ما 4167 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

جانتاکەی داخست. خستیە سەر قاچ. گەڕایەوە و رووبەڕووی دایکی راوەستا کە ئیستاکە ئارامتر دەینواند. دەڵێی بەڵگەهێنانەوەکان هەستەکانیان خستبووە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە و ونیان کردبوون. ئەقڵ هەستی دەستەمۆکردبوو. دونیا چەند سارد هەڵگەڕابوو.

 

ساڵەکان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خەریکی پێچانەوەی جانتاکەی بوو. دەستێک کەواوپانتۆڵ، دوو ژێرکراسی، دوو شۆرت، جووتێک گۆرەوی لەگەڵ دەستماڵێکی سپی کە دەورەکەی بە کاموا چنرابوو. دایکی چاوەکانی بە فرمێسکەوە بوون، بەڵام دەنگی دەرنەدەهات. بەپەنجە لەتەنیشت یەکەکانیدا زووزوو فرمێسکەکانی خاوێن دەکردەوە و، دەیگوت:

ـ رۆڵە وامەکە، وازبێنە،... ئاخر بۆ کوێ؟

کوڵمە داهێزراوەکانی گەش گەش دەدرەوشانەوە.

ـ دەڕۆم، دەچم نیشتمان ئازاد دەکەم.

ـ نیشتمان؟

ـ ئا، نیشتمان.

ـ چۆن؟

ـ چاک!

ـ لە کوێ،... لە کوێوە؟

ـ لەودیو سنوورەوە، دەچم بۆ لای ئەوان.

ـ دول لە گیانیان ئەوانیش ساڵانی ساڵە لەوێن،... ئاخر چۆن؟

ـ دێینەوە،... چەک لەشان هەموو پێکەوە. نیشتمان وەها نەبێ رزگار نابێ.

ـ مەبەستت ئەوەیە دێنەوە و دووایی دیسان دەڕۆنەوە...؟

ئەم سەری لەسەر جانتاکەی هەڵگرت. بەلاچاو سەیرێکی دایکی کرد.

ـ وەهایە، بەڵام یەکێک لەم هاتنەوانە ئاخرینیان دەبێ. هەمیشە وەها بووە.

ـ تۆ ئێرە بەجێ دێڵی دەڕۆی لەو دیو سنوورەوە نیشتمان رزگار بکەی؟

ـ بەڵێ، چاکی بۆ چووی!

فرمێسکەکان کەمێک کەمیان کردبوو. لە دەرەوە هەرایەکی سەیربوو. چۆلەکەکان دەڵێی لەسەر شتێک شەڕیان بوو.

ـ باشە بۆ لێرەوە رزگاری ناکەی،... ها بۆ لێرەوە نا؟... منیش یارمەتیت دەدەم. قەولت پێدەدەم،... سوێندت بۆ دەخۆم!

ـ لێرەوە نابێ، دوژمن پێت دەزانێ و دەتگرێ، جگە لەوە کە تفەنگت پێ نەبوو ئاسانتر دەتگرن،... دەتکوژن،.... لە زیندانت دەخەن،... نا نا لێرەوە نابێ.

ـ من تێناگەم چۆن بۆ رزگاریی نیشتمان، نیشتمان جێ دێڵی؟... تێناگەم!

ـ رۆژێک تێدەگەی.

ـ خۆ دەزانی ئەوانی تر چەند سالە رۆیشتوون... خۆ دەزانی؟

ـ ئەی چۆن نازانم.

ـ دەی...؟

ـ ساڵەکان گوزەراون، مانای ئەوەیە ئەوەندەی ساڵ نەماوە، من ئەوەندەم پێ ناچێ،... وەک ئەوان نابم.

ـ خۆ دەزانی زۆریان بەو دیوی سنوورەکانی ئەولای خۆیاندا رۆیشتن، خۆدەزانی؟

ـ مەبەستت خاریجە؟

ـ مەبەستم خاریجە.

ـ ئەوە بەزیوەکانن.

ـ ئەی ئێمە چی من و باوکت و... دیارە گەورە بوویت دەتوانی بۆ خۆت بژیت، مەبەستم ئەوە نیە لەبەر ئێمە بڕیاربگۆڕی، لەبەر خۆت دەڵێم.

جانتاکەی داخست. خستیە سەر قاچ. گەڕایەوە و رووبەڕووی دایکی راوەستا کە ئیستاکە ئارامتر دەینواند. دەڵێی بەڵگەهێنانەوەکان هەستەکانیان خستبووە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە و ونیان کردبوون. ئەقڵ هەستی دەستەمۆکردبوو. دونیا چەند سارد هەڵگەڕابوو.

ـ دایە،... دایە گیان! دڵنیا بە بەسەرکەوتن دێمەوە، هەمیشە دونیا وەها بووە، هەندێ کەس لە پێشەوە رۆیشتوون و ئەوانی تریش بە شوێنیاندا.

ـ پێشەوە؟

ـ ئەرێ پێشەوە.

ـ تۆ دەچی بۆ ئەو دیوی سنوور و ساڵی جارێک دێیتەوە و ئەوسا دەڵێی پێشەوە؟

ـ دایەگیان، پێشەوە ئاوەها نا، پێشەوە لە جۆرێکی تر.

دەنگی چۆلەکەکان نەدەبڕایەوە، بگرە هەتا دەهات زیادیشی دەکرد. هەردووکیان خەیاڵیان چووە سەریان. باشە بڵێی لەسەر چی شەڕبکەن؟

ـ هەر ئیستا دەڕۆی؟

ـ هەر ئیستا.

ـ بە باوکت ناڵێی؟

ـ پێویست ناکا،... تازە تۆ پێی بڵێ!

ـ من؟

ـ ئەرێ تۆ؟

ـ بۆ من؟

کوڕەکەی بێدەنگ بوو.

ـ نازانم، رەنگە لەبەر ئەوەی تۆ زیاتر لە من لەگەڵیا ژیاوی.

 

هەڵدەستم. دێمە پشتی درگاکە و بە ئارامی هەوڵدەدەم کەمێک زیاتر بیکەمەوە، وەها کە جوانتر گوێم لە قسەکانیان بێت. نازانم بۆ، بەڵام زیاتر لەوەی بەزەییم بە دایکما بێتەوە بەزەییم بە براکەمدا دێتەوە. رەنگە گوناهی هەراهەرای چۆلەکەکان بێت. یان رەنگە گوناهی ئەوە بێت ئەو هێشتا ناتوانێ لەگەڵ باوکی (باوکم) بدوێ.

بڕیاردەدەم رۆژانی داهاتوو لەسەر ئەو دوواڕستەیەی وا لە پشت درگاکەوە گوێم لێبوو، بیربکەمەوە. لەسەر ئەوەی، ئەوانەی وا لەگەڵ یەکتر زۆرتر دەژین دەتوانن رەحتتر لەگەڵ یەکتریش بدوێن.

 

 Bilderesultat for years art

 

گەڕان بۆ بابەت