ما 3143 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کە مێشکووژەکە رادەوەشێنم، مێشەکان هەڵدەفڕن و وەک پەڵەیەکی رش بە هۆی فڕینیانەوە ژوورەکە تاریک دادێنن. دەنگی ویزەویزیان پێم دەڵێ تا ئەوان هەبن من هێشتا لە بێتاقەتیی موتڵەق زۆر دوورم. لەبەر خۆمەوە دەڵێم "بەس نیە من ئەمانەم هەیە." هەموو ساتەکانی من پڕن لە مێش و لە مێشکووژ.

 

ژوورێ پڕ لە مێش

فەڕۆخ نێعمەتپوور      

لەبەر ژوورە پڕ لە مێشەکە کە تابلۆیەک بە سەرسەریەوە خۆی دەنوێنێ، دانیشتووم. لەگەڵ مێشکووژێکیش بە دەستمەوە. لە سەر تابلۆکە نووسراوە "بە مێشکووشتن وەڕەزییەکانیشت بکووژە!" کە بێتاقەت دەبم و چیتر مشتەری لێ نامێنێت، دەچمە ژوورەوە و دەستدەکەم بە کووشتنی مێشەکان. مێشەکان بێ ئەژمارن. وەک پوورەهەنگ لەناو ژوورەکەدا گێژو لوول دەخۆن. نیگا ناتوانێ کۆیان بکاتەوە. بۆیەکی سارد ناو چواردیوارییەکەی تەنیوە.

کە مێشکووژەکە رادەوەشێنم، مێشەکان هەڵدەفڕن و وەک پەڵەیەکی رش بە هۆی فڕینیانەوە ژوورەکە تاریک دادێنن. دەنگی ویزەویزیان پێم دەڵێ تا ئەوان هەبن من هێشتا لە بێتاقەتیی موتڵەق زۆر دوورم. لەبەر خۆمەوە دەڵێم "بەس نیە من ئەمانەم هەیە." هەموو ساتەکانی من پڕن لە مێش و لە مێشکووژ. خاو و خێرا. یەک لە دووای یەک.

مێشەکان بیر لە مردن ناکەنەوە. ئەوان تەنیا لە جووڵەی خێرای دەستی من و مشتەرییەکان دەسڵەمێنەوە و زوو دەفڕن و خۆیان دووردەخەنەوە. بەڵام میشکووژەکە دەیانخەڵەتێنێ. هەمیشە وەهایە دەبێ یەکیان بخەڵەتێ. دەیشخەڵەتێ. لەگەڵیشیا ئەوەندەی پێناچێ دەمرێ. بە زەبری مێشکووژەکە.

تەلەفۆنەکە زەنگ لێدەدا:

ـ ئەلوو، مێشکووژەکەیە؟

ـ بەڵێ.

ـ بێتاقەتم، چوار مێشم بۆ دانێ، کاتژمێر دە لەوێم.

ـ بۆم داناوی.

ئەوسا لە دەفتەرەکەی بەردەممدا ناوەکەی و کاتژمێرەکە دەنووسم.

تەلەفۆنەکە زەنگ دەخواتەوە:

ـ هەلۆ! مێشکووژەکەیە؟

من نازانم بۆ هەر کەسەو بە جۆرێک دەڵێ ئەلۆ.

ـ مێشکوژەیەکە.

ـ بێتاقەتم، هەر زۆر، بیست مێشم بۆ دانێ.

ـ دانراوە.

ناو و کاتژمێری هاتنی ئەویش دەنووسم.

مێشەکان لە تاوا زووزوو بەسەر یەکتردا دەفسن و گەرادەکەن و مێشە بچووکەکان خێرا خێرا لە دایک دەبن. هەست دەکەم لەگەڵ بێتاقەتیی مرۆڤەکاندا دێنەوە، بێ کەم و زیاد. کاسبییەکەی من بەجوانی گرتوویەتی. مێشی سەد تمەن. هەڵبەت بەگوێرەی هەڵاوسان، نرخیش دەچێتە سەرەوە. بۆ ئەوەی کڵاوم نەچێتە سەر هەمیشە چاوێکم لە نرخی نەوت و نرخی دۆلاریشە. جاری وایە حەزدەکەم ئێران و ئامریکا زیاتر چاو لەیەکتر سووربکەنەوە. لەم کاتانەدا هەم بێتاقەتییەکان بێ ئەندازە زیاددەکەن و هەم نرخی مێشەکانش. ژوورەکەم بەرناکەوێ. پەستا پەستا میللەت زەنگ دەدەن و داوای مێشی زیاتر دەکەن. لەم جۆرە رۆژانەیشدا مێشەکان زیاتر و زیاتر بەیەکتردا دەفسن.

بە خۆشییەوە ماوەیەکە هەواڵەکان زۆر باش نین. زەوی لە شوێنێکدا دەکوڵێ. ئەو رۆژەی ترامپ ئابڵۆقەی خستەوە سەر ئێران، وەها ریزی ئەو خەڵکەی وا چاوەڕوانی چوونە ژوورەوە بوون دوورو درێژ بووەوە، نەبێتەوە. یاخود ئەو رۆژەی ئێران فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی خستەخوارەوە. ئەو دوو رۆژە وەها ژوورەکە پڕببوو لە جەستەی مردارەوەبووی مێشەکان نەبێتەوە. من کە دەترسام نەسڵیان لەسەر گۆی زەوی بسڕێتەوە، بەناچار سنوورم بۆ هەر کەسێک لە کووشتنی مێشەکاندا دانا و جگە لەمە تا چەند شەوی دوواتریش گڵۆپی ژوورەکەم بە رۆشنی هێشتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە شەویشدا بە یەکتردا بفسن. ئەو رۆژانە رۆژانی مردنی مێشە گەنجەکانیش بوون.

نرخی مێش گەیشتبووە دانەی هەزار تمەن. رۆژێک تەلەفۆنەکە زەنگی خواردەوە:

ـ ئالووو! مەگەزکوژەکەس؟

ـ مەگەزکوژەکەس.

ـ خاڵوو وەز ئەمڕۆ فرە خراوە!

ـ ...

ـ عەین ئەلئەسەدت ژنەڤتە؟

ـ ژنەڤتم.

ـ پەنجا مەگەزم گەرەکە.

ـ چونکە یەکەم کەسی لە دە زیاتر نابێ.

ـ خاڵوو ناوێت.

ـ دەوێت!

ـ عەرزم کردی وەز ئەمڕۆ فرە خراوە.

ـ لە پانزە زیاتر نابێ.

ـ ئم م م م... باشە خاڵوو گیان. قوروان دەمت!

ـ قوروان دەمت!

سەر هەڵدەبڕم و سەیری تابلۆی سەر ژوورەکە دەکەم. هەست دەکەم کاتی ئەوە هاتووە ناوەکەی بگۆڕم بۆ ناوێکی شیاوتر،... ناوێک کە زیاتر بەم سەردەمە بخوا. پێکەنینم بە گەمژەیی خۆم دێت. ناوی عەین ئەلئەسەد دەمخاتە بیرەوە. ناوەکە خۆش دێتە گوێم. رەنگە،... رەنگە عەین ئەلمەگەز. ئا، عەین ئەلمەگەز. بەڵام،... بەڵام راوەستە ئەمە بە قازانجی لایەنێک و بە زەرەری لایەنەکەی ترە. منیش کە کاسبێکی بێ لایەنم دەبێ ئاگام لە خۆم و لە بازاڕەکەم بێت.

ئەو رۆژە تا ئێوارە وشەکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، تیرۆر، ئابڵۆقە و عەین ئەلئەسەد لە ناو زەینمدا بە جۆرەها شێوە تێکەڵیان دەکەم، دەیانهێنم و دەیانبەم و ناوی سەیروسەمەرەیان لێ سازدەکەم. بەڵام بە ئاکامێکی دڵخوازی خۆم ناگەم. بۆیە وازی لێدێنم. سەیری تابلۆکە دەکەمەوە. ئەمجارە بەو ناوەی لەوێ لەو بەرزاییەدایە رازی دەبمەوە. وەڕەزییەکان چەند ئاسان دەتوانن هەموو شتێک بگرنەوە.

میللەت بەم ناوەیشەوە دەتوانێ وەک هەمیشە لەم ژوورە بێتاقەتییەکانی خۆی بڕەوێنێتەوە.

ـ ئالو! مێشکووژەکەیە؟

ـ خۆیەتی.

ـ تکایە زۆر بێتاقەتم هەزار مێشم بۆ دابنێ!

ـ نابێت زۆرە.

ـ بە گیانی دایکت بە نۆسەد و نەودو نۆیش دەرنابەم.

ـ دە مێش.

ـ بەڵام،... بەڵام،... دەی باشە، بەس شەو دێم!

ـ شەو داخراوە.

ـ کاکە تکایە شەو!

ـ وەرە.

کابرایەکی بە قەڵافەتی چاویلکە لە چاو شەو دێت. دە مێشەکەی دەکوژێت، پووڵەکەی دادەنێت. مێشکووژەکە دەداتەوە دەستم و دەڵێت:

ـ  دەکرێ سبەی بە قەرز بێمەوە؟

ـ نابێت.

ـ گیانی دایکت!

ـ لە بیرم چوو پێت بڵێم دایکم مردووە.

ـ کەواتە گیانی خۆت!

ـ نابێت.

دەڕوا. لادەکەمەوەو لە ژوورەکە دەڕوانم. هەستدەکەم مێشەکان هەراسانن. دەچمە ژوورەوە. بۆ یەکەم جار جەستەی دە مێش دەبینم کە لە کاتی فسان بەیەکتردا کووژراون.

ـ گەواد،... عاقیبەت هەزار مێشەکەی خۆی هەر کووشت!

لێدەگەڕێم ئەوانیش وەک ئەوانی تر ببنە خۆراکی هاوڕەگەزەکانیان.

شەو درەنگان لە ماڵەوە لە کاتێکدا خەریکی خواردنی نان و پەنیرم بە چاییەوە، تەلەفزیۆنەکە دەکەمەوە. من کە سەرتاسەری ئەمڕۆ ئاگام لە هەواڵەکان نەبووە، گوێ بۆ هەواڵەکانی نیوەشەو رادەگرم. خوێنەری خەبەرەکان کە پیاوێکی مۆنی گرگنە، دەڵێ "ئەمڕۆ هەوڵی دیمۆکراتەکان بۆ لەکارلادانی ترامپ شکستی هێنا." دەستم بە پارووەکەوە شل دەبێ. ئیستا تێدەگەم. جەستەی بێ گیانی هەر دە مێشەکە دێنەوە بەر چاوم.

بۆ یەکەم جار لە ژیانم دا بەزەییم بە مێشەکاندا دێتەوە.

گەڕان بۆ بابەت