رزگار لوتفی
قەتارەی لێوی تا دواسنوورەکانی هەڵدەپچڕێ و باوێشکێک دەدات. جەماوەرەکەش بۆی دەستێننەوە. منیش. ناگەم باوێشکێکی دیکە بدەم نەخۆشێکی تر نۆبەبڕی دەکا و ددانە نیوداشەکانی دەخاتە روو و باوێشکێکی دوورودرێژ دەدا. جەماوەر و منیش بەدوویدا. لەم ئان و ساتە ناوم دەخوێندرێتەوە. بە دەم باوێشکدانەوە روو لە دەرگای ژووری دوکتورەکە دەکەم. لە رووی دەرگاکە نووسراوە.
باوکمم نەدیتووە. دایکم دەڵێت: "کاتێک باوکت مرد، تۆ بەرمەمکانە بووی". دایکم دەڵێت: "حەزم دەکرد بچیتەوە سەر باوکت ... دواتر کە گەورە بوویت، تۆ و باوکت سێوێک بوون لە دوو لەتدا". دایکم دەڵێت: "لەگەڵ باوکتدا موو لێنادەی، تەنانەت باوێشکدانەکەیشیت هەڵگرتۆتەوە!" بەدەم گوێگرتنەوە باوێشکێک دەدەم و دایکیشم بۆم دەستێنێتەوە. دایکم دەڵێت: "تا باوەگەورەت مابوو بە تەغار باوێشکت وەچنیایە ... کە باوکت هاتە روو، بە رەشکی و، ئێستاش ئەتۆ جێگای هەردووکیانت گرتۆتەوە". دایکم دەڵێت: "لە هەموو ئاکارەکانی باوکتدا تەنها باوێشکدانەکەیم بەدڵ نەبووە ... رۆڵە، مەهێڵە بەو مەراقەوە سەر وەنێم ... بچۆرە لای دوکتورێک، حەکیمێک، بەشکوو ئەم باوێشکدانەت چارەسەر بکات". بە دەم هەستانەوە باوێشکێک دەدەم و دایکیشم بۆم دەستێنێتەوە. بڕیار دەدەم ئەم ئارەزووەی دایکم جێ بە جێ بکەم. لە سەر بڕیارەکەم دەڕۆم و دەگەمە کۆڵان. لەگەڵ بانگی عەسری مزگەوتی گەڕەکدا باوێشکێک دەدەم. ژنە هاوسێکەمان وەڵامی سڵاوەکەم دەداتەوە و باوێشکێک دەدات. کچە خوێندکارەکەی، رووی وەردەگێڕێ و نایهەوێت باوێشک بدات. دەگەمە بەر بەققاڵییەکەی سەر کۆڵانەکەمان. لەودیو شایەنە دیجیتاڵییەکەیەوە لێم دەڕوانێت. ناگەم سڵاوی لێ بکەم و بەدەم بەرز کردنەوەی دەستمەوە، باوێشکێک دەدەم. بەققاڵەکەش بە دەم وەڵامدانەوەوە بۆم دەستێنێتەوە. پۆلەکۆترێک نزم، بە سەر بانەکانی گەڕەک دەسووڕێنەوە. لە گەڵ خۆیان دەمبەن. بەرز دەبنەوە، بەرزی بەرز. لەو بڵینداییەوە شار لە گوندێکی گەورە دەکا. شەقام و کۆڵانەکان، وەک باریکەڕێیەکی تەنگەبەر دێنە پێش چاو. چ دەبوو منیش کۆترێک بام لەگەڵ ئەم پۆلەکۆترە شاباڵسپییانە و بە لەزی خۆم کەرانەکانی ئاسمانم پێوابا. بە ئیشتیای خۆم سنوورەکانم بڕیبا و لە دەست ئەم باوێشکە ناوەخت و قێزەونانە رزگارم با.
تەوقییەکی مێیینەی پۆپنەدار شاباڵەکانیم لێ دەخشێنێت. هەست بە ترپە خێراکانی دڵی دەکەم. بۆنی نەرمی ئارەقەی لەشی مەستم دەکات. تەوژمی بای لێدانی باڵەکانی، فێنکم دەکەنەوە. بە دەم فڕینەوە باوێشکێک دەدەم. دەمهەوێت بزانم ئەوانیش سەر بە خێڵی باوێشکن. بە چاوە رەش و خۆڵەمێشییەکانیان سەیرم دەکەن و دەستبەجێ بە پۆل لێم دەکشێنەوە. جێم دێڵن و دەڕۆن. دوور دوور. تا ئەو شوێنەی لەبەر چاومدا ون دەبن. دەکەومە بیرەوە. "رەنگە هەڵەیەک رووی دابێت!" دەگەڕێمەوە کۆڵان، کۆتایی کۆڵانە و سەرەتای شەقام. شۆفیڕی تاکسییەک بە فۆتەکەی، خەریکی خاوێنکردنەوەی جامی ئۆتۆمبیلەکەیەتی. تۆز و دووکەڵ و پەڵۆخی شار هەراسانی کردووە. بەدەم باوێشکدانەوە دەڵێم: "شەقامی دوکتورەکان دەچم!". شۆفیرەکەش بۆمی دەستێنێتەوە و دەڵێت: "سوار بە!" لە شەقامدا ئەوەی باوێشکەکەم دەبینێت بە لەپی دەستی، بەری زاری دەگرێت و بۆم دەستێنێتەوە. بە تایبەت لەسەر چوارڕێیانەکان و چراسوورەکان. پاش ماوەیەک دەگەینە شەقامی دوکتۆرەکان. شۆفیڕەکە هەست دەکا گەر لێم ببڕێ دڵتەنگم دەبێت. پێم دەڵێت تا دێمهوه لە ڕێم دەوەستێت. بە دەم باوێشکەوە بەڕێی دەکەم و شان دەکەم بە دەرگای کراوەی مەتەبی دوکتورێکدا.
لە ژووری چاوەڕوانی دانیشتووم. لە بەر نەخۆش کورسییەکی بەتاڵ شک نابەم. ژوورەکە جمەی دێ و، هەندێکیشان بەپێوەن و لە دەم دەرگای رێرەوەکەدا راوەستاون. خۆم دەگرم و زەخت لە خۆم دەکەم باوێشک نەدەم.
"لە ناو کۆمەڵدا باوێشکدان کارەساتە!"
لە خەیاڵەکەم نابمەوە باوێشکێک لە ژێڵڵاوە دێت. دەکەومە جەنگی. دەرەقەتی نایەم و لەوانەیە شەویلکەم لە گرێژنە ببات. یەکجێ هەموو نەخۆشەکان پێکەوە بۆم دەستێننەوە. خۆم کزۆڵە دەکەم و لە ژێرچاوەوە لێیان دەڕوانم. مێرمنداڵێک کورسی پێ نەگەیشتووە و لە سەر کۆشی دایکی دانیشتووە. قەتارەی لێوی تا دواسنوورەکانی هەڵدەپچڕێ و باوێشکێک دەدات. جەماوەرەکەش بۆی دەستێننەوە. منیش. ناگەم باوێشکێکی دیکە بدەم نەخۆشێکی تر نۆبەبڕی دەکا و ددانە نیوداشەکانی دەخاتە روو و باوێشکێکی دوورودرێژ دەدا. جەماوەر و منیش بەدوویدا. لەم ئان و ساتە ناوم دەخوێندرێتەوە. بە دەم باوێشکدانەوە روو لە دەرگای ژووری دوکتورەکە دەکەم. لە رووی دەرگاکە نووسراوە:
"پسپۆڕی باوێشکەکان!"
دوای رەقاندنی، دەیکەمەوە و بەرەو لای دوکتورەکە دەچم. سەرە رووتاوەکەی لە بەر شەوقی گڵۆپەکەدا دەبریقێتەوە. هێشتا نەیگەیشتوومێ باوێشکێک لە ژێڵڵاوە دێ، ناگەم دەریببڕم دوکتورەکە پێشم دەکەوێتەوە و باوێشکێکی نەرمونیان و دوکتورانە دەدات...