ما 8334 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

نموونەی ئەم دەسەلاتدارانە ئێستا لە دونیا و بە تایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرن. نمونەی ئەوانە ئیران و تورکیەن کە دەتوانین ئاماژە بە چەند چەواشەکاری لە ماناکانی وشەکاندا وەک نموونە بێنینەوە کە لەم دوایانەدا لەم وڵاتانەدا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بەکار هێنراوە کە رێک بە عەکسی مانا راستەقینەکانیانەوە بە کار هاتوون.

 

جێگۆڕکێی ماناکان

وشەکان لە هەموو زمانەکاندا رێکەوتنێکە هەموو خەلکی کۆمەڵگا لە سەری ساخبوونەتەوە و، بووەتە جێگەی پەسەندی هەمووان. ئەمەش یانی ئەوەیکە هەرکەسە و بە مەیلی خۆی ناتوانێت لە پێوەندییەکانیدا بە کاری بێنێت، یان ئەگەر بە کاریشی بێنێت ناتوانێت مەبەستی دڵی خۆی بگەیێنێتە بەرانبەرەکەی و چاوەڕوان بێت لێی تێبگەن. زمان بە هەمو وشەکانی و رێزمانەکەیەوە وەک گشتێەتێک بە ناوی زمان دەناسرێت. زمان کلیلی چوونە نێو خەڵکە و بۆ تێگەیشتن لە خەڵک و کولتوری هەر وڵاتێک دەبێت پێش هەموو شتێک ئەم کلیلەت پێ بێت.

لە زمانی هەر نەتەوەیێکدا شێوازی بەکارهێنانی وشەکان لە کات و وشوێنی تایبەتدا مانا و مەبەستی تایبەت دەگەیێنێت. زۆر جار کەسێک وشەیێک بەکار دێنێت، بەڵام مەبەستی مانای پێچەوانەیە. وەک نمونە کاتێک کەسێک لە کەسێکی تر توڕەیە و رووی تیدەکات و دەڵێت: "بە خوا پیاوی چاکیت!". لێرەدا رێک عەکسی مانای رستەکە مەبەستی کابرایە، یان زۆر جار وشەکان بۆ ئاماژە یان بیرخستنەوە و وەبیرهێنانەوە بەکار دێن و لەو کاتەدا تەنیا وەک کۆدێک بۆ تێگەیشتن لە مەبەستێکی تایبەت بەکار دێت کە دەبێت کەسەکان زانیاری پێشتریان لە بابەتەکە ببێت.

هەموو ئەمانە و گەشەکردن و بەرۆژبوونەوەی زمانەکان پێویستن بۆ مانەوە و بەقووەتبوونی زمانێک. زمان دەبیت لەگەڵ پێشکەوتنی زانست خۆی بگونجێنیت و هەڵگری مانا تازەکانی پێویست بێت، ئەگینا دەبێت بە ژێر پێی زمانەکانی ترەوە و وردە وردە کەم دەکات و دەتوێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش لە هەموو وڵات و دەوڵەتێکدا دام و دەزگای تایبەت بە زمان و کولتور دانراوە کە بەردەوام هەوڵدەدرێت وشەی نوێ بۆ پێداویستیەکانی رۆژ داتاشرێت و بێتە نێو دونیای زمانەوە. ئەم کارەش بێگومان لە لایەن پسپۆڕانی زمانی ئەو وڵاتە و ئەو زمانەوە جێبەجێ دەکرێت. بەلام لە پەنای ئەمەشدا زۆرجار دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن مانای وشەکان بۆ قازانج و مەبەستی تایبەتی خۆیان بەکار بێنن. لەوەها حالەتێکدا خەڵک، بەتایبەت خەڵکی وشیار و ئاگادار لە مەبەستی دەسەڵاتداران، ئەمە بە چەواشەکاری و درۆ بۆ گەیشتن  بە مەبەستی چەوتی دەسەڵاتداران دەزانن.

نموونەی ئەم دەسەلاتدارانە ئێستا لە دونیا و بە تایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرن. نمونەی ئەوانە ئیران و تورکیەن کە دەتوانین ئاماژە بە چەند چەواشەکاری لە ماناکانی وشەکاندا وەک نموونە بێنینەوە کە لەم دوایانەدا لەم وڵاتانەدا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بەکار هێنراوە کە رێک بە عەکسی مانا راستەقینەکانیانەوە بە کار هاتوون.

لە ئێران لە درێژەی ساڵانی تەمەنی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی هەوڵدراوە کە ئەم وشانە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان جێگۆرکێی مانایی پێبکرێت.

خەلک بەرابەرە لەگەڵ لات و لوت (اراذل و اوباش)

لات و لوت بەرابەرە لەگەڵ خەلک

لە ئاخاڤتنەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران دا کاتێک باس لە خەڵک دەکرێت هەموو کەسێک تێدەگات کە مەبەستیان لایانگران و کەسانێکە کە بۆ پاراستنی ئەو دەسەڵاتە هەوڵ دەدەن و بە جۆرێک ژیان و بژێویان گرێدراوە بە بوونی ئەو دەسەڵاتەوە. زۆر جار لات و لوتە راستەقینەکانی کۆمەڵگا لەم بەشەدا چەک لە شان دەکەن و بەرانبەر بە خەڵکی راستەقینە ، کە لای دەسەڵاتداران بە لات و لوت ناسدەکرێن، دەوەستن و سەرکوتیان دەکەن و ناهێڵن دەنگ هەڵبێنن و داوای مافەکانیان بکەن.

لە وڵاتی تورکیەش دەسەڵاتداران هەوڵیان داوە بە هۆی سیاسیەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیەکانی خۆیان وشەی کورد بە تەواوەتی لە فەرهەنگ و زمانی وڵاتەکەدا بسرێتەوە و لە بیری خەڵکی بەرنەوە کە کورد و کوردستان لە وڵاتەکەیاندا بوونی هەیە. لە بەرانبەردا هەوڵدراوە هەموو ئەو چالاکیانەی کە بۆ شکستهێنان بە سیاسەتی پاکتاوکردن و سڕینەوەی نەتەوەیێک کاردەکات، بە ترۆریست ناوزەد بکرێت. هەر بەم بۆنەوە ئێستا وردە وردە وشەی ترۆریست بۆ کورد و خەلکی نیشتەجێ کوردستان بەکار دەهێنرێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە خودی دەوڵەتی تورکیە بە ئاشکرا پاڵپشتی گروپە تروریستیە ناسراوەکانی وەک داعش و جەبهەتولنەسر دەکات و بە بەرەی خەڵک و شۆڕشگێر و دژە ترۆر ناویان لێدەبات.

خەڵکێک کە دژ بە سیاسەتی پاکتاو هەڵدەستن بەرابەرە لەگەڵ ترۆریست

ترۆریست بەرابەرە لەگەڵ خەڵک و شۆڕشگێری دژەترۆر

نموونەی ئەم دەسەڵاتدارانە لە دونیای سیاسەتدا زۆرن و بەردەوام رۆژانە دووپاتدەبنەوە و رۆژلەگەڵ رۆژ ئەم چەواشەکاریانە و کەڵکی ئاوەژوو وەرگرتن لە یاسا و رێساکان و ژێر پێ خستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەردەوام تیکرار دەبێتەوە . ئەوەیکە دیکتاتۆرەکان بۆ مانەوەی خۆیان هەموو کارێک بەڕەوادەزانن شتێکی نوێ نییە و بەردەوام لە مێژوودا پەیرەو کراوە، بەڵام ئەوەی کە ئینسان تووشی سەرسوڕمان دەکات بێدەنگی وڵاتانی بەناو پارێزەر و لایەنگرانی مافی مرۆڤە کە بە هۆی قازانج و بەرژەوەندە ئابوری و سیاسیەکانیانەوە وێڕای بێدەنگی، رێگە ئاوەڵا دەکەن بۆ ئەم رژیمانە کە بە ئاسانی بگەنە ئامانجەکانیان.

سەرجەم ئەم گۆڕانکاری و کێشمەکێشە سیاسی و ناسیاسیانەی دونیای ئەمڕۆ وامان پێدەڵێت کە دونیا پێویستی بە گۆڕانکاریێکی جیدی و نوێ بوونەوەی یاسا و رێسا مرۆڤییەکانە و دەبێت سەر لەنوێ هەموو دام و دەسگا نێو نەتەوەییەکان دابنریتەوە و زلهێزەکان چیتر مافی وتۆ و ئیمتیازی زلهێزییان پێنەدرێت.  

Bilderesultat for undertrykkelse

گەڕان بۆ بابەت