فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەچمە داڵان. پەردەکە بە ئاستەم لادەدەم و سەیری حەوشەی پشتەوە دەکەم. حەوشەیەکی سپی بە ژوورە مێژووییەکەوە. پەردەکە دادەدەمەوە. پێم وابێ پەیژەکەیشم بینی. ئەو پەیژەیەی وا وەک تاقەدرەختەکە سپی سپی ببوو. بەخۆم دەڵێم "گەواد وانابێ!" بەڵام بێسوودە. قاچەکانم گوێیان لێ نیە. ئەوان بەرەو ژووری نووستنەکە دەمبەنەوە. دڵۆپێکی تریش زیادی کردووە.

 

دڵۆپە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە دوێ شەوەوە بەفرێکی قورس دایکردووە. خەڵکی خۆشحاڵن. لە دووای ساڵانی ساڵ وشکەساڵی، ئەمساڵ ئاسمان دڕی تێکەوت و وەک مەستێکی لەخۆ بێ ئاگا، شێتانە رشایەوە و دونیای سپی سپی کرد. لە پشت پەنجەرەکە رادەوەستم و سەیری حەوشە دەکەم. کلوە بەفرەکان دەنیشنە سەر یەک و تێکڕا توێ توێ بەرزدەبنەوە. تاقە درەختەکەیش بەرگی سپی دەپۆشێ و لە ترسی ئەوەی نەکا بایەکی ناوەخت هەڵبکا و بەرگەکەی لێداماڵێ و وەک ساڵانی لێ بێتەوە، بێدەنگ وەک منداڵێکی گوێڕایەڵی ترسنۆک راوەستاوە. هەست بە لەرینی پڕ لە دڵەڕاوکێێ قەدی دەکەم. بە چاوەکانی کە بەقەد خۆشحاڵی ئاوێتەی دڵەڕاوکێن. هەوایش سپی دەچێتەوە.

من تەواوی ئەمڕۆ لە پشت پەنجەرەکە راوەستام و لە بەفرم رووانی. لە دووای ساڵانی ساڵ پێم وانەبوو بگەڕێتەوە. بە خۆمم گوت ئیتر سەردەمی بێ ئاویی کۆتایی هات، دەتوانین وەک ساڵان بچین و لە چەمەکەی جاران مەلە بکەینەوە. بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوم.

لە دوورەوە گوێم لە قریوەی کایەی منداڵانە. بێگومان خەریکی یاریی تەپۆڵە بەفرن. رەنگە خەریکی سازکردنی شێرەبەفرینەیەکیش بن. بە چەند خەڵوزی رەش کە چاو و دەم و لووتین. ئەو سپیەی وا رەش دەڕوانێ.

شەو کە دێت بارینی بەفرەکە ون نابێت. بەفر لەبەر تیشکی خۆیدا کلوەکان دەنوێنێتەوە و لەززەتێکی بێ پایانی تر دەبەخشێ. من کە قاچەکانم ماندووبوونە، سەرئەنجام بڕیاردەدەم  بچم و بخەوم. لەو ژوورەی وا بەسەر هیچ بەفرێکدا ناڕوانێ.

کتوپڕ نیوەشەو خەبەرم دەبێتەوە،... بە دەنگێک. دەنگێکی کپی دووپاتەوە بوو،... دەنگێکی بێ کۆتایی و قیرسیچمە. سەرەتا گوێی نادەمێ، بەڵام دەنگەکە لەوێیە،... وازناهێنێ. رادەبمە سەر شان و لەو تاریکییە ئەنگوستەچاوەدا لە دەورووبەرم ورددەبمەوە. قورسایی هەستەکانم لەسەر گوێمە. بیرم بۆ هیچ شتێک ناچێ. کتوپڕ ترسێک دامدەگرێ. بەپەلە لە کاتێکدا تەزوویەکی سارد بە پشتم دا دەگەڕێ، هەڵدەستم و گڵۆپەکە هەڵدەکەم. دەڵێی رووناکاییەکە لە هەیبەتی دەنگەکە کەم دەکاتەوە. بەڵام دەنگەکە هەر لەوێیە، ئەگەرچی ئەمجارەیان کزتر. بە چواردەورمدا دەڕوانم. ئەوسا سەمای بچووکی نوقتەئاسای تیشێک دەبینم کە لە نێوان سەقف و کەفی ژوورەکدا لە هاتووچۆیەکی خێرا و ناوەناوەدایە. زیاتر لێی ورددەبمەوە.

دڵۆپە!

لێی دەچمە پێشەوە. فەرشەکە بەقەدەر ژێرپیاڵەیەک تەڕ بووە و تەڕییەکە هەتا دێت پانتاییەکی زیاتر داگیردەکا. سەربەرزدەکەمەوە و لەسەقفەکە دەڕوانم. دڵۆپەکان لە پشتەوەی یەکێک لە دارەکان دەردەکەون، دەخزێنە خوارەوە و ئەوسا کە دەگەنە قۆقزی ژێرەوەی دارەکە لەپاش وەستانێکی کشاوەوە و چرکەئاسا بەردەبنەوە. هەستدەکەم هەتا دێت خێرایی دڵۆپەکان زیاتر و زیاتر دەبێت. ماوەیەک هەروا رادەوەستم و نیگام لە نێوان سەقف و کەفی ژوورەکدا دێت و دەچێ. ئەوسا بیرم دەکەوێتەوە دەبێ شتێک بکەم. بەپەلە دەچم شتێک بێنم و بیخەمە ژێر دڵۆپەکانەوە. دێتەوە بیرم جاران دایکم جامۆڵکەی دادەنا. دیارە فەرشەکەیشی کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی پڕژەی قەترەکان کە بە بنی رەقی جامۆڵکەکەدا دەدران، تەڕی نەکەن. منیش هەروا دەکەم. کە فەرشەکە هەڵدەدەمەوە بۆنی گڵی کۆن، گڵی دەیان ساڵە لەناو ماڵەکەدا خەستتر دەبێتەوە. بە دیار جامۆڵکەوە دادەنیشم و، لێی ورددەبمەوە.

ساڵانی ساڵ لەوە پێش باوکم دەیگوت سەردەمانێک دێت تۆ بە بینینی دڵۆپە سەرت سووڕدەمێنێ. نازانم لەو ساڵە چەند گوزەراوە. تک... تک... تک... تک... تک... تک... تک.. تک.. تک.. تک. تک. تک... نێوانەکان کورتتر دەبنەوە. جامۆڵکەکە لە پڕبووندایە کە گوێم لە دەنگێکی کپی ترە. بە دەستی چەپمدا رێک نزیکی جێگاکەم، دڵۆپێکی تر دایکردووە. جامۆڵکەیەکی تری رۆحیش ژێر ئەو دەخەم. دەنگی قوڵتەی کەوتنی دڵۆپە لە ناو ئاوی یەکیان و دەنگی رەقی وەبەریەککەوتنی دڵۆپە لەسەر بنی جامۆڵکەی ئەوی تریان یەکدەگرن و، پێکەوە مۆسیقایەک بەو نیوەشەوە دەژەنن.

ساڵان کە دڵۆپە دایدەکرد، دایکم باوکمی هەڵدەستان و ئەویش دەچوو بەو نیوەشەوە بانەکەی دەماڵی یاخود دەیگێڕا. باوکم دەیگوت ئەوەی دڵۆپە لە ماڵی خۆیداقبوڵ بکا گەوادیشی لا ئاساییە. کە دەهاتەوە خوارەوە تەڕتەڕ بوو. دایکم کوورەکەی نێڵ دەدا و بەو نیوەشەوە بۆنی باوکم ژوورەکەی دەئاخنی. من لە ژێر لێفە ئەستوورەکەوە بە غیرەتی باوکم سەرسام دەبووم و نازانم چۆن دەیوێرا بەسەر ئەو پەیژەیەدا بەو نیوەشەوە سەرکەوێ وا رێک لەبەردەمی ژوورە تاریک و ترسناکەکەی حەوشەی پشتەوە بە بانەکەوە نرابوو. ئەو پەیژەیەی وا یەکەم پلیکانەکەی لەوێوە دەستی پێدەکرد.

ئەو ساڵانە ئەوەندەی پێنەدەچوو دڵۆپە تەواودەبوو و، بۆ سبەی تەنیا جامۆڵکەیەکی نیوەپڕ لەوێ لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا دەمایەوە.

هەڵدەستم دەچمەوە ئەو ژوورەی وا بەسەر حەوشەکەدا دەڕوانێ. بەفر بەردەوامە، بگرە کلوەکان درشتتر بوونە. بە نائومێدی دەگەڕێمەوە ژووری نووستنەکە. مۆسیقاکە بەردەوامە.

باشە من ئەمشەو چی بکەم؟ گەوادییەکە قبوڵ بکەم یان گوێ بە ژوورە ترسناکەکە نەدەم و بچم بانەکە بگێڕم؟ ساڵان کە دەترسام قەبزدەبووم و سکم دەستیدەکرد بە ئێشان. سک ئێشە وازی نەدەهێنا. باوکم هەنجیری دەکڕی و دایکم هەنجیرەکەی لە ئاو دەکرد،... تا سبەی،... ئەوسا دەمخوارد،... دەمخواردەوە. ئاوی هەنجیر ئەوەندە خۆشبوو کە هەمیشە حەزم دەکرد قەبزبم بۆ ئەوەی باوکم بیکڕێ. دەمزانێ لە نێوان ژوورەکە و قەبزبوونی مندا پێوەند و رازێکی نهێنێ (کە زۆر خێرا ئاشکرابوو) هەیە. جامۆڵکە هەنجیرەکانیش لە نێوانیاندا. من حەزم دەکرد بۆ هەمیشە ژوورەکە لەوێ بمێنێتەوە و قەت ون نەبێ. زەمەنیش یارمەتی ئەمەی دا. بە خۆشییەوە!

دڵۆپەکان زیاددەکەن. جامۆڵکەی زیاتر دێنم. جامۆڵکە لۆحە لێرە و لەوێ قووپاوەکانی سەردەمی دایکم. جامۆڵکە نەمرەکان. ئەوانەی وا دەتوانن نەوە لە دووای نەوە بمێننەوە و خزمەتی خێزان بکەن. دیارە گەر خێزانێک مابێ. گەر رەشیش هەڵگەڕان، گرینگ نیە؛ تەنیا ئەوەندە پێویستە بە فافۆنشۆرێکی رەقی تەل ئاسا سپیان بکەیتەوە. چەند خێرا سپیش دەبنەوە! بەو شەوە دەیانژمێرم. ئیستا هەشت دانەن. مۆسیقاکە لە ئەوپەڕی خۆیدایە. ئەمشەوی زستانی ئەمساڵ چیتر تەنیا نیم.

دەچمە داڵان. پەردەکە بە ئاستەم لادەدەم و سەیری حەوشەی پشتەوە دەکەم. حەوشەیەکی سپی بە ژوورە مێژووییەکەوە. پەردەکە دادەدەمەوە. پێم وابێ پەیژەکەیشم بینی. ئەو پەیژەیەی وا وەک تاقەدرەختەکە سپی سپی ببوو. بەخۆم دەڵێم "گەواد وانابێ!" بەڵام بێسوودە. قاچەکانم گوێیان لێ نیە. ئەوان بەرەو ژووری نووستنەکە دەمبەنەوە. دڵۆپێکی تریش زیادی کردووە. بانە گڵییە کۆنەکەی ساڵان لەوە وەزعی خراپترە بیرم لێدەکردەوە. کات، بۆشی کردووە،... وەک ئیسفەنج کون کون بووە،... لە هەناوی خۆیدا.

سەیری کاتژمێردەکەم. نزیک پێنجی بەیانییە. بەخۆم دەڵێم لە نیوەشەو زۆری لاداوە. خێوەکان لەمێژە لە ژوورەکە نووستوون. ئەوسا پاڵتۆکەی باوکم لەبەردەکەم. وەک بڵێی ورەم پێدەبەخشێ. پێڵاوەکانم هەڵدەکێشم، بەڵام لە دەرگای پشتەوە ناڕۆم. دەرگای پێشەوە دەکەمەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی ئەوەم هەبێ بەناو هەموو حەوشەکەدا بڕۆم، دەوری خانووەکە بدەمەوە، بۆ ئەوەی سپێدە کەمێک نزیکتر بکەوێتەوە و من کە عادەتم بە ژووری نووستنەکە گرتووە بەرەبەرە بە حەوشەکە و بە دەرەوە رابێم. کرپەی بەفر لە ژێر هەنگاوەکانمدا پێم دەڵێن تەنیا نیم. من هێشتا لە دووای ساڵانی ساڵ لە مردنی دایک و باوکم هەر ماوم،... رێک لەم خانووەدا.

سەرهەڵدەبڕم. خانووە نوێ و چەند قاتەکانی دراوسێکانمان سەرنجم دەقۆزنەوە. وەک بڵێی ئەوان لەو سەرسەرەوە بە سەرسووڕمانەوە سەیری من و خانووەکەم دەکەن. ئەو خانووانەی لەم چەند ساڵەی دوواییدا لە زۆربەی شوێنەکانی شار وەک کارگ هەڵتۆقیون. بە زەبری هەورەتریشقەی پارە. گوێم لێیە، دەڵێن "ئەمە کێیە؟... ئەها دیسان ئەوە!" ئەرێ منم. سەرم کزدەکەم و نەرم نەرم بەرەو پەیژەکە دەڕۆم. هەستدەکەم خانووەکان ورەم پێدەبەخشن. ئیستا بەو بەیانییە زووە، کە هێشتاکە دونیا تاریکە، چەندە ژوورە ترسناکەکەی تەنیشت پەیژەکەم لەناکاو لا بێ مانا و هیچ و پووچ دەبێ. جەستەم وەک نەمامێکی نەویی بن با راستدەبێتەوە. هەنگاوەکانم خێراتر دەکەم.

من کە ئێستا دڵنیام خێوەکان لەمێژە بەهۆی بینا بەرز و چەند قاتەکانی دراوسێکانمەوە کۆچیان بەرەو شوێنێکی نادیار کردووە، بە متمانەوە بە پەیژەکەدا سەردەکەوم بە بێ ئەوەی بیر لەوە بکەمەوە کە ژوورەکە لەوێ لە کاتێکدا من خەریکی سەرکەوتنم، لەوێیە.

هێشتا بەحاڵ دونیا روون بووەتەوە کە من لە بەفرماڵین و لە گێڕانی باگردێنە کۆنە لە مێژینەکەی باوکم بوومەتەوە. دڵنیام لە خوارەوە ئەوەندەی نەماوە بۆ ئەوەی مۆسیقای دڵۆپە بێماناکان کۆتاییان بێت. بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانم.

لەسەر بانەکە، رێک لە تەنیشت پەیژەکە رادەوەستم و لەو بەرزاییەوە بەسووکی سەیری ژوورەکە دەکەم. چەند داماو و نەگبەت دێتە بەرچاوم.

بە خۆم دەڵێم "ئافەرین گەواد!... گەواد ئافەرین!"

 

 Bilderesultat for ‫برف روستا نقاشی‬‎