لە فارسییەوە: شاهۆ حەسەنپوور

مەرگ بە ساردی سپاسی کرد و جارێکی دیکە ملی رێگای گرتەوە. بەدەم رۆیشتنەوە دەیڕوانییە کێڵگەکان، بەڵام کەسی نەدەدی. تەنیا لەکلەکەکان دیاربوون. ئەوجار پرچەکانی لە ژێر کڵاوەکە دەرهێنا و بە توورەییەوە گوتی: "پیرێژنەی سیحرباز لە کوێ خۆت شاردۆتەوە؟" و بە بێ ئەوەی بزانێ بەرەو کوێ دەروا هەنگاوی دەنان.

 

گەڕانی مەرگ

ئونیلیو خورخە کاردۆسۆ

لە فارسییەوە: شاهۆ حەسەنپوور

 

مەرگ: "بەیانیتان باش!" خەڵکەکە جوابیان ئەستاندەوە. لەبەرئەوەی پرچەکانی خستبووە ژێر کڵاوەکەی و دەستەکانی لە گیرفانی نابوو، خەڵکەکە نەیانناسییەوە.

ـ هیوادارم کاتم نەگرتبن، ئەگەر ماڵی خاتوو فرانسیسکام پێنیشان بدەن، زۆرسپاستان دەکەم. کەسێک بە پەنجە ئەستوورە لادێیەکانی ئاماژەی کرد. ئەو قامیشەڵانە بەرزە دەبینی کە با بەم لا و ئەلای دادەدا، ئەها کوێرەرێگایەک بەرەو تەپۆلکەکە دیارە، ماڵی فرانسیسکا راست لە سەر ئەو تەپۆلکەیەیە.

مەرگ لەبەر خۆیەوە: "کارەکەم تەواودەکەم". دوای سپاسکردن لە خەڵکەکە وەرێکەوت.  

بەرەبەیانی ئەو رۆژە ئاسمان ساماڵ بوو و خۆر دەدرەوشایەوە. کاتێ مەڕی ئاواییەکە لە دێ وەدەرکەوت، چاوی لە کاتژمێرەکەی دەستی کرد، کاتژمێر حەوتی بەیانی بوو. ئەو دەبوو هەتا یەک و چارەگی دوای نیوەڕۆ کۆتای بە ژیانی خاتوو فرانسیسکا هێنابا.

ـ مەرگ بەدڵخۆشییەوە: "ئەمڕۆ زۆر پڕکار نیم و تەنیا یەک کارم هەیە بەجێی بگەیەنم."

پاشان بە نێو گوڵ و گوڵزاری دەشتەکە کە شەونمی لەسەرکەتبوو، کەوتەڕێ. مانگی گەلاوێژ بوو و باران بێ پسانەوە باریبووە سەر تۆوە تازە چێنراوەکان و ،چیدی ماوەی نەدابوون لە ژێر گڵەکە وەمێنن و لە تیشکی خۆر بێبەش بن. لە نێو قامیشەڵانەکانی قامیشی شەکر تاقە قامیشێکت نەدەدی زەردبووبێت، ئەو دەڤەرە پڕ بوو لە بۆنی ژیان.

بە نێو جادە ورێگەکاندا مەرگ درێژەی بە رێگاکە دا هەتا گەیشتە ماڵی فرانسیسکا. لە بەر دەرگاکە تووشی منداڵێک بوو.

ـ "بمبوورە دەمەوێ فرانسیسکا ببینم." دەگەڵ ئەوەیدا پرچی مەرگ لە بن کڵاوەکەیدا شاردرابووەوە و دەستەکانی هەروا لە گیفانی دا بوون، بەڵام نەوەی قژ زەردی فرانسیسکا لە هەیبەتی ترسا و گوتی: داپیرەم لە بەیانییەوە وەدەر کەوتووە.

ـ کەی دەگەرێتەوە؟
لەو کاتەدا دایکی منداڵەکە لە ماڵێ هاتە دەرێ و گوتی:

ـ خوا دەزانێ، ئەوە پێوەندی بە کارەکەیەوە هەیە. دایکم لە کێڵگەکەی خەریکی کارە.
- گەرمایەکی بێئامانە دەتوانم لێرە چاوەڕێی بکەم؟
- دایکم هەتا ئێوارە ناگەرێتەوە.
- مەرگ لەبەرخۆیەوە: "لەعنەتی" و بیری کردەوە: "لەوانەیە فریای قەتاری سەعات پێنج نەکەوم."

پاش هێندێک چاوەڕووانی پرسیاری کرد: "ئێستا لە کوێ دەکرێ بیدۆزمەوە؟"

ـ بەیانی زوو بۆ شیر دۆشین وەدەرکەوت. دەبێ ئێستا لە کێڵگەی گوڵەدان خەریکی تۆو چاندن بێت.

ـ کێلگەی گوڵەدان لە کوێیە؟

ـ ئەو کەڵەکە بەردە بگرە و بڕۆ دەتگەیەنێتە سەر کێلگەکە. لەوانەیە لەوێ چاوت پێبکەوێت.

مەرگ بە ساردی سپاسی کرد و جارێکی دیکە ملی رێگای گرتەوە. بەدەم رۆیشتنەوە دەیڕوانییە کێڵگەکان، بەڵام کەسی نەدەدی. تەنیا لەکلەکەکان دیاربوون. ئەوجار پرچەکانی لە ژێر کڵاوەکە دەرهێنا و بە توورەییەوە گوتی: "پیرێژنەی سیحرباز لە کوێ خۆت شاردۆتەوە؟" و بە بێ ئەوەی بزانێ بەرەو کوێ دەروا، هەنگاوی دەنان.

دوای کاتژمێرێک رێپێوان تووشی رێبوارێک بوو.

ـ گەورەم دەکرێ پێم بڵێی لە کوێ دەکرێ سۆراغی خاتوو فرانسیسکا بگرم؟

ـ دەبێ کەسێکی بە بەخت بی، نیو کاتژمێر پێش ئێستا لە ماڵی نووریی گاس بوو. مناڵەکەیان نەخۆش بوو، چووە زگی بۆ داماڵێت.

مەرگ سپاسی کرد و بەرەو ماڵی نووریە وەرێ کەوت. رێگەکە ئەستم و هەرواز بوو و مەرگ وەهەناسە بڕکێ کەوت. سەرئەنجام مەرگ ماندوو و شەکەت گەیشتە ماڵی کابرا.

ـ دەمەوێ خاتوو فرانسیسکا ببینم، خێرتان دەگا لە کوێیە؟

ـ نیو کاتژمێرێک پێش لە ئێستا رۆیشت.

ـ وا بە پەلە بۆ کوێ؟

ـ بە پەلە؟ هاتبوو بوو یارمەتیمان بدا، ئاخر منداڵەکەمان نەخۆشە چارەی کرد و رۆیشت.

ـ مەرگ بە سەرلێشێوایی و غەمبارییەوە گووتی: "بێگومان، بەڵام مرۆڤ دوای ڕاپەراندنی هەر کارێک دەبێ برێک پشوو بدات."

ـ وادیارە ئێوە خاتوو فرانسیسکا ناناسن.

ـ نیشانەکانی دەزانم.

ـ کەیبانووی ماڵێ گوتی، دەی پێمان بڵێ بزانم نیشانەکانی چن؟

ـ چرچ و لۆچی لە دەموچاوی کەوتوون، دیارە ئەو ٦٠ ساڵە و ئەوە سروشتیە.

ـ چی تر؟

ـ مووەکانی سپییە وددانەکانیشی خراپ بوون و خەریکە دەکەون و لووتیشی درێژە.

ـ ئەی چاوەکانی؟

ـ چاوەکانی زۆر گەنجتر دیارن لە چاو تەمەنی.

ـ ئەو کەسەی تۆ بەدوایدا دەگەرێی، فرانسیسکا نیە.

مەرگ جارێکی دیکە وەڕێکەوتەوە و بە تووڕەییەوە هەنگاوی دەنان و گوێی نەدایە دەستەکانی لە گیفانی هاتبوونە دەر و پرچیشی لە ژێر کڵاوەکە وەدەرکەوتبوو. لە ماڵی گۆنزێ پێیان گووت: فرانسیسکا لە نێو کێڵگەکەیدا خەریکی دروونەوەی گیایە بۆ مانگاکانی نەوەکانی. مەرگ باقە گیای دروێنەکراوی دی بەڵام ئاسەوارێک لە فرانسیسکا نەبوو. پێیەکانی مرگ لە نێو پێڵاوەکانیدا پیس بوون و لەوە دەچوو چڵکیان کردبێت و ژێکراسە رەشەکەی شەڵاڵی ئارەقەی لەشی بووبوو. مەرگ چاوی لە کاتژمێرەکەی کرد و لەبەر خۆیەوە گووتی" ئەی خوایە فریای قەتاری پێنج ناکەوم."

بە دەم گلەیی و گازندەکردنەوە مەرگ درێژەی بە رێگاکەی خۆیدا. هەر لەوکاتەدا بە دووری دووکیلومیتر فرانسیسکا لە باخچەی قوتابخانە خەریکی بژار بوو. پیرە پیاوێکی ئاشنای فرانسیسکا بە سواری ئەسپ بەوێدا تێدەپەری. ئاوری لە فرانسیسکا دایەوە وەک هەمیشە بە تەشەرەو پێی گووت:

ـ چۆنی فرانسیسکا، ئەوە هەر ماوی و خەریکی کارکردنی؟

فرانسیسکا هەستایە سەر پێ و لە وەڵامی ئاشناکەیدا گووتی:

ـ بەڵێ هێشتا زۆر کارم بەدەستەوەن دەبێ بیانکەم.

 Bilderesultat for ‫مرگ نقاشی‬‎

نووسەر: ئونیلیو خورخە کاردۆسۆ (Onelio Jorge Cardoso) ١٩١٤ لە کوبا لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٣٦ خەڵاتی کورتە چیرۆکی لە گۆڤاری سویتات وەرگرتووە و هەروەها بۆ چیرۆکی ئاسنی کۆن (Scrap Iron)  خەڵاتی ئاشتی نەتەوەیی لە ساڵی ١٩٥٢ پێدراوە.