لە فارسییەوە: بەناز ئەحمەدی

یەکەمین شیعر رەنگە خەمی مرۆڤە سەرەتاییەکان بوو

کە بە ناڵە و گریان

لەسەر دیواری غارەکان نووسیویانە

هەموو شتێک لە هەستەوە دەستی پێکردو

هەموو شتێکیش بە بێ هەست تەواو دەبێ...

 

رێگاکانی جەهەننەم

 

محمدرضا ملکی

لە فارسییەوە: بەناز ئەحمەدی

 

سێو بیانوو بوو

گەنم بیانوو بوو

ترێیش

خودا بە شوێن گوناهێکەوە بوو بیخاتە داوێنی حەوا

رەنگە حەوا بەمەی دەزانی و

ئەم رازە لە رێگا بەدەری کرد

ئادەمیش

بۆ دۆزینەوەی

حەوای کردە بیانوو

دەبا بە بیانوویەک بەرەو جەهەننەم بڕۆین

جەهەننەمێک پڕ لە ئەشق

سێو بیانوو بوو...

...

سێو هەڵیخڕاندین

ئادەم

لە ئاسمانەوە نیشتە سەر زەوی

لە بەهەشتەوە بەرەو خاک

هێشتا ئادەم

لە وەسوەسەی سێو لە ئەماندا نیە

هێشتا سێو

لە پەیامە مەستی هێنەرەکاندا

وەسوەسە دەکا

میوەی بەهەشتێک

کە رێگای جەهەننەم پیشاندەدا.

هەموو شتێک لە هەستەوە دەستی پێکرد

هەستی ئادەم بۆ حەوا

هەستی حەوا بۆ سێو

دوواتر ئەو زەوینەی چاوەڕوان بوو

زەوینێک کە تێیدا

بۆ خاڵی نەبوونی هەست

نەغمە و گۆرانی لە دایکبوو

شیعر پەیدابوو

سەما و هەڵپەڕکێ

دیسانیش هەست

رەنگە یەکەمین مۆسیقا

نەغمەی ئاشقانەی ئاشقبوونی من بوو

لە غاری تەنیایی

بە بێ ئەوەی زانستی مۆسیقا خۆی دەربخا

یەکەمین شیعر رەنگە خەمی مرۆڤە سەرەتاییەکان بوو

کە بە ناڵە و گریان

لەسەر دیواری غارەکان نووسیویانە

هەموو شتێک لە هەستەوە دەستی پێکردو

هەموو شتێکیش بە بێ هەست تەواو دەبێ...