فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەر بانیژێکە دەڵێی گەرمترە. خۆم دەدەمە بەر سێبەری بن دیواری دراوسێکەمان. بانەکانی شار سەرنجم دەقۆزنەوە. گەرما، شەپۆل شەپۆل لەسەریان بەرزدەبێتەوە و بەرەو ئاسمان دەکشێ. لە ماڵی دراوسێکەمانەوە بە ئاستەم دەنگی گۆرانی دێتە گوێم. من گۆرانی بیژەکان ناناسم، بەڵام دەنگەکە ئاشنایە. پیاوێکی دەنگ زوڵالی حەزینە.

 

زەماوەند

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دایکم خەریکی جلشۆردنە. دوو سێ تەشتی جل بە دەورووبەرییەوە هەڵکورماون. یەکیان هی جل و بەرگی پیس، یەکیان هی خاوێن و لەئاوهەڵکێشراو و، سێهەمیشیان لەبیرم نایەت. راستی هی چی بوو؟

دایکم پانتۆڵی لێ هەڵکێشاوە و کراسەکەیەشی لە ناویا. پانتۆڵەکە لەبەریا فش فش راوەستاوە. هەڵتروشکاو، بە مەچەکە بەهێزەکانی جلەکان دەگووشێ و لە ناو تەشتی دووهەم دایاندەنێ.

عەسری رۆژێکی هاوینییە. باوکم و باوەگەورە هێشتا لە خەوی دووانیوەڕۆ هەڵنەستاون. خێزان هێشتا لە ژوورەوەن، لە پشت شووشە ناڕوونەکان، ئەو شووشانەی وا لەبەر شۆقدانەوەی نوور لەسەریان ژوورەوەیان ونکردووە، نازانم خەریکی چین. ژیان لەوێیش بەردەوامە.

من خەریکی یاریی کەللام. دوو کەللام پێیە و لە یەکتریان دەگرم. یەکیان بچووکە و ئەوی تریان گەورە. هەر دووکیان لە بەردن. ئاگام لێیان نەبێ سەری یەکتر دەشکێنن! بۆیە هەموو جارێ کە یەکتریان پێ دەپێکم، دڵم دادەخورپێ. بە خۆشییەوە ئەوەندەیش دەستم راست نیە. بە ئیستایشەوە من ئەوەی حەزم لێی کردووە و ویستوومە بەدەستی بێنم، نەمپێکاوە! لای من لە نێوان کایەی ئەو رۆژەی حەوشەی دووانیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین و ئەم ساڵانەی ئیستا، پێوەندێکی نەپچڕاو هەیە.

دایکم تینوویەتی. دەم دەبا و لە ئاوی شێرەکە دەخواتەوە. هەڵبەت لە دووای ئەوەی چەند جارێک ئاوی پیا دەکا و دەیشواتەوە. دایکم وەک چۆلەکەکان قوم قوم ئاو دەخواتەوە. نا، وەک کۆترەکان،... وەک هەموو باڵندەکانی دونیا. من سەر بەرزدەکەمەوە و لە ئاسمان دەڕوانم. لەو سەرسەرانە باڵندەیەکی گەورەی رەش، بەرز بەرز دەسووڕێتەوە. لە حەوشەکە چۆلەکەکان لە بن میچەکاندان. زۆر تاقەتی سووڕانەوەیان نیە. تەنیا جریوە جریویان زۆرە.

یەکێک لە کەللاکانم لە یەکێک لە تێگرتنەکاندا دەکەوێتە کونی ئاوەڕۆکەوە. هەرچی دەکەم بۆم دەرنایەت. دایکم لا دەکاتەوە و دەڵێ چەند جارم وت ئاگات لێ بێ! ئەوسا بە دەستە کەفاوییەکانییەوە بە زەحمەت هەڵدەستێ و کوڕەکوڕ دێت. لە پاش کەمێک گەڕان، سەرئەنجام دەیدۆزێتەوە. پێم دەڵێ لەو لاترەوە کایە بکەم. من کەللاکان دەخەمەوە گیرفانم و بڕیاردەدەم واز لە کایەکردن پێیان بێنم. بە پلیکانەکاندا سەردەکەوم و دەچمە بانیژێکە. گوێم لە گەڕەکە خەریکە دەبزوێ و بەرەو فێنکایی ئێوارە جەستەی خۆی دەکێشێتەوە. باوەگەورەیشم دەردەکەوێ،... دێتە بەر دەرگاکە. لە دایکم دەڕوانێ. دەزانم لەبەر ئەوەی دایکم هێشتا تەواو نەبووە تووڕەیە. ئەو دەیەوێ لەوێ لەبەر شێرەئاوەکە سەروچاوی بشوا، دەسنوێژ بگرێ و دوواتر لەسەر بەردە نوێژە هەمیشەییەکە نوێژبکا. بەڵام تووڕەییەکەی دەرنابڕێ. سەیرێکی من دەکا و لە ناو داڵانەکە ون دەبێتەوە.

سەر بانیژێکە دەڵێی گەرمترە. خۆم دەدەمە بەر سێبەری بن دیواری دراوسێکەمان. بانەکانی شار سەرنجم دەقۆزنەوە. گەرما، شەپۆل شەپۆل لەسەریان بەرزدەبێتەوە و بەرەو ئاسمان دەکشێ. لە ماڵی دراوسێکەمانەوە بە ئاستەم دەنگی گۆرانی دێتە گوێم. من گۆرانی بیژەکان ناناسم، بەڵام دەنگەکە ئاشنایە. پیاوێکی دەنگ زوڵالی حەزینە. دایکم هاوارم لێدەکا و دەڵێ "ئاگات لەخۆت بێت نەیەیتە بەر گوێسبانەکە!" من هەمیشە ئاگام لە خۆم بووە، گەر درۆ نەکەم.

کتوپڕ یەکێک لە دشەکانی دایکم بە پەلە دێتە حەوشە و بە دەنگێکی پڕ لە سۆز و حەزەوە بەپەلەپەل دەڵێ:

ـ بووک دەگوێزنەوە،... بووک،... لێرەوە دەیبەن،... لێرەوە!

ئەوسا دیسان لەناو سێبەری دالانەکەدا وندەبێتەوە. دایکم بەزەحمەت رادەبێ. هێشتا لە جل شۆرین تەواو نەبووە. بە پشتە دەستی سەر لووتی دەخورێنێ. لە ژوورەوە دەنگی گریانی منداڵ دێت. خوشکەکەمە لەخەو هەستاوە. لە ناو بێشکەدایە. جەماعەتی ژوورەوە بەشێکیان دێنە حەوشە و لەوێوە بۆ سەر بانیژەکە و دوواتر بۆ سەر بانی. پەیژەیەکی بچووک، بانیژێکە بە بانەکەوە گرێدەدا. دەجووڵێم. من کە نازانم چی بکەم، لە جەماعەت و لە دایکم دەڕوانم. دایکم لادەکاتەوە، سەربەرزدەکاتەوە و لە من دەڕوانێ. دەڵێ نەجووڵێی تا من دێم.

دایکم بە پەلە پانتۆڵەکەی دادەکەنێ. کراسە چرچەکەی شۆڕدەبێتەوە. بە پەلە کەمێک قژەکانی کۆدەکاتەوە و خێرا ئاوێک بە دەست و دەموچاویدا دەکا،... دیسان بە پەلە دەچێتە ژوور. لە دوورەوە دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا دەبیستم. دەنگەکە هەتا دێت روون و روونتر دەبێتەوە. گەڕەک کتوپڕ دەبێتە شتێکی تر. لەهەموو ماڵەکانەوە دەنگە دەنگ و ورتەورتی خەڵکی بەرزدەبێتەوە.

بەرەو پەیژە پچووکەکە دەچم. بەڵام سەرناکەوم. چاوەڕوانی دایکم دەمێنمەوە. سەر بەرزدەکەمەوە، باڵندە رەشە گەورەکە لەوێ نەماوە. چۆلەکەکانیش بزواون. دەنگی گۆرانیی دراوسێکەیش لەناو تەپڵ و زوڕنای دەرەوە وندەبێ. گەڕەک ئیستا تەنیا دەبێ بە دەنگی ئەوان.

دایکم لە کاتێکدا خووشکەکەمی بە باوەشەوەیە، دەردەکەوێتەوە. بەپەلە بە سەر پێ پلیکانەکاندا دێتەسەرەوە. بە دەستێکی بەردەوام هەوڵدەدا قژی چاک بکا،... بسکە رەشە بریقەدارەکانی لەژێر دەسماڵەکەیدا جوانتر کۆبکاتەوە و رێک و پێکیان بکات.

دەگاتە من. ئەوسا دەڵێ پێشم کەوە! من پێشی دەکەوم. دەڵێ بە هێواشی و لەسەرەخۆ! منیش بە هێواشی و لەسەرخۆ بە پەیژە ئاشناکەدا سەردەکەوم. پەیژەکە تەنیا پێنج پلیکانەیە. کە دەگەمە سەر بانی، لادەکەمەوە و لە دایکم دەڕوانم. دایکم بە منداڵەکەی باوەشییەوە سەردەکەوێ. ترسێکی سەیر دەروونم دادەگرێ. لادەکەمەوە بۆ ئەو خەڵکەی لەو سەر بانەکە پشت لە ئێمە راوەستان، بەڵام هەموو یەکجار سەرقاڵی کۆڵانەکەن. دەڵێن گۆرانی بێژەکە یەکجار بەناوبانگە.

لەگەڵ دایکم لە قەراخ بانەکە راوەستاوین. بووکێ و لۆتییەکان رێک لە ناوەڕاستی کۆڵانەکەدان،... لە ژێر پێی ئێمە. جەماعەتێکی زۆر بە شوێن بووکێوەن. لەشکری منداڵ وازناهێنێ. هەراهەرایەکی سەیرە. ئاوێنە گەورەکەی بەردەمی بووکێ شۆق دەداتەوە. بووکێی شەرمێون سەربەرزناکاتەوە و تەنیا لەبەر دەمی خۆی دەڕوانێ. تۆزێکی نەرم لە قاچەکان ئاڵاوە.

من کە کراسەکەی دایکم گرتووە و سەیری دیمەنەکەی خوارەوە دەکەم، زیاتر خۆم بە دایکمەوە دەچەسپێنم. لەشکری گۆرانی، سەما و شایی ئارام ئارام لە ژێر ئێمەوە تێدەپەڕێ. دەگەنە چوارڕێیانەکە و لەوێ دەترازێن و ئەوسا وندەبن. تەنیا دەنگ دەمێنێتەوە. ئەو دەنگەی وا ئەویش ئارام ئارام لە یەکێک لە کۆڵانەکاندا بۆ هەمیشە بزردەبێ.

باوەگەروە لە خوارەوە بە تووڕەیی هاواردەکا "ئەوە تەواو نەبووی؟"

دایکم بەپەلە دەگەڕێتەوە. پانتۆڵەکە لە خوارەوە چاوەڕوانیەتی.

نازانم بۆچی ئیستایش کە بیری ئەو رۆژە دەکەمەوە، وێنەکان بەردەوام رەش و سپین.

 Bilderesultat for ‫عکسهای سیاە و سفید‬‎