فەڕۆخ نێعمەتپوور

مانگ لەوە زیاتر تاریک هەڵنەگەڕا. پەڵەکە ئیستا دەکشایەوە کەم و کەمتر دەبووەوە. باوکم بۆ چەندەمین جار دراخی گۆڕی و ئەمجارە لوولەی تفەنگەکەی تەواو نزم کردەوە، رێک بۆ ناو کۆڵان بەرەو شوێنی دەروێشەکان. من کشامەوە و پاڵم بە دیوارەکەوە نا. بەسەرسووڕمانەوە لە باوکمم رووانی، بەڵام ئەو هەر ئاگایشی لە من نەبوو. سیرەی گرت.

 

مانگ گیران

فەڕۆخ نێعمەتپوور

جاران کە مانگ دەگیرا، نوێژی مانگ گیرانیان دەکرد، لە دوو رکەعاتدا، دیارە بە بێ بانگدان و بە بێ ئیقامە. نوێژکەرەکان خێرا لە مزگەوت کۆدەبوونەوە و، پاش نوێژ، دەستی دۆعایان بۆ ئاسمان هەڵدەبڕی.

هەر ئەمەیش نەبوو، دەروێشەکانیش کۆدەبوونەوە، لە کووچە و کۆڵان وەرێدەکەوتن و دەستیان دەکرد بە دەف لێدان و زیکرکردن، بەو قژە درێژ و ترسناکانەیانەوە کە هیچ منداڵێک نەیدەوێرا توخنیان کەوێ. ئەوان زیکریان دەکرد بۆ ئەوەی لەو ماوەیەی مانگ دەگیرا، ژیان و دونیا بە بێ زەرەر و زیان تێپەڕن.

دەستەی سێهەمیش هەبوو. منداڵانی گەڕەک! ئەوانیش خۆیان لەم ئەرکە بێ بەری نەدەکرد و بە لێدانی تەنەکە پووتی بیست کیلۆیی بەتاڵ لە ڕۆن، کە هەمیشە لەو ساڵانە لەم لاو لا دەستدەکەوت، بەشدارییان لە پرۆسەی ئازادکردنی مانگدا دەکرد. دیارە تەنیا تەنەکەی بیست کیلۆیی نەبوو، هەموو جۆرە تەنەکەیەکی تریش دەشیا، تەنیا بە مەرجێک بەتاڵ بووایە.

بە کورتی گەڕەک دەبوو بە بەزم و هەرایەک نەبێتەوە. دەروێشەکان نوقمی حاڵ و هەوای خۆیان و منداڵەکانیش رۆچووی هاڕەهاڕی تەنە ژەنگاوییەکان، خەڵکیش تیادەمانەوە کە گوێ بۆ کامیان رادێرن. بەم چەشنە مانگ سەرئەنجام ملی دەدا، لەژێر ئەو پەردە رەشەی دایدەپۆشی دەهاتە دەرەوە و خەڵکی ئاهیان بەبەردا دەهاتەوە.

دیارە بە خۆشییەوە هەمیشەیش گیرانی مانگ بە بێ زەرەر و زیان تێدەپەڕێ، سەرئەنجام دونیا وەک هەمیشە وەک خۆی دەمایەوە و روخساری گەشی مانگیش سەرلەنوێ خۆی پیشانی زەوی و خڵقەت دەدایەوە. من کە نەمدەزانی داخۆ نزاو تکای دەروێشەکان مانگیان رزگار کردووە، نوێژی بێدەنگی نوێژکەرانی ناو مزگەوت، یاخود تەنەکە کوتانی منداڵانی گەڕەک بیرم لەوە دەکردەوە داخۆ مانگ لەو سەرە دەبێ زیاتر گوێی لە کامیان بووبێ. سەیر ئەوە بوو لە کۆتاییدا هەمووشیان بە جۆرێک خەنی دەبوون. ئەم سێ دەستەیە هەر کامەیان لەلای خۆیانەوە پێیان وابوو ئەوا ئەوان بوون مانگیان رزگارکردووە (دیارە پێیان دەگوت مانگ بەردان یاخود بەردانی مانگ)، بۆیە کەس بە دڵ ئێشانەوە بەرەو ماڵەوە نەدەبووەوە. هەرچەند لەو سێ گروپە دوو گروپیان، واتە نوێژکەرەکان و زیکرکەرەکان، لە دەروونەوە پێکەنینیان بە منداڵەکان دەهات و بە گەمژەیان دەزانین. منداڵەکان بەپێچەوانەوە، نا. ئاخر غەیری ئەوە بوو دەنگی کوتانی تەنەکە لە بێدەنگی نوێژکەران و دەنگی ئاهەنگینی دەروێشە بەتەمەنەکان بەسامتر بوو و، باشتر دەیتوانی جنۆکەکان و رۆحە خەبیسەکانی ناو سروشت راماڵێ!

ساڵان گوزەران، تا کتوپڕ دونیا یەکجار گۆڕانی زۆری بەسەرداهات. دووای ئەوەی شۆڕشگێرەکان بە دەسەڵات گەیشتن و رژێمی کۆنیان بە یارمەتیی هێزێکی دەرەکی رووخان، دیسان کاتێک مانگ گیرایەوە وەک جاران هەندێ کەس بە بێدەنگی نوێژیان لە مزگەوتەکان کرد و، دەروێشەکانیش هەرچەند نەک بە هەمان رادەی جاران، بەڵام لێرە و لەوێ دەرکەوتنەوە و دەفیان لێدا و زکریان کرد. تا ئێرە دونیا هەمان دونیای جاران بوو؛ بەڵام دوو شت بە تەواوی لەگەڵیا گۆڕابوو: یەکەمیان ئەوەیکە منداڵانی گەڕەک چیتر وەک جاران تەنەکەیان نەدەکوتا (جا رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بوو وەک جاران تەنەکە دەست نەدەکەوت و بەپێچەوانەی ساڵانی زوو رۆن زیاتر لە دەبەی گەورە و بچووکی پلاستیکیدا دەفرۆشرا)، دووهەمیان ئەوەیکە لە هەر کووچە و کۆڵان و پشت بان و باڵکۆنێکەوە چەکەکان دەهاتنە دەرەوە و تەقەیان دەکرد و بە بێ هەدادان فیشەکیان بە ئاسماندا دەکرد. لام وایە هەر هەمووشیان لە مانگیان دەگرت! شٶڕشگێڕەکان کە پێکەنینیان بە دوواکەوتوویی و نەزانی و گەمژەیی مەلا و دەروێشەکاندا دەهاتەوە، بە سەربادانەوە، دراخ بە شوێن دراخدا بە ئاسمانیاندا دەکرد و جاری وایش بوو بەمە رازی نەدەبوون و کتوپڕ 'ئار پی جی'یەکیشیان تێبەردەدا. دەبوو بە حەشر و حەلەلایەک نەبێتەوە. دەبێ بڵێم بە داخەوە من بە هۆی ئەوەوە جوان شتم لەبیرنامێنی، نەمدەزانی داخۆ مانگ جاران زووتر بەردەبوو یان ئیستا، بەڵام لەیەک شت دڵنیا بووم ئەویش ئەوەیکە خەڵکی لە جیاتی ئەوەی لەم کاتانەدا سەیری مانگ بکەن لە فیشەکە گڕدارەکانیان دەڕوانی،... لە گڕی لوولەی تفەنگە شێتەکان کە نیگای ئەوانیان بێڕەحمانە بەرەو لای خۆیان دەقۆستەوە. بۆیە کەس بەجوانی ئاگای لەوە نەدەما کەی و چۆن مانگ رزگاری دەبوو و لە پشت ئەو دیوارە تاریکەوە وا بۆ ماوەیەک باڵی بەسەردا دەکێشا، نەجاتی دەهات.

ئاخر جار کە مانگ گیرا، هاوینی پار بوو. دیارە لەوە پێش لە هەواڵەکاندا باسی کرابوو، هەرچەند دایە مینەی دراوسێمان کە ژنێکی یەکجار میهرەبان و دڵسۆزە و کورێکێشی ساڵانی ساڵ لەوە پێش لە رووداوی هاتوچۆدا لەدەستدابوو، پێی وابوو ئەمەیش مەکرێکی تری کافرەکانی ئەم زەمانەیە بۆ ئەوەی بلێن لە کاری حەقتەعالا سەردەردێنن بۆ ئەوەی لە قودرەت و عەزەمەتی خوا خوانەخواستە کەم بکەنەوە. دونیا تاریک داهاتبوو و لە دووای نانخواردن لە ژوورەوە دانیشتبووین و سەیری تەلەفزیۆنمان دەکرد. باوکم کە یەکجار شانازی بە رابردوویەوە دەکا و هەمیشە کاتێک کە میوانمان دێ باسی سەردەمی چەکداری خۆی و بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتی پێشوو دەکا، هەر لە ئێوارەوە کاتێک هاتەوە ناردی دایکم هەفتاوپێنجییەکەی بۆ بێنێ و لە تەنیشت خۆیدا داینا و بە دیوارەکەوە هەڵیپەسارد. هەڵبەت کەمێکیش سەیری کرد و بە پەڕۆیەک جوان جوان خاوێنی کردەوە،... فیشەکەکانیشی بەجوانی ژمارد. بەمەیش رازی نەبوو و پاش کەمێک ورتەورت داوای لە دایکم کرد لە یەغانەکە چەند دراخی تریشی بۆ دەربێنێ. من کە نەمدەزانی هەواڵ چییە، لام وابوو ئەمشەویش میوانمان دێ و باوکم ئەمجارە دەیەوێ کاتێک بەسەرهاتی شەڕەکان و قارەمانییەتەکانی زووی خۆی دەگێڕیتەوە، چەکەکەیشی لە تەنیشتدا بێت بۆ ئەوەی دیمەنەکە زیندووتر و حیماسی تر بنوێنێ. من، هەر خەیاڵیشم بەلای گیرانی مانگدا نەدەچوو.

ئاگام لێبوو باوکم زووزوو سەیری کاتژمێرەکەی دەکرد، ملێکیشی دەکێشا و هەوڵیدەدا لە پەنجەرە کراوەکەوە سەیری ئاسمان بکا. لە دەرەوە هەوایەکی هاوینیی یەکجار خۆش هەبوو، بە مانگێکی تەواوەوە کە دونیای یەکجار رووناک کردبووەوە. زەوی هەناسەی دەدا و گەرمای تاقەت پڕوکێنی رۆژی بەکاوەخۆ لە خۆی دەکردەوە.

من کە بە دزییەوە جگەرەم دەکێشا، بۆ جگەرەکێشانێکی تر چوومە سەر باڵکۆنەکە، ئەو باڵکۆنەی بەسەر کۆڵانەکدا دەیڕوانی. هێشتا دوو نەفەسم لێنەدابوو، بینیم جەماعەتێک پیاوی دەف بەدەست لە تەنیشت ماڵەکەی ئێمە بە چەند خانوویەک بەولاترەوە لەبەر تاقە دووکانی گەڕەک لەژێر باڵکۆنێکدا راوەستاون. دەروێش بوون. دەروێشەکان بەدەم جگەرەکێشانەوە لەگەڵ یەکتر دەدوان و جاروبارەیش سەیری ئاسمانیان دەکرد. من کە سەرەتا نەمدزانی چ باسە، بەڵام دەستبەجێ هەموو شتێکم لا ئاشکرا بوو. منیش لەوێوە لەسەر باڵکۆنەکەوە سەیرێکی ئاسمانم کردوو و چوومەوە ژوور و بە دەنگی بەرز گوتم "خۆ ئەمشەو مانگ دەگیرێ!" باوکم بە سەرسوڕمانەوە بەلاچاو سەیرێکی کردم، وەک بڵێی دەیەوێ بڵێ لە بێخەبەران کەشکەک سەڵەوات!

دانیشتم. کابرایەکی سمێڵ قەیتانی لە ناو تەلەفزیۆنەکە خەریکی گۆرانی وتن بوو. حەجمینم نەبوو، چیتر خۆم نەگرت و هەستامەوە و چوومەوە سەر باڵکۆنەکە. دەروێشەکان هەر لەوێ بوون. کتوپڕ دایە مینەم بینی بە دۆلکەیەک ئاو و پەرداخێکەوە بەرەوڕوویان دەچێ. دەرویشەکان ئاویان خواردەوە و بەو شەوە جوانەی هاوین سوپاسیان کرد. دایە مینەیش بەگەرمی دۆعای بۆ کردن و داوای لە خودا کرد بە قوورەتی خۆی بیانپارێزێ و لە بەڵای دونیای فانی بەدوور رایانبگرێ.

کاتژمێر لە نۆ نزیک دەکەوتەوە. باوکم جووڵە جووڵێکی پێکەوت. هەستا، هەفتا و پێنجییەکەی هەڵگرت و چووە باڵکۆن. چوومە لای دایکم. گوتم ئەوە بۆ میوانەکان نەهاتن؟ گوتی میوانی چی! گوتم ئەی باوکم ئەو تفەنگەی بۆچییە؟ گوتی وەڵلا رۆڵە گیان منیش نازانم، ئیتر باوکتە!

لای خۆمەوە بیرم کردەوە کە بێگومان بۆ دڵنیایی لەوەی کاتێک مانگ دەگیرێ و دونیا تاریک دەبێ، هەڵیگرتووە. ئاخر کێ چووزانێ دزێک پیاوخراپێک خۆی بە ژوورەوەدا نەکا و شتێکی خراپ نەقەومێ. جگە لەمە باوکم دوژمندار بوو و، وەک بۆ خۆی دەیگوت پیاوە خراپەکانی رژیمی پێشوو بەردەوام سەرەڕای گۆڕانی دونیا هەر بەتەمای ئەوە بوون لە کوونێکەوە تۆڵەی لێبکەنەوە، دیارە لەبەر ئەوەی کاتی خۆی باوکم لە شەڕەکاندا پیاوی لێکوشتبوون. جا چ کوونێکیش لە کوونی سرووشت خراپتر، کاتێک هەموو خەڵکی ئاگایان لە کووچە و کۆڵان نامێنێ و، تەنیا نیگایان لەسەر ئاسمانە!

دایکم گوتی وەرە میوەم داناوە، باوکیشت بانگ کە وەرەن بیخۆن. گوتم دایە لە میوە گەڕێ، با مانگ گیران تەواو بێت، راستی دەرگای دەرەوەت جوان داخستووە، دایکم گوتی خەمم نەبێت و مشوری هەموو شتێکی خواردووە.

چوومە لای باوکم. خەریکی جگەرەکیشان بوو و هاوکات لەو جەماعەتەیشی دەڕوانی وا لەژێر باڵکۆنەکە کۆببوونەوە. گوتی:

ـ لەمێژبوو سەروکەلەیان دیارنەبوو،... پەیدابوونەوە!

ـ کێ؟

چەناکەی خستە سەریان و گوتی:

ـ ئەوانە ئیتر،... ئەوانە گەمژە!

ـ ئەها،... وەڵلا منیش لەمێژە نەمدیبوون، ئەڵێی ژمارەیان کەمبووەتەوە،...

ـ کەمبووەتەوە!... ئەمانە کەم نابنەوە، لە دووای شۆڕش ئیتر روویان نیە زۆر خۆیان دەرخەن، خۆیان دەشارنەوە، باویان نەماوە، خەڵکی ئیستا وشیارن و تێدەگەن، چیتر بە سەما و قژی درێژ و ژنانە و قسە قۆڕەکانیان هەڵناخەڵەتێن.

ئەوسا مژێکی وەها قووڵی لە جگەرەکەی دا کە تەواوی روخساری سوورهەڵگەڕا. گوتم:

ـ شاریش گەورە بووە، کەس کەس ئیتر ناناسێتەوە.

ـ جا ناسینەوەیان بۆچییە، کێ گوێیان دەداتێ،... جا راوەستە بزانە ئەمشەو چۆن حاڵییان دەکەم، وا دەماخیان دەگرم قەت لەبیریان نەچێتەوە!

من بە سەرسووڕمانەوە سەیری باوکمم کرد. لێی تێنەگەیشتم.  گوتم:

ـ باوکە لەمێژە مانگ نەگیراوە، بەحاڵ لەبیرم دێت، ئەو ساڵانە خۆشیش بوون، لەبیرتە! ساڵانی پێش شۆرش.

ـ خۆش بوو!... چی خۆش بوو؟

ـ ئەها منداڵ تەنەکەیان دەکوتا و دەروێشیش زیکریان دەکرد و...

ـ بەززیانەبێ!... بەوە دەڵێی خۆش بوو؟ ئاوا لە ژیان گەیشتووی؟ ئەوە سەردەمی خورافە و جاهلییەت و نەزانی بوو، حکومەت خەڵکی وا فێردەکرد بۆ ئەوەی نەزانن زانست و پێشکەوتن چییە.

دایکم لە ژوورەوە هاواری کرد:

ـ من زۆر ماندووم، دەچم دەخەوم.

کەسمان وەڵاممان نەدایەوە. میوەکانی کۆکردەوە و رۆیشت. باوکم هەروا جگەرەی دەکێشا، لە دەروێشەکانی دەڕوانی و جاروبارەیش چەکە قورسەکەی بە ئاستەم رادەوەشاند.

ناو کۆڵان بەرەبەرە خەڵکی تێدەهات. هەندێ لە دراوسێکان دەهاتنە بەردەرگا. دوو دوو و سێ سێ رادەوەستان و پێکەوە قسەیان دەکرد. بەر پەنجەرەکانیش سێبەرەکان پڕیان کردنەوە. ماتۆڕێک بەپەلە و بە دەنگێکی زلی ناخۆش لە کۆڵانەوە تێپەڕی. باوکم گوتی "حەک عەمرت نەمێنێ!" باوکم راستی دەکرد. دەنگی ماتۆڕەکە کەلەسەری دەسمی.

کتوپڕ هەرا پەیدابوو. لەشوێنێکەوە هاواریان کرد "مانگ گیرا!" سەرم بەرزکردەوە. لە قەراخەوە مانگ بەرەبەرە پەڵەیەکی رەش خەریکبوو دەیگرتەوە. ئەوەندەی پێنەچوو دەروێشەکان وەخۆکەوتن. ئەوانەی وا جگەرەیان بەدەستەوە بوو خێرا فڕێیاندان و کەوتنە دەف لێدان. کەمێک لە ژێر باڵکۆنەکە کشانە دەرەوە بۆ ناو کۆڵانەکە و لە کاتێکدا لە ئاسمانیان دەڕوانی دەستیان کرد بە خوێندن:

ـ اللە اللە یا اللە، حی اللە...!

باڵکۆنەکەمان گەورە بوو. باوکم لە دووای شۆرش ئەم خانووەی دروستکرد. خانووەکەمان لە ناو گەڕەکدا شاز بوو. بەسەر هەموو ماڵەکانی تردا دەمانڕوانی. باوکم چەکەکەی بەرزکردەوە، بەهەر دوو دەست گرتی و هەنگاوێک چووە پێشەوە. من کە نەمدەزانی خەریکی چییە و دەیەوێ چی بکا، نیگام لەسەر دەروێشەکان و مانگ هەڵگرت و لە باوکمم رووانی. ئەوەندەی پێنەچوو میلی هێنایەوە، لوولەی کڵاشیکۆفە مزەللیەکەی بەرەو ئاسمان کرد و دەستی بە پەلەپیتکەدا نا. دەنگی تەقەی بێ پسانەوە و گڕی بەهێز لەخۆ بێخۆی کردم، دەستم بە گوێکانمەوە گرت و سەرم داخست و کشامەوە. جەستەی باوکم چ سەمایەکی وردی دەکرد. ئەوانەی ناو کۆڵان سەرەتا کشانەوە ناو ماڵەکانیان، بەڵام دووبارە هاتنەوە دەرەوە. ئاگام لێبوو دەروێشەکانیش سەریان لێشێوا و لە زیکرکردن کەوتن، بەڵام زۆر خێرا وەخۆکەوتنەوە و دەستیان پێکردەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەژێر باڵکۆنی سەر تاقە دووکانی گەڕەکەکەدا.

ـ  زیکری دەروێشان زیکری اللەیە، پشتیوان دەرویشێ رسواللەیە...

چاوێکیشیان لە باڵکۆنەکەی ئێمە بوو. ئەوان کە قەت بیریان لەوە نەدەکردەوە بەتووش وەها بەزمێکەوە بن، هەوڵیاندا زیاتر دەنگ بەرزبکەنەوە.

ـ پشتیوانەکەت رسواللە بێت...

ئەوەندەی پێنەچوو کە دەنگی تەقە لە هەموو شوێنێکەوە بەرزبووەوە. باوکم هەر ئەمەی بینی یەکجار خۆشحاڵ بوو. ئەمجارە کڵاشینکۆفەکەی بەرزتر گرت و لەگەڵیشیا نەراندی. مانگ تا دەهات تاریکیتر دەبوو. گوێم لە دەنگی قیژەی دایکم لە ژوورەوە بوو.

ـ ئیستا ئەم کەرانە بێدەنگ دەکەم،... هەر ئیستاکە، سەردەمی ئەوە بەسەرچوو مانگ بە دەف و گۆرانی کەری وا رزگاری بێ،...

دەنگی تەقە ئەوەندە زۆر بوو کە من بە زەحمەت گوێم لە دەنگی دەروێشەکان بوو. بەڵام لە بەیندا شتێک هەر دەهاتە گوێ:

ـ جەلال و جەلال شای جەلالانی...

دەروێشەکانی زیاتر لەیەکتر نزیک ببوونەوە و دەڵێی سەریشیان کزتر راگرتبوو. هەفتاوپێنجییەکەی باوکم گەییە ئاخر. باوکم لەبەر خۆیەوە جوێنێکی دا. بەسەرما گوڕاندی بچم خەشابەکانی تری بۆ بێنم. فیشکە گڕدارەکان ئاسمانیان دڕپێدەدا. ناوەناوەیش دەنگی تەقینەوە گەورەکان دەنگی فیشەکەکانیان دەشاردەوە. ئاسمانی شار روون ببووەوە.

دایکم بەسەری خۆیدا دەکێشا و هاواری دەکرد هەر ئەمەمان کەم بوو، لەگەڵ ئەوەیش چەند جارێ ویستی نەهێڵێ بچمەوە باڵکۆنەکە. بەڵام من  دراخەکانم فریای باوکم خست. باوکم گۆڕینی و دەستی کردەوە بە تەقە. دەروێشەکان راهاتبوون، چیتر سەیری ئێمەیان نەدەکرد و بە زیکری خۆیان و تەماشای مانگەوە سەرقاڵبوون کە ئیستا لایەکی تەواو تاریک ببوو. زیکر، دەنگی دلێرتر ببوو. یەک تاقە کەس چییە نەک تەنیا بە دەوری دەروێشەکانەوە نەبوو، بەڵکو هەر هەموویان بە تەقەی تفەنگەکانەوە سەرقاڵ بوون. باوکم ئەمەی دەبینی و یەکجار خۆشحاڵ بوو، بەڵام بوونی دەروێشەکان بەردەوام ئازاری دەدا.

ـ اللە اللە یا اللە، حی اللە...!

ـ ئیستا اللە اللەیەکتان حاڵی بکەم قەت لە بیرتان نەچێتەوە!

قاپۆڕی فیشەکەکان هەندێکیان لەسەر باڵکۆنەکە دەکەوتن و هەندێکی تریان دەکەوتنە خوارەوە بۆ ناو کۆڵانەکە. فیشەکەکانی باوکم، نوێترین فیشەکەکانی دونیا بوون. وەک بۆخۆی دەیگوت لەسەردەمی خەباتیشی دا نەیهێڵاوە یەک فیشەکی چییە ژەنگ هەڵبێنێ.

نازانم داخۆ خەڵک ئیستا لە مزگەوت نوێژی مانگ گیرانیان دەکرد یان نا، بەڵام گوێم لە دەنگی هیچ تەنەکەکوتانێک نەبوو. سەرم وەرگێڕا، دایکم لە کاتێکدا روومەتی خۆی دەڕنی خۆی بە ژوورەکانی تردا کردەوە.

باوکم سەری تفەنگەکەی نزمتر کردەوە. فیشەکەکان ئەمجارە نەک بەرەو ئاسمان بەڵکو بەسەر بانەکاندا دەکشان و لەوبەر دونیا وندەبوون. دەنگی تەقە هەتا دەهات گەرم و گەرمتر دەبوو. دەروێشەکان لەیەکتر نزیکتر ببوونەوە و لە دایرەیەکدا کە دروستیان کردبوو سەریان بە سەری یەکترەوە نابوو و هەتا دەیانتوانی زیاتر دەنگیان هەڵدەبڕی. وەک بڵێی دەیانویست هەرچۆنێک بێت وەک ساڵی ساڵان دەنگیان بگاتەوە مانگ. ئەمە ئیتر گاڵتەی پێنەدەکرا، لە دەنگی تەنەکە پووتەکان یەکجار جیاوازتر بوو.

ـ  جەلال و جەلال شای جەلالانی...

مانگ لەوە زیاتر تاریک هەڵنەگەڕا. پەڵەکە ئیستا دەکشایەوە کەم و کەمتر دەبووەوە. باوکم بۆ چەندەمین جار دراخی گۆڕی و ئەمجارە لوولەی تفەنگەکەی تەواو نزم کردەوە، رێک بۆ ناو کۆڵان بەرەو شوێنی دەروێشەکان. من کشامەوە و پاڵم بە دیوارەکەوە نا. بەسەرسووڕمانەوە لە باوکمم رووانی، بەڵام ئەو هەر ئاگایشی لە من نەبوو. سیرەی گرت. چەند فیشەکێکی بە دانە تەقاند. دەروێشەکان کە تەواو سەریان بە کاری خۆیانەوە گەرم بوو، سەرەتا لە دۆخەکە نەگەیشتن، بەڵام ئەوەندەی پێنەچوو جووڵەجووڵیان تێکەوت و بە نیگەرانییەوە لە دەورووبەری خۆیانیان رووانی. زیاتر بەرەو ژێر باڵکۆنەکە جووڵان. باوکم یەک دووانێکی تریشی تێگرتن. دوو دانە لە دەروێشەکان وازیان لە دەفکوتان هێنا و خۆیان بە دووکانەکەوە نووساند. ئەوانی تر لە کاتێکدا چاویان بە دەورووبەریاندا دەگێڕا لە زیکر بەردەوام بوون. ریزیان شێواو. ئەمجارە فیشەکەکانی باوکم رێک لەبەردەمیاندا دەکەوتە سەر زەوی. تەپ و تۆز بەرزبووەوە. یەکێک لە دەروێشەکان کە لەوانی تر گەنجتر بوو زریکاندی و رایکرد. باوکم لەبەر خۆیەوە چەند جوێنێکی حەواڵە کردن. چەند زرمەی ترسناکی تر هەوایان دڕدا. چەند ژنێک قیژاندیان. سێبەری پشت پەنجەرەکان نەوی بوونەوە. مانگ هێشتا مابووی، تەواو بەرنەببوو. ناو باڵکۆنەکە پڕی قاپوڕەفیشەک بوو. باوکم نەوییە سەر چۆکێکی. بەرپێی دەروێشەکان خۆڵ کەوتبووە سەما. سەرئەنجام یەکیان چاوی بە ئێمە کەوت، بە باوکم. هاواری لەوانی تر کرد و بە راستە کۆڵانەکەدا کەوتنە راکردن. ئاگام لێبوو هەتا لەچاوونبوون، باوکم هەر فیشەکی تێگرتن.

مانگ بەربوو. تەقەکان بەرەبەرە کەمدەبوونەوە. سێبەری پشت پەنجەرەکان بزربوون و، تاق و تەرا خەڵک لە کۆڵان مابوونەوە. باوکم کە ئێستاکە چەکەکەی دانابوو، جگەرەیەکی تری سەرفرازانە داگیرساند و نەفەسێکی قووڵی لێدا و لە ئاسمانی رووانی. مانگ گەش گەش بە تاقی ئاسمانەوە خەریکی سووڕی هەمیشەیی خۆی بوو. بەرببوو.

باوکم دەڵێ ئیتر سەردەمی گیرانی مانگیش وەک سەردەمی کۆن بەسەرچووە،... بۆ هەمیشە.

Bilderesultat for ‫ماە گرفتگی‬‎