ما 9517 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە دەرەوە زەمەن وەک هەمیشە خێرا دەگوزەرێ. ژوورەکان و دیمەنی بەر پەنجەرەکە، کە هەمانن، ناهێڵن ئەو زۆر ئاگای لەم تێپەڕینە بێت. ئەو بە هۆی خەیاڵەوە زۆر ئاگایشی لە جەستەی خۆی نیە کە چلۆن ساڵەکان لەگەڵ خۆیان دەیبەن. هەموو شتێک لێرە لەم ژوورانە و لەم دیمەنە و لە ناو ئەم خەیاڵەدا چەند راوەستاو و نەگۆڕ دەنوێنێ.

 

بەڵێنی نامە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەڵێنە نامەی بۆ بێت. ئەو هەموو رۆژێ دەچێتە دەرەوە و سندووقی نامەکە بەسەر دەکاتەوە. نەک تەنیا سەرەکەی هەڵدەداتەوە و سەیری دەکا، بەڵکو بۆ دڵنیایی زیاتر دەستێکیش بە ناویا دەگێڕێ. بەڵام بێسوودە. ئەو نامەیەی وا بەڵێن بوو بێت، نەهاتووە،.... نایەت. بۆیە خەمبارانە بەرەو ماڵەوە دەگەڕێتەوە و دیسان چاوەڕوان لە دار و دیوار رادەمێنێ.

کەس نازانێ کێ بەڵێنی نامەی پێداوە و قەرارە لە کوێوە بۆی بێت. دەڵێن باشە ئەوە چ نامەیەکە وا ناگات؟ نامە گەر نامە بێت رۆژێک هەر دەگات، کەواتە لە راستیدا نامەیەک لە ئارادا نیە و ئەوە وەهمە هەڵیگرتووە و بەس. بەڵام ئەو دڵنیایە کە بەڵێنی نامەکە بەڵێنێکی راستەقینەیە و درۆ نیە. تەنانەت دەزانێ نامەکە لەمێژە نووسراوە و خراوەتە پاکەتەوە و بگرە رەوانەی پۆستخانەیش کراوە، بەڵام لەوە بەدووا چی لێهاتووە، نە ئەو دەزانێ و نە کەسی تر.

بۆ خۆی دەڵێ رەنگە کابرای پۆستچی بە ئەنقەست یاخود بە رێکەوت لێی کەوتبێ، یاخود لە بنی کیسەکاندا ماوەتەوە و کەس گوێی نەداوەتێ، یان رەنگە بە هەڵە خراوەتە سندووقی کەسی ترەوە، ئەو کەسەیش لە رووی نابەرپرسیارەتییەوە خوێندوویەتەوە و پاشان فڕێیداوەتە تەنەکەی زبڵەکەوە. یان رەنگە نا، بەردەوام بەڕێوەیە. رەنگە نووسەرەکەی رێک لەبەردەمی پۆستخانەکەدا پەشیمان بووەتەوە و نەیناردووە. ئەو نامەیەی وا رۆژێک سەرئەنجام دەیباتەوە بۆ پۆستخانە و بە نووسینی ئادرەسەکەی ئەم بەڕێی دەکاتەوە.

ساڵەکان تێدەپەڕن. نامەکە هەر نایەت. ئیستا ئیتر خەڵکی دڵنیان نامەکە تەنیا خەیاڵەکە و بەس. لە راستیدا نە کەسێک هەیە بیر لەم بکاتەوە وەها کە نامەی بۆ بنێرێ و نە شوێنێکیش لەسەر ئەم گۆ خاکییە هەیە ئەو کەسەی لەخۆی گرتبێ. خۆ نامەیەش گەر خەیاڵ بێت ئەوا قەت ناگا. سەری لێڕادەوەشێنن و دووردەکەونەوە.

بەڵام ئەو بە ناو ژوورە تەنیاکاندا دەگەڕێ و سەرەڕای تێپەڕینی بێ بەزییانەی ساڵەکان چاوەڕوانی نامەکەیە. مەگەر نەک ئەوەی هەموو کەس لەم دونیایەدا لانیکەم کەسێکی هەیە بیری لێدەکاتەوە و بە بێ گوێدانە زەمەن و دووریی مەوداکان، خەیاڵ و گوتەکانی دەکا بە نامە و سەرئەنجام رۆژێک بۆی دەنێرێ،... مەگەر نەک ئەوەی پۆستخانە هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەم مەبەستە دانراوە،... مەگەر کۆترە نامەبەرەکان پەیامنێرەکانی وەها دۆخێک نەبوون؟

ئەو هەموو رۆژێک لەبەر خۆیەوە بە خۆی دەڵێ "نامەکە دێت،... نامەکە دێت!" سەیری ئاسمان و هەورە دوورەدەستەکان دەکا و دەڵێ لەگەڵ هەورەکانیش بێت هەر دێت. ئەوسا هەوڵدەدات هەوری نامەبەر لەوانی تر جودابکاتەوە. وە چەند زەحمەتە. ئەوەندەی پێناچێ بە خۆی دەڵێ نا نابێ لەگەڵ هەورەکان بێت، نەکا لەگەڵ باراندا بخووسێ و ببارێتە سەر شوێنێکی نادیار لە ناو بیابانەکانی مەودا.

شەوی وایە لە خەویدا دەبینێ نامەکە هاتووە. نامەیەکی پاکەت سپی کە تەنیا ئادرەسەکەی ئەمی لەسەر نووسراوە. بە خۆشحاڵییەکی فراوانەوە دەیکاتەوە. چەند تامەزرۆی خوێندنەوەی وشە و رستەکانە. بەڵام هەرچی دەگەڕێ هیچ نابینێتەوە، پاکەتەکە بەتاڵە. بەتاڵ بەتاڵ. بە زریکەی خۆی بەو نیوەشەوە خەبەری دەبێتەوە. لە دووای ئەوەی قومێک لە ئاوەکەی سەر مێزە گچکەکەی تەنیشتی دەخواتەوە، بزەیەک دەیگرێ و لەبەر خۆیەوە بە خۆی دەڵێ "هەر دەگات، پەلەم چییە!"

لە دەرەوە زەمەن وەک هەمیشە خێرا دەگوزەرێ. ژوورەکان و دیمەنی بەر پەنجەرەکە، کە هەمانن، ناهێڵن ئەو زۆر ئاگای لەم تێپەڕینە بێت. ئەو بە هۆی خەیاڵەوە زۆر ئاگایشی لە جەستەی خۆی نیە کە چلۆن ساڵەکان لەگەڵ خۆیان دەیبەن. هەموو شتێک لێرە لەم ژوورانە و لەم دیمەنە و لە ناو ئەم خەیاڵەدا چەند راوەستاو و نەگۆڕ دەنوێنێ. نامەکەیش کە قەرارە بێت هەر لە هەمان چەشن. نامەکەیش چەند دووپاتکردنەوەی ساڵانی ساڵ لەوە پێشە. هیچ شتێک بەڵێن نیە بگۆڕدرێ. ئا، لانیکەم هەتا نامەکە نەیەت. نامەکە، چرکەکان و ئەبەدیەت چەند ئاسان پێکەوە گرێدەدات.

دراوسێکان دەڵێن مەگەر بەڵێنە مرۆڤ چەندە بژیت. یەکیان لە وەڵامدا دەڵێ رەنگە ئەمە پرسیاری هەندێ کەسی تر نەبێت. دەڵێ رەنگە لای هەندێ کەس ژیان تەنیا بریتییە لە چاوەڕوانی بۆ شتێک، شتێک کە رەنگە وەک هاتنی نامەکە قەت نەگات، بەڵام خودی چاوەڕوانییەکە خۆی لە خۆیدا هەموو شتێکە، یاخود دەبێ بە هەموو شتێک. ئەوسا وەک دوواڕستە بەوانی تر دەڵێ "داخۆ ئەوەندە بەس نیە بۆ بیانوویەک بۆ ژیانکردن؟"

دراوسێکان شەو خەودەبینن کەسێک دەبێ بە نامە و چونکە بووە بە نامە دەبێ لەبیری سەفەردا بێت، سەفەر بۆ رۆیشتن بۆ شوێنێک و لەوێیشەوە رەنگە بۆ شوێنەکانی تریش. وەک هەموو نامەکان.

نەکا ئەم خۆی خودی نامەکە بێت و لە تێگەیشتنێکی هەڵەدا ساڵانی ساڵە لەم خانووەدا بەتەمای هاتنی نامەیەک، واتە خۆیەتی! پێکەنینی دێت. خودێک چاوەڕوانی خود. نامەیەک لە خۆوە بۆ خۆ. ئەی سندووقەکەی دەرەوە چی؟ ئەی رابردوو و ساڵەکان و هەورەکان چی؟

سبەی کە لە خەو هەڵدەستێ، هەستێکی بە تەواوی جیاوازی هەیە. لەبەر خۆیەوە بە خۆی دەڵێ "نا، ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە دەگا، ئا،... بە دڵنیاییەوە،... ئەمشەو خەوم بینیوە!"

لە دەرەوە سندووقەکە، ساڵەکان و هەورەکان لەیەک ئاڵاون، دەبن بە گەردەلوول و شێتانە پێچ و لوول دەخۆن و لەناو کۆڵاندا هەرچی تەپ و تۆزە با ئاسمانیدا دەکەن. پۆستچییەکە لەو سەری کۆڵانەوە پەیدادەبێ. ئەو ئەمڕۆ بەپێچەوانەی رۆژانی پێشوو تەنیا یەک نامەی پێیە. بەڵام مەگەر گەردەلوول و تەپ و تۆز دێڵن؟ مەگەر دەکرێ نامەیەک بگەیەنی وا سندووقەکەی بووە بە هاوڕێی ساڵەکان و هەورەکان؟

پۆستچییەکە دەگەڕێتەوە. لە ژوورەوە لە ناو خانووەکە زەمەن ئەوەندە راوەستاوە کە هێشتا بەشی سەردەمێکی تری دوورودرێژی چاوەڕوانی دەکاتەوە.

تەنیا ئەوەندە بەسە خەیاڵ لەسەر نامەیەک بێت و بەس.   

 

 Bilderesultater for brev kunst"

 

 

گەڕان بۆ بابەت