ما 4877 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئاڵوگۆڕی نێوان رۆمان و فیلم، تێکست و وێنە لە تکنۆلۆژیایەکدا کە زۆر خێرا دەگۆڕدرێ، بەشێک لەو دیاردەیەیە وا ئەمڕۆکە پێی دەگوترێ لێک نزیکبوونەوەی مێدیا. ئەم دەستەواژەیە ئاماژە بەو کلتورە دیجیتاڵییە دەکا ئەمڕۆکە ئێمەی تیا دەژین، ئەو کلتورەی تێیدا ناوەڕۆک لە سیستمێکدا دەخولێتەوە و دەگەڕێ کە سنووری هەموو ژانرەکان، پرۆگرامە ناوەندییەکان و سنوورە نەتەوەییەکان تێدەپەڕێنێ.

 

زنجیرە تەلەفزیۆنیی The Wire (٨ـ٢٠٠٢) وەک نموونەیەکی سەرهەڵدانەوەی رۆمانی سەدەی نۆزدە کە لە قەوارەی زنجیرەی تەلەفزیۆنی نوێ کراوەتەوە باسی لێکراوە و؛ 'داڤید سیمۆن'ی دەرهێنەری ئاماژە بە پێوەندی ئەم بەرهەمە لەگەڵ دیکێنز دەکا، بەڵام هاوکات خۆ دەبوێرێ لە حەزی فراوانی دیکێنز بۆ دیاردە هەستیارییەکان. ئەم بەرهەمە "داستانێکی" مەزنە کە باس لە ژینگەیەکی قورسی باڵتیمور لە ئامریکا دەکا و ئێمە لە رێگای گەلێک حەڵقەوە لەگەڵ کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان ئاشنا دەبین کە پێکەوە دیمەنێکی تەواو لە کۆمەڵگایەک نیشاندەدەن. بەم شێوەیە ئەم زنجیرە تەلەفزیۆنییە وەک رۆمانێکی کۆ دەردەکەوێ. ئەم بەرهەمە بەناو دەروونی مرۆڤەکاندا گوزەردەکا، بەڵام لە پێش هەر شتێکدا ئەنالیزیەکە لە شوێنی مرۆڤ و دەرفەتەکانی لەناو پێکهاتە تایبەتە کۆمەڵایەتییەکاندا کە مرۆڤ کاریگەرییەکی کەم یاخود هیچ چەشنە کاریگەرییەکی لەسەریان نیە. 'پارڤێنی'ی رۆمانی سەدەی نۆزدە، ئەو پیاوە گەنجەی دونیا ئەزمووندەکا، ئەمڕۆکە دەبێتە کەسێکی یاساشکێن. کۆمەڵگا بەشێوەی وێرانگەر، ئاڵۆز و لێڵ پیشاندەدرێ؛ بە بەیانێکی سادەتر لە وەها کۆمەڵگایەکدا بۆ کەسانی خوارەوەی کۆمەڵ دەرفەتی یەکجار کەم هەیە بۆ باشکردنی دۆخی ژیانی خۆیان. گەلێک زنجیرەی تەلەفزیۆنی پێکەوە، لەگەڵیا ئەم زنجیرەیەیش، وێنەیەکی یەکجار ناخۆش لە کۆمەڵگا پیشاندەدەن. ژیان جەهەننەمییە و مەرجیش نیە تاوانی تاک بێت.

زنجیرەکانی وەک Sopranos (٢٠٠٧ ـ ١٩٩٩)، 'پیاوە شێتەکان' (ـ ٢٠٠٧) و The Wire لە روانگەی کلتورییەوە پێکەوە بەستراونەتەوە و وەک سەرچاوەیەک بۆ گەلێک مرۆڤ لە هەموو وڵات و زمانەکاندا عەمەل دەکەن. بەڵام بەهەرحاڵ دەبێ ئاگامان لە خۆمان بێت و لە نێوان رۆمان و زنجیرەدا بەراورد نەکەین. رۆمانی سەدەی نۆزدە وەک فۆڕم و وەک ژانر توانای بەردەوامبوونی خۆی نیشانداوە، بەڵام ئەوەیکە چی بەسەر زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانی رۆژدا دێ، هێشتا زووە قسەی لەسەر بکەین. لە باری ناوەڕۆکەوە ئاساییە جیاوازیی گەورەیان هەبێ، بەتایبەت گەر بیر لەو حەزەی بکەینەوە وا بۆ گەشەدان و دروستکردنیان هەیە کە لە لای نووسەرەکانی ئەم سەردەمە بە هەمان ئەندازەی نووسەرێکی وەک دیکێنز بەهێزە. گەر بمانەوێ ئاماژە بە زنجیرەیەکی مودێڕن بکەین کە لایەنی پەروەردەیی خۆی لە پێوەندیی لەگەڵ پێکهاتەی درامایی رۆمانی سەدەی نۆزدە راگرتبێ و کڤاڵیتەکەی لە ئاستی زنجیرەیەکی باشدا بێت، دەبێ مرۆڤ لە جیاتی 'زنجیرەکانی ‌ه. ب. و'ی ئامریکایی رووبکاتە شوێنەکانی تر، یاخود رووبکاتە زنجیرە نوێترەکانی 'نێت فلیکس'. من بۆ نموونە بیر لە کۆگێڕانەوەیەکی سینەمایی وەک زنجیرەیەکەی ئاڵمانی بەناوی 'هەیمات' (٢٠٠٤ ـ ١٩٨٤) دەکەمەوە. لێرەدا پێکهاتەی درامایی بەسەرهاتێکی یاساشکێنانە نیە کە پیشاندەدرێ، بەڵکو رووداوێکی کلاسیکیە بە ئاماژەیەکی ئیرونیی نەچەندان بەهێز بۆ گێڕانەوەیەکی سادە و سەرکەوتوو سەبارەت بە مرۆڤەکان و بەسەرهاتەکانیان لە شوێنێکی بچووک کە لە دەیەی ١٩٥٠ لەژێر ناوی 'فیلمی هەیمات' پەرەی سەند. ئەم زنجیرەیە بەسەرهاتێکی گوندی نیە بەڵکو بەسەرهاتی کێشمەکێشەکانی نێوان شار و گوندە و باس لە تاکەکان و شوێنیان  لە مێژوودا دەکا، دیارە هاوکات لەگەڵ رووداوە گرینگە سیاسییەکانیش.

پێکهاتەی درامایی ئەم زنجیرەیە ئێمە بیری رۆمان دەخاتەوە: هەیمات بە گەنجێکی پیاو دەستپێدەکا کە لە دووای شەڕی یەکەم جیهان دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی لە 'رینداڵن' و ئەمە درێژەی دەبێ تا ساڵی ٢٠٠٠. لەم زنجیرەیەدا ئاگامان لە بنەماڵەیەک دەبێ بە وەچەکانییەوە بە درێژایی سێ نەوە. فیلمەکە ئەو دەرفەتە دەدا بە بینەر تا ئەو گۆڕانە بنەڕەتیانە ببینێ وا بە درێژایی ئەو ساڵانە کۆمەڵگای ئاڵمانی دەگرێتەوە.

ئەم پاژە دەبێ بە گوێرەی سەردێڕەکەی باسی واقعیەتی رۆمان و واقع لە رۆماندا بکا. بەڵام ئەمە سەبارەت بە زنجیرەی تەلەفزیۆنی چی؟ لێرەدا مەبەست باسکردن لە ئایدیاکانی ریالیستیی رۆمان بوو، حەزی چنگ خستن لە واقع و لە ژیانی رۆژانە. دیتنی واقع لە رێگای گێڕانەوەوە و لە رێگایەوە گرێدانی بەسەرهاتی تاک و بەسەرهاتی کۆمەڵگا، ئەمە خاڵی هاوبەشی ئەم دوو مێدیایەیە. یاخود بەشێوەیەکی راستتر دەتوانین بڵێین لێرەدا فیلم لە گێڕانەوەی خەیاڵی فێردەبێ هەر وەک چۆن لە ئانترۆپۆلۆژیای خودی ژیانەوە فێردەبێ. بۆ تێگەیشتن لە خۆمان و ئەو شوێنەی لە جیهاندا هەمانە، ئێمە چیرۆک دەگێڕینەوە. ئەوەی رۆمان، فیلم و شێوازە کلتورییەکانی تر دەیکەن رێک و پێک کردنی ئەم ئەزموون و کارتێکەرییانەیە لەم شێوازی جۆراوجۆردا، کارکردنە لەسەر بابەتگەلێکی زۆر بۆ گۆڕان و دەربڕینیان لە فۆڕمی بچووکتردا. ژیان خاوەن فۆڕم نیە، بەڵام داستان هەیەتی. هەم رۆماننووسان و هەم بەرهەمهێنەرانی زنجیرەکان لەمە گەیشتوون و هەتا "داستان" زیاتر رووی لە بازاڕ بێت گەر لە پلۆت و لە هێزی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکدا لاوازبێت ئەوا زیاتر لادەکەوێ. ئەمە نیشانەی کلتوری پۆپۆلیستییە: سەرگەرمکردن و راگرتنی خوێنەر یاخود بینەر لەجیاتی ئەوەی خوێنەر یان بینەر بۆ تێگەیشتن لە دەق و لە بەرهەم خۆی ماندووبکات. بەم شێوەیە سەنعەتی سەرگەرمکردن  خۆی جیادەکاتەوە لە رۆمان و لەو زنجیرە تەلەفزیۆنانەی وا خاوەن کڤالیتین.

بەڵام ئەی ئەو رۆمانانەی وا دەکرێن بە فیلم یاخود زنجیرەی تەلەفزیۆنی چی؟ دەبێ بڵێین لێرەدا پێوەندی نێوان ئەدەب و رەنگ (واتە ئەوانەی پیشاندەدرێن) زۆر راستەوخۆترە، لەبەر ئەوەی هەردووکیان لەسەر دەقێکی ئەدەبی دیاریکراو بەرهەمهێنراون. دیارە هەر هەڵگرتنەوەیەک لە دەقی ئەدەبی پێویستی بە گۆڕان و جۆراوجۆرییە و، بۆیە هەندێ لە رەخنەگرەکان دەڵێن بۆ ئەوەی لەم بوارەدا کەسی بەرهەمهێنەر سەرکەوتووبێت دەبێ دەقی سەرەکی تێک و مەکان بدا و وەک خۆی نەیهێڵێتەوە.٧٦

ئەگەر باس لەسەر مێدیای تەلەفزیۆنی بێت ئەوا هەڵگرتنەوەی رۆمانە کلاسیکییە ئینگلیزییەکانی سەدەی نۆزدە بیزنسێکی گەورەن و لە کاتی بەفیلم کردنیان گۆڕانی کەمیان بەسەردا دێت. گەر بۆ نموونە باس لەسەر رۆمانەکانی 'جەین ئاوستێن' بێت ئەوا بەسەرهاتە پێکەوە پەیوەندیدارەکانی ئەم دەقە زۆر زیاتر لە زنجیرەی The Wire پارێزراون؛ سەحنە درێژەکان، ئەو وێنە گەورانەی کامێرا لەسەر دیمەن و مرۆڤەکان هەڵیاندەگرێتەوە و هەروەها هارمۆنی و جوانیی وێنەکان تەنانەت ئەگەر کارەسات و نائارامی لە بنەوەیشیان خۆیشی حەشاردابێ لێرەدا بەجوانی خۆیان نیشاندەدەن. میراتی ئینگلیزی لێرەدا بەجوانترین شێوە خۆی نیشاندەدا، بەڵام بە چاوی کامێرا کاتێک بەشێوەیەکی مەزن و خەڵەتێنەرانە مرۆڤەکان و هەستەکان هەڵدەبژێرێ و لەسەریان رادەوەستێ، هەڵبەت بە بێ ئەو گێڕانەوەیە کە لە خودی رۆمانەکاندا بەشێوەی خۆڕەخنەگرانە و ئیرونی دەستدەکەوێ. هەڵگرتنەوەی هونەری رۆمانی کلاسیکی ئینگلیزی بۆ بە فیلم کردنیان لە لایەکی ترەوە درامایەکی جل و بەرگی (درامای جل و بەرگی ئەو درامایەیە وا ئەکتەرەکان بە جل و بەرگی سەردەمی دراماکەوە دەردەکەون ـ وەرگێڕی کوردی) لە رۆمانێکی ئاڵۆز پیشکەش ناکا، بەڵکو بەشێوازی سەردەم پێشکەشی دەکا؛ بۆ وێنە ڤێرژنی ساڵی ٢٠٠٥ی رۆمانی  Bleak Houseی (١٨٥٣) دیکنێز دەتوانێ لە بوارەدا نموونەیەک بێت. لێرەدا زنجیرە تەلەفزیۆنییەکە سەرکەوتن بەدەست دێنێ چونکە رۆمانێکی مەزن و ئاڵۆز بە بێ ئەوەی سادەی بکاتەوە نومایشی دەداتەوە وەها کە دەکارێ لایەنی رەخنەی کۆمەڵایەتیی رۆمانەکە بپارێزێ و لە مێدیایەکی نوێدا بەڕوونی پیشانی بداتەوە.

ئاڵوگۆڕی نێوان رۆمان و فیلم، تێکست و وێنە لە تکنۆلۆژیایەکدا کە زۆر خێرا دەگۆڕدرێ، بەشێک لەو دیاردەیەیە وا ئەمڕۆکە پێی دەگوترێ لێک نزیکبوونەوەی مێدیا. ئەم دەستەواژەیە ئاماژە بەو کلتورە دیجیتاڵییە دەکا ئەمڕۆکە ئێمەی تیا دەژین، ئەو کلتورەی تێیدا ناوەڕۆک لە سیستمێکدا دەخولێتەوە و دەگەڕێ کە سنووری هەموو ژانرەکان، پرۆگرامە ناوەندییەکان و سنوورە نەتەوەییەکان تێدەپەڕێنێ.٧٧

درێژەی هەیە...

Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت