری داوە چیتر لەگەڵ مشتەری لەکاتی کارکردندا نەدوێ، نا، لەبەر ئەوە شەڕەکە وا جوبرەئیل ئەو رۆژە باسی لێکرد هاتووە و وەستا دووکانەکەی فرۆشتووە و ماڵ و مندالی لەو تەمەنەدا هەڵگرتووە و بۆ هەمیشە رۆیشتووە.

نازانم بۆ ئەو رۆژە هەواڵەکەی سەر سووریام لە رۆژنامەکەدا پیشان نەدا. رەنگە رۆژنامەکەی لەگەڵ خۆی هەڵبگرتایە و بۆ ئەو شوێنەی ببردایە وا دەڵین خڵقت لەوێوەیە.

من لام وایە ئاسمان پێویستی بە رۆژنامەیەکە.

Bilderesultat for frisør kunst

گەڕان بۆ بابەت