لەتیف بێوار
ئه‌وه‌ی لێره‌دا باسی لێده‌که‌ین دیارده‌ی ره‌شبینی ئه‌دیب و شاعیر‌و نووسه‌رانی کورده‌و گه‌ر به وردی سه‌رنجی نووسین و به‌رهه‌مه‌کانی زۆریان بده‌ین ده‌بینین نه‌ك ئه‌و جۆره له نووسین هیچ داهێنانێکی ئه‌ده‌بی تیا نییه، به‌ڵکو دژی پره‌نسیپه‌کانی مرۆڤایه‌تی ده‌وه‌ستێته‌وه که جوڵاندنی هه‌ستی خوێنه‌ره تا بیر له خۆکوشتن بکاته‌وه.
یه‌کێتی و پارتی سه‌رچاوه‌ی ره‌شبینییه‌کانی ئه‌دیبانن
له‌تیف بێوار
سروشتی مرۆڤ به جۆرێکه حه‌ز له ژیان ده‌کات، هه‌رچه‌نده وه‌ك پێویست هیواکانی نه‌هاتبێتنه دی، به‌ڵام کاتێك بۆ وێنه مه‌ترسییه‌ك به لایدا تێپه‌ڕبێت یان ده‌نگێکی گه‌وره ببیستێت به شێوه‌یه‌کی لائیرادیی راده‌چڵه‌کێ و به جۆرێك له جۆره‌کان خۆی گرمۆڵه ده‌کات یان خۆی لاده‌دا. ئه‌م غه‌ریزه‌یه‌ش نه‌ك به‌س له مرۆڤ به‌ڵکو له زینده‌وه‌رو گیانه‌وه‌ره‌کانی تریشدا هه‌یه، گه‌ر له بیرتان مابێت هه‌ندێکجار له ته‌مه‌نی منداڵیشدا وه‌ك شۆخییكردنێك به‌یه‌کترمان ده‌گوت ده‌ست به‌ره‌و رووی ده‌موچاوت به‌رز ده‌که‌مه‌وه گه‌ر ئازای چاو مه‌تروکێنه، ئه‌مه کاردانه‌وه‌یه‌کی سروشتی و فه‌سله‌جی پێکهاته‌ی بوونی مرۆڤه، به‌ڵام ناکرێت بڵێین مرۆڤ له ژیانیدا نیگه‌ران نابێت و خه‌مبار نابێت، به‌ڵکو ژیان به هه‌ردوو دیوه‌که‌یدا ته‌واوکاری یه‌ك مانای راسته‌قینه‌ی واقیعی ژینه، به‌ڵام گه‌ر قسه له‌سه‌ر (خه‌مۆکیی) و باره نائاساییه‌که‌ی خه‌مباری بکه‌ین ئه‌وا ئه‌مه ده‌ستنیشانکردنی حاڵه‌تێکی نه‌خۆشی ده‌روونییه که له ئاکامی زۆر هۆکاری جۆراوجۆری ناوه‌کی و ده‌ره‌کییه‌وه دروست ده‌بێت که له‌م گوتاره‌دا جێی نابێته‌وه باسی بکه‌ین و کرۆکی مه‌سه‌له‌که‌ی ئێمه‌ش ئه‌وه نییه.
خۆ ئه‌مه راسته که مردن ئه‌سڵه له ژیانی مرۆڤدا، نه‌ك ژیان؛ چونکه ژیان زۆر خێرا ده‌بڕێته‌و خو هه‌ر وه‌ك خه‌ون و خه‌یاڵێک وایه له سه‌رجه‌میدا. هه‌یه نه‌ك ناگاته ته‌مه‌نی پیریی، به‌ڵکو له ته‌مه‌نێکی زۆر لاوی‌دا یان له منداڵی‌دا ده‌مرێت. به زمانی دنیایی ئـێمه ئه‌مه به خه‌ساره‌ت و له‌ده‌ستدانێکی گه‌وره داده‌نێین، به‌ڵام ئایا که‌سه‌که‌ش هه‌ر وایه‌و دۆخی له‌و ناله‌باریه‌دایه که ئێمه به‌و شێوه‌یه شینی بۆ ده‌که‌ین. به‌ڵێ ژیانی (گیان) بڕانه‌وه‌ی بۆ نییه‌و ناشزانین له کوێوه هاتووه، ئه‌مه نهێنییه‌که که زانست تا ئێستا به ته‌واوی په‌ی پێ نه‌بردووه‌و ره‌نگه له توانای هه‌زمکردنی تێگه‌شتنی ئێمه‌ی مرۆڤدا نه‌بێت له‌م دۆخه‌ی ئێستادا، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بوونی نییه، به‌ڵکو له‌به‌ر سنووردراویی توانا‌و لێکدانه‌وه‌و په‌ی پێ‌بردنی لاوازی ئێمه وه‌ك مرۆڤ له‌م گه‌ردوونه فراوان و پڕ نهێنییه‌دا که پڕه له هه‌ساره‌و ئه‌ستێره‌و کۆمه‌ڵه خۆری تر‌و بوونه‌وه‌رانی جۆراوجۆری دی. ئێمه هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌توانین بڵێین که گیان بریتییه له جۆرێك وزه‌ی تایبه‌ت، نموونه‌ی جه‌سه‌دێك گیانی تیا نه‌مابێت و له‌شێك گیانی تیا بێت وه‌کو ئه‌و دوو وایه‌ری کاره‌با وایه، که یه‌کێکیان وزه‌ی تێدایه‌و گڵۆپ داده‌گیرسێنێت، ئه‌وی تریان وزه‌ی تیا نییه‌و هیچ گڵۆپێك هه‌ڵناکات، خۆ له باری فیسیۆلۆجیدا هه‌ردووکیان وایه‌رن و شێوه‌شیان وه‌ك یه‌که.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا باسی لێوه ده‌که‌ین دیارده‌ی ره‌شبینی ئه‌دیب و شاعیر‌و نووسه‌رانی کورده‌و گه‌ر به وردی سه‌رنجی نووسین و به‌رهه‌مه‌کانی زۆریان بده‌ین ده‌بینین نه‌ك ئه‌و جۆره له نووسین هیچ داهێنانێکی ئه‌ده‌بی تیا نییه، به‌ڵکو دژی پره‌نسیپه‌کانی مرۆڤایه‌تی ده‌وه‌ستێته‌وه که جوڵاندنی هه‌ستی خوێنه‌ره تا بیر له خۆکوشتن بکاته‌وه. جا ده‌کرێت لێره‌دا بپرسین ئایا چ جیاوازییه‌ك هه‌یه له نێوان کوشتنی که‌سێك و کوشتنی خوددا، ئایا هه‌ردووکیان هه‌ر تاوانی کوشتن نین؟ ئه‌گه‌ر بۆ نموونه ئه‌و نووسه‌رانه‌ش خۆیان به شوێنکه‌وته‌ی هزرو فه‌لسه‌فه‌ی وجودی دابنێن ئه‌وا کاتێك مێژووی ژیانی (ئه‌لبێر کامۆ) ده‌خوێنینه‌وه‌و ده‌بینین خۆی نه‌کوشت، به‌ڵکو له 4/1/1960 دا به کاره‌ساتی ئوتومبێل له ته‌مه‌نی ٤٦ ساڵیدا له نزیك گوندی (ڤیلیبلیڤن) کۆچی دوایی کرد.
ئه‌گه‌ر له وڵاتێکی وه‌ك فینلاند ڕێژه‌ی خۆکوشتن زۆر بێت ره‌نگه باری پتر به‌وه راڤه بکرێت که نه‌بوونی تیشکی خۆری پێویست داده‌نرێت به سه‌رچاوه‌یه‌کی کاریگه‌ر به تووش بوون به خه‌مۆکی، یان له هه‌ندێك وڵاتی سه‌رمایه‌داریدا به هۆی بۆشایی گیانیی لێکبدرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌ی ئایا ئه‌و پرسیاره‌مان کردووه هۆی ته‌شه‌نه‌کردنی ئه‌م دیارده‌یه‌و به‌کارهێنانی له لایه‌ن زۆر له ئه‌دیب و شاعیرانی کورده‌وه به تایبه‌تی (نه‌وه‌ی نوێ)ی نووسه‌ران ده‌بێت هۆکه‌ی چی بێت؟ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی که چاویان کردووه‌ته‌وه هه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یان بینیوه، یان له خودی ئه‌و زه‌مه‌نی ده‌سه‌لاته‌دا له دایك بوون. ئایا هۆکه‌ی نه‌زانینه؟ یان چاولێکه‌ریی؟ یاخود نه‌خێر هه‌ر له واقیعدا زه‌مینه‌ی ئه‌و ره‌شبینییه له ئارادایه‌و هۆکارێکی زۆر کاریگه‌ره بۆ بێهیوابوون و بن به‌ستبوونی حه‌زی ژیان لای مرۆڤه‌کان و ئاواتخواستن به مردن و تاووتوێ کردنی ئه‌م بابه‌ته له نووسینه‌کانیاندا، له‌و بڕوایه‌دام مرۆڤی داهێنه‌ر بیر له‌م خاڵه ناکاته‌وه چونکه زۆریان ماوه بۆ ئه‌وه‌ی پێیانه بیبه‌خشن و داهێنانی تێدا بکه‌نه‌وه، که‌واته وه‌ختی زیاتریان پێویسته بۆ ژیانکردن نه‌ك کۆتایی پێهێنانی ژیانیان له لایه‌ن خۆیانه‌وه به ده‌ستی خۆیان!
راسته من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام به‌شێك له‌وانه‌ی ئه‌م بابه‌ته باڵ ده‌کێشێت به‌سه‌ر نووسینه‌کانیاندا هۆکاره‌که‌ی چاولێکه‌رییه، ئیتر کارمان به‌وه نییه له ژیانی رۆژانه‌یاندا ئاوهان یان نا، به‌شێکی تریشیان سه‌رچاوه‌که‌ی نه‌زانین و جه‌هله چونکه ئێستا زۆربه‌ی شته‌کان بوونه‌ته رووکه‌ش و ئه‌وانه‌ی تێگه‌شتوو بوون و نووسه‌ری باش بوون به‌شێکیان کۆچی دواییان کرد و که‌س نییه شوێنیان پڕ بکاته‌وه، له‌ولاشه‌وه گه‌ر دیقه‌ت له واقیعی ژیانی تاکه‌کانی کورد بده‌ین له کوردستانی باشوور ده‌بینین هیچ فه‌زایه‌کی ژیانکردنی سروشتیی بۆ مرۆڤه‌کان فه‌راهه‌م نه‌هێنراوه‌و به‌ڵکو سته‌م و نه‌بوونی یاسا‌و ڕیزنه‌گرتن له بوون و مافه‌کانی تاك له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه له ماوه‌ی ٢٩ ساڵی حوکمی مافیاییاندا بووه‌ته دیارده‌یه‌کی ئاسایی رۆژانه‌و خه‌ڵك راهاتوون له‌سه‌ر ئه‌و حوکمه قه‌ره‌قوشییه سه‌رمایه‌داری و بازرگانییه‌ی به‌ناوی سیاسه‌ته‌وه جێبه‌جێی ده‌که‌ن و به زۆر خۆیان سه‌پاندووه به‌سه‌ر سنگی میلله‌تدا، به‌ڵام کاتێك تاکی کوردی باشوور ده‌چێته بچووکترین گوندی وڵاتانی دراوسێ ده‌بینێت له‌وێ ٢٤ سه‌عات ئاو و کاره‌باو غاز‌و خزمه‌تگوزاریی ڕێگاوبان و ته‌له‌فۆن فه‌راهه‌م کراوه، له‌ولاشه‌وه کارمه‌ندانی فه‌رمانگه‌کان هه‌موو مانگێك له‌کاتی خۆیدا موچه وه‌رده‌گرن و به‌هۆیه‌وه سه‌قامگیریی بازاڕ‌و گوزه‌رانی خه‌ڵك و یاسا دێته دی هه‌رچه‌نده گه‌مارۆی ئابووریش له‌سه‌ریان جێبه‌جێکراوه، که‌چی لای خۆمان دوو حیزبی ده‌سه‌ڵات ماوه‌ی ٦ ساڵه مه‌سه‌له‌ی قه‌یرانی داراییان قۆسته‌وه‌و ده‌ستیان له بینی میلله‌ت گیرکردوه، زۆرینه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ش رازی بووه به‌و واقیعه ناله‌باره، ببینن چ سوکایه‌تییه‌ك به تاکی کورد ده‌که‌ن؛ ناوچه‌ی وا هه‌یه چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له دووریانه‌وه نه‌وتی ژێرخاكی باوباپیرانییان ده‌رده‌هێنرێت و ره‌وانه‌ی بازاڕه‌کانی جیهان ده‌کرێت و هه‌ر به‌رمیلێك به شەست دۆلار ده‌فرۆشرێت، که‌چی هاوڵاتی داماوی بێ موچه‌و بێکار ده‌بێت له بازاڕی شاره‌که‌ی خۆیدا به ١٢٠ دۆلار بیکڕێت! که‌چی مه‌سئوله حیزبییه‌کان ئاماده‌ن خانوویه‌ك له ولاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ئه‌ندامێکی پله دووی خێزانه‌که‌یان به چل ملێۆن دۆلار بکڕن، هه‌رچه‌نده ئه‌و خانووه چۆڵیش بێت و که‌سی تیا ناژی بۆمان هه‌یه بپرسین به پاره‌ی کێ کڕدرا! ئه‌م نموونانه‌و هه‌موو نموونه هاوشێوه‌کانی ئه‌م حوکمه عه‌شایه‌رییه وای له زۆربه‌ی نووسه‌رانی کورد کردووه -وه‌کو تاکێك له‌و کۆمه‌ڵگایه‌داو قوربانییه‌کی ئه‌و زوڵمه- هیچ هیوایه‌کیان به گۆڕانکاریی و پێشکه‌وتن و رزگاربوون نه‌بێت، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هۆیه بۆ ره‌شبینی نووسه‌رانی کورد، له لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌و به‌شه‌ی له خه‌ڵك که ئاستی تێگه‌شتنی لاوازه ره‌نگه مێش میوانی نه‌بێت، ئه‌وانه‌ش که قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستن به‌شێکی باشیان به هۆی موچه‌و مه‌سڵه‌حه‌ته‌که‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو خێڵه‌دا قڕوقه‌پیان لێکردووه‌و له هه‌ندێك حاڵه‌تدا ده‌بنه مقاش و بگره چه‌په‌رێکی به‌دره‌فتاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته مافیایه بۆ پاکتاوکردنی هزرمه‌ندان و چالاکوانان و خاوه‌نانی بیری جیاواز به قێزه‌ونترین و سادییترین شێوه‌ی پاکتاوکردن.
ئه‌وه‌ی له کوردستانی باشوور له بێ یاسایی و که‌ربازاڕیی ده‌گوزه‌رێت ئه‌وا له هیچ شوێنێکی دواکه‌وتووی دنیادا ناگوزه‌رێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ره‌نگه ئه‌وه بێت پایه‌و حه‌قمان له ئه‌نجامی ئه‌و هه‌موو زوڵم و زۆر‌و فێڵ و قوڵبڕین و چاڵانه‌ی بۆیه‌کتری هه‌ڵده‌که‌نین و ملی یه‌کتری ده‌شکێنین.
که‌واته شاعیر که که‌سێکی هه‌ستناسکه و ناتوانێت ئازاری هیچ له بوونه‌وه‌ره‌کان و سروشتیش بدات له وزه‌یدا نییه دژی ده‌سه‌ڵاتێکی زاڵم بوه‌ستێت و هێز به‌کاربێنێت، بۆیه شاعیر هه‌ر خۆی ده‌خواته‌وه‌و قه‌ڵه‌مه‌که‌ی شك ده‌بات، بۆیه ده‌بینین له لایه‌نه سایکۆلۆژییه‌که‌وه شاعیر روخاوه له هیوابوون به دواڕۆژ له سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هیچ ئامانجێکی بۆ میلله‌ت نییه و هیچیش هه‌وڵی بۆ نه‌دراوه، به‌ڵکو ئێستاشی لەگه‌ڵدا بێت سه‌رانی پارته کوردیه‌کان هه‌ر به عه‌قڵییه‌تی شاخ بیر ده‌که‌نه‌وه نه‌ك به‌رپرسیارێتی حوکداریی، بۆیه تاك هه‌ست به رووخانی ناوه‌کی ده‌کات کاتێك له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌ره‌س دوای هه‌ره‌س به‌رهه‌م هات و هه‌موو خه‌ونانەی شاعیر وه‌ك تاك تاوانه‌وه، هه‌ربۆ نموونه:
١ـ تاکی کورد له باشوور له‌سایه‌ی ئه‌و دوو حیزبه‌ی ده‌سه‌ڵات تووشی قه‌یرانی ناسنامه بوونه.
٢ـ ئه‌و دوو حیزبه هیچ که‌سایه‌تییه‌کی مه‌عنه‌وی بۆ تاکی کورد به‌رهه‌م نه‌هێناوه جگه له پاشکۆیه‌تی هێزه ناوچه‌ییه‌کانی وه‌کو ئێران و تورکیا.
٣ـ بوونی تاك به بێ ئینتیمای حیزب له ده‌ره‌وه‌ی بوون و رووداوه‌کاندایه‌و ته‌نانه‌ت له هه‌موو مافێك بێ به‌ش ده‌بێ، به‌و مانایه‌ی ئه‌و تاکه‌ی بڕوانامه‌داره‌و هێزی کاری شایسته‌و تواناداره له‌کارو به‌رهه‌م به‌شدار نابێت هه‌رچه‌نده هیچ به‌رهه‌م و بنخانێکی ئابووری له‌ئارادانییه‌و بنیات نه‌نراوه.
ئیتر هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆکارێکه وا له‌شاعیرێکی ئه‌و دۆخه بکات که هێنده‌ی چاوی کردووه‌ته‌وه هه‌ر ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی سه‌رکورسی بینیوه‌و تاڵاوی ئه‌زموونی سه‌قه‌تی ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ی چه‌شتووه که قه‌سیده‌یه‌کی مه‌رگئامێزی وا بنووسێت هیچ جێگه‌ی لێکدانه‌وه‌ی تیا نه‌بێته‌وه جگه له‌و راڤه‌یه‌ی له‌سه‌ره‌وه پێمان‌دا، سێ پارچه‌ی ئه‌و شیعره‌مان وه‌رگرت له‌سه‌ره‌تاو له ناوه‌ڕاست و له کۆتاییدا که هه‌رسێکیان ئاماژه‌ی ئه‌و حه‌قیقه‌ته تاڵه‌مان بۆ ده‌که‌ن بێ ئه‌وه‌ی خوێنه‌رێك یان نووسه‌رێك هه‌ستابێت به شیکردنه‌وه‌و لێدوان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌سته چڕه‌ی خۆکوشتن که له‌م شیعره‌دایه و چ هۆکارێک له پشته‌وه‌یه‌تی:
١ـ خۆت بۆ كوشتنى سه‌رى بڵندم ئه‌زيه‌ت مه‌ده
هيچ كه‌سێك به مردنى منه‌وه سه‌رقاڵ مه‌كه
.
٢ـ من پياوێكى ترسنۆك نيم!
غيره‌تى ئه‌وه‌م هه‌يه:
گوللـه‌يه‌ك له دڵمدا بچه‌قێنم
تا چرۆى خوێن ده‌ر بكات
.
٣ـ گوللـه‌ى خۆم،
يه‌كسانه به مه‌رگى خۆم!
ته‌نانه‌ت ئه‌و شیعر‌و ئه‌ده‌بیاته‌ی تاوتوێی ئه‌و مه‌سه‌له‌ی خۆکوشتنه ده‌که‌ن زۆر راشکاوانه قوربانی ده‌ده‌ن به باره‌کانی ئیستاتیکاو لایه‌نه هونه‌ریه‌کانی رشته ئه‌ده‌بییه‌کانیان له پێناوی گه‌یاندنی خاڵی مه‌به‌ستدا، چونکه ئه‌و مه‌به‌سته ده‌بێت روون بێت و هه‌موو خوێنه‌ران لێی تێبگه‌ن، وابزانم پێویست به هێنانه‌وه‌ی نموونه‌ی زۆر ناکات؛ ئه‌وه‌نده به‌سه وێنه‌یه‌کی تر بهێنینه‌وه و ببینین که چۆن شاعیر راسته‌وخۆ جۆری مردن بۆ خوێنه‌ران دیاری ده‌کات که ده‌بێت خۆیان بکوژن تا له‌دایك ببن، خۆ گه‌ر ئه‌و وشه‌ی مردنی به‌کاربهێنایه له جیگای خۆکوشتندا ئه‌وا زۆر ماناکه به‌رفراوانتر و گشتگیرترو ره‌نگه راستتریش ده‌ربچووایه کاتێك له قه‌سیده‌ی (پێویسته خۆت بکوژیت)دا ده‌ڵێت:
بۆ ئه‌وه‌ی له‌دایک بیت…
ئه‌وانه‌ی خۆیان نه‌کوشتووه هێشتا له‌دایك نه‌بوون….
با به پرسیارێکی ویژدانیی کۆتایی به‌م نووسینه بهێنین و ئاراسته‌ی هه‌مووانی بکه‌ین که گه‌ر خوێنده‌واری ماندووی ده‌ستی چه‌وساندنه‌وه جۆراوجۆره‌کانی ده‌سه‌ڵاتێکی خێڵه‌کی و فاشیل و دواکه‌وتووی ئاوها، به‌رهه‌مێکی له‌م جۆره له کۆمه‌ڵگایه‌کی بێ سه‌روبه‌ره‌دا بخوێنێته‌وه له ئاکامدا چی لێ سه‌وز ده‌بێت؟!