ما 6235 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەگەڵ ئەوەی هەوڵدەدەم بیر لە شتی تر بۆ وێنە بیر لە کارەکەم، ئەو کێشەیەی لەوێ هەفتەی پێشوو هەمبوو، بکەمەوە؛ بەڵام خەیاڵم زووزوو دەگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمپیوترەکە. ئەم شانە و شان دەکەم و بەدەنگی بەرز بەخۆم دەڵێم "وازبێنە!" بەڵام بێسوودە. دیسان پۆستە سیاسییەکان، کۆڵبەرەکان، پۆستە شیعرییەکان و وێنە رەش و سپییەکان دێنەوە بەرچاوم.

 

پۆستە فەیسبووکییەکان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دانیشتووم و سەیری فەیسبووک دەکەم. ئارام دەست بە مووسەکەدا دەنێم و بەسەر سەفحەی کۆمپیوترەکەدا سەرەوخوار دەبمەوە. پۆستەکان بێ ئەژمارن. لە هەموو چەشنێک. بەڵام لەبەر ئەوەی هاوڕێیانی فەیسبووکیی من زۆربەیان سیاسین، یاخود باشتر وایە بڵێم حەزیان بە سیاسەتە، زۆربەی پۆستەکان هەر بەو پێیە سیاسین. باسی دەوڵەت، سەرکوت، زیندان و ماوەیەکیشە باسی کۆڵبەرەکانی سەر سنوور کە بێ بەزەییانە دەکوژرێن. ئەوسا پۆستە ئەدەبییەکان و پاشان پۆستە رەش و سپییە نۆستالۆژییەکان. نووسراوە کورتەکانی ژێر وێنە کۆنەکان. کۆڵانەکانی جاران، ئەو گەڕەکانەی لەبیرچوونەتەوە، وێنە رەش و سپییەکان کە دڵ ئەوەندە تەنگ دەکەن کە بەو شەوە درەنگانە دەبێ هەستی و بچی پەنجەرەکە بکەیتەوە بۆ ئەوەی بە هەڵمژینی هەوایەکی فێنک و تازە، ژیان بە بەری سییە لەپەڕ ژاکاوەکانتدا بکەیتەوە.

لەگەڵ ئەوەی هەناسە هەڵکێشان زەحمەتە، بەڵام ئەمشەو بڕیاردەدەم بەناو ئەم جۆرە پۆستانەدا بێم و بچم. بە پەنجەرەیەکی کراوەوە. باشتر بڵێم، پۆستەکان و وێنەکان بڕیارم پێدەدەن. وەک بڵێی دەستێک لەناو کۆمپیوترەکەمەوە دێتە دەر و یەخەم دەگرێ و بەزۆر لەگەڵ خۆی دەمبا. ئەمردەکا لێرە بمێنمەوە. منیش دەمێنمەوە و لەگەڵ پۆستەکان دەڕۆم. ئارەزوومەندانە مل دەدەمە زەختی دەستی بەهێزی و هەنگاوهەڵدێنم.

ئەمشەو پۆستە نۆستالۆژییەکان زۆرن. شاعیرەکانیش لەگەڵیا بزواون و ئەوەندەی تر دیمەنەکە بەهێزتر دەکەن. من پەنجەرەکە داناخەم و خۆم بۆ درێژەدانی سەفەرێکی ترسناکی ئاشنای تر ئامادەدەکەم.

نازانم چەندە لە شەو تێپەڕیوە، بەڵام من هەروا دێم و دەچم، جەستە بە بێ جووڵان بەسەر باڵێ نیگا، خەیاڵ و ئەندێشەوە لە گەڕانێکی دیجیتاڵیدایە. مەچەکم ماندووە. ئەگەرچی دەستی چەپ عادەتی نیە، بەڵام مووسەکە دەدەمە دەستی.

دیسان کات بەردەوام وەک هەمیشە لە تێپەڕیندایە. نازانم چەند جار مووسەکەم  ئەم دەستاودەست کردووە، هەر ئەوەندە دەزانم نەک هەر دوو مەچەکم بەڵکو ئەمجارە مل و سەر و چاوەکانیشم دێشێن. لە دژکردەوەیەکی خۆبەخۆدا سەرئەنجام مووسەکە فڕێدەدەم و پاڵدەدەمەوە. دەستێک بە روخساری ماندوومدا دەهێنم، چاوەکانم جوان جوان هەڵدەگڵۆفم، ملێکی بۆ دەگەڕێنم، دەیتەقێنم و ئەوسا بە چاونووقاندنەوە هەر دوو دەستم قوفڵدراو لەسەر تەوێڵم، پاڵدەدەمەوە.

دونیای پشت چاوەکانم رەش و نووتەک نین. وردە سپییە سەرگەردانەکان تێیدا لە بەستێنی رەشیەتیدا دێن و دەچن. جاری وایە هەستدەکەم تیشکێکی کەم هێز لە گۆشەوە خۆ بە ژوورەوەدا دەکا و زۆر خێرا وندەبێتەوە. جەنجاڵێکی سەیرە. گەر رۆژ بووایە بێگومان دەچوومە باڵکۆنەکە و لەوێوە سەیری شاخ و دیمەنە دوورەکانم دەکرد. لەم هەموو نزیک بینییە و لەم هەموو دیمەنە ونە یەکجار دوورانەی ناو زەمەن و شوێن کە ئێستاکە لە کۆمپیوترەکەدا تەنیا بستێک لە چاوەکانم دوورن، وەڕەزم. بڕیاردەدەم جارێکی تر ئەوەندە خۆمیان پێوە ماندوو نەکەم. هەر جارە و کۆمەڵێک وێنە و چەند گوتەیەک بەسن. دەبێ ئاگام لە سەلامەتیی خۆم بێت.

گوێم لە دەنگی پێی دراوسێکەی قاتی سەرەوەیە کە لە ناو جێگاکەی هەستاوە و خەریکە دەچێ بۆ ئاودەست. هەنگاوەکانی دەژمێرم. وەک هەمیشە لە رۆیشتن و گەڕانەوەیدا بیست و پێنج تا سی هەنگاون. گوێم لە دەنگی سیفونی ئاودەستەکەیشە. ئەوەندەی پێناچێ دونیا دیسان بێدەنگ دەبێتەوە. چەند دڵۆپە بارانێک خۆ بە پەنجەرەکەدا دەکوتن.

سەرئەنجام رادەبم. وەک دراوسێکەم دەکەم. هەڵبەت لە گەڵیا دیانەکانیشم دەشۆم. دیانە رەنگ بۆرەکانم کە حەزم دەکرد سپی بن. کەمێک لێیان رادەمێنم. پارێکە پارەیەکی زۆرم تیا خەرج کردن. دکتور وتی گۆشتی دیانت بەتووش نەخۆشییەوە بووە. پرسیاری کرد داخۆ دایک یان باوکم خاوەنی ئەم نەخۆشییە نین. من کە دایک و باوکم وەک بوومەڵێڵێک لە بیرە هەروا لێی رادەمێنم. ئەوسا پرسیاری سیگاری لێکردم. وتی بە قەندیشەوە چایی مەخۆ. وتی هەموو جارێ دەبێ دوو خولەک دیانم بشۆم و نێوانیشیان جوان خاوێن بکەمەوە. ئەوسا بە فڵچەیەک و بە پەتێکی دیان، لەسەر تاقمێکی دیانی دەستکرد پیشانی دام. چەند تەریق دەبوومەوە!

ئەگەرچی تا هەفتەیەک دووای ئەمە من لەسەر فەیسبووکیش زۆر سەرنجم دەچووە سەر ئەو پۆستە دەگمەنانەی وا لەسەر دیان و چۆنیەتیی پاک و خاوێنکردنیان بوون، بەڵام پۆستە سیاسی هەمیشەییەکان زۆر خێرا لە بیریان  بردمەوە.

ئەمشەو بڕیاردەدەم لەجیاتی تەختی خەوەکە، کە لە ژوورێکی بچووکدایە، لە سەر مۆبلەکان بخەوم. جاروبارە خۆشە. لەوێ هەندێ جار باشتر خەوم لێدەکەوێ. ئەمشەویش کە یەکێک لە شەوە جەنجاڵەکانە وا باشە لەوێ بخەوم. کۆمپیوترەکە دەکوژێنمەوە، بۆ ژێڕ مۆبلەکە پاڵی پێوەدەنێم و لە پاش کوژاندنەوەی گڵۆپەکە پاڵدەکەوم. دەنگی هۆڕنی سەیارەیەک لە دوورەوە بە ئاستەم خۆ بە ژوورەکەدا دەکا.

لەگەڵ ئەوەی هەوڵدەدەم بیر لە شتی تر بۆ وێنە بیر لە کارەکەم، ئەو کێشەیەی لەوێ هەفتەی پێشوو هەمبوو، بکەمەوە؛ بەڵام خەیاڵم زووزوو دەگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمپیوترەکە. ئەم شانە و شان دەکەم و بەدەنگی بەرز بەخۆم دەڵێم "وازبێنە!" بەڵام بێسوودە. دیسان پۆستە سیاسییەکان، کۆڵبەرەکان، پۆستە شیعرییەکان و وێنە رەش و سپییەکان دێنەوە بەرچاوم. یەک بە دووای یەکتردا و دوواتر لە خولێکی شپرز و بە بێ هیچ چەشنە یاسا و رێسایەک. ئەوان تەنیا دێن. بێ بەزەییانە. دەستێک رادەوەشێنم. پرتە و بۆڵەیەک دەکەم. دیسان بێسوودە. کۆمپیوترە خامۆشەکەی ژێر مۆبلەکەی ژێرم وازناهێنێ. نادڵنیا لەوەی داخۆ بەڕاستی کوژانوومەتەوە، خۆم خواردەکەمەوە و سەیری دەکەم. نا،... کوژاوەتەوە! ئەو پێش من خەوی لێکەوتووە.

قومێک لە پەرداخی سەر مێزەکەی بەردەمم دەدەم و، دیسان پەتووەکە بەسەر خۆمدا دەکێشمەوە. جەستەم ماندووە، کەم کەم خەریکە خۆی دەکاتەوە. هەست بە ئاسوودەییەک دەکەم. بە خۆم دەڵێم "ئەوەندە ناخایەنێ خەوت لێدەکەوێ." ئەوسا دیسان وێنەکان دێنەوە: پۆستە شییعرییەکان، وێنە رەش و سپییەکان، کۆڵبەرەکان و پۆستە سیاسییەکان. ئەمجارە نەک وەک تاوێک لەوە پێش، بەڵکو بێ هێزتر و لاوازتر، لە خولدانەوەیەکی ئارامتر و پچڕپچڕتردا. لەگەڵ ئەوەی هەندێکیان زیاتر لەوانی تر بەرجەستە دەبنەوە. هەست بە ئارامی جەستە و ئارامیی مێشکم دەکەم. لەبەر خۆمەوە دەڵێم "کات درەنگە و ئیتر نۆرەی ئێوە نیە." وە نۆرەی ئەوان نیە؛ بەڵام لەجیاتی ئەوان خەریکە شتێکی تر نەرم نەرم دێت. ئەو شتەی وا ئەمشەویش هەوڵمدا بیری لێ نەکەمەوە. زەینم بە بێ ویستی من ئارام ئارام رێگا و جێگای بۆ دەکاتەوە. گێنگڵ دەدەم. بەتەمای دوورخستنەوەی سەرم دەخەمەوە ژێر پەتووەکەوە. بەڵام بێسوودە. شتەکە زەق و زیندوو، ئەمشەویش لەبەردەممدا، لەو سەر، قوت دەبێتەوە. گلەیی!

گلەیی لەوبەر مۆبلەکە دانیشتووە و لە من دەڕوانێ. من لە ژێر پەتووەکەوە ئاگام لێیە. ئەو وەک هەمیشە پەلەی نیە. دانیشتووە و چاوەڕوانە. سەرئەنجام داخۆ واز لە خەوی ئەمشەویش دێنم یان نا. بەتانییەکە لەخۆم دەکەمەوە، هەڵدەستم و دادەنیشم. هەنیشکەکانم دەخەمە سەر ئەژنۆکانم و کووڕ بە ملی رۆچوومەوە لەناو شانەکانمدا لێی دەڕوانم.

ـ ئەمشەو ئیتر چیت دەوێ؟... ماندوو نەبووی؟

ـ من چیم دەوێ؟... سەیرە!... مەگەر بۆ خۆت وەک شەوانی تر بانگت لێ نەکردوومەتەوە؟

ـ من؟... ئەبەد!

بەڵام گلەیی ناشەمزێ. وەک هەمیشە بەپێچەوانەی دەروونی هەڵچوویەوە لە رواڵەتدا ئارامە. پەتووەکە بە تەواوی لەخۆم دەکەمەوە و ورد لێی دەڕوانم:

ـ دەزانم خەتای خۆمە، پەنجەرەکەم پێوەنەدابوو.

ـ نا من لەوێوە نەهاتووم. لەوە گەڕێ، پێم بڵێ چیت دەوێ؟ هەموو جارێ دێم و کەچی هیچ ناڵێی!

من کە دەزانم ئەم قسەوباسە وەک هەمیشە بێسوودە، هەوڵدەدەم بەجۆرێکی تر بدوێم:

ـ من هیچ گلەییەکم نیە، یەعنی هەمبوو، بەڵام ئیستاکە نەمماوە.

ـ باوەڕەت پێناکەم!

ـ بۆ باوەڕم پێناکەی؟ باوەڕبکە من ئیستا ئیتر هیچ گلەییەکم نەماوە، بە من چی دونیا سەری بە کوێوەیە.

ـ دڵنیای؟

ـ دڵ... نیام،... ئا باوەڕبکە دڵنیام.

بە پەنجە ئاماژە بە ژێر مۆبلەکە ئەو شوێنەی من لێی دانیشتووم دەکا و، دەڵێ:

ـ شاهیدم هەیە.

ـ ئەگەر،... ئەگەر مەبەستت پۆستەکانی ئەمشەوە ئەوە هەڵەیت، مەگەر هەموو خەریکی ئەم کارە نین؟ دەی خەڵک لە ناو فەیسبووکدا چی دەکا؟ ئەمە نەکەن ئیتر دونیا بۆیان هیچ مانایەکی نامێنێ. منیش تەنیا حەزدەکەم سەیریان بکەم.

ـ گوێ بگرە ئێمە هاوڕێی کۆنین، لەمێژە یەکتر دەناسین. هەر لەو کاتەوە تۆ گەنجێکی تازە پێگەیشتوو بوویت هەتا ئەم ساتەوەختە. تۆ هەموو ژیانی گەورەساڵیت لە سەر من، لەسەر گلەیی، بونیاتنراوە. بۆ خۆتی لێ گێل دەکەی؟

ـ ئا ئەو ساڵانە وابوو. گلەییم زۆر بوو، هەر زۆر زۆر، لە بوون، لە گەردوون، لە خۆم، لە تۆ، لە ئەو، ئەسڵەن لەهەموو شتێکی ئەم دونیایە و بگرە ئەو دونیایەیش دیارە گەر هەبێ،... گلەیی لە خودا و لە ژیان و لە مردن؛ بەڵام ئیستا هەموو با بردنی، من و خۆم پێکەوە ماوینەتەوە... تەنیا تەنیا بەجووت؛ بە چ زمانێک بڵێم من گلەییم نەماوە.

ـ پێم وابێ ئالێرەدایە هەڵەدەکەی، کە خۆت لەگەڵ خۆتدا مابیتەوە مانای ئەوەیە دیسان کەسێک هەیە ببێتە هۆکاری گلەیی. رەنگە زیاتر لە جاران. پێت وانیە هەر ئەمەیشە دەتابەوە ناو کۆمپیوترەکەت؟

ماوەیەک بێدەنگی زاڵدەبێ. ئەوسا دەڵیم:

ـ ئەمەیان ئیتر عادەتە عادەت. خۆ ناکرێ شتێک پیاو عومرێک خووی پێگرتبێ و کتوپڕ وازی لێ بێنێ، بگرە رەنگە بۆ هەموو ساڵەکانی داهاتوویش پیاو هەر وا بژی، ئەمە شتێکی ترە.

گلەیی هەڵدەستێ. بە ناو ژوورەکەدا سووڕێک دەخوا و سەیری وێنەکانی سەر دیوارەکان دەکا. وێنە رەش و سپییەکان بە شیعری شاعیرەکانەوە، وێنەی پیاوە سیاسییە گەورەکان و وێنەی کۆڵبەرەکانی سەرسنوور و... .

ـ بەهەرحاڵ من هەر دێمەوە. یەعنی تۆ دەمهێنیتەوە. بۆیە هەرچی زووتر ئەم بارە لە سەر شانەکانی خۆت سووک کە!

ـ کام بارە؟

ـ ئیتر خەریکی دەبیتە ئەوانەی وا نایانەوێ بیسەلمێنن. ئەوەندە ئینکار مەبە!

ـ ئینکار نیم،... من تەنیا باوەڕم وەهایە کە دونیا عادەتە، یەعنی دەبێتە عادەت، وەک هەموو شتەکانی تر. کۆڵبەرەکان لەسەر سنوورەکان دەمرن، پیاوە سیاسییەکان لەسەری دەدوێن، شاعیرەکان فرمێسکی لەسەر هەڵدەڕێژن و ئەوسا پاش ماوەیەک وێنەکان دەبنەوە بە رەش و سپی. ئەو وێنە رەش و سپیانەی وا خەڵکی لایان وایە باشترین ساتەکانی ژیانیان بووە!

ـ خەریکە رۆژ دەبێتەوە، دەبێ بڕۆم. دیارە سبەی شەویش لێرەم. زیاتر قسەدەکەین.

ـ نا، تکایە ئیتر وازبێنە، مەیەوە،... قەت قەت!

پاڵدەکەومەوە و پەتووەکە دەدەمەوە بەسەر سەرمدا. وەک هەمیشە دەزانم ئەو پێش رۆیشتن بۆ ماوەیەکی تر دادەنیشێتەوە. گلەیی پەلەی نیە. پەتووەکە لادەدەمەوە و بە دەنگێکی مکوڕ دەلێم:

ـ من ئیتر گلەییم نەماوە، لەبەر ئەوەی بێسوودە. ساڵان من ئەمەم نەدەزانی، بەڵام ئیستا دەزانم. مەگەر تۆیش لە ماڵەوە سەیری کۆمپیوترەکەت ناکەی؟... مەگەر تۆیش بەردەوام سەیری وێنە و قسە دووپاتکراوەکان ناکەی؟

گلەیی وەڵام ناداتەوە. من دیسان پەتووەکە دەکێشمەوە بەسەر خۆمدا. دەزانم ئیتر کاتیەتی بڕوات. دەڕوات.

لە پاش چەند خولەکێک رادەبمەوە. پێکەنینم بە خۆم دێت. گەر هەموو شتێک دووپاتکردنەوەیەکی بێسوودە، بۆچی ئەو، گلەیی، وا نەبێ؟

کۆمپیوترەکەم لەژێر مۆبلەکەم دەهێنمەوە دەرەوە و، رۆشنی دەکەمەوە. من دەبێ وەک هەمیشە ئاگام لە دوواهەواڵ و لە دوواپۆستە بێسوودەکان بێت.

Relatert bilde  

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت