ما 7247 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

شەقام هەر وەک خۆی. ئاشقەکان تێپەڕیبوون،... لە مێژ بوو. پەردەکەم دادایەوە و هەر لەوێ راوەستام و لێم رووانییەوە. لێرەوە تیشکی گڵۆپە کەم تینەکە لە چاوەکانیدا شۆقی دەدایەوە. چاوەکانی گەنج بوونەوە. ئەوسا هەستم کرد شتێک لە ژێر لێفەکە رێک لە سەر سینگی جووڵا. نزیک کەوتمەوە.

 

من و ئەو شەوە

فەڕۆخ نیعمەتپوور

ماشینەکە رادەگرم. لێی دێمە خوارەوە. قاچی چەپم دەخەمە سەر ئەو ئیسفاڵتەی وا بە بەستەڵەک سەرتاسەر داپۆشراوە. هەنگاو کرپەی دێت. بنی ئەستووری پێڵاوەکانم دڵنیام دەکەنەوە ناکەوم، بەڵام من بە ئارامی هەنگاو هەڵدەگرم. سۆزی سەرما روخسارم دەنگێوێ.

شەقام و خانووەکانی ئەمبەراوبەری، بێدەنگن. گڵۆپی دارچرابەرقەکان و سەر دەرگاکان، روونی دەکەنەوە؛ بەڵام تاریکایی دەڵێی لەوە قورسترە بەم شتانە هەوێنی بشکێ و داڕمێ. رووناکایی پشت پەنجەرەکانیش لەمە دۆخیان خراپترە. یان رەنگە من زۆر بە قورسی وەریدەگرم، چونکە دوو کچ و کووڕی گەنج لەو سەرەوە پەیدادەبن و لە کاتێکدا قۆلیان بە قۆلی یەکتردا کردووە، دەنگی کەنینیان سەرما دەدڕێ و لە دیوارە چلورئاساکان گەرم گەرم دەئاڵێ.

سەعات نۆی شەوی یەکێک لە رۆژەکانی کۆتایی مانگی نۆڤێمبرە. دەبێ خێراکەم، بەڵام نایکەم. وەک شەو و وەک ئەم بەستەڵەکە بەقورسی دەجووڵێم. لە راستیدا پێویستیش ناکا. هەر ئەم خانووەم ماوە و دووای ئەوە دەتوانم بچمەوە بۆ ئیدارە. لەوێ دوواڕاپۆرتی خۆم بدەم و ئیتر بچمەوە بۆ ماڵەوە. بە هێنانەوە یادی ماڵەوە زەردەخەنەیەک لەسەر لێوەکانم دەنیشێ. ئەگەرچی تا دەچمەوە مندالەکان لەمێژە لەناو جێگادان، بەڵام دەتوانم بە ئەسپایی بچمە ژوورەکەیان، لە تاریکایی ژوورەکەدا لە چاوە زیتەکانیان بڕوانم کە شەیتانانە و بەدوور لە چاوی دایکیان چاوەڕوانی منن بۆ ئەوەی دەست لە ملانی یەکتر بین، گۆنایان ماچ بکەم و ئەوسا وەدەربکەومەوە. بەو شەوە ساردە، گەرمای هەناسە و چرپەکانیان بە گوێکانمەوە هەست پێدەکەم.

دەستەکلیلەکە دەردێنم. ئەگەرچی زۆرن، بەڵام بینینەوەی ئاسانە. هەر کامەی بە پلاستیکێکەوە وەسڵە کە ئادرەسێکی لەسەر نووسراوە. دیارە من پێویستم بە خوێندنەوەی نیە. بە شێوە دەیانناسمەوە. تەنانەت لە نیوەتاریکیشدا. کلیلەکە لە دەرگای چوونە ژوورەوەی ئەو بینا بەرز و گەورەیە رۆدەکەم وا زۆربەی گڵۆپەکانی کووژاونەتەوە. دوو گەنجەکە لە منەوە تێدەپەڕن. من سەیریان ناکەم. بەڵام دڵنیام ئەوان زیاتر لە پێویست لە منیان رووانیوە. پیاوێک بە دەستەکلیلەوە بەو شەوە تاریکە بابەتێکی باشە بۆ لێڕوانین و بیرلێکردنەوە. داستانی ئەشق بە رووداوە سەیرەکانەوە سەرنجڕاکێشە.

ئاسانسۆڕەکە هەڵناگرم. وەک هەمیشە بە پێ پلیکانەکاندا سەردەکەوم. لە قاتی سێهەم دیسان دەستەکلیلەکە دەردێنمەوە و دیسان بە شێوە ئەو کلیلەی وا پێویستە دەیناسمەوە و، دەچمە ژوورەوە. ژوورەوە تاریکە. بە دەستی راستدا ئاشپەزخانەیە و لەوێ گڵۆپێکی زەردی کەم تین دەئایسێ. من بە شێوە خانووەکە دەناسمەوە و پێویستم بە داگیرساندنی گڵۆپەکان نیە. ژوورەوە بۆنێکی تایبەت دەدا. بۆنی پیرێژنێکی تەنیا، بۆنی دەواو دەرمانەکان، بۆنی وێنە کۆنەکانی سەر دیوارەکان، بۆنی چێشتی بەرماوە، بۆنی ئاودەست، رەنگە بۆنی تاریکی و سەرمای دەرەوەیش. من هەمیشە لە رووانینی وێنە کۆنەکانی ئەم جۆرە خانووانە خۆم بواردووە. وێنە رەش و سپی و رەنگییە کۆنەکان. ئەوانەی دەڵێی لەوێ هەن بۆ ئەوەی پێت بڵێن زەمەن شتێکە لە رەگەزی یادەوەرییەکان و بەس. کە تێدەپەڕم هەستدەکەم شوێنێک لەسەر دیوارەکە وەک جاران نیە. شتێک ونە.

بەناو هۆڵەکەدا تێدەپەڕم و لەوسەر دەگەمە ژوورە هەمیشەییەکە. دەرگاکە بە دەستی چەپدایە. بە ئارامی دەیکەمەوە. دەزانم وەک هەمیشە لە بەر تیشکی بێ هێزی گڵۆپێکی سەرمێزدا لەسەر تەختە گەورەکەی راکشاوە و لێفەکەی هەتا ژێرەوەی چاوەکانی بەسەر خۆیدا داوە و چاوەڕوانی من یان کەسێکی لەچەشنی منە. بە چوونە ژوورەوەی من چاوەکانی دەچنە سەر من و لەگەڵ جووڵەی من ئەوانیش دەجووڵێن. ئەوسا ئارام لێفەکەی کەمێک دادەکشێنێ و لێوەکانی دەردەکەون. ئەو لێوانەی چیتر مەعلوم نیە بزەن، گریانن، دەمەلاسکەن، یاخود قسە شاراوەکان. دەڵێم:

ـ چۆنی؟ ببورە کەمێک درەنگ کەوتم.

هەروا بێدەنگە و منیش هەروا نیگام لەسەریەتی.

ـ پێویستیت بە یارمەتی نیە؟... چیت بۆ بکەم؟

ئەوسا دەست دەبەم و سەیری داوودەرمانەکانی دەکەم کە لە ژێر گڵۆپە بێ هێزەکەدا خۆیان مڵاس داوە. ئەمشەو وەک هەمیشە دەبێ دووانیان لێ بخوا.

هەر وەڵام ناداتەوە. لادەکەمەوە و دیسان لێی دەڕوانمەوە. دەڵێم:

ـ برسیت نیە، کەمێک خواردنت بۆ بێنم،... ناتەوێ بچی بۆ ئاودەست؟

ئەوسا حەبەکان هەڵدەگرم، لە دۆلکەکە لێوانەکە نیوەپڕدەکەم.

ئەو لێفەکەی تا ژێر چاوەکانی هەڵکێشاوەتەوە و زیت زیت لێم دەڕوانێ. دەست دەبەم لێفەکە لابدەم، بەڵام وەها بە توندی دەیگرێ کە لام سەیرە.

ـ دەبێ لانیکەم داوودەرمانەکەت بخۆی!

ماڵەکە ساردە. دەچم کوورەکە بەسەردەکەمەوە. ‌هەڵە. لەبەر خۆمەوە دەڵێم ئەمشەو دەبێ زۆر ساردبێ.

ـ ئیستا ناتەوێ دەرمانەکەت بخۆی؟

ئەمە دەڵێم و بە ئەسپایی لەسەر قەراخی تەختی خەوەکەی سمت دادەدەم. نیگاکانی لەگەڵم دێن و ئەوانیش دادەبەزن.

نازانم بۆ، بەڵام حەزدەکەم چیرۆکێکی بۆ بگێڕمەوە. دەلێم سەردەمانێک بنەماڵەیەک هەبوون لە خانوویەکی خۆشدا پێکەوە دەژیان، پیاوەکە لەدەرەوە کاری دەکرد و ژنەکەیش لە ماڵەوە، دوو کوڕ و دوو کچیان هەبوو. کە شەو پیاوەکە ماندوو و شەکەت لە کار دەهاتەوە ژنەکە خواردنی ئامادەدەکرد و ئەوسا پێکەوە لە دەوری سفرە کۆدەبوونەوە و نانیان دەخوارد. لە دووای نانخواردن لەبەر تەلەفزیۆنە رەش و سپییەکە دادەنیشتن و سەیری گۆرانی و فیلمیان دەکرد. جارێکیان پیاوەکە شەو نەهاتەوە. ژنەکە زۆر پەرێشان بوو. منداڵەکانیشی هەروەها، ئاخر قەت باوکیان درەنگ نەدەهاتەوە. نەیاندەزانی چی بکەن. تا کتوپڕ یەکێک لە منداڵەکان بیرێک بە مێشکیدا هات، کۆتایی بەهار بوو، حەوشەکەیان پڕی گووڵ بوو، کچەکە چووە حەوشە، گووڵێکی لێکردەوە، پەرەکانی دایە دەم بای ئێوارە و پێیانی وت ئەی پەڕە جوان و ناسکەکان تکایە بە باوکم بلێن درەنگ نەکا و ئەمشەویش وەک هەمیشە زوو بێتەوە. ئەوسا هاتەوە ژووەرەوەو چاوەڕوان مانەوە. ئەوەندەی پێ نەچوو باوکیان هاتەوە. ئەو شەوە لە هەمیشە خۆشحاڵتر بوون. ژنەکە بە دەم سڕینی فرمێسکەکانییەوە شوکری ئەوەی کرد ژیان وەک هەمیشە بەردەوامە و هیچ نەقەوماوە. شەو کاتێک چوونە ناو جێگاوە، باوکیان چووە لای کچەکەی. گووڵێکی پێ بوو. دای بە کچەکەی. کچەکەی بزەیەکی کرد و دەستی کردە ملی باوکی و ئیتر خەوت. لەو ساڵەوە دەڵێن گەر کەسێکت لێ ونبوو تەنیا گووڵ بنێرە بەشوێنیا.

هەستم بە سەرمای زیاتر دەکرد. لام سەیر بوو. چیرۆکەکە کاریگەر نەبوو. ئەو بەهەمان حاڵەتەوە بەردەوام لێمی دەڕوانی. پەرداخە ئاوەکەم بەرزکردەوە و وتم هەستە دەبێ بیخۆی! دیسان بێسوود بوو. هەستام دەرمان و ئاوەکەم خستەوە سەر مێزەکە و گەڕامەوە سەری بۆ ئەوەی بەرزی بکەمەوە. نەیدەهێشت. سەیری سەعاتەکەی دەستم کرد. درەنگ بوو. دەبا تا بیست خولەکی تر لە ئیدارە بوومایە. حەزم نەدەکرد ئەمشەو نیگا زیت و شەیتانییەکانی منداڵەکانم لەکیس بچێ. لەم بەستەڵەکەدا گووڵێک وەک تەتەر دەست نەدەکەوت.

چاوەڕوان مامەوە. من سەیری ئەوم دەکرد و ئەویش سەیری من. بێدەنگی وەها قورس هەڵگەڕابوو کە لە ژێر لێفەکەیشەوە گوێم لە هەناسە ئارامەکانی ئەو بوو. چوومە بەر پەنجەرەکە، پەردەکەم لادا و سەیری دەرەوەم کرد. شەقام هەر وەک خۆی. ئاشقەکان تێپەڕیبوون،... لە مێژ بوو. پەردەکەم دادایەوە و هەر لەوێ راوەستام و لێم رووانییەوە. لێرەوە تیشکی گڵۆپە کەم تینەکە لە چاوەکانیدا شۆقی دەدایەوە. چاوەکانی گەنج بوونەوە. ئەوسا هەستم کرد شتێک لە ژێر لێفەکە رێک لە سەر سینگی جووڵا. نزیک کەوتمەوە. لەلا تەنیشتەوە لێفەکەم هەڵدایەوە. ئەو کە حسێبی ئەمەی نەکردبوو، هەروا لێمی دەڕووانی. قاپێکی وێنە لەسەر سینگی بوو. ئەو وێنەیەی وا شوێنەکەی لەسەر دیوارەکە چۆڵ بوو. با ئارامی کێشامە دەرەوە. ئەو سەرەتا کەمێک خۆی راگرت، بەڵام دەستی شل بوو و بەریدا. وێنەکە وێنەی کچێک بوو بە گووڵێک بەدەستییەوە و بە نیگایەکەوە کە کەس نازانێ لە کوێی دەڕوانی!

داچڵەکام.

دوو حەبەکەم دایە، لێفەکەم بەسەردا دا و، دەرگاکەم بەست و وەدەرکەوتم. دەستە کلیلەکە وەک هەمیشە لە گیرفانمدا خڕەی دەهات. ئەو دەستەکلیلەی بۆنی تەنیایی و بیرەوەریی دەدا. بۆنی پیرەمرۆڤەکانی شارێکی نوقمی مانگی نۆڤێمبر.

لەسەر رێگای ئیدارە بیرم لە لێکچوونی چیرۆکەکان کردەوە. ئەو چیرۆکانەی تەنیا زەمەن لەیەکتر جیایان دەکاتەوە. تەنیا زەمەن.

 

 Bilderesultat for oslo vinternatt kunst

گەڕان بۆ بابەت