ما 9621 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

خودا و شەڕ

  شەڕ وەک ئەستۆندەکێکی مێژووی کۆمەڵگای  ئینسانی، شان بە شانی پەرەسەندنی زانست و پێشکەوتن گەشەی کردوە و لە گەڵ هەموو هەل و مەرجێکی کۆمەڵگادا خۆی گونجاندوە و بە گوێرەی رۆژ و ئاستی گەشەی کۆمەڵگاکان ئەویش خۆی سەرخستووە و، هیچ پێشگری و بەرگریێکی ئینسانی وەک یاسا و عەقڵ و زانست تاوەکو ئەمڕۆکە نەیتوانیوە شەر بۆ دەورانێکی هەرچەند کورتیش لە هاوتایی و هاورێیەتی ئینسانەکان دوور بخاتەوە.

لەسەردەمانی پێش مێژوودا، ئەوکاتانەی ئینسان نەگەیشتبوە تەوحید و تاک خودایی و هەر ژیارێک و شارێک خاوەن چەندین خودا بوون، یەکێک لە خوداکان بەرپرس و خودای شەر بوو، وەک "ئاریس"ی یونانی و "مارس"ی رۆمەکان. لە پاش تەوحید و یەک خودایی بوونی ئینسان، ئەمجار شەڕەکان بوو بە شەڕی خوای یەکتا لەگەل چەند خودایی. شەڕی ئینسانەکانیش بوو بە شەڕی ئاینیی و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی خوداکانیتر و ناچار کردنی  هەموو ئینسانەکان بۆ ئیمان هێنان بە تاکەخودا. پاش خوداکان و حوکم کردنی خوای یەگانە بە هاتنی نوێنەری نوێ، شەڕی ئینسانەکان بوو بە شەڕ لەسەر ئەوەی کە ئایینی نوێ کە وەک دوا "ڤەرسیون" و خوێندنەوە لە ئایینی تخودای یەکتا دەبێت، ببێتە تەنیا ئایینی جیی بڕوا بۆ هەموو ئینسانەکان. واتە زاڵکردنی یەک خوێندنەوە لەسەر یەک دین بەسەر خوێندنەوەکانی تردا.

ئەم کێشمەکێشە لەگەڵ هاتنی هەموو نوێنەرە نوێکانی خودای یەکتا بەردەوام بووە و، لە سەر ئم شەڕانەش مێژووی درێژ و خوێناوی وەک شەڕە خاچییەکان لە بیرەوەری مێژوودا تۆمار کراوە. بەڵام هەر وەک سەرەتا ئاماژەمان پێدا لەگەڵ گەشەت زانست و تەکنیک، شەڕ و ئامرازەکانی شەڕپێکردن گەشەی کردووە، بۆیە نەک هەر بەر بە شەڕ نەگیراوە، بەڵکو هەتا هاتوە ترسناکتر و خوێناویتر خۆی نواندوە.

ئەمڕۆ شەر لە نوێترین مۆدێلی خویدا ئیتر شەڕی نێوان ئاینەکانیش نییە، بەڵکو شەڕی خوێندنەوەکانی یەک ئایین و یەک خودا و یەک نوێنەرە  و بە ترسناکترین شێواز بەڕیوە دەچێت و، بەدوور لە هەر چەشنە بەزەیی و روحم و عەقڵی مرۆڤایەتی. ئەمڕۆ باوڕمەندانی یەک ئایین بۆ گەیشتنی خێراتر بە خودای وەعدەدراو لە ئایینەکەیاندا، کورتترین رێگا، یانی خۆکوشتن و خۆتەقاندنەوە بە بەرانبەرەکەیاندا هەڵدەبژێرن. ئەمەش ترسناکترین جۆری شەڕە کە سەرەڕای گەشەکردنی ئاستی زانستی و عەقڵیی ئینسان، شێوازی شەڕەکەی ناعەقڵیترین و نامرۆڤانەترین و قیزەنانەترین شێوازێکە کە تا ئێستا  لە پێش مێژوودا و لە مێژووشدا نمونەی بەم شێوە تۆمار نەکراوە.

 

ئەمڕۆ ئیتر هەموو لایەنەکانی شەڕەکە بە ناوی یەک خودا  شەڕدەکەن، شەڕەکەیان لە پێناوی خودادا دەزانن و کوژراوەکانیشیان ناو دەنێن شەهید و سەرکەوتنەکانیشیان بە یارمەتی و لوتفی خودا دەزانن و، هەموشیان سپاسی هەمان خودا دەکەن.

گەڕان بۆ بابەت