ما 11321 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەجات حەمید ئەحمەد

بێدەنگیى ئازاد سوبحى لە ماوەى ساڵانێکى زۆرى ژیان کردندا بێ دەنگیەک نەبوو بە قەد ئەوەى گوتنێک بوو کە لە گەڵ زەمەنە وشوێنەکەیدا یەکیان نەدەگرتەوە، نە لە گەڵ کۆى ئەو بەهایانەى ژیان کردنیان لە سەر دامەزرابوو، بێدەنگیى ئەو تێک شکاندنى ئەو گوتنانە بوو کە پێک گەیشتنەوەیەکى سازش کارى دەنواند لە ژیان کردندا.

 

 

      پرسیارى کەسایەتیى رۆشنبیر لە کوردستاندا تاکو ئەمڕۆش پرسیارێکى نامۆیە بە کۆى کۆمەڵگەیەک کە ئەو هێزەى یا ئەو توانایەى بە و کەسایەتیە نەداوە بە بێ خۆدان لە بیرى تێوەگلانەوە، ئەو کەسایەتیە بپارێزێ و بیخاتە شوێنى ئاسایى خۆیەوە. لێرەدا کەوتنى ئازاد سوبحى بەو خەسڵەتانەى لە کەسایەتیى ڕۆشنبیریى ئەودا هەبوون ئاماژەیەکى ئەم سەردەمە بوو بۆ کەوتنى کۆى کەسایەتیى ڕۆشنبیریى کوردى لە نێو ئەو پەیوەستە رەوشتى و مرۆیى وڕۆشنبیرى و فیکرییانەوەى کە ئەو کەسایەتییە بە کۆمەڵگەیەکەوە دەبەستنەوە.

 مەبەست لە تێوەگلان بەو مانایە نیە کە رۆشنبیر لە کوردستان هەڵوێستێکى لایەندارو ناڕۆشنبیرى و بەرژەوەند خواز دەنوێنێ، بەڵکو کەوتنە ناوەوەى نێو هەموو ئەو پەیوەستانەیە کە وا لە ڕۆشنبیر دەکەن ببێتە بەشێکى دانەبڕاو و مرۆڤێکى نوشتاوە بە سەر نۆرمە قەبووڵ کراوەکاندا  و لە پاشاندا فراوان بوونەوەى ئەو پەیوەستە هارمۆنیاو گونجاوانەى کە ڕۆشنبیر بەوانى دى دەبەستێتەوە، لێرەدا کەسایەتیى ئازاد سوبحى وەکو کەسایەتیەکى ڕۆشنبیرى لە ماوەى ساڵانێکى درێژى تەمەنیدا لە هەولێرو سلێمانى ئەو بەربەستە سەختەى بەردەم هەموو تێوەگلانێک بوو. هەر ئەم هۆکارەش لە پشتەوەى بە دواى یەکدا هاتنى ئەو دابڕانە قووڵ و تراژیدیایانەوە بوو کە وەکو برووسکەیەکى ئاگراوى زەمەن دەستاو دەستى پێ دەکردوو نەیدەتوانى بیخاتە نێو شوێنەکانى خۆیەوە، تێوە نەگلانى ئازاد سوبحى تاکو ساتى کەوتنى ئەو دابڕانە خودیانەو ئەو کێشە خودیانەى دەگەیاندە ترۆپکى ئارەزوویەک  کە خەونێکى بزربووى مرۆڤى ڕۆشنبیرو نائومێَد بوونێکى قووڵى دەنواند، چونکە ئەو لە نێو ئەو نۆرمە ڕۆشنبیریانەدا خەونى دەبینى کە نووسین وژیان کردنى پێکەوە دەبەستەوە، ئەو پێگە خەیاڵى و فانتازیایەى کە دیاردەیەکى نامۆى لە نێو کۆمەڵگەکەیدا دەنواند، چوون تاکو ئەوپەڕى لە گەڵ بیرۆکەى ڕۆشنبیر کێیەو شوێنى لە زەمەنەکەیدا چییە؟

  نەبوون بە بەشێک لە پەیوەستێکى فیکرى و ژیان لە نێو دنیابینیەکى خودیدا هەر لە سەرەتاوە ئەو کێشە دەروونى و فیکری و مەعریفیانە بەرجەستە دەکات کە لە ناخى کێشەیەکى فەلسەفى و کۆمەڵایەتیدا وێناى خۆى دەکات و دووبارە کەسایەتیە خودیەکەى دادەڕێژێتەوە، کەسایەتیەک لە نێو چڵپاوێکى پیس و ناشریندا دەیەوێ بە خودى خۆى بڵێ ئەو ژیانەى کە ڕۆشنبیر هەیەتى، ژیانێکە لە دەرەوەى نووسین وبیرکردنەوە، ووشەکان کتێبەکان، گوتارەکان، ڕووداوەکان ،دانیشتن وکامەران بوونەکان هەمووکاتێک دەگەیشتنە ئەو ساتەى ئەو خودە بخەنە نێو ئەزموونێکى شکست خواردووى کۆمەڵایەتى وفیکریەوە،دواجاریش پاش لە دەستدانى هەموو ئەو پێشنیازە خودیانە جگە لە کتێب و ووشە دنیایەکى دیکە نەدەمایەوە بۆ ژیان کردن، ئەوانیش ئەو مێردەزمە ئاگراویانە بوون، کە چێژ وەرگرتن لە دوور کەوتنەوە هاو مانا بوون لە گەڵ نا ئاگاییەکى خواستراوو چێژ بەخشدا لە لاى ئەودا دەبوونە تەنها ڕێگەیەک بۆ بە سەر بردنى ساتەکانى ژیان کردن وتێپەڕکردن، هەر بۆیە پاش ساڵانێکى زۆر لە بڵاو کردنەوەى ووشەکانى ئەو نائومێد بوونە شکست خواردوەى کەسایەتیى ڕۆشنبیر لە لاى ئەودا دەبووە گەورەترین ڕەت کردنەوەکانى کۆى نۆرمە جیاوازەکانى نێو کۆمەڵگەیەک!

 من چى دەکەم لێرەو دەبێ چى بکەم ولە دواییشدا من کێم ؟ ئەو نائاگاییە ڕەگاژۆیە بوون کە ناخیان وێران دەکردوو وایان لێى دەکرد هەموو ئەو هەوڵانەى ڕۆژگارەکانى خۆى لە پەیوەست وبوونە بەشێک یا تاکێک لە نێو کۆمەڵگەیەکدا ووردو خاش بکات و هەمیشە لە دواى ئەو وێران بوونەدا ئازارەکانى وەکو خۆرکەیەکى فیکرى ئەویان بەرەو نائامادەبوون و بزر کردن دەبرد،ئەم کاردانەوە فیکرى و فەلسەفیانەش نە شوێنێکیان لەم کۆمەڵگەیەدا هەبوو و نە هیچ بەهایەکى نەکۆمەڵایەتى ونە فیکرى، کۆمەڵگەیەک کە دەگاتە ترۆپکى چێژ وەرگرتن لە کەوتن و بزر کردنى کەسایەتیى ڕۆشنبیر، کۆمەڵگەیەک لەتە نانێک لە باخەڵیدا هەڵدەگرێ و ترسى لە سبەینێ هەیە کە نان نەمێنێ، لێرەوە کەسایەتیى ڕۆشنبیر لە نێو ئەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا کەسایەتیەکى نەخواستراوو ڕەت کراوەیە، ئەوە ڕۆشنبیر نیە بە تەنها نۆرمەکانى کۆمەڵگەیەک ڕەت دەکاتەوەو داکۆکى لە خودێتیەک دەکات و لە شوێنێکى پارێزراودا بیر دەکاتەوەو، بەڵکو ئەوە کۆمەڵگەیەکە بە هێزێکى فرە بەهرەوە کار بۆ تێوە گلان وبزر کردنى کەسایەتیەک دەکات و هەمیشە هاوکێشە ژیارى و فیکریەکان لەو هەوڵانەدا دەبنە هێزێکى کراوەى هوروژوم هێنەرو هەژمووندار، هەربۆیە ئەو پرسیارانە وەکو گوتارێک دەکەونەوە کە ڕەگێکى درێژیان لە نێو ئەو سیستەمە کۆمەڵایاتیانەدا نیە و ئەو رەگانە شیاون بۆ ووشک بوونەوە، شیاون بۆ گۆشەگیرى وژیان کردن لە نێوخوددا.

   هەر بۆیە ئەو لە هیچ شوێنێکى ژیان کردندا ئەو شوێنەى بە بەشێک لە ئامادەبوونى خۆى دانەدەنا، نە ئەو زەەمەنەشى کە ئەوى فڕێدایە ئەو شوێنانەوە، بەڵکو شوێن وزەمەنى مانەوەو ژیان کردن لە لاى ئەو لە دەرەوەى بازنەى زەمەن و شوێنە خودیەکانى ئەودا بوون ،بەم مانا تراژیدى فەلسەفیەش ڕۆشنبیر و کەسایەتیەکەى تەنها لەو گۆشە دیارى کراوەى ژیاندا خۆیان دەدۆزنەوە کە لە هەموو ئامادەبوونێکى درۆزنانەو تێوەگلاو ئازادى دەکەن،چونکە بەلاى ئەوەوە مانەوە لەو شوێن و زەمەنە هەژمووندارانەدا ماناى هاوژیانیەک دەنوێنێ کە ئەو دەکەنە مرۆڤێکى داگیر کراوو سازشکار .

     لەم روەشەوە گەڕانەوەو پاشە کشێى ئەو لە هەموو ئەو پەیوەستانەى بە شوێن و بە زەمەن و بە مرۆڤەکانیانەوە هەیبوو لە سەر بناغەیەک نەبوون بتوانن  پەلکێشى زۆنگاوێکى سیحراوى و چێژ بەخشى بکەن بەرامبەر بە دان نان و هەڵکردن لە نێو جیهانبینیى کۆمەڵگەدا، پاشەکشەو گەڕانەوەو هەڵگەڕانەوەى ئەو لەو هاوژیانیە و جێگرتنەوەى بە هاوژیانیەکى دەستە بژێری دەرەنجامى شکستى کەسایەتیى ڕۆشنبیر بوو لەوەى کە لە هەموو پێک گەیشتنەوەکاندا هەست بە خۆى و زەمەن وشوێنى خۆى ناکات، ئەو کەسایەتیەى بەرامبەر هەموو گوشارە ژیارى و دەروونى وفیکرى و کۆمەڵایەتیەکان، بەشێکى گەورە لە کەسایەتیى خۆى دەخاتە بەر مەترسیى کەوتنەوە، کەوتنێکى فرە ڕەنگ و فرە بەهاو فرە کاریگەرو واى لێ دەکەن ئەو کەسایەتیەى خۆى تێپەڕ کات، بەم مانایەش ئەو فرەییانە بەلاى ئەوەوە لە سەر بناغەیەکى جیاواز داڕشترابوون، لە سەر بناغەیەک کە دەیتوانى بڵێ من لێرەم و لە زەمەنێکم کە هەرچەندە هیچیان هى من نین، بەڵام ئەوەتانێ لێرەم لە گەڵتانم، ئەوەتانێ گیانم پڕ لە حەسرەت وپڕ لە برینەو تاکو ئێستاش بەرگەى ئازارەکان دەگرم و بە پێوە وەستاوم .

  بەرگە گرتنى ئازارو بێ بەش بوون و بێدەنگى سێ کاردانەوەى ئازاد سوبحى بوون بەرامبەر بە زەمەنێک کە وەکو ماشێنێک کەسەکانى دەخستە ژێر پێچکەکانیەوە، سەرەتا بەرگە گرتنى ئەو بەرامبەر بە هەموو ئەو ئاڵ و واڵا نا سروشتى و پڕ لە کامەرانیانەى کۆى بە یەک گەیشتنەوەکانى کەسایەتیى ڕۆشنبیرى  دەنواند لە گەڵ دنیادا ،ئەو داڕشتنەوەیەکى جیاوازى بۆیان هەبوو، داڕشتنەوەیەک کە تەنها مانەوەى ئەوى دەنواند لە گەڵ کەسایەتیەک کە نایەوێ ببێتە بەشێک لەو دنیایە بە بێ ئەوەى ڕەگى پێیەکانى لە نێو دنیا بینیەکەى هەڵکەنێ، بەرگە گرتن بەرامبەر بەم نوچدانەوە پڕ لە چێژو سیحرەو یاخى بوون لە بەها فیکرى وکۆمەڵایەتیەکانى هێزى خودێتیەکى سیحراوى وئەفسانەیى دەنواند، هێزێک کە پڕ بوو لە هۆگرى بوون بە ئازارەکانى گۆشەگیرى وتەنیایى، هێزێک هاوشانى ئەو هێزەبوو کە سۆفیگەرێکى بە خوداى خۆیەوە دەبەستەوە، هێزێک لە نووچ خواردن وداکشان بەرەو قووڵاییە هەرە تاریکەکانى خود ،لەوێوە ئەو ئەو ئەزموونەى بەرگە گرتنى دەخستە نێو لەپ وچاوەکانیەوەو لە جیاتى فرمێسک ڕشتن لە ئازاردا وەکو مۆمێک بە ماتى دەسوتاو ئەو مانەوەیەش گەورەترین بەهاکانى ئەو بوون،چونکە ئەو لەوە شکستى هێنا لە پەیوەستەکانى بە چۆنێتیى گوزەراندنەوە ئەو کەسایەتیەى خۆى بخاتە نێو هەڵکردن و بە سەر بردنى ژیاندنەوە،ئەو لەوە نوشوستیى هێنا ئەو دنیا بینیەى خۆى بخاتە نێو ئەو بەها زەمەنیانەى کە ئەویان بەو شوێن و زەمەنانەوە دەبەستەوە، ئەو گەڕیدەیەکى بێ ئۆقرەو شکست خواردوو بوو،هەموو پەیوەستەکانى ئەو بەم دنیایەوە نەیان دەتوانى بیهێننە نێو ئەو بەها فیکریانەى کە ژیاندن وهەڵکردنیان لە سەر داڕشتراوە ،هەربۆیە بەرگە گرنن وهەڵکردن لە گەڵ ئەو ژیاندنە جیاوازەدا هەموو ئەو پردانەى دەڕوخاند کە لە نێوان ئەو و دنیاى ژیاوەدا هەیبوو، ئەمەبوو ئەو ساتە کامەران و چێژ بەخشانەى ئەو کە تەنها گریانێکى بێدەنگیان وەکو سەداى گۆرانیەک دەخستە ناخیەوە.لێرەوە گەورەترین نا ئومێدیەکانى ئەو دەست پێدەکات و بێدەنگى هەموو ژیانى دەخاتە نێو داخستن و دوا خستن وپاشەکشێوە.

 بێدەنگیى ئازاد سوبحى لە ماوەى ساڵانێکى زۆرى ژیان کردندا بێ دەنگیەک نەبوو بە قەد ئەوەى گوتنێک بوو کە لە گەڵ زەمەنە وشوێنەکەیدا یەکیان نەدەگرتەوە،نە لە گەڵ کۆى ئەو بەهایانەى ژیان کردنیان لە سەر دامەزرابوو ،بێدەنگیى ئەو تێک شکاندنى ئەو گوتنانە بوو کە پێک گەیشتنەوەیەکى سازش کارى دەنواند لە ژیان کردندا،بەم مانایەش ئەو سنوورەکانى نووسین وسنوورەکانى کەسایەتیى ڕۆشنبیرى تێکەڵ بە یەک دەکرد،بە جۆرێک ئەوەى بیرى لێ دەکردەوە بە هێزەوە دەیکردە گوتنێکى جیاواز و تاکو ئەوپەڕى مردن لە بێدەنگیدا، چونکە ئەو هەموو ئەو بەها ڕووکەشانەى ڕەت دەکردەوە کە لە نێوان هەردوو سنووردا کەسایەتیەکیان دەکردە دوو سەرەى نووسین وژیان کردن،ئەمە ئەفسوونێکى ڕەت کراوەو سەرکۆنە کراوبوو تەنانەت نا سروشتى وخەیاڵى بوو، هەربۆیە ئەو لە ڕوویەک لە ڕووەکانەوە بێدەنگیى خۆى دەکردە ئاماژەیەک بۆ کەوتنى دوو سەرەى کەسایەتیى ڕۆشنبیر، کەوتنى کەسایەتیەک کە لە نێو کۆمەڵە پەیوەستێکى نا یەکساندا دەتوێتەوە،کەوتنى کەسایەتیەکى دیکەى ڕۆشنبیر کە لە نێو دنیا بینیەکى تاک سیماو نەویستراودا لە نێو بێدەنگى وهاوشێوە نەبووندا دەتوایەوە،هەڵبژاردنى قەدەرێک کە بە هێزەوە چەپۆکە ڕەشەکانى بە نێوچەوانى ڕۆشنبیردا دەکێشا ،لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەو دەنگى هەموو دنیاى لە ناخى خۆیدا کۆکردبوەوە، ڕۆژانە لە نێو ئازارى نەگوتن وگوتنى بێدەنگیدا دەژیاو، ئەو لە هەموو بە یەک گەیشتنەوەیەکدا دەربڕینى لە پاشەکشێیەک دەکرد ،تەنیایى ئەو بەرجەستەى ئەو هێزە شاراوەو نامۆیەى دەکرد کە ناخى وێران دەکردوو بەرگەشى دەگرت.

 ئازاد لەو ساتەدا کەوت ئیتر ئەم دەورو دۆخە چیتر لێناگەڕێ ڕۆشنبیر هیچ کەسایەتیەکى هەبێت، لە ناخى خۆشیدا لەو ساتەوە بەرەو کەوتن چوو کە چیتر هیچ حسێبێکى نەما لە گەڵ دنیادا تاوتوێى بکات، یەک دڵۆپە ئاو لە چاوەکانیدا نەما ئیتر بۆ هبچ شتێکى بڕێژێ، لەپە خوێنێکى لە دڵدا نەما دڵى بۆ هیچ شتێک تووشى دڵە کوتکێ ببێ، سۆزێک نەما سەیرى سبەینێى پێ بکات،ماناکان هەموو کەوتن، خەونەکان هەموو سوتان تەنها مردن بووە ئەو تیشکەى هەناو ڕۆشنکاتەوە، تیشکێک لە بزربوون تیشکێک لە ئاوابوون، لێرەوە باوەشى بە کەوتنى خۆیدا کردو قەت لەو کەوتنەشى دوودڵ نەبوو.

 کەوتنى ئازاد سوبحى لەوێوە دێتە ژیانیەوە کە وێنەکانى ڕۆشنبیر لە سەردەمەکەیدا ڕەنگاو ڕەنگ دەبن،هەر ڕەنگەو مانایەک لە ماناکانى پەیوەستى ئەوى دەنواند بە دنیاوە ،بەڵام هیچیان ئەو ئارامى وئەو ئاسایشە فیکرى و دەروونیانەیان نەدەنواند کە ئەو ئازاد کەن  لە تێک شکاندنى بێدەنگى، جەستە لە بەرکەوتنى ناجۆردا خوێنى لێ دەچۆرا و عەقڵ لەو تەنیاییە پڕ لە نائومێدیەدا پڕ بوو لە ئاگر،دنیا چیتر دەرفەتێکى تێدا نەما بۆ ئەو کە خۆى تێدا بدۆزێتەوەو بەوانى دیش بڵێت ئیتر هیچ شتێک لە توانایدا نیە بۆ ئەم ژیان کردنەم بگەڕێنێتەوە، لەوێدا کەوتنەکەى بووە کەوتنى ئەو هێمایانەى کە لە کۆى ئەو بنەمایانە بزربوون کە کەسایەتیى ڕۆشنبیریان دەخستە دنیاوە ،ئاماژەیەک بوو بۆ ڕەت کردنەوەى ئەو شوێنەى ڕۆشنبیرى تێدایە هەر بۆیە ئەو هەنگاوەکانى بەرەو کەوتن خێرادەکرد ،ئەمەش چێژێکى خودیانەى پێ دەبەخشى و ئەگەر تاکە ئومێدێک لەو خودێتیەى ئەودا مانایەکى هەبوایە ئەوى لەو دنیایە دەهێشتەوە، مرۆڤ چۆن لە شوێنێکدا دەمێنێتەوە کە شوێنى ئەو نیە؟ چۆن لە ماناکانى سەردەمێکدا بمێنێتەوە کە هەستیان پىً نەکات؟چۆن پێییەکانى لە سەر زەمینێکدا بمێنێتەوە کە بستێک خۆڵى هى ئەو نەبن وبە هى خۆى دانەنێ؟ تەنانەت ئەگەر لە کەوتن وباوەش کردنەوە بە مردندا دەنگى هەبوایە دەیگوت لە نێو ئەو گۆڕەدا مەمنێژن، چونکە بە هى خۆمى دانانێم وشایەستەى نیم؟ چونکە ئەو هیچ شتێکى بە شایەستەى خۆى نەدەزانى .بە تەنیایى ژیاو هەر بە تەنیاش کەوت.

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت