فەڕۆخ نێعمەتپوور

کەرەبۆز تا دێت زیاتر خۆی دەداتە دەست ئەم لەززەتە. بگرە کەمێک بە جەستەیشی کایەدەکا بۆ ئەوەی گەرماکە بەشێکی زۆرتری ژێر سکی بگرێتەوە. دونیا بەم بەیانییە زووە چەند سپی هەڵگەڕاوە. سپی بوون تا ئەوپەڕی خۆی. ئەو سپییەی وا خاوەنەکەی لەوێ لە شوێنێکیدایە. رێک وەک چۆن ئەمیش لە شوێنێکی تریەتی.

 

ئازاری سارد

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کەرەبۆز زۆر رقی لە ئیشی قاچاخە. کە زستانی لێ دێت، خەم وەک تەم و مژی نزار لە کوێستانی سەری درێژ و چوارگۆشی دەئاڵێ و، چاوەکانیشی وەها خەمگین دەبن کە بەزەحمەت بۆی هەڵدێن. بگرە ئەم خەمە ئیستاکە بە هاوینیش بەرۆکی بەرنادا و بووە بە هاوڕێیەکی گیانی بە گیانی و چوار وەرزی ساڵ.

ئەو، رقی لەم بارە تەلیسە قورسانەیە کە تەنانەت خاوەنەکەیشی ناتوانێ بەرزیان بکاتەوە و بۆیە بۆ بارکردنیان پێویستی بە یارمەتیی پیاوانی ترە. ئەو پیاوانەی هەر هەموویان بۆنی گیا، گەنم، یۆنجە و دەوڵەت دەدەن و کەچی کە زستانیان لێدێ دەستدەکەن بەم کارە نالەبارە. تەلیسەکان ئاخنراوی کوتاڵن. ئەو کوتاڵانەی موویان بە بەیندا ناچێ و وەها لەتەنیشت یەکتر ئاخنراون کە تۆپیش چییە نایانبڕێ. کوتاڵە تۆکمە، پڕکێش و سەنگین ترەکانی لە بەردە سپییەکانی بەردەمی ئاوایی.

کەرەبۆز بە تەمەنی خۆی شتی وای لەبیر نایەت. سواری بوون، گزرەیان پێ کێشاوە، چیلکە و چەوێڵیان لێناوە و بگرە قەدی قورسی درەختیشیان پێ راکێشاوە، بەڵام قەت وەک ئیستا هەستی بە قورسیی بارەکەی سەر پشت و شانەکانی خۆی نەکردووە. دەڵێی گیانی دەکێشن. ئەو کە تەنیا ناوەکەی بیستووە "کوتاڵ"، لای سەیرە و بیر لەوە دەکاتەوە کە داخۆ کوتاڵ دەبێ چی بێت. قەتیش هەڵنەکەوت لەبەرچاویا بارەکان بکەنەوە و بۆ یەک جاریش بێت بیبینێ کە داخۆ ئەوە چییە ئاوەها ئێسک و پروسکی لێ داماڵیوە و پێستی بە لاشانەکانییەوە نەهێشتووە و وەها ژانێکی خستووەتە ناو مۆرەغەی پشتییەوە کە ئاسەوارەکەی لە هیچ شوێنێکی تری ئەم دونیا بەرینەدا نەبینراوە و نابینرێ. کەرەبۆز جاری وایە سەرهەڵدێنێ و بە چاوە خەمینەکانی سەیری کێوەکەی بەرامبەری دەکا و بیر لەوە دەکاتەوە رۆژێک دەبێ سەرئەنجام ئەوەندە بڕوا و ئەوەندە هەڵبێ کە خۆی ون بکا و بگاتە ئەو دیوی کێوەکە و بۆ هەمیشە لەم ئەرکە گران و زاڵمانەیە کە زیاتر لە ئەشکەنجە دەچێ، رزگاری ببێ؛ بەڵام داخۆ قەت بۆ ئەمە دەرفەتی دەستدەکەوێ؟... ئەبەد! مرۆڤەکان هەمیشە لێرەن،... لەم دەرووبەرە. هەمیشە چاویان لەسەرتە. گەر چاویشیان لەسەرت نەبێ، ئەوا پڕمە و زەڕە و کلک هەڵسووڕان و بای سکیش خۆ واز ناهێنن. ئاشکرات دەکەن، جا لە هەر شوێنێک بیت. کەرەبۆز سەردادەخا و بۆ حاڵی زاری خۆی بە ئارامی چەند قەترە فرمێسکێکی کەرانە دەڕێژێ. ئەو فرمێسکانەی وا هەمیشە مێشەکان لەوێن بۆ ئەوەی لێی بخۆنەوە و لەبەر گەرمای تاقەت پڕوکێنی هاویندا بێ بەزەییانە وشک نەبنەوە.

کەرەبۆز ئاگای لێبووە کە بارەکان سەرەتا بە تویوتا دەگەنە مووچەیەکی دووری ئەو دەورووبەرە. ئەوسا خاوەنەکەی، ئەو هەڵدەگرێ و پێکەوە ملی رێگا دەگرن و دەچن دەیهێنن و لە گوند بە دزییەوە لە خانوویەکی پەرتی دەهاون،... تا شەوی خۆی دێت. ئەو شەوەی کە زۆر خێرا دێت و کەرەبۆز دەبێ بە خۆی و کورتانە درێژەکەیەوە لە کاتێکدا خەڵکی ئاوایی بەرەبەرە دامرکاون و پرخەی خەویان دێت، لەوێ لەبەر دەمیا ئامادە بێت. ئەوجا لە دووای ئەوەی بەئەسپایی باری دەکەن، خاوەنەکەی کە بەجوانی خۆی پێچاوەتەوە و پاڵتۆیەکی یەکجار گەورەی لەبەردایە، بەو مێزەر و ملپێچەوە دەڵەی تەگەرە ماشینە لە دەوری ملی ئاڵاوە، نەقیزەکەی تێدەوەشێنێ و ئیتر وەڕێدەکەون.

خاوەنەکەیشی چەندە بەپێچەوانەی رۆژانی کاری مەزرا لەم کاتانەدا مرۆڤێکی دیکەیە. هەر لە خۆوە، بێهۆ و بەهۆ تووڕە دەبێ و زرم لە شوێنێکی ئەم دەوەشێنێ. لەهەمووی ناخۆشتر ئەو کاتانەیە کاتێک دەچن کوتاڵەکە بۆ ناو دێ رادەگوازن، بە شەق، نە یەک جار و نە دوو جار، بگرە بێ ئەژمار لەژێر ورگی هەڵدەدا. لەم کاتانە ژان وەک هەژدیها بە ناو سکی گەورەیدا پێچ و لوول دەخوا و جاری وایە سەرەکەی کە ئاوری لێ دەبارێ دەگاتە دەمی و لەوێوە گڕدەهاوێ. ناو دەمی کەرەبۆز وەها گەرم و تاڵ هەڵدەگەڕێ کە زەڕاندنیش مەحاڵ دەبێ و هەرچی بکەی خۆی بەدەستەوە نادا کە نادا. قوڕ بەسەریشی گەر بیەوێ لە شەوە نووتەک و ساردەکانی بارلێنانیشی بزەڕێنێ! ئیتر دەبێتە کارەسات. لە جیاتی هەژدیهایەک ئەمجارە چەندین هەژدیها لە ناو سکی دا دەستدەکەن بە پێچ و لوول خواردن و هەر هەمووشیان دەیانەوێ بەیەکڕا خۆیان بگەیەننە ناو دەمی!

ئەو شەوەیش کە وەڕێ کەوتن، وەک هەموو شەوەکانی تری قاچاخ بوو. ئەم پێشکەوت و خاوەنەکەی وەک سێبەرێکی مەزن لە پشتییەوە بە نەقیزەکە بە دەستیەوە ملی رێگایان گرتەبەر. هەر لە سەرەتاوە خاوەنەکەی جۆرەیەک بوو. لە جارانی نەدەکرد. کۆکەیەکی وشکی هەبوو و هەناسەیشی زووزوو سوار دەبوو. بۆ ئەوەی لەم هەناسە سوارییە نەجاتی ببێ هەناسەی قووڵی هەڵدەکێشا. وەک هەمیشە لە قەراخ ئاواییەوە تێپەڕین. عەرز بە بەفر داپۆشرابوو. ئاسمانی ساماڵ بە ئەستێرە بێ ئەژمارەکانییەوە چاوشارکێیان دەکرد. لەناو ماڵەکانەوە گڕسۆزەکان بە ئاستەم دەئایسان. جاروبارە دەنگی گریانی منداڵ، باڕەباڕی بزن و مەڕ، یاخود کاوێژی مانگا دەگەییە گوێ. ئەو بە گوێ زلەکانی هەموو ئەم دەنگانەی دەبیست و دەیتوانی لێکیان جیابکاتەوە. چەندەیش لە دەروونەوە حەسوودیی بە هاوڕێکانیدا دەهاتەوە کە ئاوا لە تەویلەکاندا بە دوور لەسەرما و بەستەڵەک لە تەنیشت یەکترەوە، بەدوور لە خەمی سەرما رۆژیان دەکردەوە.

رێگاکە بەجوانی شارەزا بوو. دەیزانی دەبێ بەرەو کوێ بڕوات. بەڵام هەر لە خۆوە جاروبارە لایدەدا و ئەمە ئەو سێبەرە زەلامەی وا بە شوێنیەوە بوو یەکجار قەڵس دەکرد و بۆیە لەناکاو نەقیزەیەکی ناخۆشی بە لاکەلەکەدا دەکرا و ئەمیش سەر لەنوێ دەچووەوە سەر رێگای راستی خۆی. رێگاکە سەرەوخوار بوو. دەبوایە بەرەو چۆمەکەی بەری ئاوایی بڕۆن. ئەو چۆمەی وا لە هەموو شوێنێکی تری ئەم دونیایە بە زستاندا ساردتر بوو. چۆمێک کە بەناو بەستێنێکی قووڵی گەمارۆدراو بە دوو تەنیشتی بەرز کە لێیەوە تەنیا ئاسمان دیار بوو، رێگای دەکرد. ئەوسا وردە بەردەکانیش کە چەندە هەنگاوهەڵهێنانەوە لەناویاندا زەحمەت بوو. هەموو جارێ سەرنگری دەدا و بە زەحمەت بەو بارە قورسەوە خۆی دەگرتەوە. جوێن و بۆڵەی خاوەنەکەیشی کۆتایی نەبوو:

ـ حەک ملت شکێ و هەڵنەستیتەوە کەرەبۆزی قن قوپاو!

چەمەکە رێک بەرەو شار دەچوو و دەگەییەوە یەکێک لە گەڕەکەکانی. چەمەکە لەم کاتەی ساڵدا بێوەی ترین رێگای قاچاخی بەرەو شار بوو. تا دەگەیشتن، چوار سەعاتێکی دەخایاند. چوار کاتژمێری چوار ساڵە. پڕ لە زوقم و هەڵەنگوتن و ترس و مژ. ئەرێ، مژ وەک چارشێوێک دەنیشتە سەر سەرتاسەری رێگاکە. کەرەبۆز دەیزانی هەر لەبەر ئەمە بوو ئەم رێگایان بۆ قاچاخ هەڵبژاردبوو. جاری وابوو چاو تا دوو سێ میتریی بەردەمی خۆی بە جوانی نەدەبینی. ئیتر ئەوە هیچ کە لەگەڵ هەنگاوەکان بەرەبەرە زوقم دەنیشتە سەر جەستەی هەر دووکیان و وەک رۆحی زیندوویان لێدەهات. دوو بوونەوەری سپی سپی لە هەناوی شەوێکی زستاندا. ئیتر لەم کاتانەدا خاوەنەکەی لە سێبەربوون دەردەچوو و دەبوو بە هەیکەلێکی چەرمگ بەو سمێڵە بابڕ و سپی و برۆ بەستەلەکانەوە کە جگە لە تەسلیمکردنی بارەکەی بیری لە هیچ شتێکی تر نەدەکردەوە.

باشە مەگەر کاری مەزرا چ عەیبێکی هەبوو کە ئاوا خوویان دابووە ئەم کارە؟ مەگەر رەوتی ژیان وەها نەبوو زستانان لەدووای کاری تاقەت پڕوکێنی بەهار و زستان و بەشێک لە پاییز بحەسێنەوە و لەبەر هەتاوی کەم تینی زستان لە بن دیوارەکان خۆیان هەڵخەن، تسبێح بهاون و باس لە دخڵ و دانی ساڵی رۆیشتوو بکەنەوە؟ مەگەر بەڵێن نەبوو تەنیا خۆیان بە کوورەی بەتین بسپێرن و گۆرەوی بازی و چای هەڵقوڕاندن بکەنە ناوەڕۆکی شەوانی داهاتوویان؟ کەرەبۆز بیری لەمانە دەکردەوە و لە پاڵ بێزارییەکەیدا رقێکی ئەستووریش سەری هەڵدەدا. ئەو لە مرۆڤ نەدەگەیشت. ئەو بینیبووی خاوەنەکەی کاتێک بارەکەی لە یەکێک لە خانووەکانی قەراغ شاردا تەسلیم دەکرد و بەو شەوە نووتەکە ئەسکەناسەکانی وەردەگرت، چەندە سیمای بەستەڵەک ئاسای گەرم دەبووەوە و بزەکانی سەرتاسەری روخساری وەک شمشێر دڕپێدەدا. ئەم ئەسکەناسانە بەڕاستی چیبوون؟

دەنگی سمی لەسەر بەردەکان تێکەڵ بە خوڕەی ئاوی چەمەکە دەبوو و دوواتر لە ناو لاپاڵە بەرزەکاندا دەنگی دەدایەوە و دەمرد. هاوینیان جاری وابوو لێرە لەم گۆمانە مەڕیان دەشۆرد. هەموو جارێک کە لێرەوە تێدەپەڕین لەبەر خۆیەوە دەیگوت "ئاە، یادی بەخێر!" ئەمەی دەگوت و دەڵێی یەکێک لەم شەوانە دوواشەوی تەمەنی دەبوو. ئەو ئەمەی لە نیگا پڕ لە ترسەکانی خاوەنەکەیەوە خوێندبووەوە. ئەو نیگایانەی لەهەر سەفەرێکدا دیسان بەزەقی خۆیان دەردەخستەوە و وەها لە خاوەنەکەی دەئاڵا کە دەڵێی ئەوە ترس بوو لەو شەوانەدا سپی سپی بە نەقیزەیەکەوە لەناو مژی چەمدا رێگای شاری دەبڕی.

ئەم شەویش وەک هەمیشە هەستی بە سەرمایەکی سەیر بەتایبەت لە ژێر سکی و لە نێوان رانەکانیدا کرد. باشییەکەی ئەوە بوو کاتێک لە شار نزیک دەکەوتنە، خاونەکەی چیتر ئەوەندە نەقیزەی لێ نەدەوەشاند و بەڵکو بە پاڵ پێوەنان راستی دەکردەوە. بگرە جوێنیشی نەدەدا. بێدەنگییەکی سەیر دایدەگرت، بێدەنگییەک کە هەستی دەکرد بە بێ ویست ئەمیشی دەگرتەوە.

ئەژنۆکانی دەلەرزین. جاری وابوو هەستی دەکرد چیتر ناتوانێ خۆی لەسەر پێ راگرێ، بەڵام مەگەر دەکرا! ئەزموونی ئەم سەفەرانە پێی دەگوت کە دەرکەوتنی ماندوویی نیشانەی نزیک کەوتنەوە لە خانووە قێزەونەکە بوو. بۆیە بەو هومێدەوە لە کاتیكدا بەسووکە لایەکی دەکردەوە و لە شەبەحەکەی پشت سەری خۆی دەڕوانی، گوێی بۆ دەنگە ئیستا ئاشناکانی شاریش رادەداشت کە یەکجار لە دەنگی گوند جیاوازتر بوون. لێرە لە شاریش خاوەنەکەی زیاتر لێی نزیک دەکەوتەوە. ئەمەی یەکجار پێ خۆش بوو. جاری وابوو بۆ ئەوەی ئەم خۆشحاڵییەی خۆی پیشان بدات، زیاتری دەنرکاند. نرکاندنێک لە قوڕگدا و وەک نازێکی کەرانە بۆ راکێشانی سەرنجی خاوەنەکەی.

بەڵام ئەمشەو دیسان جۆرێکی تر بوو. رێک لەکاتی بارلێکردنی مرۆڤەکان هەڵسوکەوتیان لەچاو جاران جیاوازتر بوو. زیاتر دووابوون و باسی شتێکی ترسناکیان کردبوو. کە وەڕێیش کەوتبوون خاوەنەکەی جاروبارە رایدەگرت و گوێی رادەداشت. کەرەبۆز ئەمەی پێ خۆش نەبوو، بەڵام بەناچاری ملی دەدا و چاوەڕوانی فرمانی ساحیبەکەی دەمایەوە. راوەستانەکان یەکجار بۆی ناخۆش بوون. رێگا درێژتر دەبوو و بۆیە بارەکە زیاتر بە سەر شانەکانییەوە قورسایی دەکرد. ئەمشەو هەم زوقمی زیاتریان لێ نیشتبوو و هەم ئەژنۆکانیشی زیاتر دەلەرزین. بیری دەکردەوە باشە مەگەر باشترین شێوازی رێگابڕین هەر ئەوە نیە ملی بۆ دابخەیت و گوێ بە هیچ نەیەت و بۆی بڕۆیت؟ مەگەر هەموو کەرێک هەر ئاوا ناگاتە شوێنی مەبەست؟

زەمەن تێدەپەڕی. هەنگاوەکان دەیانبردن. وشکەکۆکەکان بەردەوام بوون. هەناسە قووڵەکانیش. ئەگەرچی مژ هەموو رێگاکەی داپۆشیبوو، بەڵام هەستت بە گۆڕینی حاڵ و هەوای رێگا دەکرد. بە مەزەننەی خۆی ئەوەندەیان نەمابوو بگەنە گەڕەکەکەی قەراخ شار کە خاوەنەکەی پێشی کەوت و رایگرت. ماوەیەکی باش بە بێدەنگی هەر وا مانەوە. لەبەر دەمیاندا دوواپێچی سەر رێگاکە بوو. لەوێ ترازابان تا خانووە نەگبەتەکە ئەوەندەی نەدەما. بەڕێ کەوتنەوە، بەڵام خاوەنەکەی دیسان رایگرتەوە. ئەمجارەیان زیاتر مانەوە. خاوەنەکەی ئیستاکە لەناو ملپێچەکەیدا دەکۆکی. زۆر خراپ. جاروبارە تفێکی خەستیشی رۆدەکرد. کەرەبۆز بێ قەراری دەکرد. هەڵمی هەناسەی خەست خەست لە لووتەکانییەوە هەوایان دەدڕی. خاوەنەکەی بەمە رازی نەبوو، هەوساری کەرەبۆزی گرت و کەمێک لە رێگا لایاندا، پاش ماوەیەکی کورت کۆلکەدارێکی دۆزییەوە و کەرەکەی پێوە بەستەوە و بۆخۆی ملی پێوە ناو و لە ناو تاریکایی بەردەمیاندا ونبوو. کەرەبۆز ورد لێی رووانی، ئەوسا بەتەمای بژیوی لچە ئەستوورەکانی بۆ زەویی بەردەمی برد. ئەمشەو چەندە هەموو شتێک بێسوود دەهاتە بەرچاوی. بە ئەزموونی خۆی دەیزانی کاتێک بە شتێکەوە بەستیانەوە دەبێ لەوێ بمێنێتەوە هەتا خاوەنەکەی دێتەوە. خاوەنەکەیشی هەمیشە دەهاتەوە. ئەوان قەت بزر نابن. ئەو قەت کەرەبۆزی لەبیر نەدەکرد. کەرەبۆز خولێکی بە دەوری خۆیدا دا و رێک رووبەڕووی چەمەکە راوەستا کە ئیستاکە ئەگەرچی بەردەوام دەنگی دەهات، بەڵام دیار نەبوو. کتوپڕ هەستی بە تینوویەتی کرد. بزوا، بەڵام کۆلکە دارەکە رایگرت. تەواوی جەستەی دەلەرزی. کوتاڵەکان دەڵێی چنگیان بۆ زەوی دەبرد و دەیانویست خۆیان بگەیەننە سەری و لەوێ بۆ هەمیشە دابمەزرێن و لەنگەربگرن. چەند بێ بەزەییانە خۆیان دەسەلماند. شەو وەک هەمیشە بوو. نە زیا، نە کەم. لە ناو ئەو مژە قورسەدا هەموو شتێک چەند ئاسان دەیتوانی خۆی لەبیر بباتەوە.

زەمەن گوزەرا. بەڵام خاوەنەکەی پەیدای نەبوو. کەرەبۆز هیچ دەنگێکی وەهای نەبیستبوو گوێکانی پێ قوڵاخ بکا، باشە چی روویدابوو؟ کەرەبۆز گوێکانی جووت کردن و بەرەو پێش قیتی کردنەوە. هەواڵێک نەبوو. ئەوسا بەم لاو لادا وەری چەرخاندن،.... دیسان هیچ هەواڵێکی تایبەت نەبوو. قاچەکانی دوواوەی هەتا دەهات زیاتر کەوانی دەبوون. کلکی سیس بە ناو گەڵیا شۆڕ ببووەوە. جارێکی تر بیری گوند کەوتەوە، بیری هاوڕێکانی لەناو تەویلەکاندا. هاڵاو و بۆنی گەرمی جەستەکان هات بە لووتیدا. خوا لە خۆوە تەویلەی نەخوڵقاندبوو.

دیسان زەمەن گوزەرا. قاچەکانی قەفێکی تریشیان تێکەوت. کوتاڵەکان ئیستا لە دوواوە خەریکبوو دەگەیشتنە زەوی. ئارەقی جەستەیشی سارد ببووەوە و ئەمجارە وەها سپی هەڵگەڕابوو کە لە زەوی جیا نەدەکرایەوە. توێژاڵێکی ئەستووری چەرمگ ببووە بەرگی جەستەی. تەنیا دوو کونی چاوەکانی رەش دەچوونەوە. دیسان چەند سووڕێکی تری بە خۆی دا. گوریسەکە لە قاچەکانی پێشەوەی ئاڵا. گەییە بن و کەمێک لە زوقمەکەی ژێر سکی رووشاند. هەستی بە ئازارێکی سارد کرد. پڕماندی. بەڵام هیچ وەڵامێک نەبوو. شەو کتوپڕ یەکجار تەنیا ببوو.

هاوینان لە مەزرا، نیوەشەوان کاتێک گزرەیان دەکێشا، هەموو جەستەی دەبوو بە تۆز: تۆزی خٶڵ و تۆزی گیای گێرە. مرۆڤەکانیش کە خەواڵوو هەموو شەو تا بەیانی لە مووچەوە تا گوند و لەوێوە تا مووچە بە شوێنیانەوە لە هات و چوودابوون، جاری وابوو وەها وەنەوز دەیبردنەوە کە لووتیان بە پاشەڵی ئەودا دەتەقییەوە. بیری شەوانی هاوینی کردەوە. ئەو شەوانەی مێشەکان زەفەریان پێنەدەبرد و بۆیە ئەو ناچار نەبوو ئەوەندە کلک و گوێ هەڵسووڕێنێ. مرۆڤەکانیش ئەوەندە ماندوو و ئەوەندە خەواڵوو بوون تاقەتی نەقیزە وەشاندنیان نەدەما. شەوانی هاوین، شەوی ئەوان بوو،.... شەوی کەرەکان.

قاچەکانی کووڕ کووڕ دەبن. دەچەمێنەوە. چۆک دادەدا و لەسەر عەرزە سارد و بەستەڵەکەکە پاڵ دەکەوێ. بیردەکاتەوە شەوانی زستان ناخۆشترین کاتەکانی ژیانن. لەمە خراپتر نابێ. بەتایبەت کە بە بارێک کوتاڵەوە بە ناو چۆمی پڕ مژ و زوقماویدا بەرەو شار بڕۆیت، شارێک کە هەمیشە لێوالێوی دەنگە سەیر و سەمەرەکانە. ئەو دەنگانەی جگە لە دڵەڕاوکێ هیچی تر لە خۆیان ناهێنن.

چاو هەڵدێنێ و لە دەورووبەری خۆی دەڕوانێتەوە. رووانینێکی بێسوود. خاوەنەکەی دیار نیە، باشە ئەوە بۆ کوێ چوو؟... خۆ بەڵێنمان ئەمە نەبوو! داخۆ چی دەبێ گەر وەک جاری جاران، وەک هەمیشە بگەڕێتەوە؟ هەست بە سەرمایەکی سەیردەکا. هەوڵدەدا هەستێتەوە. تەکانێکی قورس لەخۆی دەدا، بەڵام قاچەکانی لە هیچ گیرنابن. بارە کوتاڵەکەیش ئەوەندە قورسە و جەستەیش ئەوەندە ماندووە کە تەنیا بە دەوری خۆیدا سووڕدەخواتەوە. ملی بەلادا دەخا. بەڵێن دەدا گەر خاوەنەکەی هاتەوە کارێک بکا ئەمجارە بە بێ نەقیزە هەموو رێگای شاری بپێوێ،... بەس ئەوەندەی تەنیا بتوانێ هەستێتەوە سەر قاچەکانی. بەڵێن دەدا بۆ یەک چرکەیش بێت چیتر بیر لە هاڵاوی گەرمی ناو تەویلەکان نەکاتەوە،... بەس ئەو، بەس خاوەنەکەی ئەمشەو بێتەوە.

دیسان سەردەخاتەوە سەر زەوی.

دونیا خەریکە رووناک هەڵدێ. مژەکە تا دێت خەست و خەستر دەبێتەوە. سەرما وەک مشار جەستە دەبڕێ. لەشی سڕسڕە. جاری وایە هەست دەکا دەڵێی هیچ بارە کوتاڵێک بە پشتییەوە نیە. سووک سووکە. نەکا خاوەنەکەی کاتێک ئەم ئاگای لێ نەبووە هاتبێ و بە کەرێکی تر بارەکەی بۆ شار بردبێ! رقی لە خۆی دەبێتەوە. نانا،... شتی وانابێ. تەنیا ئەمە لەو ئاواییە دەتوانێ ئەم رێگایە ببڕێ و بە سەلامەتی کوتاڵ بگەینێتە شاری، شاری قێزەون! ئەو تاکە قارەمانی ئەم ناوچەیە. ناوبانگی داخستووە. ئەو لەمێژە ئەم توانایەی خۆی سەلماندووە. تەکانێک لەخۆی دەدا بۆ ئەوەی هەستێتەوە سەر قاچەکانی، بەڵام دەڵێی شتێک لە زەوییەوە بە مەحکەمی رایگرتووە و بە زۆر ناهێڵێ ئەم رابێتە سەر پێ. تەکانێکی تر لە خۆی دەدا. ئەمجارەیان یەکجار بە تین تر و قورستر. دەڵێی شتێک دەدڕێ و لێ دەبێتەوە. لە جەستەی. دەی چاوی دەرێ، با بدڕێ و لێ بێتەوە، بەم چی! ئەوسا گوڕمێکی زۆر بە هیزی تر لە خۆی دەدا. ئەمجارەیان دەتوانێ،... دەکەوێتە سەر قاچەکانی،... قاچە لەرزۆکەکانی. بەڵام،... بەڵام بارەکە وەها خوار بووە کە بەلادا دێتەوە. نەفرەت لە کوتاڵ! لەم کاتانەدا ئەو دەهات و بارەکەی دەکردەوەو یارمەتی دەدا هەستێتە سەر پێ و ئەوسا بەجوانی دیسان بارەکەی لێ دەنایەوە. ئاە ئەو! جارێکی تر چاوە خەمگینەکانی بە چواردەوریدا دەگێڕێتەوە. هەستدەکا لە شارەوە دەنگە سەیروسەمەرەکان زیاتر بوونە و زیاتر دێنە گوێ، هەر لەو ساتەیشدا هەست بە گەرمایەک لەژێر سکی، لە ژێر جەستەیدا دەکا. شتێکی گەرم، گەرمی رەوان. گەرمی خۆش. شتەکە تا دێت بەشێکی زیاتری ژێر جەستەی دەگرێتەوە. چ لەززەتێکی هەیە!

کەرەبۆز تا دێت زیاتر خۆی دەداتە دەست ئەم لەززەتە. بگرە کەمێک بە جەستەیشی کایەدەکا بۆ ئەوەی گەرماکە بەشێکی زۆرتری ژێر سکی بگرێتەوە. دونیا بەم بەیانییە زووە چەند سپی هەڵگەڕاوە. سپی بوون تا ئەوپەڕی خۆی. ئەو سپییەی وا خاوەنەکەی لەوێ لە شوێنێکیدایە. رێک وەک چۆن ئەمیش لە شوێنێکی تریەتی.

با وابێ!... هەمیشە وەها بووە. هەر کەس لەم دونیایە، چ کەرەبۆز بیت و چ نەبیت، رۆژێک دەبێ سەر بخەیتە سەر زەوی. جا چ لە شەوێکی زستانیی زوقمی قەراخ چۆمێک بێت، یان لە هاوینێکی پڕ مێش و مێشوولەی مەزرا، کاتێک جاروبارە بیر لەو دیوی کێوەکە دەکەیتەوە.

کەرەبۆز لە بوومەلێڵی خەیاڵ و بیرەبیرەکانیدا هەستدەکا گوێی لە کۆکەیەکی وشکی بەئاستەمە. لەوێ لەو دەورووبەرە، رەنگە کەمێک واوەتر. گوێکانی بەرەو شوێنی دەنگەکە قوڵاغ دەکا. بەڵام بێسوودە، نە دەنگی کۆکەیەکی تر دێت و نە دەنگی هەناسەیەکی قووڵ بۆ راستکردنەوەی هەناسەسواری.

هەموو شتێک ئیستاکە تەنیا زوقمێکی سپییە،... سپی سپی.

کەرەبۆز بیردەکاتەوە گەر شاعیر بایە، شیعرێکی لە ژێر ئەم سەردێڕە دەنووسی،... ئا، بێگومان دەینووسی.

  Relatert bilde