ما 6220 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە سویدییەوە: شاهۆ حەسەنپوور

وتارەکان وەبیرهێنەرەوەی بەسەرهاتەکانی رۆژانی رابردوو بوون، باسی شانازیی ئەبەدیی لاوەکان و باسی قارەمانیەتی و ویستی قوربانیدان. ئاڵاکان لە ژێر تیشکی خۆردا دەشەکانەوە و دەنگەکان زوڵاڵ بوون کاتێ سروودە ئاگرینەکان دەگوترانەوە، چاوی منداڵانە چاوەرێی دەرکەوتنی قارەمانی نوێ بوون.               

 

لەشکر کێشیی منداڵەکان

پێر لاگرکڤیست (Pär Lagerkvist) ١٥ مای ١٩٤٥

و. شاهۆ حەسەنپوور

تەنانەت لەو سەردەمەشدا منداڵان ڕاهێنانی سەربازیان پێدەکرا. ئەو منداڵانە لە هێزەکاندا رێکدەخران و لە مۆڵگە سەربازییەکان بە تەواوی مەشقیان دەکرد، بگرە ئەوان کەمپی سەربازی خۆشیان هەبوو کە هەموو ساڵێک بە جۆرێک ڕاهێنانیان دەکرد وەک بڵێی لە شەری راستەقینەدا بن. گەورەکان هیچ پێوەندییەکی راستەوخۆیان بە سەر ئەم ڕاهێنانانەوە نەبوو و لە راستیدا منداڵەکان بۆخۆیان ڕاهێنانیان دەکرد و بەرێوەبەری لە ژێر سەرپەرەستی خۆیاندابوو. توانایی گەورەکان تەنیا بۆ رێکخستن و پێگەیاندنی فەرماندەرانی هێزەکان کەڵکی لێ وەردەگیرا و لەم پێوەندییەدا کوڕەکان بە لێزانییەکی تەواوەوە هەڵدەبژێردران کە گونجاوی ئەم پۆستە بوون و هەر ئەم کوڕانەش پێگەیەنەری ڕاهێنانە سەربازییەکانی کوڕەکانی دیکە دەبوون.

ئەم فێرگە سەربازییانە لە هەموو وڵاتدا باوبوون و بەدەگمەن کوڕت دەستدەکەوت خەونی پێوەندی گرتنی بەم فێرگانەوە نەبێت. بەڵام تاقیکاریی و شەرتەکانی هاتنە ژوور لەم فێرگانەدا زۆر زەحمەت بوون. شەرتەکان تەنیا ئامادەیی جەستەیی نەدەگرتەوە، بەڵکوو کامڵبوونی کەسەکەش لە ئاستێکی باڵا ڕەچاودەکرا. تەمەنی وەرگیران لە نێوان شەش بۆ حەوت ساڵ بوو و منداڵە تازەکارەکان باشترین خوێندنیان بۆ تەرخاندەکرا. ئەم خوێندنانە تەنیا ڕاهێنانە سەربازییەکانی نەدەگرتەوە، بەڵکوو منداڵەکان لە بواری دیکەشەوە پەروەردە دەکران؛ تەنانەت کار لە سەر پێگەیاندنی کەسایەتی کەسەکەش دەکرا. چوونە ئەم فێرگانە بەهایەکی کەموێنەی بۆ دوارۆژی بەشداربووانیش هەبوو. راستیتان دەوێت لە سەرم ئەم بناغە پتەوە بوو کەسیەتی ئەم منداڵانە، رێکخستنەکانیان و تواناییەکانیان هەڵدەچنرا.

 هەروەک ئاماژەکرا گەورەکان خۆیان لە کاری ئەم منداڵانە وەرنەدەدا، بەڵکوو منداڵەکان بۆخۆیان ئاغا و کوێخای خۆیان بوون. تەنانەت گەورەکان بۆیان نەبوو خۆ لە کارەکانی بەرێوەبەری، پلاندانان و دارشتنی ڕیکخستنەکان وەردەن و هەموو شتێ لە ژێر بەرێوەبەری منداڵەکان خۆیان بوو. ئەم منداڵە وردانە سەرپەرستی هەموو کار و ئەرکەکانی خۆیان دەکرد و بریاردەری بریارە گرینگەکان لە لایەن ستافی ژێنراڵە منداڵەکاندا بوو. تەمەنی ئەم منداڵانە نەدەبوو لە چورادە ساڵی تێپەڕ بێت و ئەوانەی تەمەنی چواردەیان تێپەڕدەکرد راستەوخۆ دەچوونە قۆناخی یەکەمی هێزە سەربازییە رەسمییەکانی وەڵاتەوە بە بێ ئەوەی پێویستیان بە راهێنان و خوێندنی زیاتر بێت.

هێزە زۆرە سەربازییەکەی ئەم منداڵانە کە خۆشەویستی گشت نیشتیمانی بۆخۆی راکێشابوو و رێزیان لێدەگرت، سێ هێزی گەورە بوو کە هەر هێزێکی لە چوار بەش پێک هاتبوون کە ئەمانە بوون: پیادە، تۆپخانەی سووک، گرووپی پێراگەیشتن و دەستەی پێراگەیشتن بە بریندارەکان. هەموو ئەو کوڕانەی لە بواری جەستەییەوە ئامادەییان بوو لەم بەشانە بوون و ژمارەیەکی زۆریش لە کچان وەک پەرەستار بە سەر ئەم بەشانەدا دابەشببوون و خۆبەخشانە ئەرکەکانیان بەرێوە دەبرد.

وا رێکەوت نەتەوەیەکی فرە بچووکتر و لاوازتری هاوسنوور بە شێوەیەکی نەگونجاو بەرامبەر نەتەوەی هاوسێ کە فرە بەهێزتر بوو، وەخۆکەوتبوو. ئەم پێ لە بەڕەڕاکێشانە ئەوەندە زەق و بێشەرمانە بوو کە پێشتر شتی وا رووی نەدابوو. ڕق و تووڕەیی لە رادەبەدەر و خەڵکی وەدەنگ هاتوو و ئەو دۆخەی کە درووست ببوو، ئەوەی دەخواست بە تووندی بەرامبەر بەم دەستدرێژییە رابوەستنەوە و تەنانەت لە سەر ئەمە وەڵاتەکەشیان داگیر بکەن. لەم هەلومەرجەدا پێشڕەوانی هێزی سەربازی منداڵەکان لە کۆبوونەوەیەکدا رایەنگەیاند ئەو ئەرکە بەوان بسپێردرێت کە بەرنگاری هێزی داگیرکەر بوەستنەوە بۆ ئەوەی تێکیان بشکێنن. ئەم پەیامە کۆڵانەکانی گشت نیشتیمانی تەنیەوە و سەرنج و خۆشەویستی هەمووانی راکێشا. دوای تاوتوێی ورد و جیدی لە لایەن بەڕیوەبەرانی باڵای وەڵاتەکە بە کەمێک دوو دڵییەوە ئەم ئەرکە بە لەشکری منداڵەکان سپێردرا. ئەمە ئەرکێک بوو وێدەچوو گونجاو بێ بۆ ئەم هێزی سەربازییە و هەروەها گرینگیش بوو حەز و ویستی خەڵکەکەش لەم پێوەندییەدا بەهێند وەربگیرێت.

وەزیری دەرەوە ئۆلتیماتۆمی بۆ وڵاتی هێرشبەر نارد کە ئەمە قبووڵ ناکەن و لە چاوەروانی وەڵامدا لەشکری منداڵان لە ماوەی بیست و چوار سەعات دا ئامادەی جوڵان بوون. وەڵامی وەڵاتی داگیرکەر جێی رەزامەندی نەبوو، هەر بۆیە شەڕ راگەیەندرا.

جوڵان بەرەو سنوورەکان بەوپەڕی حەزەوە دەستی پێکرد. سەری لوولەی تفەنگی منداڵە بچووکەکان چڵێکی سەوزی لێدرابوو کە گووڵێک بە سەرەکەیەوە بوو. زۆربەی جار وا هەڵدەکەوێ شەڕەکان بکەونە بەهارانەوە و ئەم جارەشیان ڕای گشتی پێی وابوو لەوەدا شتێکی ڕەمزی روویدابوو. لە پایتەختی وڵات فەرماندەی باڵا، ژێنێراڵی بچکۆڵە لە نێو ئاپۆرای خەڵکدا بە قسە بریقەدارەکانی ئەم ساتەی بە ساتێکی هەستیار مەزەندە کردبوو و پێی داگرتبوو ئەوان هێزێکی لە بڕان نەهاتوویی چەلەنگن و ئامادەن گیانی خۆیان لە پێناوی وەڵاتی دایکدا بکەنە قووربانی.

ئەم قسە تۆخ و ئاگرینانە بووە هۆی ورووژاندنی هەستی خەڵکەکە. ئەم کوڕیژگەیە کە تەمەنی دوازدەساڵ و نیو زیاتر نەبوو، لە نێو چپڵەو پێداهەڵگوتنی خەڵک هەر لەم ساتەوە وەک قارەمان سەیر کرا. لەم کاتەدا چاوت بەدی نەدەکرد فرمێسکی تێدا قەتیس نەبێت، بە تایبەتی رووخساری دایکان کە لە بەر شانازیان دەدرەوشانەوە. ئەو رۆژە گەورەترین رۆژی ئەوان بوو. هێزەکان کە بە ڕیز و و لە ژێر ئاڵاکان دەرۆیشتن دەنگی هەنگاوەکانیان تێکەڵی مارشی سەربازی گەیشتبووە لووتکە. ئەم دیمەنە دیمەنێکی لەبیرنەکراوبوو. لەم ماوەیەدا زۆر شتی دیکەش بینرا، هەستی خۆشەویستی نیشتیمان لە منداڵێکی چوارساڵە کە بە سەر شانی دایکییەوە بوو بۆ ئەوەی حەژمەتی هاواری منیش دەچم، منیش دەچم! بە هەموان بگەیەنێت و دایک بە دەم هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی کە دەیەویست منداڵەکەی تێبگەیەنێ ئەم تەمەنی زۆر کەمە و منداڵەکەش کە دەستی کردۆتە مست بە قەو مستێک لە سەروچاوی دایکی دەدا و لووتی پڕ دەکات لە خوێن و هاوار دەکات من منداڵ نیم! رۆژنامەکانی ئێواران پڕ بوو لەم جۆرە چیرۆک و دیمەنانە، و ئەمەش هەر لە ئێستاوە سەلمێنەری سەرکەوتنی ئەم هێزە بوون. رێپێوانە سەربازییە گەورەکە و قسەکانی ژێنراڵ کە لە سەر گرامافۆنەکان داندرابوون چەند رۆژێک لە سەر یەک لە کاتژمێر حەوت و چارەگی ئێوارە بڵاو دەکرایەوە.

شەڕ دەستی پێکردبوو و هەواڵە یەک لە دوای یەکەکانی سەرکەوتنەکان لە بەرەکانی شەڕەوە بە خەڵک دەگەیشت. منداڵەکان هێرشەکانیان دەستپێکردبوو و لەبەرەیەکی پێشەوەی دووژمنیان بە شێوەیەکی بەرچاو شکاندبوو. لە ئاکامی شەڕدا حەوسەد کەس بریندار و کوژراوو هەبوون و زیاتر لە دوازدە هەزار بەدیل گیرابوون، لە کاتێکدا خەساری گیانی خۆیان نزیکەی سەد کەسێک بوو. ئەم سەرکەوتنە لە وەڵات دا جێژنێکی گەورەی بۆ گیرا و نزاو سپاسەکان لە کلیسەکان بەوپەری پێزانینەوە بەرێوە دەچوون. رۆژنامەکانیش نێوئاخن بوون لە گێرانەوەی قارەمانیەتی و پڕ بوون لە وێنەی فەرماندەکان و منداڵە بەنێوبانەگەکان کە لە لاپەری رۆژنامەکان چاپ دەکران. دایکان و دایەگەروەکان لە خۆشیان یەک دنیا شیرینی و شتی خۆشیان بۆ بەرەکانی شەڕ دەنارد و هەتا وای لێهات بۆ ماوەیەک ناردنی شتومەکی لەو جۆرە بۆ بەرەکانی شەڕ قەدەغەکرا. هۆکاری قەدەغەکرانی ناردنی شیرینی بۆ ئەوە دەگەرێندرایەوە کە منداڵەکان هۆشی شەڕیان نەبوو و زۆر جار خەتەری ئەوە هەبوو دوژمن ئابڵووقەیان بدات.

هێزی سەربازی منداڵەکان بە تەواوی چووبووە خاکی دوژمنەوە و هێشتایش مەیلی مانەوەیان لە خاکی واندا هەبوو.  ئەو هێزەی پێشڕەویکردبوو برێک پاشەکشەیان پێکرابوو بۆ ئەوەی پێوەندییان لە گەڵ هێزەکانی جەمسەرەکان بە جێگیری بمێنێتەوە، و ئەمە تەنیا ببووە هۆی باشتربوونی هەڵکەوتی خۆیان. پاش ئەمە مەیدانی شەڕ بۆ ماوەیەکی درێژ بە جێگری مایەوە.

لە ماوەی مانگی ژووەن هێزەکان خۆیان کۆکردەوە بۆ ئەوەی هێرشێکی دیکە لە خەتی پێشەوە بکەن. هێزی سەربازی منداڵەکان لە چاو هێزی بەرامبەر لە بەرەکانی پێشەوە لەبران نەهاتوو دەینواند. شەڕەکە کە چەند حەفتەیەکی خایاند و شەڕ بە سەرکەوتنێکی بەرچاو لە هەموو شەڕگەکانەوە کۆتایی پێهات، ئەوە سەرەڕای ئەوی ئەم جارە ژمارەی قووربانیان فرەتر بوو. هێزی منداڵەکان لە هەموو خەتەکانی پێشەوە دوژمنی شکاندبوو، سەرەرای ئەوەش نەیانتوانیبوو پاشەکشە بە هێزی بەرامبەر بکەن، هەر بۆیە سەرکەوتن ئەو نرخەی نەمابوو. لایەنی دوژمن بە لۆقاوە درێژەکانیانەوە توانای ڕاکردنیان باشتر بوو. ئەمە نیعمەتێک بوو کە ئەوان کەڵکیان لێ وەرگرتبوو. سەرئەنجام، هێدی و بە پشت بەستن بە هێزەکەیان لەشکری منداڵەکان توانیان خەتی پیشەوەی دووژمن شەق بکەن و خۆیان بگەیەننە قووڵایەکانی وەڵات و بارەگاکانیان کە تەنیان چەند رۆژێک بە پێ لە پایتەختی وڵات دووربوون، دابمەزرێنن.   

شەڕەکە شەڕێکی گەورە بوو. رۆژانە بە دەیان وتار و ڕاپۆرت لە رۆژنامەکان بڵاو دەبوونەوە. سەردێڕەکان رەنگدانەوەی رووداوەکانی شەڕ بوون. رۆژانە لە کاتێکی دیاریکراودا رادیۆکان باس و هەواڵەکانیان دەگەیاندە خەڵک. هەواڵەکانی شەڕ بە وشەی ئەفسوونکەر دەرنگێندران. باسی چیرۆکی قارەمانیەتی ئەم وردیلانە، باسی ورەی لەشکاننەهاتوویان، قوربانیدانیان، وزە و ورەی ئەم هێزە سەربازییە بوو. منداڵەکان ئەوپەڕی زیرەکییان لە خۆیان پێشان دەدا، ئەوان بە راستی لە قارەمانەکان دەچوون. بۆ تێگەیشتن لەمە بەس بوو لە شەڕدا بیانبینی، کاتێ بە دیسیپلین و بە حەزی کووشتنەوە شەڕیاندەکرد، وەک ئەوەی گەورەکان لە کاتی شەڕدا دەیکەن. بینینی دیمەنەکانی شەڕ لەبیرنەکراوبوون، بەتایبەتی بە چەکەکانی دەستیانەوە کە ئاگر لە لوولەکانیان دەهاتەدەر، یان منداڵە پەرستارەکان کە بە هەڵەداوان بریندارەکانیان هەڵدەگرتەوە، ئەو بریندار و کوژراوانەی بۆ پشتی شەڕگەکان دەگوێزرانەوە، ئەوانەی قاچیان وردوخاش ببوو، ئەو منداڵانەی زگیان بە سەرنێزە هەڵدڕابوو و ریخۆڵەیان هەڵرژابووەدەرێ، و سەرەڕای ئەوانەش دەنگی نارەزایەتی لە لێوە بچووکەکانیانەوە دەرنەدەچوو. شەڕی دەستەویەخە زۆر زەحمەت بوو، بەشێکی زۆر لە قوربانی منداڵەکان لەو شەڕەدا بوو بە بەراورد لە گەڵ شەڕ بە چەک. زیانەکانی شەڕ بە پێی سەرچاوە نەهێنییەکان بە ٤٠٠٠ کەس لە لایەنی دوژمن و لایەنی منداڵەکان ٧٠٠٠ کەس دەخەمڵێندرا. ئەم سەرکەوتنە بە نرخێکی زۆر وەدەستهاتبوو.  

ئەم شەڕە بە بەراورد لەگەڵ شەڕی تر زۆرتر ناوبانگی دەرکرد و زیاتر لە شەڕەکانی پێشتر گرینگی پێدرا. ئێستا دەرکەوتبوو کە منداڵەکان لە بواری بەکارهێنانی تکنیک، هێز و هەروەها غیرەتەوە زۆر لە سەرەوەی هێزی بەرامبەر بوون. لەگەڵ ئەوەشدا شارەزایان ئەوەشیان گوتبوو کە دژە هێرشی دوژمن زۆر برووسکە ئاسا و زیرەکانە بووە و بە جۆرێک  ئەمان نەدەبوو ئەم تواناییە پشتگوێبخەن. ئەوان لە کۆتاییدا بە جۆرێکی چاوەڕێ نەکراو زۆر سەرسەختانە بەرگریان کردبوو و لە ئاکامدا هێزی منداڵەکان چی تر نەیتوانیبوو پێشرەوی بکات.

ئەم ئاماژانە هەروا هەڕەمەکی نەبوون و ئەمە راستییەک بوو حاشاهەڵنەگر، لە ئەسڵدا دووژمن خەڵکێکی شەڕکەر نەبوون و زۆر بە دژواری توانیبوویان بەرگری لە خۆیان بکەن. لە ماوەی شەڕەکەدا ئەوان خەریکی راهێنان بوون و ئەمە ببووە هۆی ئەوەی سەرنجام لە شەڕدا ئازاتربن و کێشە بۆ لەشکری منداڵەکان بخوڵقێنن، بە تایبەت لە کۆتایی شەڕەکەدا. دیارە چەند شتێکیش بە سوودی ئەوان تەواوببوو، بۆ نموونە نچووکی منداڵەکان وایکردبوو کە ئەوان توانیبوویان داوی برێک راهێنان چەند دانە منداڵ لە یەک کاتدا بەسەر نێزەی تفەنگەکانیانەوە بکەن. زۆر جاریش شەقێک بەس بوو بۆ ئەوەی منداڵێکی پێ لە عەرزی جووت بکەن. بەڵام منداڵەکان ژمارەیان زۆرتر بوو لەوان و هەروەها چوست و چالاکتریش بوون. ئەو منداڵانە لە هەموو شوێنێک هەبوون و لە بەر وردیان توانیبوویان بە نێو دەست و لاقاندا رابکەن و ئەو خەڵکە ناشارەزایەش بە دەستی ئەم منداڵە وەحشیانەوە داماوبوون، ئەوە منداڵانەی وەک شەیتان وا بوون. شەیتانە بچووکەکانیش بێروحم نەبوون وەک ئەوەی نێوبانگیان دەرکردبوو. ئەو منداڵانە لە وەڵاتی خۆیان ناوبانگیان دەرکردبوو، بەڵام لەوێ ناسناوی پیرۆزییان لێنرابوو. ئەمان لەوە ماندووببوون هەر دیفاع لە خۆیان بکەن و سەرەنجام توانیان بەر بە پێشرەوی منداڵەکان بگرن و تەنانەت چەند هێرشێکی هەر چەند خەراپیش بێ  بکەنەوە سەریان و خۆیان لەو دۆخە رزگار بکەن و هەتا وای لێهات شەڕ بۆ ماوەیەک وەستا و ئەوانیش توانیان هەناسەیەکی ئاسوودە هەڵ بکێشن.

ئێستا منداڵەکان بەشێکی بەرچاوی وڵاتەکەیان داگیرکردبوو، دیارە ئەوە هەروا ئاسان نەبوو. ئەم خەڵکە ئەوەنە حەزیان بە چارەی ئەوان نەدەکرد و لەوە دەچوو ئەوان منداڵیان خۆش نەوێت. ئەوان لە پەنجەرەی ماڵەکانیانەوە تەقەیان لەم منداڵانە دەکرد و کاتێ منداڵەکان دەستەی چەند کەسی بوون بۆسەیان بۆ دادەنانەوە. دەیانگێڕایەوە کە منداڵەکان چاویان دەرهێندرابوون یان ئەوەی کە بەسەر دارەوەکرابوون، و هیچ گومان لەوەدا نەبوو ئەم گێرانەوانە راستیان تێدابوو. خەڵک بە تەواوی توانای فکرکردنەوەیان لە دەست دابوو و پڕ ببوون لە ڕق و تووڕەیی، و لە ئاکامدا نەتەوەیەکی سەربازی بێکەڵک بوون و ئەم دڵرەقییەیان بە شتێکی سرووشتی و ئاسایی نەدەزانرا هەر بۆیە بە درندانەترین شێوە کەوتبوونە تۆڵە ستاندنەوە. ئەوان هەستیان دەکرد لە هەموو لایەکەوە کەوتبوونە بەر لافاوی ئەم منداڵانە غەریبانەوە کە وەک مڵۆزم ئازاریان دەدان و هیچیان نەدەزانی و هەرچی هاتبا سەر رێیان دەیانکوشت. بۆ ئەوەی ئەم وەحشیگەرییە کۆتایی پێ بێنن منداڵەکان دێهات لە دوای دێهاتیان دەسووتاند و رۆژانەش بە سەدان کەسیان بەر فیشەک دەدا، بەڵام دۆخەکە باشتر نەبوو. ئەم کووشتنە قێزەونەی ئەم پارتیزانە ترسنۆکانە کە یاساکانی شەڕیان ژێر پێدەخست تووشی کێشەی گەورەی کردبوون.  

زۆر سرووشتی بوو بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە لە وەڵات ببوونە هۆی ڕق و بێزاری. خەڵک لەوە تووڕە بوون چۆن سەربازی بچووک دەبێ بەم جۆرە هەڵسووکەتی لە گەڵ بکرێت، ئەو منداڵانەی هیچ پێوەندییەکیان بە شەڕەوە نەبوو، ئەو خەڵکە بەربەریەی بە ناو شارستانییەوە بێ ئاگا بوون لە مافە دانپێدانراوەکانی شەڕ. تووڕەیی و بێزاری لە نێو خەڵکدا لە دوای رووداوەکانی ئەم هاوینە جارێکی دیکە گەیشتە چڵەپۆپە. ژێنراڵێک لە دەم رووبارێکی نزیک ئاواییەک کە لە گەشتدابوو چاوی بە پیرێژنێک کەوتبوو بە دەم جلکشتنەوە دانیشتووە. کابرا پرسیاری ئاواییەکی ئەو دەڤەرەی لێ دەکات و  ژنەکە کە لێ دردۆنگ دەبێت لێی دەپرسێ، کاری لەوێ چییە و، دوایی پێی گوتبوو وا باشترە بڕواتەوە نێو کەس و کاری خۆی. ژینراڵەکە خەنجەری لێ هەڵدەکێشێ لە ملی دا، بەڵام پیرێژنەکە گورج دەستی دەگرێ و ڕایدەکێشێ و  دەیخاتە سەر چۆکی و چەند گورزێکی باشی بە گۆپاڵی جل شتنەکەی لێدەدات. کابرا چەند رۆژێکان ناتوانێ لە سەر قوونان دانیشێ و ئەم داماوە تەواو دەشڵەژێ و سەرەرای ئەوەی چەک و قەتارەی فیشەکی پێوە ببوو دەستی نەکردبۆوە. ئەم رووداوە بەهانەیەکی باش بوو بۆ رەشەکووژی، بەڵام ئەمریان پێکرابوو هەر کەسێک خەڵکی ئاسایی بکوژرێ بۆ لێپێچینەوە دەدرێت بە کۆمیتەی کۆماندۆ. هەر بۆیە ئەم کابرایەش ئەوەی بە سەری هاتبوو بەم کۆمیتەیەی رادەگەینێ. دیارە ئەمە خەبەرێکی خۆشی بۆ وی بەدواوە نەبوو، جیا لەوەی گوێڕایەڵی فەرمانەکان بێت. ئەم بابەتەش بەم جۆرە کۆتایی پێهات.

ئەم رووداوە بوو بە هۆی ورووژانی رق و بێزاری  زیاتر، بە تایبەتی لە نێو خۆی وڵات خەڵک خوێنی گەرمداهاتبوو. ئەم هەڵسووکەوتە نەشیاوە پەڵەیەکی شوورەیی بوو بۆ وڵاتەکە، بێریزی پێکردنێک کە شتنەوەی مەحاڵبوو. ئەمە بە مانای خستنەژێرپێی سەرەکیترین رێوشوێنە داندراوەکانی شەڕ بوو لە لایەن ئەم خەڵکە نەزانەوە. لە گشت شوێنێ، لە میدیاکان، لە وتاردانەکاندا، قسەی سەر زاری خەڵکی رق و بێزاری بوو لە کوژران. ئەم کابرایە کە ببووە مایەی شەرمەزاری بۆ ئەرتەشەکەی لە بەردەم سەرباز و لێپرسراوە سەربازییەکان میداڵەکانی سەر شانی لێکرانەوە و لە کار و وەزیفە لە مەیدانی شەڕ دوورخرایەوە و بێ دواکەوتن نێردرایەوە وەڵات بۆ لای دایک و باوکی کە یەکێک لە بنەماڵە بەناوبانگەکانی وەڵات بوون و ئێستا دەبوو لە گۆشەیەکی دوور لە چاوی خەڵک بە بێدەنگی بژین.

بەڵام پیرێژنەکە لە نێو خەڵکی وڵاتەکەی خۆی بە قارەمان نێوبانگی دەرکرد و خەڵک فەخری پێدەکرد. هەڵوێستی ئەم ژنە لە رۆژانی شەڕدا ببووە رەمزی نیشتیمانی و هەوێنی بەرخۆدان و بەرەنگاری. تەنانەت لە نێو ئەدەبی دەوڵەمەندی بەرەنگاری دا و لە خەباتی  پڕ لە نائومێدی رزگاریخوازانەیاندا ئەم ژنە ببووە موتیڤێکی گرنگ. تەنانەت وای لێهات سەردەم لە دوای سەردەم ئەم ژنە ناوی زیندوو دەبووەوە. لە نێو پیاوانی سەر سەقام ئەو قارەمانێکی ژن بوو، و بەم جۆرە ئەم بەسەرهاتە وردە وردە بوو بە ئەفسانە و بەرگی ئووستوورەی بە بەرداکێشرا. بە پێ هەموو گێرانەوەکان ئەم ژنە سەرەنجام بە گوولەی دوژمن پێکرا، دیارە دەنگۆی وەش هەبوو ئەم ژنە بە مردنی خۆی مردبێ، هەرچۆنێکی بێت ئەو خۆشەویستی هەموان بوو و خەڵک شانازیان پێوەدەکرد.

ئەم رووداوە زۆرتر بووە هۆی ئاژاوە و ناخۆشی لە نێوان ئەم دوو گەلەدا، و تەنانەت بووە هۆی رەچاونەکردنی زیاتر لە شەڕەکاندا. لە کۆتاییەکانی هاویندا، پێش ئەوەی پاییز بێت، هەر دوو هێزەکە بێ ئاگاداری لە پلانەکانی یەکتری لە یەک کاتدا هەڵیانکووتایە سەر یەکتری. ئەم پێکدادانەی ئەم جارە هەردووکیانی هەتا لێوارەکانی لەناوچوون برد. ئەوان لە بەرە سەرەکییەکانی شەڕ یەکتریان بە تەواوی خاپوور کردبوو و لەوەدەچوو تاقە کەسێک لە هیچ لایەک دەرنەچووبێت. چەند بنەماڵەیکی ئاشتیخواز لە ناوچەکەدا لە ماڵەکانیان هاتبوونە دەرێ و پێیان وابووە بە ئارامبوونەوەی دۆخەکە شەڕ کۆتایهاتووە، بەڵام بە پێچەوانەوە هێزی نوێ گەیشتەجێ و بەم زووانە شەڕ دوبارە دەستی پێکردەوە. ئاژاوە و نائومێدی لە شوێنەکانی دیکەش دەستی پێکرد. لە گەرمەی شەڕدا هێزەکانی بەشی پێشەوە وا تێکچڕژابوون و تێکەڵی یەکتری ببوون زۆر جار یەکتریان لێ تێکدەچوو و لە پشتەوە ڕا لە یەکتریان دەدا. بەم جۆرە ئاگری شەڕەکە خۆشتر بوو و لە هەموو لایەکەوە تەقە دەکرا. کاتێ شەڕەکە راگیرا و زانیان چ روویداوە دانیان بەودا نا هیچ لایەنێک براوە نیە. ژمارەی کوژراوان لە هەر دوو لا وەک یەک بوو، دوازدەهەزاروبیستوچوار. دۆخی بەرەی پیاوەکان لە دوای هەموو هێرش و پاشەکشەکان وەک سەرەتای شەر بوو. لەوە دەچوو هەر دوو لا لە سەر ئەوە کۆک بن کە خۆیان بە سەرکەوتوو دابنێن. دوای ئەم رووداوانە باران باری و هەر لایەک  چووە نێو سەنگەرەکانی و تەلدڕووەکانیان لێدان.

منداڵەکان هەر زوو لە کارەکەی خۆیان بوونەوە، ئاخر ئەوان زۆرتر خەریکی ئەم  جۆرە کارانە ببوون و پاش هەڵکەندنی سەنگەرەکانیان بە باشترین شێوە خۆیان تێدا جێگیرکرد. ئەو منداڵانە ئەو هەستەیان هەبوو کە وا لە ماڵەکانی خۆیاندا دەژین. لەوێ لەم سەنگەرانەدا ئەم منداڵانە چڵکن و بە لەشێکی قوڕاوی و پڕ لە ئەسپێ لەوێ لەم تاریکاییەدا بوون و لەوەدەچوو هەر لەوێ ژیابن و هیچی دیکەیان نەکردبێت. ئەوان هەر زوو عادتیان بە دۆخە کرد، ئاخر منداڵان توانای خۆ گونجاندنیان هەیە. بە پێچەوانەوە بەرەی دووژمن کێشەی زۆرتری لە گەڵ ئەم دۆخە هەبوو. خولیا و ئاواتی ئەوان ئەوە بوو بگەرێنەوە ژیانی ئاسایی سەر عەرز، ئەوەی کە پێی راهاتبوون، بەڵام منداڵەکان وا نەبوون. کاتێ لە یۆنیفۆرمە رەنگ خاکییە سەربازییەکاندا دەتدین کە بە قووڕ داپۆشرابوون، و هەروەها ماسکە بچووکەکانی گاز، گوومانت لا درووست نەدەبوو کە ئەوان بۆ ئەم وەزعە خوڵقابوون. ئەم منداڵانە وەک جرجە مشکە سەحراییەکان خێرا خێرا بە بەر دەرکی حەشارگەکانیان دەخشان و دەر و ژووریان دەکرد. هەر کاتێکیش هێرش دەکرایە سەریان، فرزانە سینگیان لە حەشارگەکانیان وەدەردەنا و کوێرانە دووژمنیان لە خۆیان دوور دەکردەوە. لە بەر ئەوەی ئەم دۆخە درێژەی کێشا کە لە تاقیکاریی ژیانێکی هیوابڕ و تاقەت پڕووکین دەچوو، ئیدی سنوورەکانی تاقەت و توانای نەما. لە گەڵ ئەوەشدا ئەوان قەت ورەیان بەرنەدا و لە بەرخۆدان نەکەوتن. لایەنی دوژمن زۆر جار بەرگەی ئەم زەختەی نەدەگرت و ئەو بێماناییەی ببووە هۆی ئەوەی زۆر کەس بێ لایان بێ سەبارەت بەو رووداوانەی کە روویاندەدا، لە کاتێکدا منداڵەکان وا نەبوون. لە راستیدا منداڵان زۆرتر بۆ شەڕ گونجاون و زۆرتر چێژ لەوە دەبینن، هاوکات گەورەکان پاش ماوەیەک لەمە ماندوو دەبن و حەز بە بەردەوامی ئەم جۆرە ژیانە ناکەن. بە پێچەوانەوە کووڕەکان ئەمەیان بۆ سەرنج راکێش بوو و حەزیاندەکرد درێژە بەم جۆرە ژیانەبدەن. هەستی مێگەلی، یەکریزی، و هاورێیەتی یارمەتی ئەوەی دابوون خۆراگرتر بن.

دیارە ئەم دۆخە ئەوانیشی هیلاک و ماندووکردبوو. بە تایبەتی کە زستان و وەرزی با و بۆران بەرێوە بوو. باران بە بەردەوامی دەباری، هەوایەکی سارد و باران و شڵێوە هەموو شوینێکی تەڕ کردبوو و قوڕاو چڵپاوی ناو سەنگەرەکان بیزار کەر بوو. سەرەرای ئەوەش گلەیی و گازندەت لەم منداڵانە نەدەبیست، تەنانەت ئەگەر غەزەبیش باریبا ئەستەم بوو ئەوان دانی پیدابنێن. خەڵک لە وەڵات شانازییان بەمانەوە دەکردن. سینەماکار و فیلم هەڵگران رێپێوان و مارشە سەربازییەکانی بەرەکانی شەڕ و ئەو کاتانەی ژێنراڵە بچووکەکان میداڵی ئازایەتیان لە سەر شانی سەربازەکانیان دەدا، بڵاو دەکردەوە. ئەوان زۆر لە بیری منداڵەکانیاندا بوون، بیری شەیتانۆکەکان، دەیانزانی لەوێ لە دەرێ وەزعێکی خراپیان هەیە. بە تایبەتی لە کاتی جێژنی کریسمەس هۆش و زکریان لای ئەوان بوو، دارە رازەواەکانی کریسمەس، چاوە درەوشاوەکانی منداڵەکان، لەوێ لە نێو سەنگەرکاندا. لە ماڵەکان باس باسی ئەوان بوو، ئەوەی کە رۆژ رۆژی وان بوو، بەڵام منداڵەکان بیری ماڵەوەیان نەدەکرد، ئەوان ئێستا سەربازی تەواو بوون، نقووم لە ئەرک و ژیانی نوێیان. لە ئێوارەی کریسمەسدا پەلاماری چەندین شوێنیان دا و دوژمنیان تووشی زەرەر و زیان کرد و چەندین بریندار و کوژراویان پێ بەجێ هێشتن. شەڕ هەتا ئەو رۆژەی کە کاتی کردنەوەی دیارییەکانی کریسمەس بوو درێژە کێشا. ئەوان بە هەناسەیەکی سربازانەوە ئەرکەکانیان بەرێوە دەبرد، تەنانەت بۆ ئەوە دەبوو گەورەکانیش لێیەوە فێربن.

هەست و ئیحساس لای ئەوان جێگای نەبوو. شەڕ لە وان بونەوەرێکی ڕەقی درووستکردبوو و کردبوونیە ئەوەی ئێستا هەبوون. لە کاتی داگیرساندنی چراکانی داری کریسمەس یەکێک لە منداڵەکان لەخۆوە لە پڕمەی گریانی دا، بەڵام بووە گاڵتەجاری هەمووان. پێیان دەگووت: "گەوجە، بیری دایکت دەکەی!" ئەو شەوە هەتا بەیانی بێ‌ڕێزیان پێکرد و هەفتەیەکی بەردەوام بووە مایەی گاڵتەی هاورێکانی. کوڕە لە تاوان وەک ئەوەی تاوانێکی کردبێت خۆی دەشاردەوە. رۆژێکیان سەد میترێک لە مەقەڕەکان دوورکەوتەوە و سەرەرای ئەوەی هەڵاتن بۆ بیرلێکردنەوەش نەدبوو، کەچی گیرا و دادگای سەربازی کرا. ئەم کوڕە داماوە نەیتوانی هۆکاری ئەم برە دوورکەوتنەوەیە شیکاتەوە و بە تاوانی ڕاکردن کوژرا.

ئەگەر ئەوانەی وەڵات بە تەواوی ئاگاداری وەزعەکە بان ئەوا جێگای نیگەرانی نەبوو. ئەوەی ئێستا دەبوو ئەوان بیزانن ئەوە بوو کە منداڵەکان توانای بەرگری زۆرتریان هەبوو، و هەتا رادەیەکیش لەوە پەشیمان بوون مەیدانی شەڕیان بەوان سپاردبوو، بەتایبەتی کە ئەم شەڕە تاقەت پرووکێنە زۆری خایاند. پاش کریسمەس بە نەهێنی پێشنیاری یارمەتیان بە منداڵەکان کرد، بەڵام ئەوان بە لێبڕاوییەوە ئەمەیان رەدکردبووەووە.

ئاڵۆزییەکە لە نێو بەرەی دووژمندا ئاوا بەرز نەبوو. ئەوان بریاریان دابوو هەتا دوا دڵۆپی خوێن بەرگری بکەن، بەڵام ئاسۆی سەرکەوتن بەدی نەدەکرا. دیارە نەشدەکرا خۆ لەو راستییە گێلبکەن کە ئەم شەڕە زۆر بێ ئاکام بوو و ئەوەی کە لە درێژخایەندا بتوانن خۆیان لە دەستی ئەم خەڵکە قورتاربکەن لە خەیاڵ دەچوو بە تایبەتی ئەم گەلە منداڵی بەرمەمکانیشیان چەکی هەڵگرتبوو، هەر ئەوەش ورەی ئەوانی رووخاندبوو.

ئێستا سرووشت لە خەوی زستانە وەخەبەر نەهاتبووەوە و بەهار نەبووژابووەوە کە منداڵەکان خۆیان بە خەستی بۆ دوایین شەڕی یەکلاکەرەوە ئامادە کردبوو. چەکی قورس و ئوتووماتیکی بردرابووە پێشەوەی شەڕگەکان و هەموو لایەک لە ئامادەباشی تەواودابوون. هێزێکی زۆر شەو و رۆژ دەگوێزرایەوە و بەرەکانی پێشەوەی شەڕ چڕکرابووەوە. پاش ئاگربارانێکی کووشندە کە شەش رۆژ درێژەی کێشا، سەرەنجام هێرشەکان دەستیان پێکرد و شەڕێکی خوێناوی لێکەوتەوە، شەڕێک کە هەرچی هێز و وزەیە تێدا بەکارهاتبوو. چەلەنگی و قارەمانەتی تاک لەم شەڕەدا زۆرتر شەوقی دایەوە. هێزەکەی منداڵەکان بە تێکرایی ساڵێک بە تەمەنیەوە زیاد ببوو و ئەم چوونەسەری تەمەنە بەهای خۆی هەبوو. دیارە بەرگریکەرانیش بریاریاندابوو بەوپەڕی تواناوە دیفاع لە خۆیان بکەن. ئەوانیش گشت هێز و وزەیان کۆکردبووەوە، بە تایبەتی کە چیدی باران نەدەباری و هەوا خۆشبوو، ئەوە هومێدی زۆری پێبەخشیبوون. شەڕێکی ترسناک بوو. قەتارەکان لە هەر دوو لا پڕ لە بریندار و کوژراو دەگەڕانەوە پشتی شەڕگەکان. خرمەی چەکە ئوتوماتیکییەکان و هارە و گرمەی تانکەکان هەموو شوێنێکی دەتەنییەوە. ئەم چەند رۆژە کەس چاوەروانی کۆتایهاتنی ئەم دۆخەی نەدەکرد. توانای شەڕی لەشکری هەر دوو لا وەک یەکبوو و سەرکەوتن هەر جارەی بە لایەکیاندا دەکەوت. وردەوردە ئەم دۆخە گۆرانی بەسەرداهات. بەرەی دوژمن چاوەرێی ئەوە بوون لە ناوەڕاستەوە هێرشیان بۆ بکرێت، بەڵام دوایە دەرکەوت هێزی منداڵەکان لە بەرەی ناوەراست لاوازبوو. ئەوان ئەو هەلەیان قۆستەوە، بە تایبەتی ئەوەی کە ئەوان لەم بەرەیە زۆر بەهێزبوون، بە زوویی هێزی منداڵەکان لەم بەرەیدا تەفروتوونادەبوو. لە چەندین هێرشدا هێزی منداڵەکان ناچار بوو پاشەکشە بکات. هێزی سەرکەوتوو، شنەی بای دەم ئیوارە و شەوانیشی بە کاردێنا بۆ پاشەکشە پێکردنی منداڵەکان بە بێ زیانی گەورە. کاتێ ئێواران با هەڵی دەکرد ئەوان گازیان بەکارێنا بۆ پاشەکشە پێکردنی منداڵەکان و لەوەشدا سەرکەوتوو بوون، منداڵەکان ناچار بوون بکشێنەوە. بەم جۆرە بە بەکارهێنانی گشت هێز و توانایانەوە سەرکەوتن و پێشرەوییەکانیان درێژە پێدا.

دەرکەوت پاشەکشەکردنی منداڵەکان پلانێکی بیرلێکراوە و زیرەکانەی شەڕ بوو. ئەوان لە بەرەی ناوەراستەوە بە ئەنقەست وردەوردە پاشەکەشەیان کردبوو، هێزی دوژمنیش هەموو سەرنجیان لە سەر بەرەی ناوەراست بوو و بێئاگا لەوەی هێزی جەمسەرەکانیان لاواز بوو و بەم جۆرە تووشی دۆخێکی مەترسیدار ببون. کاتێ منداڵەکان بە پێی ئەو پلانەی دایاننابوو گەیشتنە ئەو جێیە کە دواین شوێنی دیاریکراوی پاشەکشە بوو، هێزەکانیان ڕاگرت و زۆر زیرەکانە و بە نەرمی هێزەکان لە هەر دوو جەمسەرەوە بەرەو یەک جووڵێندران هەتا لە پشتەوەی هێزی دوژمن یەکیانگرتەوە. ئیدی ئێستا منداڵەکان تێکرای هێزی دوژمنەکەیان ئابڵووقەدابوو و ئەوان کەوتبوونە دەستێکی ئاسنینەوە. هێزی سەربازی منداڵەکان ئێستا دەیانتوانی گەمارۆکەیان تووندتربکەنەوە و هێزی دووژمن زۆرتر رێک بگووشن. سەرئەنجام ئەم قارمانە بەرگریان لە وەڵات و زێدی خۆیان کردبوو چاریان نەما جیا لەوەی خۆیان بدەن بەدەستەوە، دیارە لە راستیدا ئەوان بێ ئەوەش کەوتبوونە دەستەوە. ئەمە گەورەترین رووداو بوو لە مێژووی شەڕدا روویدابوو، لەم شەڕەدا تاقە سەربازێکیش دەرنەچوو و هەموویان کوژران.

ئەم سەرکەوتنە لە هەموو سەرکەوتنەکانی دیکە زیاتر پێیدا هەڵگوترا و تەنانەت لە زانکۆ سەربازییەکان بە حەژمەتەوە لێکۆڵینەوە لە سەر جۆری ئەم تاکتیک و گەمارۆدانە دەکرا. تەنانەت شەڕکەری بە ناو و دەنگ، سلودێلسنۆرپی[1] گەورە ٧٠ ساڵ دواتر ئەم تاکتیکانەی لە سەرکەوتنەکانیدا دژی سلیڤ کوارکەکان[2] لە ساڵی ٢٠٤٨ بەکار هێنابوو.

ئیدی ئەم شەڕە نەدەکرا لەوە درێژتر بێتەوە، ئاخر کێ مابوو شەڕی لە گەڵ بکەن. لەشکری منداڵەکان کە دیلەکانیان لە نێو خۆیان گرتبوو بەروە پایتەختی وەڵاتەکە لە رێدابوون هەتا لەوێ مەرجەکانی سوڵح بەم وەڵاتە دیکتە بکەن. لە لایەن سەرلەشکری بچووکەوە لە ساڵۆنی ئاوێنەکان لە قەڵا کۆنە شکۆدارەکە لە ساتێکی مێژووی لەبیرنەکراودا، ئەسیرەکان ڕادەستی خاوەنەکەیان کرانەوە و بەم جۆرە ئەم رووداوە بۆ هەمیشە لە نێو هونەر دا بە ئەبەدی بوو و هەر ئێستاش ببووە سەردێری رۆژنامە و هەفتەنامەکان. کامێرای فیلم هەڵگرەکان دەسووڕان، ویزەویزی فلاشی کامێرای وێنە گرتن دەهات و هەواڵەکان لە رادیۆکانەوە ئەو ساتە لە بیر نەکراوانە بوون لە هەموو دنیا سەیریان دەکرا. سەرلەشکر، سادە و لە هەمانکاتدا کە لەخۆبایی بوونی پێوەدیار بوو و قاچێکی برێک لە پێشەوە ئەوەی تر، پەیماننامە مێژووییەکەی بە دەستی راستی رادەستکرد. یەکەمین و گرینگترین مەرج بەجێهێشتنی گشت خاکی داگیرکراو بوو و سەرەرای ئەوە قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو خەرجییانەی بە هۆی ئەم داگیرکردنە کەوتبوونەوە کە هۆکارەکەی لایەنی دوژمن بوو، یانی ئەوەی کە بژاردنی خەرجییەکانی شەڕی هەر دوولا کەوتبووە سەر لایەنی داگیرکەر، ئەم پاراگارفەی ئاخر لە بەر ئەو راستییە بوو ئەم لایەنی هێرشبەر بوو و دانی بەوەدا نابوو ببووە هۆکاری شەڕەکە. پەیماننامەکە لە بێ‌دەنگییەکی مردوو ئاسا دا ئیمزاکرا، بێ‌دەنگییەکە ئەوەندە بوو گوێت لە دەنگی قەڵەمەکە بوو کە بە سەر کاغەزەکەدا دەخشا. ئەو قەڵەمەی کە لە سرتە سرتی خەڵکەکەوە دیار بوو لە زێڕ بوو و گومانی تێدا نەبوو دەبووە قەڵەمێکی ناو موزەخانەکان لە دوای رووداوەکەی ئەمرۆوە.

لەم ساتە بەم لاوە هەمووشتێ جێبەجێ بوو و لەشکری منداڵەکان گەڕایەوە وەڵاتی خۆیان. ئەم لەشکرە بە جۆرێک پێشوازی لێکرا کە لە گووتن نایەت. ئاپۆرای خەڵک لە قەراخ رێگەکان وەستابوون و بە دەنگ و هاوار پێشوازیان لەمان دەکرد، ئەم گەڕانەوەی وەڵاتە خۆی سەرکەوتنێکی تر بوو. بە تایبەتی رێپێوانی چوونە ناو پایتەختەوە و دواین قەدرزانی لە نێو ئەو حەشیمەتە زۆرەی هاوەڵاتیاندا. لە سەر جادە و شەقامەکان خەڵک دەستیان بەرز دەکردەوە و هاواریاندەکرد، مۆسیقاژەنەکان مۆسیقایان لێدەدا، لە چاوەکان شادی دەدرەوشایەوە. تەنانەت دوایین ڕێپێوانی کەمئەندامان، ئەوانەی قاچیان لە دەستدابوو و ئەوانەی کوێرببوون، ئەوانەی خۆیان فیدای وەتەن کردبوو، و زۆرێک لەوانەی کە دەست و قاچی دەستکردیان بۆ درووستکرابوو و لەوە نەدەچوو دەستکرد بن، بە رێزێکی زۆرەوە پێشوازیان لێکرا. زایەڵەی دەنگی سەرکەوتن دەهات، سەرنێزەکان لە بەر تیشکی خۆر دەدرەوشانەوە، ئەمە لە شانۆیەکی لەبیر نەکراو دەچوو.

لاپەرەیەکی نوێ و سەیر لە کتێبە گەورەکانی مێژوویدا نووسرا کە لە داهاتوودا بە حەز و حەژمەتەوە دەخوێندرانەوە. ئەم نەتەوەیە دەیان دەستکەوتی بەشکۆی دیکەی هەبوون، بەڵام ئەمەیان لە هەموویان زۆرتر جێگەی شانازی وان بوو. ئەوەی ئەم منداڵانە فیداکاریان بۆ نیشتیمانی دایکیان کردبوو و بۆی سووتابوون، لە بیر نەدەکرا.

هەرواش بوو، هەموو ساڵێک لە ساڵڕۆژی سەرکەتنە مەزنەکەدا، منداڵانی خوێندنەگەکان بە ئاڵاکانی دەستیانەوە سەردانی سەرقەبرانیان دەکرد، ئەو شوێنەی قارەمانەکان لە گڵکۆ چووکەکانیاندا لە ژێر خاچە سپییە چووکەکان ئارامیان گرتبوو. قەبرەکان بە گوڵەکان دەرازێندرانەوە و وتارەکان وەبیرهێنەرەوەی بەسەرهاتەکانی رۆژانی رابردوو بوون، باسی شانازیی ئەبەدیی لاوەکان و باسی قارەمانیەتی و ویستی قوربانیدان. ئاڵاکان لە ژێر تیشکی خۆردا دەشەکانەوە و دەنگەکان زوڵاڵ بوون کاتێ سروودە ئاگرینەکان دەگوترانەوە، چاوی منداڵانە چاوەرێی دەرکەوتنی قارەمانی نوێ بوون.               

 

[1] Sludelsnorp

[2] Slivokvarkerna

ژێرنووس:

نووسەری بەناوبانگی سوئێدی وەرگری خەڵاتی نۆبێل پێر لاگرکڤیست لە ساڵی ١٩٤٥ ئەم چیرۆکەی نووسیوە و کاتێ ئەم دێرانە دەخوێنییەوە هەست بە واقعیەتێکی تاڵ دەکەی کە تێوەگلانی منداڵەکانە لە شەڕەکاندا. لاگرکڤیست لەم چیرۆکەدا پێشبینی ئەو شەرانەش دەکات لە داهاتوودا بە دەستی منداڵەکان دەکرێن.    

Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت